بە درەنگەوە و بە شێنەیی!

‌نووری بێخاڵی


ئەوەی بۆ کورد گرنگە چارەسەرکردنی بنەڕەتی کێشەکانیەتی لە عێراق، چارەسەرێک لەبەر ڕۆشنایی دەستوور، بەتایبەتی کێشەکانی پەیوەست بە ماددەی ١٤٠. ئیتر چۆنیەتی و میکانیزمەکانی ئەو چارەسەرییانە چی دەبن، گرنگ نییە، بەڵکوو خودی چارەسەری و کۆتایی پێکهێنانی کێشەکانە. چارەسەرییەکەش پێویستی بەوەیە کێشەکان بەرمەبنای ناوەڕۆکی دەستوور ناوزەد بکرێن. بە واتایەکی تر، بەردەوامیی هەر یەکە لە عێراق و هەرێمی کوردستان لەسەر داتاشینی ناو و چوارچێوەی ڕووکەش بۆ کێشەکان بە قازانجی هیچ کام لایەک تەواو نابێت.

بۆ نموونە، کێشەی ناوچەکانی سنووری ماددەی ١٤٠ کە لە دەستووردا بە ناوچە کێشە لەسەرەکان هاتووە، بەوە چارەسەر ناکرێت عێراق بە ناوچەی تێکەڵ و کورد بە ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ناوی ببەن، چونکە بە بەڵگەی مێژوویی ئەو بابەتە جیۆگرافییە یەکلا بووەتەوە و هەر هەوڵێکیش بۆ دیزەبەدرخۆنەکردنی ئەو ڕاستییە مێژووییانە و خۆدزینەوە لێیان، دادی هیچ کام لا نادات. ئەوە نەبێت کە ڕۆژ دوای ڕۆژ دواخستنی چارەسەرییەکەی ئێش و ئازاری زیاتر بە خەڵکی ڕەسەنی ئەو ناوچانە دەگەیەنێت.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کە جەخت لەسەر چارەسەری ڕیشەیی و دەستوورییانەی کۆی کێشەکان دەکاتەوە، باش دەزانێت چی دەڵێت. کاتێکیش باس لەوە دەکات کە دەبێ هەموو لایەک خۆیان لە دەمارگرژی بپارێزن، زۆر ورد و تیژ و دووربینە، وەک دەڵێن قسەی حیسابیی دەکات! 

بەهەرحاڵ، ئەگەر هۆکارێکی سووتاندنی بارەگای پارتی لە بەغدا لەلایەن گرووپی ڕبعوڵڵا و گرووپە چەکدارەکان، وەک دەڵێن گوایە کاردانەوەی ئەو گرووپانە بێت لە بەرامبەر لێدوانی بەرپرسێکی پارتی. ئەوا بە دیوەکەی تردا هۆکاری سەرەکیی هێرشەکە، بریتییە لە ڕێککەوتنی شنگال، کە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ئاییندەی چارەسەری کێشەی تەواوی ناوچەکانی ترەوە هەیە.

ئەوەی لەو نێوەدا جێی داخە، بیانووی هێرشبەرەکانی سەر بارەگای پارتی نییە، بەڵکوو هەڵوێستی هەندێ کەس و لایەنی ناوخۆیە، کە بە هەمان ئاوازی بکەرەکان خوێندیان و لەسەر هەمان ڕیتمی هێرشبەرەکان کەوتنە سەما!

گریمان ئەو میلیشیایانە لە ڕقی لێدوانی سەرکردەیەکی پارتی کوڵی دڵی خۆیان بە بارەگاکە ڕشت، ئەی سووتاندن و ژێر پێ خستنی ئاڵای کوردستان بۆ؟ هەڵکردنی ئاڵای ‌حەشد بەسەر باڵەخانەی بارەگاکە بۆ؟

ڕاستییەکەی ڕێککەوتنی شنگال ڕەهەندێکی گرنگی نێوخۆیی، هەرێمایەتی و نێودەوڵەتیشی هەیە. لە ئاستی نێوخۆییدا ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال هەنگاوێکە بۆ گەڕاندنەوەی سەروەری بۆ عێراق، بۆ هەرێمی کوردستانیش سەرەتایەکی پڕ بایەخە بە ئاراستەی گەڕاندنەوەی ناسنامە کوردستانییەکەی. بۆیە یەکهەڵوێستی و هەماهەنگیی نێوان هەولێر و بەغدا لەم پرسەدا زۆر پێویستە.

لە ئاستە هەرێمایەتییەکەشیدا بابەتەکە گرێدراوی بوونی گرووپگەلی نایاساییە، کە دوای ڕزگارکردنی شنگال لەسەر دەستی پێشمەرگە و بە حوکمی ئەو بارودۆخە نەخوازراوەی ڕووداوەکانی ١٦ی ئۆکتۆبەر لەگەڵ خۆی هێنای، لەو ناوچەیە لێیان داکوتا و بوونە دەسەڵاتداری ناوچەکە و زەمینەیان بۆ دەستتێوەردانی وڵاتانی دراوسێ لە کاروباری عێراق خۆش کرد.

بوونی حەشد لە شنگال ناڕاستەوخۆ خزمەت بە ئەجێندای ئێران لە ناوچەکە دەکات. وەک چۆن بوونی پەکەکە بیانووی بەردەوام دەداتە تورکیا تا ڕەوایی بە لەشکرکێشی و بۆردوومانی ئاسمانیی ناوچەکە بدات، کە بە هۆیەوە خەڵکی سڤیل یەکەم و دوا قوربانییە. بۆیە سنووردانان بۆ کەڵەگایی ئەو گرووپە نایاساییانە، گەڕاندنەوەی ئیدارەی شەرعی بۆ ناوچەکە و بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیریی بۆ ناوچەکە، ڕەگی زۆرێک لەو مەترسی و هەڕەشانە دەبڕێتەوە.

دیوی نێودەوڵەتیی ڕێککەوتنەکەش مەترسیی ئەجێندای هەرێمایەتییە بۆسەر ئاسایشی ئیسرائیل، کە لە ڕێگای ئەو گرووپانەوە جێبەجێ دەکرێت، ئەمەش ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە ستراتیژ و بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و ئاسایشی دۆست و هاوپەیمانەکانییەوە هەیە. هاوکات ڕێککەوتنەکە بۆ کۆمەڵگای نێودەڵەتی و ئاژانسەکانی نەتەوە یەکگرتووەکان زۆر گرنگە. چونکە ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان، باری سەر شانی هەمووان سووک دەکات.  

بۆیە ئەوانەی پێیان وایە ڕێککەوتنەکە لە نێوان حکوومەتی عێراق و پارتییە، سەرچیخ چوونە و کورتیان هێناوە، چونکە ڕێککەوتنەکە کە بە چاودێریی نەتەوە یەکگرتووەکان کراوە، بڕیارێکی عێراقییە و بەشێکە لە نەخشەڕێگای نوێی کازمی بۆ گەڕاندنەوەی سەرەوەری. کاردانەوەی ئەرێنی و پێشوازیی گەرمی هەر یەک لە ئەمریکا، بەریتانیا، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش، نەتەوە یەکگرتووەکان و بەشێکی دیاری وڵاتانی عەرەبیش لە ڕێککەوتنەکە، هەموو ئەو بانگەشانە بەتاڵ دەکاتەوە، کە دەیانەوێ لە بایەخی ڕێککەوتنەکە کەم بکەنەوە.

بۆ جێبەجێکردنی ڕێککەوتنەکە هەردوو لا پێویستیان بە پاڵپشتیی ئەمریکا، هاوپەیمانەکانی و نەتەوە یەکگرتووەکان هەیە. وەکووتر، چونکە ڕێککەوتنەکە وەک نێچیرڤان بارزانی گوتی: "خزمەتی بەرژەوەندیی تەواوی وڵاتەکە دەکات و هەنگاوێکە بۆ پتەوکردنی متمانەی نێوان هەردوو حکوومەت"، سەرخستنەکەی پێویستیی بە هەماهەنگیی جیددیی هەردوو لا و لە ئاستی هەرێمی کوردستانیشدا پێویستیی بە (هاوهەڵوێستی، یەکڕیزی، کاری پێکەوەیی) هەیە، ئەو بنەمایانەی کە بەشێکی گرنگن لە ستراتیژی نیشتمانیی دامەزراوەی سەرۆکایەتیی هەرێم.


PM:03:45:21/10/2020

ئه‌م بابه‌ته 1396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی