کەواتە ئەرکی ئێوە و حکومەتەکەتان چییە؟
بێریڤان محەمەد
هەرکات دێوەکەی عەلادین دەهاتە دەرەوە دەیگوت ئەمرکە و تەنفیزی بکەم هەرشتێکیشیان لێ داوابکردایە دەیگوت لەتوانای مندا نیە.
وەزارەتی پێشمەرگەکەی هەرێمیش بووەتە دێوەکەی عەلادین.
جەبار یاوەر ئەمینداری گشتیی وەزارەتی پێشمەرگە دەڵێت:
- ئەرکی ئێمە نییە لێکۆڵینەوە لە بۆردوومانەکەی کونەماسی بکەین ئەرکی دامودەزگا ئەمنییەکانی سلێمانییە.
- ئەگەر ئەو هێرشانە لەسەر سنووریش بێت، ئەوا هەر ئەرکی ئێمە نیە و ئەرکی هێزی پاسەوانی سنووری سەر بە حکومەتی عێراقە.
- لەسەر ئەو بۆردوومانانە ئەرکی ئێمە نییە هیچ بکەین، ئەرکی وەزارەتی بەرگریی و دەرەوەی عێراقە کاری لەسەر بکەن.
- ئەرکی ئێمە نییە بۆچوونمان لەسەر ئەو بابەتانە هەبێت، بەڵکو ئەو بەیاننامەیەی کە حکومەتی هەرێم دەریدەکات بۆچوونی هەموو وەزارەتەکانە.
- ئەو هێرشانە لەڕێگەی فڕۆکەی جەنگییەوە ئەنجام دەدرێت، ئێمە سیستمی ڕادارمان نیە کە ئاگاداری ناسنامەی فڕۆکەکان بین و بزانین فڕۆکەی کێن و لەکوێوە دێن، هیچ دژە ئاسمانییەکیشمان نییە لە هەرێمی کوردستان کە بتوانین ڕووبەڕووی ئەو بۆردوومانانە ببینەوە.
بە کورتی و کوردی یاوەر دەڵێت هیچ شێک ئەرکی ئێمە نییە.
لە پاڵ ئەو بودجە زۆرەی بۆ ئەم وەزارەتە تەرخان کراوە و ئەو ملیۆنان دۆلارەی لەلایەن ئەمەریکا و هاوپەیمانانەوە مانگانە پێی دەدرێت و ئەو لەشکرە زەبەلاح و پڕچەککراوە بە چەکی هاوپەیمانان و ئەو چەک و جبەخانە زۆرەی عێراق لە موسڵ و کەرکوک لە ٢٠١٤ و سەردەمی داعش کەوتە دەستیان، بەڵام تاکە ئەرکێک کە ئەم وەزارەتی پێشمەرگەیە جێبەجێی دەکات سەرکوتکردنی دەنگە ناڕەزاییەکانی شەقام و هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستانە.
PM:02:34:28/06/2020
ئهم بابهته 1752
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی