نیگایەک لە کەشتیی فریشتەکان

‌سەهەند ئالان


‎‫<<شۆڕشگێڕەکانی ژیانی ڕۆژانە ڕاگوزەرن، ڕووداوە ‬
‎‫تێپەڕەکان شۆڕشگێڕی تێپەڕیش دروستدەکەن. ئەوەی ئێستا لەسەر شەقامەکان ڕوودەدات بەسەردەچێت، بەڵام ئەم چیرۆکە هەموو عەسرەکە لەناو خۆیدا هەڵدەگرێت>>.‬

‎‫دوای نزیکی سێ مانگ هەرسێ بەرگی ڕۆمانی (کەشتیی فریشتەکان)ی بەختیار عەلیم خوێندەوە. ڕۆمانێک کە دەیان کارەکتەر لە نزیکی دوو هەزار لاپەڕەدا بە بەردەمتدا دێن و دەچن، لە هەندێکیان هێندە نزیک دەبیتەوە و ڕۆحیان دەپشکنیت دەمێک کتێبەکە تەواو دەبێت هەست دەکەیت بۆ هەتا هەتایە بوونەتە هاوڕێت، هەندێکی تریش جار جار وەک برووسکە دێن و خۆیانت پیشاندەدەن و وەک برووسکەش دیار نامێنن.‬

‎‫‫هەڵبەت من مەیلێکم لە ڕیزکردنی ڕووداوەکانی کتێبێک نییە لە نووسینێکی کورتدا، نووسینەکە و ئامانجەکەشی بەدوورن لەوە. بەڵام پێم خۆشە لەم نووسینەدا چیرۆکەکە کەمێک بناسێنم، هەم بۆ ئەوەی یەکێک کە نەیخوێندۆتەوە حەزی خوێندنەوەی کتێبەکەی تیا دروستبێت، هەم بۆ ئەوەی ڕووناکییەک ببەخشنە نووسینی دوای ئەم.‬
‎‫‫
نووسینی دواتریش کۆمەڵێک ڕامان و بیرکردنەوەی خۆمە کە لەکاتی خوێندنەوەدا بە هزرمدا هاتوون و چوون، چونکە ئەم کتێبە تەنها گێڕانەوەی چیرۆکێک نییە بەڵکو کتێبێکە لە هەناویدا هەڵگری گەلێک پرسیاری گەورە و لێکدانەوە و وردبوونەوە و گفتوگۆی قووڵە. ئەم خاڵەشە وادەکات چێژێکی بێپایان لە خوێندنەوەی نووسینەکانی نووسەر وەربگرم، وای دەبینم هەر ئەم خاڵەشە کەسانێکی زۆر گلەیی و ڕەخنەی 
بێبنەما لە نووسینەکانی دەگرن.‬
‎‫‫
ڕۆمانەکە بەشێوەیەکی گشتی چیرۆکی گەڕانی "وەفای ڕەفعەت بەگ"ە بەدوای کارەکتەری ڕاستەقینەی خۆیدا، کارەکتەرێک کە هەر زوو و لە دەمی گەنجیدا لە ئێوارەیەکی باراناویی بەهاری ساڵی  ١٩٧٤ خۆی پێشکەشی شۆڕشی کوردی دەکات و لە بنکەیەکی پێشمەرگە خۆی ناونووس دەکات.‬

‎‫‫سەرەتا لە شۆڕشدا دەبێتە یاریدەدەری "لیڤیتانت هۆمەر بۆتانی" کە بەڕێوبەری زیندانی شۆڕشە لە گوندی پسمامان. یەکەم کاری لە شۆڕشدا کوشتنی چەند ئەسپێکی نەخۆشە کە دەبنە سەرەتای زنجیرەیەک کوشتن و خوێنڕێژی کە تەنیا بە ئەسپەوە ناوەستێت و دەگاتە مرۆڤەکانیش.‬

‎‫هەر لەم زیندانەشدا کەسایەتی "نزار ئیدریس" دەناسێت کە لەوێ دیلی لیڤیتانتە، نزار و لیڤیتانت دوو نەیاری سەرسەختی یەکن کە چیرۆکی دوژمنایەتییەکەیان تا کۆتایی چیرۆکەکە بەردەوام دەبێت.‬

‎‫وەفا دوای هەرەسی شۆڕشەکەی مەلا مستەفا ڕۆڵێکی کاریگەر دەبینێت لە زیندووکردنەوە و ڕێکخستنەوەی شانە نووستوەکانی ناوشاردا، پاشانیش دەبێتە نێوەندگیر و نامەبەر لە نێوان شۆڕش و حکوومەتدا ئەمەش وا دەکات نهێنییەکی ئێجگار زۆری هەڤاڵەکانی دەستبکەوێت و ببێت بە گەنجینەیەکی پڕ بەهای نهێنییەکانی شۆڕش.‬

‎‫ساتی دەرکەوتنی فریشتەکان سیحر و جوانیی کتێبەکە دەردەکەوێت، هەڵبەت فریشتە خاڵی لەو مانا دێرینانەی ئێمە بۆ فریشتەمان هەیە دەردەکەوێت، فریشتەیەکی نوێیە بە وەزیفە و پەیام و توانا و بێتوانایی نوێوە کە زادەی خەیاڵی نووسەرە.‬

‎‫فریشتەکان وەک فەنتازیایەکی ناسک و دەلاقەیەکی ڕۆشن ترووسکاییەک دەبەخشنە چیرۆکە تاریکەکانی ئەو سی ساڵە لە مێژووی کوردستان. لە ڕۆمانەکەدا لە زاری "سەلیم ئەسغەر"ی نووسەرەوە هاتووە <<هیچ مەخلوقێک لە چیرۆکنووسێکی واقیعی ئیفلیجتر نییە. مرۆڤی واقیعی بەس بەر لووتی خۆی دەبینێت. گەر ڕۆحی ئەفسانە ناکەیت بە بەر ئەم کتێبەدا وازبهێنە...>>، بۆیە بە بڕوای منیش گێڕانەوەی ئەو مێژووە بە شێوەیەکی ڕووت و داڕشتنەوەی واقیع وەک خۆی ڕەنگە خوێنەر بەو شێوەیە گیرۆدەی سیحری خۆی نەکات.‬

‎‫یەکەم دەرکەوتنی فریشتەکان ئەو ساتەیە کە وەفا وەختێک لە بەیانییەکی زووی نوقمی زوقمدا لە چەمی سوورباوان شڵپێک ئاو لە ڕووخساری دەدا، لەو ساتەدا وێنەی خۆی لە ئاوەکەدا دەبینێت و سەرنجی ئەوە دەدات دوو باڵی گەورەی لێڕواوە.‬

‎‫فریشتەکان مەخلوقاتی ناو ئینسانن کە هەرکات ئینسان لە یەک ڕەنگی و خراپەکاری و دڵڕەقییدا نوقمبوو بێهیوا دەبن و دەیانەوێ بترازێن، سەرەتا باڵەکانیان دەردەکەن هەرکاتیش خاوەنەکەی زیاتر و زیاتر لە خراپەدا ڕۆچوو دەگەنە ساتێک کە دەترازێن و دەبنە مەخلوقاتی سەربەخۆ.‬

‎‫لە دەرەوەی ئینسانیش بەشێکی کەمیان نەبێت ئەوانی دی ژیانێکی کەم بە لاوازی دەژین و دواتریش دەبنە تەم و غوبار و ئاسەوارێکیان نامێنێت.‬

‎"‫"وەفای ڕەفعەت بەگ" لە سەرەتای ڕاپەڕیندا فریشتەکەی بەیەکجاری دەترازێت و دەبێتە مەخلوقێکی سەربەخۆ و ناوی دەنێن "وەفائیل".‬

‎‫وەفا دوای ڕاپەڕین دەزگای ئاسایش دادەمەزرێنێت و خۆشی دەبێت بە سەرۆکی دەزگا، هاوکات بەردەوام ئەو هزرە لە ناخیدا پێچدەخوات و گینگڵی پێدەدات کە ئەو مرۆڤێکی ئازاد نییە و تەواوی ژیانی لەپێناوی شۆڕش و حیزبدا بووە. وردە وردە لە سەردەمی شەڕی ناوخۆوە دەیەوێت لە لیوا جەنگیز (نازناوەکەی حیزب پێی بەخشیوە) ڕزگاری بێت و ببێتەوە بە وەفای ڕەفعەت بەگ.‬

‎‫ئەم ساردییەی لەگەڵ حیزبدا بە دوورکەوتنەوەی زیاتر و زیاتر دوایی دێت، تا لە شوێنێکدا حیزب لە ترسی بڵاوبوونەوەی یاداشتەکانی دەیگرێت و دەیخاتە کونجی زیندانەوە.‬

‎‫چیرۆکەکە لە کۆتایی شۆڕشی ئەیلولەوە تا ساڵی ٢٠٠٩ درێژدەبێتەوە، حەوت کارەکتەری زۆر سەرەکی هەن کە هەریەکەیان خاوەنی ڕوئیا و بیرکردنەوە و ئامانجی جیاوازن لە ژیاندا و نووسەر قووڵ بە ناخیاندا ڕۆدەچێت، ئەوانیش وەفای ڕەفعەت بەگ، هۆشەنگی بولبولیار، نەغەدە ماردینی، لیڤیتانت هۆمەر بۆتانی، نزار ئیدریس، دکتۆر مستەفا شوکاک و مەهدائیلی فریشتەن. وەک نووسەر لە چاوپێکەوتنێکدا ئاماژەی پێدەکات، کارەکتەرەکان ئەگەرێکن لەناو مێژووی ئێمەدا، ڕەنگە مێژووی ئێمە نزار ئیدریسێکی تیا نەبێت وەکو نزار ئیدریس، بەڵام ئەگەرەکانی ناو مێژووی ئێمە ئەو پۆتێنشیەڵەیان تیایە کە نزار ئیدریسێک دروستبکەن.‬

‎‫لە هەموو ئەم ماوەیەدا شوێنێک لە بەرچاوماندایە کە ئەویش ماڵێکە بە ناوی کەشتیی فریشتەکان، جێگایەک فریشتە نەخۆش و لاوازەکانی تیا کۆدەبنەوە تاکو لەلایەن چەند مرۆڤێکی جوانەوە لە نموونەی هۆشەنگی بولبولیار و دکتۆر مستەفا شوکاک ژیانیان درێژتر بکرێتەوە و زیاتر لەناو مرۆڤەکاندا بن.‬

‎‫ئەمەی لێرە باسم کرد هەر تەنها ناساندنێکی کاڵ و کرچ بوو و دونیایە شتی تر هەن کە ئاماژەم پێنەکردوون، بەڵام ئەوە بۆ خوێنەرێک کە ئارەزووی هەبێت خۆی تێکەڵی ئەو دونیایە بکات جێدەهێڵم، هەوڵدەدەم لە چەند ڕۆژی داهاتووشدا لەسەر چەند تێمێکی گرنگی ڕۆمانەکە بنووسم لە نموونەی شۆڕش، ئیتیک، و دونیای فریشتەکان.  


PM:03:27:12/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 1672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی