سەردەمیی بێباکی حکومەت و بێدەنگبوونی هاووڵاتی!!

‌گۆران عوسمان

خەڵک لە بارودۆخێکی ئابورییەکی دژواردا گوزەردەکات، بەتایبەت چینی فەرمانبەران، کەچی بێدەنگییەکی لەڕادەبەدەریان بەخشیوەتە حکومدارەکان!

هیچ بیانوییەک بۆ بێدەنگبوونیان نییە، جگە لە ناهوشیاریی و لەتبوون و لێکترازانی چینایەتی و نەبوونی دەنگێکی بەهێز، لەگەڵ هەبوونی ئۆپۆزسیۆنێکی مات و ترسنۆک!

دەسەڵاتیی یاسادانان، هیچ بوونێکی نییە بۆ حکومداریکردنی هەرێم، چونکە لە بنەڕەتدا خۆی یاساکانی خۆی پێشیل دەکات، یاساکانی خۆی هیچ بەهایەکییان نییە! ناتوانن لێپرسینەوە لەیەک فەرمانبەر بکەن، دەنگی دلێریان تا مایکی تیڤیەک زیاتر بڕناکات!

حکومەت پۆز بە هەندێ پڕۆژەی تەواونەکراوی پێش خۆی لێدەدا، خۆی دەکاتە خاوەنی، بەڵام لە بابەتی مووچە و پاشەکەوتدا، دەڵێن: پەیوەندیی بە کەرەڤانەکەی  ئێمەوە نییە!

زۆر هەڵەیە وابیربکەینەوە بڵێین، حکومەت باری لارە، یەک وەڵامی کورت هەیە، حکومەتێ باری لاربێ، دەبێ بڕوخێ! چۆن دەبێ لە لوتکەی بەهێزی و تۆقاندندابێ!

درۆیەکی گەورەیە بگوترێ بێدەنگی هاووڵاتیان، تەقینەوەیەکی گەورەی بەدواوەیە، بارودۆخ لەوە خراپتر نابێت، دابەشبوونی چینایەتی و جیاوازی کۆمەڵگە بۆ بەشگەلێکی بەرژەوەندخواز و حزبی و دەوڵەمەند، ڕێگرە لە هەموو تەقینەوەیەکی جەماوەری!

گرژی نێوان حزبەکان و دەمەقاڵێی نێو ڕاگەیاندنەکانیان وەک بارودۆخەکە دووبارەیە، لە هەموو ئەگەرەکاندا، بەرژەوەندی حزبی و لەوەش نزیکتر بەرژەوەندی بنەماڵە و شەخص تەحەکوم بە واقیعەکەوە ئەکات.

یەکێتیی ترسی لە هەموو شتێک هەیە، خاوەنی هیچ بڕیارێکی باش نییە، هەروەک پارتی چۆن هەموو بڕیارە خراپەکان ئەو دەیدات و خۆشی یەکلاییان دەکاتەوە!

ناکرێ جیاواز لێیان بڕوانین، دراوێکن، دوو ڕوویان هەیە، بەڵام یەک بەهایان هەیە! بەڵام هەریەکەیان بەهاکەی بەشێوازێک پێشان دەدات کە بەرژەوەندی خۆی دەربخات! گەر بچوکی بکەینەوە، لەنێو حزبەکانیشدا شەخص و کەسایەتییەکان بەهاکان و بەرژەوەندییەکان هەڵدەسوڕێنن!

دەرکەوتووە، بێدەنگی هاووڵاتیان، پەیوەندیی بە نەبوونی و خراپی باری ئابوورییانەوە نییە! گەروابوایە، دەبوو، نە پارتی، نە یەکێتیی، نە گۆڕڕان، حوکمدار نەبوونایە، چونکە ئەوان سەرچاوەی بارودۆخە خراپەکەن.

متبوونی جوڵەی شەقام و بێدەنگی ڕێکخراوەکان و بەناو ڕۆشنبیرە دەربارەکانی هەرێم، دەرخەری ئەو ڕاستییەن کە کورد گەلێکی نە دیموکراسییە، نە زیندوو تێکۆشەریشە، ناکرێ لەم سەردەمی جیهانبینی و کتێب و عەولەمە و پێشکەوتنخوازییەدا، بێدەنگییەک هەبێ وێنەی نەبێ! تەنها بە بیانووی ئەوەی بەس نییە دەسەڵاتێکمان هەیە کوردییە!

خاترگرتنی دەسەڵاتێکی تۆقێنەری نادادیی صڕف حزبی و شەخصی و بنەماڵەیی، چ بنەماو مانایەکی نەتەوەیی و کوردبوونی هەیە؟

دڵنیابن کورد، نە خەمخۆری هەیە، نە پشتیوان، هەبوونی ژمارەیەکی زۆر کونسوڵخانە و باڵوێزی وڵاتان لە هەرێم هەیە، لە ئاست نەبوونی دیموکراسی و نادادی و جیاوازیە چینایەتی، بێدەنگن، ئەوانیش ئەجێندای خۆیان هەیە!
دواجار دەگوترێ جام کە پڕبوو لێی دەڕژێ، بێگومانبن لەهەرێم سەڕێژی کردووە، بەڵام هەرێم بەگشتی نەدیموکراسخوازە، نە ئایندارە، چونکە نەئاین، جیاوازی قبوڵکردووە، نە ڕێگەی بەنادادی داوە، دیموکراسخوازیش نییە، چونکە دیموکراسی گومەڵگا ڕێکخراو دەکات لەبەرامبەر سەرمایەداریی و ناعەدالەتیدا، هەروەها گومەڵگاش بێدەنگ ناکات!


AM:08:49:04/11/2020

ئه‌م بابه‌ته 2296 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی