نەوتی ڕەش و ڕیشی سپی، حکومەتی هەرێم، خوای ستەمکاریی!

‌گۆران عوسمان


بەیاننامەیەکیان دەرکردووە، سەبارەت بە وەڵامیان بۆ ئەو بڕیاری یاسای قەرز لەعێراق، پەرلەمانتارانی عەرەب بە شیعەو سونییەوە، ڕاست و ڕەوان، دەڵێن: نەوت ڕادەستکە پارە وەرگرە، کەچی دەسەڵات دەڵێ: ستەمیان لە کورد کردووە، یاخود خەنجەریان لە کورد داوە، بیریان چۆتەوە دەسەڵاتی کوردی خۆیان بۆ هاوڵاتیانی خۆیان، خوای ستەمکارین!

ڕەخنە دەگرن، دەڵێن: بەزۆرینە، یاسا دژمان تێدەپەڕێنن، کابرا بۆ ڕیش چوو، سمێڵیشی دانا، ئەوەکێیە لە پەرلەمانی کوردستان بەزۆرینە چ یاسایەک، بییەوێ تێیدەپەڕێنی؟!

داوا لە حکومەتی بەغداد دەکەن، توندوتیژی دژی خۆپێشاندەران نەکات، سەیر لەوەدایە، لێرە ڕێگەنادەن خۆپێشاندان بکرێت! مامۆستای بێ مووچە، فەرمانبەری گیرفان بەتاڵ نیازی هەیە دەنگ هەڵبڕێ، بەشەو لەنێو ماڵ و خێزانیدا، دەستگیری دەکەن، گوایە مەیلی هەبووە خۆپێشاندان بکات!

تەحەدا ئەکەم جگە لە چەند کەسێکی پارتی، جێگری سەرۆکی حکومەت و پەرلەمانتاران و وەزیرەکان بزانن بڕی ڕۆشتووی نەوت لە هەرێم ڕۆژانە چەندە؟ بەچەند دەفرۆشرێ؟ بەکێ دەفرۆشرێ؟ کەواتە پێمناڵێن ئیدی کێ ستەمکارە؟

ڕۆژانە میدیاکانیان ڕەخنە لە بەغداد دەگرن گوایە لە قەیراندایە، توانای دابینکردنی مووچەی نییە، بۆ لەخۆتان ناپرسن، چەند مووچەی فەرمانبەران قەرزارن؟ چەندمانگ جارێک مووچە دەدەن؟ چەندیشی لێ دەبڕن! لەکاتێکدا وەک بەغداد داهاتی خاڵی سنووریتان هەیە، داهاتی ناوخۆتان هەیە، نەوت دەفرۆشن، بەحساب چاکسازیتان کردووە و چەندان ملیار گەڕاوەتەوە باوەشتان!  کەواتە کێ ستەمکارە؟

ئەگەر عەرەب جارێک ستەمکاربێ، ئێوە جەندانجار، چونکە ستەمی کوردی دژی کورد پەڵەدارە!  ئەزانن ستەمی ئێوە چییە؟ شکۆی تاکی کوردتان ڕووشاندووە، ئینتیمای نەتەوەیی و نیشتیمانی نەماوە، چینایەتیتان دروستکردووە، نادادیی کۆمەڵایەتی و دادگایتان خولقاندووە، دابەشکاریی ناوچەگەرێتی و زۆنگاوێکتان بنیادناوە، حزب و لەنێو حزب شەخص خاوەندارێتی دەکات!.

یەک پرسیاری ڕوون، سەرۆکی حکومەت گووتی: نابێ خەڵک چاویان لە مووچەبێ، باشە ئێوە بەچ ڕوویەکەوە چاوتان لە بەغدایە؟ ڕیفراندۆمتان نەکرد؟ فەرموون گەر جورئەت ئەکەن، ئەمریکا و فەڕەنسای دۆست، با پشتگیریتان بکات و نوێنەرەکانتان لە بەغداد بکشێننەوە!.

دروشمی بێکردار و کوردایەتی و نەتەوایەتی ئەڵقەدار، مەدەن بەگۆێماندا، لای مووچە خۆرانی هەرێم، دینارێک ناکات، غەیری پێدانی مافەکانیان لەکاتی خۆیدا، هەندێ نوێنەری کورد لەبەغداد، پێشتر لە هەموو ئەگەرەکان هۆشداری دایە حکومەتی هەرێم و زۆر تکایانکرد پابەندی ڕادەستکردنی نەوت بن، ئەوڕۆ سبەی هەردەبێ بچنەژێربار، ئەوکات، کوردایەتی و نەتەوایەتی، یەکسان دەبێتەوە بە صفر!


PM:03:50:13/11/2020

ئه‌م بابه‌ته 2520 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی