میدیای کوردی لە پەراوێزی بەرپرسیارێتیی و پیشەیبووندا!

‌نووری بێخاڵی

میدیای کوردی لە پەراوێزی بەرپرسیارێتیی و پیشەیبووندا!
(تەلەفزیۆن وەک نموونە)

بۆ ئەوەی ڕێژە و قەبارەی سوود، یان زیانی میدیا بە گشتی و (تەلەفزیۆن بە تایبەتی) لەناو کۆمەڵگای کوردستان بزانین، پێویستمان بەوەیە سەرەتا لەوە تێ بگەین، ئاخۆ کۆمەڵگاکە خۆی چۆن لە بایەخی میدیا و بەرپرسیارێتیی کاری میدیایی تێ دەگات؟ هەروەها چۆن مامەڵە لەگەڵ بەرهەم و پێدراوە میدیاییەکاندا دەکات؟

ڕاستییەکەی تێگەیشتن لە بایەخی میدیا و بەرپرسیارێتی و چییەتیی کاری میدیایی، نەک تەنیا بۆ کاراکتەر و بەرپرسەکانی میدیا خۆیان، بەڵکوو بۆ وەرگر خۆیشی، لە پێش هەموو شتێکەوە دێت و لایەنێکی زیندووی کارەکانە. بەوپێیەی ئەو تێگەیشتنە یەکێک لە پێوەرە بنەڕەتی و بنەما سەرەکییەکانە، کە بە هۆیەوە دەتوانین ڕێژە و قەبارەی سوود و زیانەکانی میدیا لەناو کۆمەڵگایەکدا دیاری بکەین. ئینجا لە پەیوەست بە میدیای نوێ و شۆسیال میدیا، کە دواجار هاووڵاتیێکی ئاساییش هەنووکە بە جۆرێک لە جۆرەکان دەتوانێ، یان دەیەوێ ڕۆڵی میدیاکار ببینێ. ئەم تێگەیشتنە لە چییەتی میدیا و ڕەنگدانەوە و کاریگەرییەکانی، زۆر هەستیار ترە.

تێگەیشتن لە میدیا و کاری میدیایی و سیاسەتی بەڕێوەبردنی، میتۆد و ڕێبازێکی گرنگی سەدەی بیست و یەکەمە لە پەیوەست بە پرۆسەی فێرکردن. بەوپێیەی میدیا پرد، ڕاڕەو، ڕێگایەکە و بە هۆیەوە وەرگر دەتوانێ دەستی بە زۆرترین داتا و زانیاریی  بگات، ئەمەش لەو ڕوانگەیەی کە میدیا (خزمەتگوزاریی زانیاری) پێشکەشی کۆمەلگا دەکات.

گەشەپێدانی توانای تێگەیشتنیش لە میدیا، تەنیا بریتی نییە لە زیادکردنی زانیاری و مەعریفە و کۆمەڵێک شارەزایی بۆ بەکاربەرەکانی، بەڵکوو لە بنەڕەتدا تێگەیشتن لە میدیا، بریتییە لە بە ئامانج گرتنی شەقام و کایەی سیاسی. کەواتە بە ڕاددەی پێویستیی میدیاکار و بەرپرسی دەزگای میدیایی بۆ تێگەیشتن لە میدیا و ڕەهەندەکانی. ئەو تێگەیشتنە بۆ وەرگرەکانیش بە شێوەیەکی گشتی، زۆر پێویستە. 

ئاشنایی و شارەزابوون بە میدیا و تێگەیشتن لە ئەرک و بەرپرسیارێتی و سیاسەتی بەڕێوەبردنی میدیا، بۆ وەرگری ئاسایی گرنگە، چونکە ڕاستەوخۆ تێگەیشتنێکی دروستی لە بارەی ڕۆڵی هەر دامەزراوەیەکی میدیایی لە کۆمەڵگادا لە لا دروست دەکات، بەمەش لە فێڵەکانی میدیا دەگات. بەو واتایەی، ئاشنایی و شارەزابوون بە میدیا و تێگەیشتن لە ئەرک و بەرپرسیارێتی و سیاسەتی بەڕێوەبردنی میدیا، بۆ ئەوەیە تا وەرگر ڕوانگەی خۆی بۆ بایەخی میدیا و سروشت و جۆری مامەڵەی لەگەڵ ئەم ئامرازەدا بگۆڕێت. 

بە کورتی، تێگەیشتن لە میدیا بریتییە لە درککرنی هێز و کاریگەرییەکەی، هاوکات درککردن بە چۆنیەتی بەکارهێنانی ڕووداو و وێنە میدیاییە خێرا گۆڕاوەکان (بەتایبەت تەلەفزیۆن)، هەروەها درککردن و پەیبردن بە پاشخانی پەیامی میدیایی و ئەو چوارچێوەیەی لە میانیدا وێنە و پەیامەکەی ئاراستە دەکات.

ئەم تێگەیشتنەش کە پەیوەندی بە پێشخستنی توانای بیرکردنەوەی ڕەخنەیی و هۆشیاریی هەیە، بە ڕۆڵی خۆی فرەیی لە میدیادا پتەوتر دەکات، هەروەها میدیا دەخاتە هەڵوێستی ئالنگاری و ڕکابەری، لەپێناو بەرزکردنەوەی ئاستی پیشەییبوون و باشترکردنی کوالێتیی ڕووخسار و ناوەڕۆک، هاوکات وەرگرێکی هۆشیاریش بەرهەم دێنێ، کە بە ئاسانی لە دیمەنی میدیایی بگات.

ئەو بەهرە و توانا و شارەزاییانەی لە میانی تێگەیشتن لە میدیا و کار و پەیامی میدیاییدا بەرهەم دێن و لە واقیعدا ڕەگاژۆ دەبن، هەمەجۆرن، لەوانە (تێگەیشتن لە هۆیەکانی ڕاگەیاندنی بەردەست و چۆنیەتی دەست پێگەیشتنیان و چۆنیەتی بەکارهێنانی میدیا و وەبەرهێنانەوەی زانیارییەکان.. تواناشکان بەسەر ناسین، یان دەستنیشانکردنی ئەو کەسەی پەیامە میدیاییەکان دادەڕێژێ، لەگەڵ زانینی نیاز و مەبەستەکانی و درککردن بە بەرژەوەندییە سیاسی و ئایدیۆلۆژی و ئابووری و بازرگانییەکانی پشتی پەیامی میدیایی.. ئاگایی بە کاریگەریی قۆرخکاریی لەسەر بێلایەنی میدیا و تێگەیشتن لە کاریگەریی بێ چەندوچوونی بەها و پرەنسیپەکانی بەرهەمهێنەرانی میدیا و ڕوانگە و تێڕوانینەکانیان.. تێگەیشتن لە ئامراز و تەکنیکەکانی قەناعەت پێکردن و ڕۆڵی ڕۆشنبیری و پاشخانی مەعریفی لە داڕشتن و ئاراستەکردنی پەیامی میدیایی.. هەستکردن بە جیاوازییەکانی نێوان دەق و چوارچێوە و نەگوتراوەکانی پشتی دەق و وێنە میدیایی و گۆشە و گرتە و دیمەنە نادیارەکانی، بەو پێیەی هەمیشە چیرۆکێکی گەورەتر، وێنەیەکی گشتگیرتر لەوەی دەگێڕدرێتەوە و نمایش دەکرێ هەیە، کە وەرگر نایبیستێ و نایبینێ تێگەیشتن لە چۆنیەتی کاریگەریی میدیا لە بیروبۆچوون و هەڵوێستەکانمان و هەستکردن بە لایەنگیری و زانیارییە هەڵە، یان  ڕووکەشییەکان.. گەشەپێدانی توانای پێویست بۆ داڕشتنی پەیامی میدیایی تایبەت و تێگەیشتن لە توانای ڕۆژنامەوانیی تاکەکەسەکان، وەک گرووپێکی دیکەی جیاوازی زانیاری بەخش و ئەو ڕۆڵەی لە دیمەنی میدیایی ئێستادا دەیبینێت.. تێگەیشتن لەوەی کە یادەوەریی گشتی چۆن ئیش دەکات و ڕاستەوخۆ، یان چەند مانگێک دوای وەرگرتنی پەیامە میدیاییەکە، چیان بیر دەکەوێتەوە و سۆز چ ڕۆڵێک لە شیکردنەوەی پەیامە میدیاییەکە و وەبیرهاتنەوەیدا دەگێڕێ.. درککردن بەوەی کە چۆن دەتوانرێت کاردانەوە هەستیی و نەستییەکان کۆنتڕۆڵ بکرێن.. تێگەیشتن لە کاریگەریی چوارچێوە یاسایی و دەستوورییەکان لەسەر پەیامی میدیایی و کاریگەریی خودسانسۆری - دەسەڵاتی ترس - لەناو پەیامی میدیاییدا و…….) و ئەمانە و زۆر لایەنی دیکە.

لەبەر ڕۆشنایی ئەم پێدراوانەی سەرەوە، بەتایبەتیش کە جگە لە دامەزراوە میدیاییەکان، ئامرازەکانی میدیای نوێ (سۆشیال میدیا)، ئەمڕۆ لە دەستی گەورە و بچووکی کۆمەڵگادان. ئەگەر نەتوانین بڵێین تەواوی کایەی میدیایی و وەرگر و بەکاربەرەکانی ئێمە بەم پێدراوانە ئاشنا نین، بەڵام دەتوانین ئەو مافە بە خۆمان بدەین و بڵێین، زۆرینەی هەرە زۆری دامەزراوەی میدیایی و کاراکتەرەکانی و بەتایبەتیش وەرگری کوردستان، کەمترین ئاشنایەتیان بەم پێدراوانەی سەرەوە هەیە. بۆیەشە دەبینین کە لە بری سوود گەیاندن بە کۆمەڵگا لە ئاستە سیاسی و کۆمەڵایەتی و کولتووری و فەرهەنگی و تەنانەت ئابوورییەکەیشی، میدیای کوردی (بەتایبەتی تەلەفزیۆنەکان، کە هەر یەکەیان و بە شێوازێک، لە ڕێگای وروژاندن، کارکردن لەسەر تەلی ژێی هەست و سۆزی ئایینی و کۆمەڵایەتی، هەروەها لە ڕووپۆشکردنی هەواڵی فەیک بە ئاڵوواڵای جیاوازی وێنە و وشە، خەریکی کوێرکردنی هۆشیاریی خەڵک و گەوجاندنی کۆمەڵگان)، زیانێکی زۆریان لە کۆمەڵگای کوردی و کوردستانی داوە. بەتایبەتی لە دروستکردنی نیگەرانی و ترس و تۆقین (دۆخی ئێستا کۆڕۆنا وەک نموونە)، هەروەها لە زەمینەسازیی بۆ بێ متمانەیی کۆمەڵایەتی و سیاسی و لە ڕێگایەوە تێکدانی شیرازەی پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکان و درز خستنە سەقامگیریی سیاسیی،  بەتایبەتی کە کۆمەڵگاکەمان لەناو قەیران و ناکۆکیێکی سیاسی و لە هەندێ شوێنکاتیشدا لەناو قەیرانێکی کۆمەڵایەتی کوشندەدا دەژیێت.

میدیا و بەڕێوەبەر و کاراکتەرەکانی (لە نێویاندا تەلەفزیۆنەکان)، چونکە کەمترین ئاگایی و هۆشیارییان بەو پێدراوانەی باسمان کردن، هەیە، یان شارەزاییەکی تەواویان هەیە، بەڵام بۆ خراپ سوودوەرگرتن و قۆستنەوەی دۆخەکە بەکاری دەهێنن. بەجۆرێک، لە بری ئەوەی لە قووڵکردنەوەی سەقامگیریی سیاسی، ئاشتەوایی کۆمەڵایەتی، ئارامیی دەروونیی تاک، گەشەپێدانی هۆشیاریی سیاسی و کۆمەڵایەتی، بەرزکردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیری و مەعریفی و کولتووری، هەروەها لە بری کاڵکردنەوەی ململانی و ناکۆکییەکان، ئەو شارەزایی و توانا مرۆییەیان بەکار بهێنن. بەپێچەوانەوە، لەپێناو وروژاندنی پووچ، هەروەها بە هۆی هەست نەکردن بە بەرپرسیارێتی میدیایی و خۆدزینەوەی لە ئەرکی مۆڕاڵی و پیشەییان، بوونەتە سەرچاوەی بەردەوامیی پشێویی سیاسی، تێکچوونی شیرازەی پەیوەندیی کۆمەڵایەتی، شڵەژاندنی باری دەروونیی تاک، دواخستنی کۆمەڵگا لە ڕەوتی پێشکەوتنی ڕۆشنبیری و کولتووری و فەرهەنگی. 

بەهەرحاڵ، وەک ڕۆژنامەنووسێک، کە زیاتر لە ٢٥ ساڵ لەو کایەیەدا کارم کردووە و بەشێکی زۆریشی لەناو کاری تەلەفزیۆنیدا بووە دەتوانم بڵێم (دیارە ڕوانگە و دیدگا و خوێندنەوە و حوکمدانەکە ڕێژەییە، نەک ڕەها)، تەلەفزیۆنەکانی ئێمە، ئەوەندەی زیانیان بە کۆمەڵگای کوردی و کوردستان گەیاندووە، چارەگی ئەوە سوودیان بۆ ئەو کۆمەڵگایە نەبووە. ڕاستتر بڵێین، نەک بە ئاراستەی قازانج و سوودگەیاندن بە ئێستا و ئاییندەی کۆمەڵگا بەکار نەهێنراون و ناهێنرێن، بگرە بوونەتە هۆکاری کوێرکردنی هۆشیاریی تاک، سەرچاوەی نیگەرانیی و دڵەڕاوکێ و ترس و فۆبیا، تێکدانی شیرازە سیاسی و کۆمەڵایەتیی کۆمەڵگا. تەنانەت ململانێ و پێشبڕکێی نێوان خودی تەلەفزیۆنەکان، هێندەی لەسەر ئەوەیە کێ زیاتر کۆمەڵگا گێژ بکات، چارەگی ئەوە لەسەر ئەو بنەمایە نەبووە و نییە، کە دەستی تاک و کۆمەڵگا بگرن و لەو چاڵی جەهل و هەڵچوون و کەفوکوڵە دەریان بهێنن.

بە کوردی و بە کورتی، تا ئاستێکی زۆر، تەلەفزیۆنی کوردی وەرگری هۆشیار و ئاگای ناوێ، بەڵکوو کار بۆ ئەوە دەکات وەرگرەکانی بە بەردەوامی لە دۆخی هەڵچوون و جۆش و خرۆش و کەفوکوڵی هەرزەییانەدا بن، بۆئەوەی پەرە بە بازرگانیی خۆی و دروستکردنی شێرەبەفرینەی شاشەکان بدات!


PM:02:24:19/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 3520 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی