سێ خاڵی ڕوون لە پەیامەكەی سەرۆكی هەرێمدا

‌جەواد قادر

سەرۆکوەزیرانێکی بێدەستەڵات لە بەغدا ناتوانێت تا سەر گرەو لەسەر پاڵپشتیی کورد بکات، تەنانەت ئەگەر نیازپاکیش بێت. قووڵکردنەوەی ناکۆکیی لایەنە سیاسییەکانی کوردستان، گورزی گەورەی لە پێگە و هێزی سیاسیی تێکڕای هەرێم وەشاندووە و بەردەوامبوونی دەتوانێت کۆمەڵگا بەرەوە هەڵدێرێکی ترسناک ببات. هێزە سیاسییەکانی کوردستان دەبێ بە زووترین کات شەڕی میدیایی ڕابگرن و ڕێک بکەون.

ئەمە کڕۆکی پەیامەکەی سەرۆک نێچیرڤان بارزانی بوو کە بە بۆنەی سەری ساڵەوە ڕایگەیاند. لە ڕاستیدا، پەیامێکی وەها ڕاشکاو لە هەموو بارێکدا پێویست بوو، بەڵام نزیکبوونەوەی وادەی هەڵبژاردن و ئەگەری بەردەوامبوونی پێکدادانی چڕی میدیایی لە نێوان حیزبەکانی کوردستان، پێدەچێت هاندەرێکی سەرەکی بووبێت بۆ ڕاشکاوتربوونی پەیامەکە.

هەڵبژاردنەکانی مانگی شەش بۆ پەرلەمانی عێراقە و پێگەی هەرێم لەو وڵاتەدا تەنگژاوییەدا دەردەخات. بۆیە زۆر گرینگە لایەنە سیاسییەکانی کوردستان ڕووی هەڵمەتی هەڵبژاردن لە بەغدا و هێزە سیاسییەکانی بەغدا بکەن، نەک هەوڵی زیاتر شکاندنی یەکتری بدەن.

شەڕی ئاستنزمی سۆشیال میدیا و لێشاوی تۆمەتبارکردن و تەخوینکردن، کە سەرجەم لایەنە سیاسییەکانی کوردستانی تێوە گلاوە، دەبێ بە تەواوی ڕابگیرێت. ئەم شەڕە میدیاییە بە شێوەیەکی سامناک خەریکە دەبێتە ناسنامەی سیاسەت لە کوردستان و بووەتە هۆی شکاندنی ئیرادەی هێزە نیشتمانییەکان و دڵەڕاوکێ لای هاووڵاتی. ئەمە لە کاتێکدایە کە دوای پەتای کۆرۆنا، سەرجەم وزەی کوردستان دەبێ بۆ سەرلەنوێ هەستانەوە و دەرچوون بێت لەو قەیرانە زۆرانەی هەموو دنیا لە ساڵی رابردوودا تووشی بووە.

هاوکات، نێچیرڤان بارزانی سەرلەنوێ پاڵپشتیی تەواوی سەرۆکایەتیی هەرێمی بۆ نزیکبوونەوەی لایەنە سیاسییەکان دووپات کردەوە و هانی دان لەسەر کێشە ناوخۆییەکان بگەنە ڕێککەوتن. ئەم ڕێککەوتنە نەک هەر لە بەرژەوەندیی خەڵکی کوردستاندا دەبێت، بەڵکوو پێگەی حیزبەکانیش لە هەرێم و بەغدا بەهێزتر دەکات و نەبوونی ڕێککەوتن بنپێی هەم حیزب و هەم خەڵک لەقتر دەکات.

دوای دەستبەکاربوونی مستەفا کازمی وەک سەرۆکوەزیرانی عێراق لە ئایاری ڕابردوودا، ئەمە جاری یەکەمە کە سەرۆکی هەرێم بە ڕاستەوخۆ  ڕووی ڕەخنە لە سەرۆکی حکوومەتی فیدڕاڵ دەکات. سەرۆکی هەرێم لە ساڵی ڕابردوودا بێدابڕان پاڵپشتیی تەواوی خۆی بۆ سیاسەتەکانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە کردەوە نیشان داوە. بنەمای ئەو هاوکاری و پاڵپشتییە، ڕێککەوتنی نێوان حکوومەتی فیدڕاڵ و هەرێمی کوردستانە کە تێیدا سەرۆکوەزیرانی عێراق بەڵێنی جێبەجێکردنی دەستوور و دابینکردنی شایستە دارایییەکانی خەڵکی کوردستانی داوە.

تەنانەت لە مانگی یازدەیشدا، کاتێک پەرلەمانی عێراق مووچەی فەرمانبەرانی کوردستانی بڕی، سەرۆکی هەرێم ڕووی ڕەخنەی کردە لایەنە سیاسییەکانی ناو پەرلەمان و سەرۆکوەزیرانی عێراقی بە بەرپرسیار نەزانی. بەڵام یاسای پڕکردنەوەی بوودجە، کە دژی هەرێم بوو، نەک هەر لە پەرلەمان تێپەڕێندرا، بەڵکوو حکوومەتی عێراق وا خەریکە جێبەجێیشی دەکات، کە بێگومان ئەمە ڕاستەوخۆ ناکۆکە لەگەڵ ئەو بەڵێنانەی کە سەرۆکوەزیرانی عێراق پێشتر دابووی. لە پەیامەکەدا هەڵوێستی سەرۆکی هەرێم لەوبارەیەوە ڕوونە.  

لێرەدا نیازپاکیی سەرۆکوەزیرانی عێراق نییە کە دەکەوێتە بەر مەحەک. بە دڵنیاییەوە بەشێک لە هۆکارەکە بۆ ئەو گوشارە کەمەرشکێنانە دەگەڕێتەوە کە خودی لایەنە شیعەکان خستوویانەتە سەر کازمی بۆ تەنگەتاوکردنی هەرێمی کوردستان. بەڵام لە ڕوانگای هەرێمی کوردستانەوە، حکوومەتێکی لاواز، کە نەتوانێت لەسەر مافە دەستوورییەکانی خەڵکی کوردستان هەڵوێست وەربگرێت، نایشتوانێت تاسەر حیساب لەسەر پاڵپشتیی هەرێمی کوردستان بکات.

لەگەڵ ئەوەیشدا، هێشتا کات زۆر لەبەردەستی حکوومەتی فیدڕاڵە بۆ جێبەجێکردنی ئەو بەڵێنانەی کە پشتگیریی کوردستانیان لێ کەوتەوە. هەر لە سەرەتاوە، پشتگیریی هەرێمی کوردستان بۆ حکوومەتی فیدراڵ، بۆ گەڕاندنەوەی سەقامگیریی یەکجارەکی بووە بۆ هەموو عێراق، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

سەرۆکی هەرێم لە ماوەی ڕابردوودا بە بەردەوامی جەختی لەوە کردووەتەوە کە سەرکەوتنی دیالۆگی ستراتیژیی نێوان ئەمەریکا و عێراق لەسەر پرسی سەروەری و سەقامگیربوونی یەکجارەکی وڵاتەکە بەندە بە چارەسەرکردنی ڕیشەیی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر. بە واتایەکی تر، بەبێ جێبەجێکردنی دەستووری عێراق و بەبێ چارەکردنی ئاڵۆزییەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان، نە پرسی سەروەری لە عێراق سەر دەگرێت، نە وڵاتەکە لەو تەنگژە ماڵوێرانکەرانە دەردەچێت، بە هەرێمی کوردستانیشەوە.

لە پەیامەکەیدا، سەرۆک نێچیرڤان بارزانی دیسان دەرگا بە کراوەیی دەهێڵیتەوە بۆ بەردەوامبوون لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای ڕێککەوتنەکانی پارساڵ کە لە بەرژەوەندیی هاوبەش و نیشتمانیی هەردوولادایە.

سەرۆکی هەرێم، هاوکات، جەخت لە بەردەوامیی هاوکاری و هاپشتی لەگەڵ هاوپەیمانان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکاتەوە کە لە ماوەی ڕابردوودا ڕاستەوخۆ و بە شێوازی جیاواز پاڵپشتیی خۆیان بۆ هەرێمی کوردستان دەربڕیوە. لێرەدا بە تایبەت ڕۆڵی نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق شایانی باسە، کە لە مانگی ڕابردوودا بە ڕاشکاوانە سەرکۆنەی یاسای پڕکردنەوەی بوودجەی کرد و بە سزادانی خەڵکی کوردستانی لە قەڵەمی دا.


AM:11:27:03/01/2021

ئه‌م بابه‌ته 1368 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی