شۆڕش و ڕۆڵی پاسیڤانەی ڕووناكبیران! (شۆڕشی مەشرووتەی ئێران وەك نموونە)

‌نووری بێخاڵی


ئەمساڵ ڕێك ١١٥ ساڵ بەسەر شۆڕشی مەشرووتەدا تێدەپەڕێت. ئەگەرچی هاوشێوەی شۆڕشەكانی دیكەی جیهان خەون و ئامانجی مەزنی هەڵگرتبوو، بەڵام كۆتاییەكەی كارەساتبار بوو. بەگوێرەی سەرچاوە مێژووییەكان و ئەو لێكۆڵینەوانەی لەم بوارەشەوە كراون، هۆكارەكانی شكستی شۆڕشەكە بۆ ئەوە دەگەڕێننەوە، كە لەسەر ئاستێكی فراوانی كۆمەڵگادا ئامادەیی بۆ شۆڕش نەكرا بوو، هەروەها ئەو ڕووناكبیرانەی داینەمۆی سەرەكیی شۆڕشەكە بوون، بە هۆی نەبوونی ئەزموونیی سیاسی و شارەزانەبوونیان لە گەمە سیاسییەكان، كەوتنە تەڵەوە. وەك چۆن لە ساتەوەختی ئامادەكاریی بۆ شۆڕش، وردەكاریی هاوكێشە نێوخۆیی و هەرێمایەتیی و نێودەوڵەتییەكانیش لەبەرچاو نەگیرابوون. 

شۆڕشی مەشرووتە، یان شۆڕشی دەستووریی ئێرانی لە نێوان ساڵانی (١٩٠٥ - ١٩١١) و لە سەردەمی سوڵتان (موزەفەرەددینی قاجاری) ڕووی دا، كە بە هۆیەوە و بۆ یەكەم جار لە مێژووی ئەو وڵاتەدا و لە سەردەمی حوكمڕانیی قاجارییەكاندا، كە فەمانڕەوایەتیی ئێرانیان دەكرد، ئەنجوومەنی نوێنەران دامەزرێنرا. 

مەشرووتە كە بزووتنەوەیەكی سیاسی بوو، ئامانجەكەی نەهێشتنی ستەمكاریی و جێبەجێكردنی سیستەمی پەرلەمانی (شورا) بوو. شۆڕشی مەشرووتە توانی یەكێك لە توندترین و دڵڕەقترین دیكتاتۆرەكانی قاجارییەكان (عەینولدەولە - كە سەرۆكی وەزیران بوو) لا بدات و (موشیرلدەولە نەسڕوڵڵاخان) بهێنێتە شوێنی و لە ٧ی تشرینی دووەمی ١٩٠٦یشدا سیستەمی مەشرووتی (دەستووری) و پێكهێنانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی ئێرانی ڕاگەیاند و هەمان ساڵیش هەڵبژاردنەكان كران.
  
لە یەكەم دانیشتنی پەرلەماندا، كە سوڵتان موزەفەرەددین بە خۆی بەشداریی تێدا كرد، ماددەكانی دەستوور داڕێژران و (شا) ڕەزامەندیی لەسەریان دەربڕی و پەسندی كردن، بەڵام دوای چەند ڕۆژێك لەو ڕووداوانە، سوڵتان موزەفەرەددین كۆچی دوایی كرد و سوڵتان (محەممەد میرزا عەلی)ی كوڕی شوێنی گرتەوە و چووە سەر تەختی دەسەڵات. یەكەم كاری سوڵتانی نوێ، ڕەتكردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی سیستەمی مەشرووتە و دووبارە گەڕانەوە بۆ حوكمی ستەمكاریی بوو. تا ئەوەی لە مانگی حوزەیرانی ١٩٠٨ ڕووی لوولەی تۆپەكانی كردە باڵەخانەی ئەنجوومەنی نوێنەران (پەرلەمان) و باڵەخانەكەی لەگەڵ زەوی تەخت كرد.

ڕاستە ڕووناكبیران و هەڵگرانی بیری چەپ كە دژی ستەمكاری بوون، ڕۆڵێكی دیاریان لە هەڵگیرساندنی شۆڕشەكە و سەركەوتنەكەیدا هەبوو، بەڵام چونكە شۆڕشەكە زێدەتر ڕووخسارێكی دەستەبژێری هەبوو، تا گەلێریی، بۆیە نەیتوانی لەسەر پێیەكانی بوەستێت. خەڵك دەركی بە ستەم و جەور و زۆریی سیستەمی پاشایەتیی دەكرد، خەریك بوو توێژگەلی جیاوازی كۆمەڵگا مێشكیان بە ڕووی بیری پێشكەوتووخواز و مۆدێرندا دەبووە و هەوڵدان بۆ سەروەركردنی یاسا هەبوون، لەم نێوەشدا توێژی خوێندكار و ڕووناكبیران ڕۆڵێكی كاریگەرییان لەم شەپۆلی هۆشیاركردنەوە سیاسی و كۆمەڵایەتییەی كۆمەڵگادا بینی و توانیان شۆڕشەكە سەر بخەن. وەلێ چونكە میكانیزم و ئامرازەكانی پیادەكردنی ئامانج و دروشمەكان بەردەست نەبوون.. لەبەرئەوەی بەرچاوڕوونیێك بۆ چۆنیەتی ڕووبەڕووبوونەوەی قۆناغی دوای شۆڕش نەبوو.. بەوپێیەی ڕێككەوتنێكی پێشوەختە لەسەر چۆنیەتی ئیدارەدانی سەردەمی دوای شۆڕش لە نێوان ئەو بەرە جیاوازانەدا نەبوو، كە بەشداریی شۆڕشیان كرد، بەتایبەتی كە بەرەی پیاوە ئایینییەكان نەك هەر كەوتنە دژایەتیی بەرەی چەپ و لیبڕاڵ و پێشكەوتووخوازی داینەمۆی شۆڕش، بەڵكوو بەشێك لەو پیاوە ئایینییانە كە لەگەڵ بەرەی لیبڕاڵ و نوێخواز و ئازادیخوزای شۆڕشدا كەوتنە ململانێ و ناكۆكی، چوون لەگەڵ (شا)شدا ڕێككەوتن.. هاوكات ژمارەیەكی بەرچاویش لەو ڕووناكبیر و كەسایەتییە لیبڕاڵ و ئازادیخوازانەی لە دانانی بەردی بناغە و بەرپاكردنی شۆڕشەكەدا بەشدار بوون، لە پرۆسەكە كشانەوە. ئەمەو زۆر هۆكاری تر، شكستیان بە شۆڕشەكە هێنا.

بەهەرحاڵ، مێژووی ئەو شۆڕشە و قۆناغەكانی دوای ئەوە و تا ئێستای ئێران پێمان دەڵێت، ئەگەرچی بزووتنەوە ڕووناكبیریی و كولتوورییەكان و لەناویشیاندا دەستەبژێری ڕووناكبیر لە هەموو وێستگە سیاسییەكاندا ڕۆڵیان لە بەرهەمهێنانی بیری پێشكەوتووخوازیی و هاندانی كۆمەڵگا بۆ گۆڕانكاریی بینیوە، بەڵام چونكە هیچ ئەزموونێكی دەوڵەتداریی و ئیدارەدانی ململانێ و ناكۆكییەكان نەبووە، بۆیە نەیانتوانیوە سەركێشیی كۆمەڵگا بكەن. بەم پێودانگە، سەرەڕای ڕۆڵی بەرچاوی ڕووناكبیران لە داڕشتنی بناغە و دواتر هەڵگیرساندنی شۆڕشی مەشرووتەش، بەڵام لەبەر ئەو هۆیانەی باسمان كردن، هەر زوو بەڕەیان لەژێر پێیەكانیان دەرهێنرا!


PM:03:48:17/07/2020

ئه‌م بابه‌ته 3148 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی