بەڕێز کازمی، سەردانێکمان بکە، ئێمەش عێراقین

‌گۆران عوسمان

پێتان سەیر نەبێت کازمی سەردانی هەرێم بکات، دڵی لەخۆی دادەمێنێ، چونکە تەنها لە کۆشکەکانیاندا دەیهێڵنەوە، داوای لێبوردن دەکات، دەڵێ: وامزانی هەرێم زۆر وێرانە!

ئەزانن کازمی دوای سەردانەکەی چەندان کۆشک و دۆنم و شوێنە خۆشەکانی هەرێمی بۆ فەراهەم دەکرێت، ماستاوێکی وای بۆ دەکەن، خۆشی نەزانی بە چ مەبەستێک هاتووە!

گەر تەماشای سەرجەم لێپرسراوی کونسوڵخانە و باڵوێزخانەکانی هەرێم بکەین لە چ نیعمەتێکدان، وایان لێکراوە خۆشیان نەزانن چ کارەن لەم هەرێمە.

کەناڵەکانی سەر بە دەسەڵاتی هەرێم، دژایەتی گەڕانەکانی کازمی دەکەن بەوەی نواندن دەکات، کەواتە کە هاتە هەرێم، پێشوازی لێ مەکەن! مەچن بە دەمییەوە، با ئازادانە وەک هەموو پارێزگایەکی دیکەی عێراق کاری خۆی جێبەجێبکات، ئەی مەگەر هەموومان عێراقی نین؟!

بەهەموو تەمەنی بەرپرسەکانی پارتی و یەکێتی لە سەرۆکایەتی حکومەتە فاشیلە یەک لەدوایەکەکانی ئەم چەندان ساڵەی هەرێم، هێندەی مانگێکی کازمی نەگەڕاون و سەردانی بەدواداچوونتان نەکردووە، جگە لە دانانی بەردی بناغەی پڕۆژە پارە خوراوەکان و بچڕانی قردیلەی ئەو پڕۆژانەی خوادەزانێ چەندان ملیار دیناری بۆ کۆمپانیا و حزب ڕۆشتووە!!

تکایە کازمی، با سەردانەکەت بۆ هەرێم، وەک سەرۆکی هەرێم و حکومەت و بەرپرسە حزبییەکانی هەرێم نەبێ، ئەمان بە دوو کیلۆمەتر سەیارە دەوەستێ، بەهەزاران پاسەوان بڵاوەپێدەکەن،  بەرپێ و چاوی خۆیان نابینن، خەمت نەبێ، هەرێم هێندە ئارام و کۆنتڕۆڵکراوە کەس ناتوانێ بتبینێ جگە لە خۆیان! ئەوان پاسەوانی خەڵکی ناکەن، پاسەوانی لە دەسەڵات و مانەوەی خۆیان دەکەن.

تکایەکی دیکەشم هەیە، جەنابی سەرۆک وەزیرانی عێراق، تۆش وەک ئەمان مەبە، تەنها ڕێگە بە کەناڵی ڕاگەیاندنی حزبەکەی خۆت بدەی، ڕووماڵی کارەکانت بکا، لە نێویشیاندا کەناڵە تایبەتەکەی خۆت! 

گەر من فریای بینینت بکەوم! ئەم پرسیارانەم هەیە:
- ئێوە وەعدتاندا هەموو سی ڕۆژ جار مووچە لەکاتی خۆیدا بەبێ دزین دابەش بکەن، درۆتانکرد ئەی وانەبوو؟

- ئێوە 400 ملیار چۆن دەخۆن، بە چەند ڕۆژ؟

- خۆ ئەگەر تورکیا ناوچە سنورییەکان بۆردومان بکات، خەتای تورکیا نییە، چونکە ئێمەش کاتی خۆی لەو سنورانە و لە ئێرانەوە هێرشمان دەکردە سەر حکومەتی عێراقی!

- ئەگەر کوردێکی باکوور و ڕۆژئاوا و ڕۆژهەڵات میوانبێ، تەسلیمی ناکەنەوە وایە؟

- تۆ ئاگاداری ئەوەی مووچەی، فڕۆکەخانەکان و بەنداو و پاسپۆرت و ئەو فەرمانگانەی ڕاستەوخۆ مووچەی سەر بە بەغدایە، ئەمان لێدەبڕن و وەک فەرمانبەرانی هەرێم وەری دەگرن؟!

بەڕێز کازمی، تۆ وەرە با یەک ببینین، زۆر پرسیاری دیکەم هەیە، خۆناکرێ، هەرچی پۆخڵەواتی ئەم هەرێمەت لە نوسینێکدا بۆ باس بکەم، چۆن خیانەت لەم هەرێمە ئەکەم!! کەی هاتی ئەو کاتە ڕاستەوخۆ داوات لێدەکەم، مووچەکەم با ڕاستەوخۆ بچێتە سەر بەغدا.


AM:11:31:21/07/2020

ئه‌م بابه‌ته 3348 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی