‎‫نیگایەک لە كەشتیی فریشتەکان - بەشی دووەم)

‌سەهەند ئالان


‎‫<<ئەم جیهانە لە تووڕەیی و بێڕەحمی و خواستی وێرانکار کە ئەمڕۆ تیا دەژین، هیچ نییە جگە لە خۆڵەمێشی ئەو سەردەمەی ئەوان دروستیانکرد.>>‬

‎‫هەندێ ڕووداو هەن لە مێژوودا کە گورزی گەورە بوون بۆ بڕوا لە مێژینە و چەقبەستووەکانی مرۆڤایەتی. ساتێک کۆپەرنیکۆس دەڵێت زەوی بە دەوری خۆردا دەسووڕێتەوە، مرۆڤ ئیدی خەونی سەنتراڵ بوون لە گەردووندا لەدەستدەدات. کاتێکیش داروین ڕەچەڵەکی مرۆڤ ئاشکرا دەکات، مرۆڤ ئیدی خەونی سەنتراڵ بوون لەناو زیندەوەرانیشدا لەدەستدەدات. پاشان کە لە سەدەی بیستدا فرۆید ئاماژە بۆ نەست دەکات و دەڵێت کە مرۆڤ کۆنترۆڵی بیرکردنەوە و ڕەفتارەکانی خۆی بەدەست نییە، مرۆڤ ئیدی خەونی سەرگەورەبوون لە ماڵەکەی خۆیدا و سەنتراڵ بوون لەناو خودی جەستەی خۆشیدا لەدەستدەدات.‬

‎‫هەڵبەت ئەمڕۆ زانست هەنگاوی گەورەی بەسەر تیۆریی و تێڕوانینەکانی فرۆیدا ناوە، زانست لەبوارەکانی نیورۆلۆجی و سایکۆلۆجی و سایکۆلۆجیی پەرەسەندن و بایۆلۆجی ڕەفتارییدا پێشکەوتنی بەرچاوی بە خۆیەوە بینیوە. دوا دەرەنجام کە زانستیش پێیگەیشتووە تا ئێستا بەهەمان شێوە لێسەندنەوەی 'ویستی ئازاد'ە لە مرۆڤ و بێبەشکردنێتی لە ئازادیی هەڵبژاردن.

‎‫"کەشتیی فریشتەکان" ڕۆمانێکە دەربارەی شۆڕش، بەڵام لەمە گرنگتر ڕۆمانێکە دەربارەی مرۆڤ. ڕۆمانەکە پێمان دەڵێت شکستی شۆڕشە گەورەکانی ناو مێژوو نەبوونی خوێندنەوە و تێگەیشتنی قووڵ بووە بۆ مرۆڤ، شۆڕشەکان بەردەوام لەو پرسیارەوە دەستیان پێکردووە کە ئایا ئازادی چییە یاخود ئایا چەوساندنەوە چییە لە کاتێکدا ئەوەی گرنگە سەرەتا بپرسن ئەوەیە کە ئایا مرۆڤ چییە؟‬
‎‫لە ڕۆمانی "کەشتیی فریشتەکان"دا بەشێوەیەکی بەرچاو سێبەری فیکری لاکان دەبینین، وەک نووسەر ئاماژەشی پێکردووە سەختە مرۆڤ بتوانێت بەبێ گەڕانەوە بۆ لاکان بەتەواوی لەم ڕۆمانە تێبگات.
‎‫"ژاک لاکان" بیرمەند و دەروونشیکارێکی فەڕەنسییە، ئەو لە میراتی فرۆیدەوە کۆمەڵێک هزر و ئایدیای نوێی لەسەر مرۆڤ هەڵهێنجا. ئەمڕۆ بە کۆمەکی بیرمەندی سلۆڤینی " سلاڤۆی ژیژەک" جارێکی تر کارەکانی لاکان هاتۆتەوە ناو ناوان و بە گوێرەی خوێندنەوەکانی ژیژەک بۆ لاکان چاومان بە ڕووی کۆمەڵێک تێگەیشتنیی نوێدا دەکرێتەوە لەبارەی مرۆڤ و سیستم و ڕۆحی یاخیبوون لێی.‬

‎‫باشترین دەروازەش بۆ خوێنەری کورد بۆ ئاشنابوون و تێکەڵبوون لەگەڵ دونیای لاکاندا، کتێبی "سێوی سێهەم"ی نووسەر خۆیەتی کە لە وتاری "ئایا دەتوانین بە کۆمەکی لاکان شۆڕشگێڕ بین ؟" بە وردی لایەنە گرنگەکانی فیکری لاکان دەپشکنێت و دەیانخاتە بەر باس.‬
‎‫
بەگوێرەی لاکان مرۆڤ بە دوو قۆناغی گرنگدا تێدەپەڕێت کە هەریەکێکیان کۆت و پێوەندێکی گەورە بەدرێژایی ژیان لە دەست و پێی مرۆڤ دەکەن. قۆناغی یەکەم ئەو قۆناغەیە کە خواستێکی ناکۆتا و ئارەزووکردنی چێژێکی نەگیراو لە مرۆڤدا دروستدەکات، وادەکات مرۆڤ هەردەم خۆی بە ناکامڵ ببینێت و لە هەوڵی بەردەوامدا بێت بۆ گەیشتن بە کامڵی. لاکان ئەم قۆناغە ناودەنێت "قۆناغی ئاوێنە" کە تیایدا مناڵی ‪٦-١٨‬ مانگ کە هێشتا هەستی بە بوونی جەستەیەکی کامڵ و یەکانگیری خۆی نەکردووە، لە ئاوێنەدا سەیری خۆی دەکات و وێنەکەی خۆی بە کامڵی دەبینێت. ئەم هەستکردنە بە ناکامڵی خۆی و کامڵی وێنەکەی وادەکات خەیاڵ و ئارەزوویەکی بۆ دروستببێت بۆ گەیشتن بەو وێنە ئایدیاڵەی خۆی لە ئاوێنەکەدا. ئەمە نموونەی ئەفسانە یۆنانییەکەی نەرسیسمان بیردەخاتەوە کاتێک لە جۆگەکەدا تەماشای خۆی دەکات و حەز لە وێنەکەی خۆی دەکات.‬

‎‫مناڵ لەو تەمەنەدا لەڕێگەی بینینی وێنەی کامڵی خۆی و جەستەی کامڵی دایک و کەسە نزیکەکانییەوە دەبێتە هەڵگری ئارەزوویەکی بەدینەهاتوو، ئارەزوویەک کە دواتر لە شێوەی تردا دێتەوە و بەردەوام هەوڵ دەدات پێی بگات و پێی ناگات. ئەمەش دەبێتە یەکەم کۆتی دەست و پێی مرۆڤ کە هەمیشە لەگەڵیدا دەبێت و هەرگیز ئەو چێژبردنە تەواوەتییە نادۆزێتەوە.‬

‎‫قۆناغی دووەم ئەوکاتەیە کە مناڵ فێری قسە دەبێت و دێتە ناو سیستمی زمانەوە، زمان مناڵ دەباتە ناو سیستمێکەوە کە بە هەزاران ساڵە ئاماژەکانی لە کەڵەکەبووندان و پڕیەتی لە فەرمان و قەدەغەکانی کۆمەڵگا و کلتوورێکی دێرین. ئەو سەربەخۆییەی تا ئەو دەم مناڵ هەیبووبێت، لەگەڵ فێربوونی زماندا نایمێنێت و دەکەوێتە ناو سیستمێکی گشتگیر و هەمەلایەنەوە کە دەبێت بەپێی یاسا و حوکمەکانی ئەو بیربکاتەوە و ڕەفتار بکات.‬
‎‫
‎سێهەم تێرمی گرنگ لە فیکری لاکاندا بریتییە لە "ڕیاڵ"، ئەم تێرمە لای ژیژەک گرنگییەکی بەرچاوی هەیە، تەنانەت خۆشی ئێستا بە "فەیلەسوفی ڕیاڵ" ناودەبرێت. تێگەیشتن لە "ڕیاڵ" تا ڕادەیەک قورس و ماندووکەرە، بەڵام بە بێ تێگەیشتنیش لێی، تێگەیشتن لە کەشتی فریشتەکان لە زۆر ڕووەوە زەحمەت دەبێت.‬

‎‫وەک باسم کرد مرۆڤ دوو جار لە ئازادیی پەتی بێبەش دەبێت، جارێک کە دەبێتە خاوەنی ئارەزوویەکی هەمیشەیی بۆ گەیشتن بە کەماڵ و چێژێکی مەحاڵ، جاری دووەمیش کە دێتە ناو سیستمی زمانەوە و بیرکردنەوەکانی گیرۆدەی حوکم و یاساکانی زمان دەبن.‬
‎‫پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە؛ ئایا دەروویەک هەیە بۆ ڕزگاربوون لەم کۆتانە؟ لە کەشتی فریشتەکانەوە دەتوانین چ لێکدانەوە و وەڵامێکمان دەستبکەوێت؟
‎‫"ڕیاڵ" خودی ئەو ئازادی و ناڕێکییە موتڵەقەیە کە نە گیرۆدەی خەیاڵ و ئارەزووە و نە گیرۆدەی سیستمی زمان و ڕەمزییە. ڕیاڵ بە مانای واقیع نایەت، بەڵکو بەپێچەوانەوە هەموو ئەو شتانە دەگرێتەوە کە دەرە واقیعن.‬

‎‫ڕیاڵ ڕەشایی و پنتێکی نەگیراو و ناڕێکییەکی ئەبەدییە کە بەردەوام مرۆڤایەتی هەوڵدەدات بیشارێتەوە، درزێکە بەردەوام هەوڵ دەدات بیگرێت و دایپۆشێت، بەڵام هەر کات دایدەپۆشێت و دەیشارێتەوە لە جێگەیەکی ترەوە سەرهەڵدەداتەوە.‬

‎‫بۆ وێناکردنی ئەم دۆخە دوو نموونە زۆر گونجاوە. نموونەی یەکەم یارییەکی پەزڵی مناڵانە کە لە ٨ پارچە پێکدێت لەناو ٩ بۆشاییدا، بۆشایی نۆیەم بۆ ئەوەیە تۆ بتوانی هەشت پارچەکەی تر بجوڵێنی و وێنەکەی لێدروستبکەیت. ئەو بۆشاییە زیادە دەتوانین بە ڕیاڵ بشوبهێنین، بۆشاییەکە گرنگە هەبێت بۆ ئەوەی دینامیکییەتی یاریەکە نەوەستێت و نەگاتە دۆخێکی چەقبەستوو، هەرکاتێکیش هەوڵی پڕکردنەوەی دەدرێت ڕاستەوخۆ لە جێگایەکی دیکەوە سەردەردەهێنێت.‬

‎‫ئەگەر تەماشای مێژووی مرۆڤایەتی بکەین دەبینین هەمیشە هەوڵدراوە وێنەیەکی کامڵ و دونیابینییەکی بێ کەموکوڕیمان هەبێت تا دۆخی ناڕێک و پڕ نەگونجانی دەوروبەرمانی پێ داپۆشین، ئەم هەوڵە لە فیکری ژیژەکدا ناودەنرێت ئایدۆلۆژیا. واتە لای ژیژەک ئایدۆلۆژیا بریتی نییە لە شێواندنی واقیع بەڵکو ئادیۆلۆژیا خودی واقیعە. واتە بە بێ ئایدۆلۆژیا ئێمە هیچمان نییە جگە لە ناڕێکی و ڕەشایی ناکۆتا، ئەوە ئادیۆلۆژیایە کە بە پڕکردنەوەی ڕیاڵ و ناڕێکییە ئەبەدییەکە دونیایەکی ڕێکخراومان پێدەبەخشێت کە بتوانین تیایدا بژین.‬

‎‫ئەوەی خوێنەر لە "کەشتیی فریشتەکان"دا دەیبینێت ئەوەیە کە مرۆڤ هەرگیز ناگاتە دونیابینییەکی بێ خەوش و تەواو. هەمیشە ئەو وێنە و حەقیقەتەی بۆ دونیا دادەڕێژرێت لە قۆناغێکی دیاریکراودا، لافی ئەوەی بۆ لێدەدرێت کە ئەمە دوا حەقیقەتە. هەوڵی گەورەی ئایدۆلۆژیستەکانیش ئەوەیە کە ئەم چیرۆکە وەک ڕاستیی ڕەها لە مێشکی خەڵکدا بچەسپێنن و بانگەشەی ئەبەدیبوونی بکەن. ئەوەی ڕۆمانەکە یادمان دەخاتەوە ئەوەیە کە هەمیشە دەبێت ڕۆحێکی نەفیکەر و یاخی هەبێت تا ئەو درزەی ڕیاڵ بۆ هەمیشە بمێنێت و لە جێگایەکی ترەوە سەرهەڵبدات، چونکە وەک لە نموونەی پەزڵەکەوە تێگەیشتین نەبوونی بۆشایی و درزێک وادەکات بۆ هەمیشە دینامیکییەت بووەستێت و مرۆڤایەتی لە دۆخێکدا چەقببەستێت.‬

‎‫هەربۆیە ڕیاڵ ڕۆحی یاخیبوون و گۆڕانە، ڕۆحی خەونبینینە بە دونیایەکی باشتر و جیاوازتر لە ئێستا.‬
‎‫
لە ڕۆمانەکەدا فریشتەکان یادخەرەوەی ڕیاڵن، ئەو هێزەن کە بیری مرۆڤ دەخەنەوە دەشێت ژیانێکی ترت ببوایە جیاواز لەمەی ئێستا، ئێستاش دەکرێ ژیانێکی تر بژی جیاواز لەوەی ڕابردوو. فریشتەکان بیرخەرەوەی ئەگەرەکانن، تەنانەت کاتێکیش دەترازێن لەوە ناکەون هاوکاری مرۆڤەکەیان بکەن لەوەی ڕێگای تر و ژیانی تریان پیشانبدەن. وەفائیل هیچ نییە جگە لەوەی بەردەوام ئەوە بیری وەفا بخاتەوە کە ژیانی خۆی لە ناو چ یەک ڕەنگییەک و چ لەخۆبایی بوونێک و لە ناو چ خوێنڕێژییەکی زۆر و زەبەندا بەسەربردووە، کە دەکرا چ ژیانێکی پاکتر و جوانتر بژی.‬
‎‫
ئەم پەرەگرافەی ناو ڕۆمانەکە زۆر جوان وەزیفەی فریشتەکان ڕووندەکاتەوە <<فریشتە وەک تۆ بە وردی نازانێت باشترین شت چییە، نوێنەری خودا نییە لە ناوتدا، بەڵکو نوێنەری ئەو ڕێگایانەیە کە تاقیت نەکردونەتەوە، نوێنەری ئەو پرسیارانەیە کە لە خۆتی ناکەیت. مرۆڤ تا لە خۆباییتر بێت، تا دڵڕەقتر بێت، کەمتر گوماندەکات. فریشتە ئەو بوونەوەرەیە کە دەتوانێت هەموو کارتی یارییەکە جارێکی تر تێکەڵبکاتەوە و بیداتەوە دەستت و بڵێت جارێکی دی و بە جۆرێکی دی دووبارە گەمەی خۆت بکە، ئەوە ئیشی فریشتەیە.>>‬

‎‫نموونەی دووەم لە خودی ڕۆمانەکەوە دەهێنمەوە، کە ‬ ‎‫ئەویش کارەکتەری "ئاسمان"ە، ئەو کچە بچووک و نابینا و بێزمانەی "وەفای ڕەفعەت بەگ" هەڵیدەگرێتەوە و دەبێت بە باوکی. کارەکتەری ئاسمان کارەکتەرێکە چاوی نییە و بە قۆناغی ئاوێنەدا نەڕۆشتووە، وەک چۆن زمانیشی نییە و نەکەوتۆتە ناو سیستەمی زمانەوە، کەسێکە لەوپەڕی پاکی و جوانییدا.‬

‎‫"ئاسمان" ئاماژەیە بۆ ڕیاڵ بە مانا هەرە بێخەوشەکەی، وەفا هەموو شەوێک لای خۆیەوە ئاسمان دەخەوێنێ و لە ئامێزی دەگرێت، وەک چۆن هەموو شەوێکیش خەون بە گۆڕینی ئەو ژیانە چەقبەستووەی خۆیەوە دەبینێت بۆ ژیانێکی باشتر.


PM:09:51:15/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 2460 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی