لەپەراوێزی کتێبەکەی مەلا بەختیاردا

‌ئالان م. نوری

لەپەراوێزی کتێبەکەی مەلا بەختیاردا- کوردایەتیی مۆدێلی "چش لەباوەنوورو کەلار" شایستەی رێز نییە!

لە ناوەراستی ئەیلوولەوە کتێبی "لە بریی بیرەوەری" مەلا بەختیار کەوتە بازاڕەوە. پێس ئەوەش لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ تەلەفزیۆنی رووداو نووسەر تاووتوێی زۆربەی خاڵە سەرنجڕاکێشەکانی کتێبەکەی کرد و ئەوەش وایکرد کە  پێش ئەوەی نەیارانی، بە خواستی خۆیان، پێناسەی خۆی و ئاکاری سیاسیی و رابوردووی و تەنانەت ژیانی شەخسیشی بکەن، پەیامی سەرەکیی کتێبەکە بە زۆرترین خەڵکی کوردستان گەیشت.

سەرەڕای ئەوەی لە رەوتی بزوتنەوەی چەپدا لە هەموو روویەکی فیکری و ئاکاری سیاسییەوە خۆم بە قوتابیی فێرگەیەکی سیاسیی پێچەوانەی ئەوەی مەلا بەختیار دەزانم، بەڵام پڕ بە دڵ ئیدانەی نەفەسی رەوشت نزمیی زۆر لە "وەڵام"ە نوسراو و بیستراو و بینراوەکانی نەیارانی دەکەم و پێم وایە ئامانجیان لە دوو خاڵی سەرەکیی یەک لەوی دی قێزەونتر تێناپەڕێت: یەکەم، برەودان بە نەریتی پەرستنی "القائد الضرورە" بە مەبەستی بەرگرتن بە هەر هیوایەکی دێمۆکراتیبوونی ژیانی سیاسی لە کوردستاندا. دووەمیش، دیزە بە دەرخوونە کردنی مێژوویەکی پڕ لە تاوانی زیاد لە ٦٠ ساڵی بزوتنەوەی زاڵی "کوردایەتی" کە بەرهەمهێنی حوکمی گەندەڵ و مافیائاسا و باندەکانی تاوانی ئەمڕۆیە لە سەرانسەری کوردستاندا. 

سەرەڕای ئەوەی مەلا بەختیار خۆزگە دەخوازێت کە ئەو کتێبانەی لە بیرەوەرییەکانیدا ناویان دەبات مێتۆدێکی زانستییانەی مێژوو نووسین لە پشتیانەوە بوایە و ئامۆژگاریی درەنگوەختی یەکێکیان دەکات کە خۆزگە کۆرسێکی نووسینی مێژووی بخوێندایە ئەوجا کتێبەکەی بنووسیایە، بەڵام لە ڕووی داڕشتنەوە کتێبەکەی خۆی بە هەمان دەردا بردووە. چونکە بریییە لە کۆکراوەی پارچەپارچەی بیرەوەری و پێناچێت کە نووسەر هیچ هەوڵێکی بە ئاگای بۆ رێکخستنیان بە شێوەیەکی پیماتیکی دابێت.

لاوازترین بەشی بیرەوەرییەکانی مەلا بەختیار ئەو بەشەیە کە کتێبەکەی کردووە بە "بریی" بیرەوەری؛ واتە ئەو بەشەیە کە مەلا دەیەوێت لێکدانەوەی تیۆری بێت بۆ خستنەرووی ئەو پرۆسە سایکۆ-سۆسیۆ-ئابوورییانەی کە دیاردەی توند و تیژی و فاشیزمی دواکەوتوو لە کۆمەڵگاکانی وەک ئێمەدا دێننە ئاراوە. هۆکاری لاوازیشی ئەوەیە کە سەرچاوەکانی لەڕوی مێپۆدۆڵۆجییەوە بە یەکتر دژوارن و مەلا هیچ هەوڵێکی نەداوە کە دەریبخات بەئاگایە لەو دژوارییانە و لەوە دەچێت بە مێتۆدی "چێشتی مجەور" کۆیکردوونەتەوە. ئامۆژگاریی درەنگوەختشم بۆی ئەوەیە کە ئەگەر پەرۆشی ئەو جۆرە کارە تیۆرییەیە، جیای بکاتەوە لە بیرەوەرییەکانی و بایەخێکی زانستییانە بدات بە گونجاندنی ئامرازەکانی لێکۆڵینەوەی لەگەڵ لەگەڵ یەکتردا لە رووی تیۆرییەوە.

سەرەڕای ئەمانە، بەهای بیرەوەرییەکان لەوەدایە بە دەگمەن لاپەڕەی تێدایە کە بەڵگەی تاکە کەسی و شەهادەتی راستەوخۆی ئەوە نەبن کە بە Dark History: مێژووی تاریک ناو دەبرێت. ئەگەر وەک مەلا بەختیار رێ بە خۆم بدەم ئامۆژگاریی قوتابیانی ماستەر و دکتۆرای مێژووناسی وڵاتەکەم بکەم، ئەوا هانیان دەدەم ئەم لقە لە دیسپلینی مێژووناسی بە هەند وەربگرن و ئەرکی کۆکردنەوەی زانستییانەی ئەم جۆرە شەهادەتانە بگرنە ئەستۆ. میللەتێک رووناکی لە مێژووی تاریکی خۆی ببڕێت و، ئامادە نەبێت بە راشکاوی جڕوجانەوەرە ترسناکەکانی ئەو مێژووە بخاتە بەردەم لێپرسینەوە، هەق نییە هیوایەکی ئەوتۆی بە پاشەڕۆژێکی باشتر هەبێت.

مەلا جگە لە باسکردنی شانازییەکانی خۆی، وێنەیەکی تاریکی دڕندەیی و بکوژی و پاوانخوازی و فاشستی و شۆڤێنیستیی قۆناغی "خەبات"ی بزوتنەوە زاڵەکانی "کوردایەتی" دەخاتە روو...ئەمە پێش ئەوەی بکەون بەسەر سەروەت و سامانی ژێرخاک و سەرخاکی نیشتماندا ولە ئەزموونی ٣٠ ساڵی قۆرغی دەسەڵاتیاندا لە هەرێمی کوردستان، تا بینەقاقا مەستی گەندەڵی و دزی و کاری مافیائاسا بن. ئەمەش وای کردووە کە دەسەڵاتی "کوردایەتی" بە یەکێک لە ئەزموونە دەگمەنەکان دادەنرێت، لەسەر ئاستی جیهان، لە خێرایی وەرگەڕان لە "خەباتکار" ەوە بۆ "گەندەڵکار". 

بەهای نووسینەکەی مەلا بەختیار لەوەدایە کە ئێستاشی لەسەر بێت، خۆی یەکێکە لە دەسەڵاتدارەکانی ئەم سیستەمە سیاسییەی ئێستای کوردستان و لە ناوەوەی ئەو ئەزموونەوە باسی پۆخڵەواتەکە دەکات. بەڵام لە هەمان کاتدا نووسینەکەی ئیدانەیە بۆ ئەو قوتابخانەیەی ئاکاری سیاسی  کە ئەو نوێنەرایەتیی دەکات. چونکە تەنها پاساوێک کە دەیهێنێتەوە  بۆ خۆ نوقم کردنی لەو زەلکاوە قێزەونەی دەسەڵاتی شاخ و تەختاییدا ئەوەیە کە ناڕەزایی لەدژی تاوانە یەک لە دوای یەکەکان، لەناو مەکتەب سیاسی و لە بەرامبەر مام جەلال و نەوشیروان موستەفا دەربڕیوە. وەک ئەوەی ئەوە بۆ ویژدانی کەسێکی خۆ-بە-چەپ-زان ئەوپەڕی رەحەتی بێت و ئیدی چونکە قسەی کردووە هەموو ئیمتیازێکی ئەو دەسەڵاتەی پێ حەڵاڵە. سەرەڕای ئەمەش هێشتا باڵای مەلا بەختیار لەو زەلکاوەدا سەد بە باڵای ئەوانەیە کە نووزەیان لێوە نەهاتووە و بە شانازیشەوە بەشدارن لە تاوانەکاندا.

زەقترینی ئەو دیاردە ترسناکانەی کە بەلای بەندەوە گرنگترین زانیارییەکانی کتێبەکەی مەلا بەختیارە، پەردە راماڵینێتی لەسەر بێباکیی سەرکردایەتی کورد لە چارەنووسی دێمۆکراسی لە عێراقدا و دروشمی گاڵتەجاڕی "ئۆتۆنۆمی بۆ کوردستان و فاشیزم بۆ عێراق" ە کە بەکردەوە و دوور لە گاڵتە، هەڵوێست و هەڵسوکەوتی راستەقینەی باڵی زاڵی بزووتنەوەی "کوردایەتی" بووە و هەرچەند بۆشیان چووبێتە سەر بە کردەوە ئەنجامیان داوە. رەنگە هەر لەم چوارچێوەیەدا رۆڵی پێزانراوی خۆی و رێکخراوی ئاڵای شۆڕش (لە دواییدا) لە درکاندنی موفاوەزاتی نهێنیی نێوان ی ن ک و حکومەتی بەعسی فاشی و بە کۆمەڵ کوشتنی شیوعییە عەرەبەکانی قڕناقا و پشت ئاشان وەک دیاریی دەستی سەرانی ئەو بزوتنەوەیە بۆ موفاوەزات لەگەڵ ئەو رژێمە دڕندەیەیە بوو.

لە پاڵ ئەوەشدا نووسەر بە گێڕانەوەی نموونەیەکی ئابڕووبەر بۆمانی دەسەلمێنێت کە ئەو هەڵوێستە بێباکە دەربارەی چارەنووسی دێمۆکراسی لە عێراقدا زادەی هەڵەیەکی تەکتیکیی جنگاوەرانی ماندوو نەبوو، بەڵکو هەڵقوڵاوی راسیزم بووە بەرامبەر بە عەرەب وەکو گرووپێکی ئیتنی.

مەلا بەختیار دەگێڕێتەوە (هەڵبەتە نەک وەک شایەت حاڵی یەکەم) کە سەرکردەیەکی ئەم بزوتنەوەیە لە دوای شکستی راپەڕینی بەهاری ١٩٩١ و کۆڕەوە کارەساتبارەکەی لێی کەوتەوە، فەرمان دەدات بە تەقاندنەوەی بەنداوی دەربەندیخان بە لۆژیکی پڕ لە تاوانی ئەوەی چش لە باوەنوور و کەلار کە بە خۆیان و هەموو دانیشتوانیانەوە نوقمی ئاو دەبن، بەڵام لە خوار ئەوانەوە نزیکەی ٤٠٠ هەزار عەرەب دەخنکێت و "تۆڵەی ئەنفال دەکەینەوە"!!!

خوا کردی، ئەوەی ناردیان بۆ ئەنجام دانی ئەو تاوانە زۆر لەوە نەفامتر بوو کە بزانێت چۆن بەنداوێک بتەقێنێتەوە و تەنها زیانی گەیاندووە بە تۆرباینەکانی دروستکردنی کارەبا لە بەنداوەکەدا. واتە بەنەزانیی، بکەری ئەو تاوانە بزوتنەوەکەی لە جێنۆسایدێکی ئەوتۆ پاراست کە رووی ئەنفالی بەعسی سپی دەکردەوە. سەیر لەوەدایە، باڵادەستە بێ شەرمەکان ئێستە لە هەوڵی ئەوەدان لەبەر خاتری کەرامەتی سەرکردە رەوانشادەکەیان، تۆمەتەکە بخەنە ملی سەرکردایەتی هەموو بەرەی کوردستانیی ئەوسا. بەوەش  مەیلی جێنۆسایدی سەرکردەیەک، باڵێک، رەوتێک، بکەن بە هەڵوێستی تەبای بەرەیەکی سیاسیی بەرفراوانی کوردان لەو رۆژانەدا. لە پاڵ ئەوەشدا خەریکی سەلماندنی ئەوەن کە ئەمرەکەی بەو نەفامە دراوە ئەوەندە بووە کە تەنها وێستگەی درووستکردنی کارەبای بەنداوەکە بتەقێنێتەوە، نەک هەموو بەنداوەکە... وەک ئەوەی سەرکردەکە و مەئموورە نەفامەکەی ئەوەندە شارەزای فیزیا و ئەندازیاری بووبن کە بزانن چۆن تەنها وێستگەکە بتەقێننەوە و بەنداوەکە سەلامەت بێت!

"کوردایەتی"یەک ئامادەبێت قیروسیا لە قەتلوعامی کوردی باوەنوور و کەلار بکات بە هیوای قەتلوعامێکی گەورەتر لە عەرەب، کوردایەتییەکە شایستەی خوێنی شەهیدە پاکەکانی بزوتنەوەکە نییە و بێگومانیش شایستەی رێزی میللەتەکەمان نییە. 

ئەوجا ماوە بڵێم کە سەرەڕای پێزانین بۆ ویژدانی (زۆربەی کات) زیندووی مەلا بەختیار، بەڵام ریسواکردنی تاوان گەر خۆجیاکردنەوەی لە تاوانکاران لەگەڵ نەبوو، یان خراپتر، خۆ گرێدانەوەی بە تاوانکارانەوە لەگەڵدا بوو، ئەوا گەلێک لە بەهاکەی دەدۆڕێنێت. هەر بۆیە پێم وایە خەڵکی هوشیاری وڵاتەکەمان و مێژوویش گەردنی ئازاد ناکەن.


PM:09:03:21/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 3380 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی