جیهانی ژمارەیی لە نێوان یۆتۆپیا و دیستۆپیادا!

‌نووری بێخاڵی


ئەم ناوونیشانەی سەرەوە تەوەری پانێڵێکی دامەزراوەی میدیایی دوێچە وێلا (DW )بوو، کە تیایدا هەر یەکە لە (مارکۆس ن. بیکۆ - ئەمینداری گشتیی لقی ئەڵمانیای ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، ماریا ڕیسا - سەرۆکی جێبەجێکار و هەواڵسازی جێبەجێکار لە Rappler و لینا عەتەڵڵا - ڕۆژنامەنووسی میسری و دامەزرێنەری هاوبەش و سەرنووسەری - مدى مصر) بەشداریات تێیدا کرد و (سارە کیلی - ڕۆژنامەنووسی ناسراو و بێژەری سەرەکیی  DW News)، گفتوگۆکەی بەڕێوە برد.

ئەم دانیشتنە، یان ئەم وتوێژە ڕۆژنامەنووسییە، دووەمین مێزگردە لە زنجیرەیەک مێزگرد، کە کۆڕبەندی میدیای جیهانی دامەزراوەی دوێچە وێلا - DWی ئەڵمانیی، ساڵانە و هەر ساڵێک و پەیوەست بە پرس و باسێکی گەرم و گرنگی (میدیا و پەیوەندیی بە کایەکانی تری ژیان)، بە ئامادەبوونی بەرپرسە باڵاکانی حکوومەتی فیدڕاڵی و بەشداریی سەدان میدیاکار و توێژەری بوارە جیاوازەکانی جیهان بەشداریی تێدا دەکەن و لە شاری (بۆن) بەڕێوەی دەبات، بەڵام ئەمساڵ بە هۆی پەتای کۆڕۆناوە لە ڕێگای ئۆنلاینەوە بەردەوامیی بە چالاکییەکانی خۆی دا.

بەپێی زانیارییەکان، زیاتر لە سێ ملیار کەس لە جیهاندا لە سای دەوڵەت و سیستەمە ستەمکارەکاندا دەژین. بۆیەش کەمترین سوودیان لە جیهانی ژمارەیی (دیجیتاڵی)، کە مەبەست لێی ئێنتەرنێتە، وەرگرتووە. چونکە ئەو سیستەمە سەرکوتکار و ستەمکارانە، جۆرەها ئامراز و میکانیزمی ئاڵۆزیان بۆ سیخوڕیکردن بەسەر خەڵک و ڕێگرتن لە گەیشتنی ئەو زانیارییانە بەکار هێناوە و دەهێنن، کە لەگەڵ سیاسەت و بەرنامەکانیان دژ و ناکۆکن. لەمانەش، دیواری ئاگرین، سیستەمی بیمەی کۆمەڵایەتی، شیکردنەوەی جووڵە و چەندین سیستەمی تر کە بە هۆیانەوە چاودێریکردنی هەڵسوکەوتی تەواوی کۆمەڵگا ئاسانتر دەبێت، بەڵام لەگەڵ ئەمەشدا پێگە ژمارەیی و دیجیتاڵییەکان بوار و دەرفەتی ئەوەیان بە جۆرێک و جۆرێکی تر داوەتە خەڵکی ناڕازی و ئۆپۆزسیۆن، بۆ ئەوەی لەوێوە دەنگیان بگەیەنن و تۆڕی فراوان دروست بکەن و هێز پەیدا بکەن، هێزی مەعنەوی. پرسیارەکە ئەوەیە: ئاخۆ دواجار شۆڕشی ژمارەیی (دیجیتاڵی) لە پتەوکردن و بەردەوامیی جیاوازیی بۆچوون و فرەیی لە وڵاتە ستەمکارەکاندا سەرکەوتوو دەبێت، یان لە کۆتاییدا ئەویش دەبێتە ئامرازێکی دیکەی کارا و گرنگی سەرکوتکردن؟

مەبەست لە فەزای ژمارەیی چییە؟   

دەکرێ ئێنترنێت وەک ئامرازی سەرکوتکردن بەکار بهێندرێت، وەک چۆن دەکرێ ببێتە سەکۆی دەنگە ڕەخنەگر و ناڕازییەکان. لەم ڕووەوە، دەوڵەتە ستەمکارەکان بە مەبەستی کاریگەری خستنە سەر ڕای گشتی، یان بۆ ئەوەی نەیار و ڕەخنەگرەکانیان بترسێنن، لە ڕێگای ئێنتەرنێتدا پەنا بۆ هەموو بژارە و ئامرازەکانی (سانسۆرکردن، چاودێریکردن، بڵاوکردنەوەی هەواڵی فەیک و وەگەڕخستنی هەڵمەتەکانی ڕقلێبوونەوە) دەبەن. چونکە ئەوان دەرکیان بە گرنگیی فەزای ژمارەیی کردووە، کە ئەگەر لە دەستی خۆیاندا بمێنیتەوە، ئەوا دەکرێ ئامرازێکی کارا بن بۆ پاراستن و دەستگرتن بە هێز و کاریگەری. ئەمەش بۆ زیاتر لە سێ ملیار مرۆڤ کە لە سەرتاسەری دونیادا لە سای حکوومەتە ئۆتۆنۆمیەکاندا دەژین، هەواڵێکی ناخۆشە. هاوکات لە لایەکی دیکەوە، هەواڵە خۆشەکە ئەوەیە، لەو نێوەدا و وێڕای زۆربەی کات بێ ئومێدبوون، بەڵام چەندین کاراکتەر و کەسایەتی هەن، چەندین ڕۆژنامەنووس و میدیاکار هەن، کە بە خەبات دژی ئەو سەرکوتکردنە پابەندن و بەردەوامیی بە تێکۆشانی خۆیان دەدەن.

(ماریا ڕیسا) کە یەکێکە لە دامەزرێنەرانی پێگەی ئەلیکتڕۆنیی Rapplerی هەواڵیی فلیپینیی، هەروەها بەوپێیەی سەرنووسەری ماڵپەڕەکەیە، بەردەوام ڕووبەڕووی فشار و تەنگەتاوکردن دەبێتەوە. ئەمەش بە هۆی ڕووماڵ و سیاسەتە ڕەخنەییەکانی Rappler بەرامبەر بە حکوومەت. بەتایبەتی لەوەی پەیوەندیی بە ڕاگەیاندنی سەرۆک ڕۆدریگۆ دۆتیرتی هەیە سەبارەت بە ”شەڕکردن دژی ماددەهۆشبەرەکان". هەر لەو نێوەدا چەندین جار دەستگیر کراوە و بەم دواییانەش بە تۆمەتی ناوزڕاندن - تەشهیر - حوکم دراوە و تا ئێستاش سزاکەی هەڵپەسێردراوە.

(لینا عەتەڵڵا)ش کە دامەزرێنەر و سەرنووسەری ڕۆژنامەی (مدى مصر)ی ئەلیکتڕۆنییە،  ڕووبەڕووی هەمان فشار و تەنگپێهەڵچنین بووەتەوە. (مدى مصر) یەکێک بوو لە دەزگا میدیاییە سەربەخۆکان لە میسر، کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا لە لایەن حکوومەتی سەرۆک عەبدولفەتاح سیسی قەدەغە کرا. پێش ئەوە و لە چەندین بۆنەی جیاوازدا، دەسەڵاتدارانی میسر ڕێکاری هەمەچەشنیان لە بەرامبەر (مدى مصر) گرتە بەر، تا ئاستی هەڵکوتانە سەر بارەگای ڕۆژنامە ئەلیکتڕۆنییەکە و دەستگیرکردنی (عەتەڵڵا) بۆ ماوەیەکی کورت.


ئامرازەکانی سۆشیال میدیا وەک چەک

لەو ئەڵقەی وتوێژەکاندا، هەردوو ڕۆژنامەنووسی فلیپینی و میسریی ناوبراو، بە بایەخەوە باسیان لە گرنگیی ئێنتەرنێت لە دەوڵەتە ستەمکارەکاندا کرد. هاوکات (مارکۆس ن. بیکۆ)ش لە ڕێکخراوی لێبووردنی نێودەوڵەتی، کە ڕۆڵی لە بواری داکۆکیکردن مافەکانی مرۆڤ لە هەڵمەتی سەدەی ژمارەییدا هەیە، هاتە نێو وتوێژەکەیان.

سەرەتا (ڕیسا) باسی لەوە کرد، کۆمەڵگا جیهانییەکان لەم ڕۆژگارەدا ”مەرگی دیموکراسییەت بە هەزاران داشکاندنەوە" بە خۆیانەوە دەبینن. هەروەها جەختی لەسەر ڕۆڵی ئێنتەرنێت لەم ساڵانەی دوایی لەم بوارەدا کردەوە. بەتایبەتیش ئامرازەکانی سۆشیال میدیا و لەو پرۆسەیەشدا فلیپین بەشدار بووە و ڕوونی کردەوە کە ”حکوومەت ئامرازەکانی سۆشیال میدیا وەک چەکێک بەکار دینێت، ئەویش لە ڕێگای پڕکردنی لە زانیاری و ڕق. تا ئەو ئاستەی گەیشتووەتە قۆناغێک، کە ئیدی خەڵک نەزانێت کامە زانیاری ڕاستە و کامەیان هەڵە".

(ڕیسا) بەر لەوەی Rappler دابمەزرێنێت، تەمەنی 56 ساڵ بوو و بۆ ماوەیەکی درێژیش وەک سەرۆکی لێکۆڵینەوەکان لە CNN International  لە باشووری ڕۆژهەڵاتی ئاسیا کاری دەکرد. ئەو بە تاونبار وەسف کراوە، سەرەڕای ئەوەی وەک خۆی دەڵێت هەرگیز هیچ شتێکی نایاسایی نەکردووە، تیشکیش دەخاتە سەر ئەو هەڵمەتی ناوزڕاندنە، کە ماوەیەکی زۆرە لە دژیدا دەکرێت و بەردەوامە. 

جیهانی هاوشێوە لە وێنە ڕاستەقینەکەی خۆیدا

تا ئێستا و وێڕای پێشێلکاری و دەستدرێژییە نایاسایی و جەستەییەکان لە دژی ڕۆژنامەنووسە ڕەخنەگرەکان، بەڵام دەکرێ باس لە هەمەچەشنیی میدیایی لە فلیپیندا بکرێت. هاوکات لە میسر ڕاوەدوونانە سزاییەکان و سانسۆری چڕ، کاریگەریێکی سووک و جۆرێک لە مەترسیان لەسەر ئامرازەکانی ڕاگەیاندن هەبووە. لەم بارەیەوە (عەتەڵڵا) دەڵێت" تاکە ئامرازەکانی ڕاگەیاندن کە لە سانسۆر قورتاریان دەبێت، ئەو ئامرازانەی ڕاگەیاندنن کە دەوڵەت خاوەنیانە، یان بەجۆرێک لە جۆرەکان ئینتیمایان بۆ دەوڵەت هەیە" و ئاماژە بەوەش دەکات، کە دامەزراوە میدیاییە سەربەخۆکان، لەمەودوا بە ئەستەم دەتوانن کاری خۆیان بکەن. هەر بۆیە (مدى مصر) ناچار بووە بیر لە ”شێوازی بڵاوکردنەوەی جێگرەوە" بکاتەوە، چونکە پێگە ئەلکتڕۆنییەکەی داخراوە. 

بە بۆچوونی (مارکۆس ن. بیکۆ)، ئەوەی لە بواری ئێنتەرنێتدا و بەتایبەتی لە کاریگەریی دەوڵەتدا ڕوو دەدات، لە نموونەی دەوڵەتی وەک میسر و فلیپین، لە وڵاتانی دیکەی وەک چین و ڕووسیاش هەیە. دیارە ئەمەش ڕەنگدانەوەی ئەو شتەیە کە لە جیهانی هاوشێوەبوودا ڕوو دەدات و دەڵێت: ”تا دێت سەرکوتکردن زیاد دەکات، مافەکانی مرۆڤ دەکەونە بەر هێرش، هەروا ئازدایی ڕۆژنامەگەریش دووچاری هێرشکردنەسەر بووەتەوە، لەگەڵیشیاندا چالاک و پارێزەرانیش".

ئامرازەکانی سۆشیال میدیا وەک شوێنی دیداری جێگرەوە

لە هەمان کاتدا و سەرەڕای هەموو ئەم شتانەش، ئێنتەرنێت هێشتا و تا ئێستاش سەکۆیەکی گرنگە بۆ زۆربەی خەڵک، بۆ ئەوەی ئاگادری ڕووداوەکان بن و زانیارییەکان لەناو خۆیاندا ئاڵوگۆڕ بکەن و لەگەڵ یەکتریدا تێکەڵ بن، بەتایبەتی کاتێک کە هیچ بوار و پانتایێکی ڕاستەقینە بۆ ئاڵوگۆڕ نەبێت.
لە واقیعدا ئەستەمە بەبێ هاوکاریی ئەپڵیکەیشنە هەمەجۆرەکانی پەیوەندیکردن و کۆڕبەند و پێگە ئەلیکتڕۆنییەکانی ئێتەرنیت و  ژوورەکانی گفتوگۆکردن (چات)، وێنای بزووتنەوە جەماوەرییەکانی وەک  "Black Lives Matter"، یان ناڕەزایەتییەکانی هۆنگ کۆنگ بکەین. بۆیە دەکرێ ئێنتەرنێت لە دەستی هەندێک کەسدا، کۆتا ئامرازێک بێت بۆ سەرکوتکردن، لەکاتێکدا بۆ هەندێکی تر ئامرازی ڕزگاری و ئازادی بێت و نەتوانن دەستبەرداری بن.  

بەهەرحاڵ، (ڕیسا) سوورە لەسەر ئەوەی نابێ ئەو پانتاییە لە فلیپین بۆ سیستەم و حوکمڕانیی جێ بهێڵدرێت و دەڵێت: ”ئەوپەڕی هەوڵ و کۆشش دەکەین، چونکە پێموایە دەتوانین جیاوازیێک دروست بکەین و ئەمەیە شێوازی وەڵامدانەوەی ئێمە: ڕۆژنامەگەریی زیاتر".

یەکێک لەو شتانەی ئومێد بە (عەتەڵڵا) دەبەخشێت ئەوەیە ”لە کۆتاییدا ناتوانرێت ١٠٠٪ ئێنتەرنێت کۆنتڕۆڵ بکرێت، هەمیشە بۆشایی و کەلێن هەر دەبن". بۆیە ئەو سوورە لەسەر بەردەوامیدان بە کارەکەی، مادام وەک زۆربەی هاوکارەکانی دیکەی لە زینداندا کۆتایی نایەت.

لە لایەکی دیکەوە، (لینا و ڕیسا) لەیەک ئومێد و هیوادا هاوبەشن، ئومێدی ئەوەی کە کۆمپانیا فرەڕەگەزەکان، بەرنامەی نوێ و زیاتر نەدەنە وڵاتە سەرکوتکارەکان، کە ڕێگایان پێ بدات لە ڕێگای ئێنتەرنێتەوە سانسۆر بخەنە سەر ئامرازەکانی ڕاگەیاندن و چاودێریان بکەن. ئەوان چاوەڕوانن گۆڕانکاریی لە ڕێگا و شێوازی کاری ئامرازەکانی سۆشیال میدیادا ببینن، گۆڕانکاریگەلێک کە نەبنە هۆی جەمسەربەندیی، بەڵکوو ببنە هۆکاری دەسکەوتنی زانیاریی زیاتر و تێگەیشتنی باشتر. 


PM:06:07:09/08/2020

ئه‌م بابه‌ته 2492 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی