ئەو سەردەمە رۆی.. (بیخوێنەرەوە ئینجا لایک بکە)

‌ئاسۆ سەراوی

*ئەو سەردەمە رۆی، کە قەڵەوی هۆکارێك بێت بۆ زەخت و شەکرە و دەیان نەخۆشی تر، ئێستا ئەو سەردەمەیە کە قەڵەوی هۆکارێکە بۆ ناڕۆمانسیەت. چونکە مرۆڤی قەڵەو جەستەی لەگەڵ ئەو حەزە سێکسییەی ئێمە ناگونجێت کە سەرمایەداری بۆی دیاریکردووین.

*ئەو سەردەمە تێپەڕی، کە وەرزش و ڕەشاقە و مەلەکردن و ماراسۆن بۆ تەندروستی و رێکی لەشولار بێت. بەڵکو بۆ جوڵاندنی هەست و حەزی سێکسی ئافرەتە بەلای پاقلاوەکانی ورگدا. تا پێیان بڵێی؛ من زۆر باش و بەهێزم لەسەرجێگەکردن و رابواردندا و هەروەک ئەوەی لە فیلمەکاندا دەکرێ.

*ئەو سەردەمە رۆی، کە شۆڕش هەموو ئافرەتە سۆزانی و لەشفرۆش و بەکرێگیراوەکانی دائیرەی ئەمنی کوشت چونکە پێیوابوو کورد میللەتێکی رەوشتبەرز و داوێن پاکە و داوێنپیسی کاری کورد نەبووە و نابێ. ئێستا ئەو سەردەمەیە کە لەشفرۆشی بە ئاشکرا دەکرێ و باند و گروپی ئافرەتی کورد هەیە و شەوانی دانیشتن و گەعدەی پارەدارەکان دەرازێننەوە.!

*ئەو سەردەمە بوو بە رابردوو، کە ئافرەتێکی خراپ لە کۆڵانەکاندا هەبوایە مەزبەتەی لێدەکرا و دەریاندەکرد. ئێستا ئەو سەردەمەیە بەشێکی کۆڵانەکانی شار و شوقە و سیتییەکان ماڵی ئافرەتی خراپی تێدایە و ناشوێریت فزە بکەیت چونکە سکاڵات لەسەر تۆماردەکات و راپێچی پۆلیس و دادگات دەکات.!

*ئەو سەردەمە گوزەشت، کە باوکم دەیوت؛ کوڕم سەیری کچە دراوسێکان نەکەن هەموویان خوشکتن، هەر بۆیە نەمانتوانی لەکات و ساتی خۆیدا هاوسەرگیری بکەین. ئێستا ئەو سەردەمەیە کە پیاو و گەنجی کورد پەیوەندی سێکسی نەک لەگەڵ دەرودراسێ بگرە لەگەڵ کچە پور و کچە مامدا هەیە. سەرێک لە زیندانەکان بدەن و بزانن چەند کەس لەسەر دەستدرێژی سێکسی بۆسەر دایک و خوشک و ..هتد، گیراوە و خراوەتە کونجی زیندانەوە.!

*ئەو سەردەمە رۆی، لە کوێرە دێیەک ژن بێنی و تا کۆتایی تەمەن پێکەوەبن و لەناو مەڕ و گایەلدا ژیان بکەن، ئێستا ئەو سەردەمەیە لە کافێ و باڕدا ژن ئەهێنێ و مانگی هەنگوینیەکەی لە ئەنتاڵیایە و هەموو ساڵی جەژنی یەکترناسین و جەژنی مارەبڕین و جەژنی هاوسەرگیری و جەژنی لە دایکبونی بۆ دەکات و کەچی چەند ساڵێک نابات جیادەبنەوە.!

*ئەو سەردەمەش نەما، کە داوای ژنت ئەکرد دەیانوت با پرس بە خاڵ و مامی کچەکە بکەین، جوابتان لێ ئەگێڕینەوە. ئێستا بەس کچەکە خۆی رازی بێت مام و خاڵ و ئامۆزا و کەسوکاری ناوێت.!

*ئەو سەردەمە نەما، کاتێ ئێمە هاتوچۆی ماڵە برادەرەکانمان دەکرد روومان نەدەهات نە لەماڵیان بخەوین، نە لەوێ حەمام بکەین، نە زاتی ئەوەمان هەبوو بەلاچاویش سەیری خوشکەکانیان بکەین. ئێستا ئەو سەردەمەیە دوو برادەر پەیوەندی نهێنی و هەندێجاریش ئاشکرا لەگەڵ خوشکی یەکتردا هەیانە و لێرەولەوێش باسی دەکەن.!

*ئەو سەردەمە تێپەڕی، کە چات و تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەدیلی پەیوەندییە بەهێزەکەی جاران بێت و بۆ یەکترناسین و دۆستایەتی و تا رادەیەکیش هاوسەرگیری بەکاربێ. ئێستا فەیسبووک و ئینستاگرام و ئەوانی تر بۆ سوککردن و ناشرینکردن و بڵاوکردنەوەی نهێنی ژیانی شەخسی مرۆڤەکانە. خۆشبەخت ئەوەیە تا ئێستا نەکەوتۆتە ناو ئەو زەلکاوەی سەرمایەداری و عەولەمە بۆی دروستکردووین.!

*هاوکات، ئەو سەردەمەش باوی نەما، کە تەکنۆژیا ئامرازی دۆزینەوەی هاوڕێکانت بێ، رۆژگارێک بوو مۆبایل و تەلەفون نەبوو کەچی هەمیشە دەمانزانی هاوڕێکانمان لەکوێ کۆدەبنەوە و دادەنیشن و یاری دەکەن. کەچی ئێستا بەهۆی ئامێرێکەوە درۆ لەگەڵ یەکتردا دەکەین و خۆمان لەیەکتر دەشارینەوە.!

*ئەو سەردەمەش گوزەشت، هاوڕێ و برادەرە دێرینەکان لەسەر مێزی مەی خواردنەوە چیرۆکی یادگاری سەردەمی منداڵی بۆ یەکتر بگێڕنەوە، ئێستا مێز و دانیشتنی بادەنۆشی تەنها باس باسی ئافرەت و سێکس و پیشاندانی وێنەی ژن و خوشکی خەڵکە بە یەکتری.!

#لەکۆتاییدا؛ زۆر شتی جوانی سەردەمەکەی جاران هەبوون و لەناوچوون و ناشرینی شوێنی گرتنەوە. وە نامەوێ بڵێم کە دەمانەوێت بگەڕێینەوە دواوە، بە هەموو پێودانگێک کارێکی ئەستەمە. بەڵام دەکرێ و کات ماوە خۆشەویستی و رێز و بنەما ئەخلاقی و کۆمەڵایەتیە جوانەکانی جاران زیندووبکەینەوە. چونکە دواجار ژیان و خێزان و خزمایەتی و هاوسەرگیری و هاوڕێیەتی و دراوسێیەتی لەناو بەشی هەرەزۆری خەڵکی کورددا ماوە و بەردەوامیش دەبێت، دەبێ بشبێت.!


PM:01:41:10/08/2020

ئه‌م بابه‌ته 1672 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی