رێککەوتنی شنگال هەنگاوی یەکەمە

‌جەواد قادر

لە هەفتەی ڕابردوودا بەغدا و هەولێر لەسەر ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال گەیشتنە ڕێککەوتنێک، کە دوای ڕزگارکردنی شارەکە لە داعش لە ٢٠١٥، ڕەنگە گرینگترین ڕووداوی سیاسیی پاش ڕووخانی سەددام بێت لەم ناوچەیەدا، کە هاوکات گۆڕانکاریی سەربازیی چارەنووسساز لە دوای خۆیدا دەسەپێنێت.
 
گرینگترین بڕگەی ڕێککەوتنەکە یەکلاکردنەوەی چۆنیەتیی پاراستنی ئاساییشی شنگالە کە ڕەهەندی سیاسی و کۆمەڵایەتیی بۆ دانیشتووانی شارەکە و ناوچەکە دەبێت. بە پێی ڕێککەوتنەکە دەزگا سەربازی و ئەمنییەکانی حکوومەتی فیدراڵ بە ڕاوێژ و هاوبەشی لەگەڵ هەرێمی کوردستان و لە ڕێگەی دانیشتووانی شنگالەوە، ئاساییشی شارەکە و ناوچەکەیش دەگرنە ئەستۆ.

ئەمە ڕاستەوخۆ و خێرا کۆتایی بە بنکە سەربازییەکانی، بە تایبەت، پارتیی کرێکارانی کوردستان و حەشدی شەعبی و هێزەکانی تر دەهێنێت کە لە دوای ٢٠١٥ وە لەو ناوچەیەدا ئامادە بوون و هاوکات ڕێگە بۆ دانیشتووانی شارەکە هەموار دەکات تا سەربەستانەتر بڕیار لە چارەنووسی خۆیان بدەن.
 
شنگال بەشێکی گرینگی ناوچە کێشە لەسەرەکانە و بێ گومان تەنیا گشتپرسییە کە دواجار دەتوانێت گرێکوێرەی ئەم ناوچەیە و سەرجەم ناوچە هاوشێوەکان بکاتەوە. ڕێککەوتنەکە زەمینە بۆ گشتپرسییەکی وەها لە داهاتوودا زۆر ئاسانتر دەکاتەوە.
 
سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی لە دانوستانەکانیدا لەگەڵ کاربەدەستانی حکوومەتی فیدراڵ لەسەر پرسی شنگال و هاونیشتمانیانی ئێزیدی، بە بەردەوامی باسی لە گەڕاندنەوەی سەربەستی بۆ دانیشتووانی ڕەسەنی ئەم ناوچەیە کردووە. ڕێککەوتنەکە ڕەنگدانەوەی ڕاستەوخۆی دانوستانە دوورودرێژەکانی سەرۆکی هەرێم و حکوومەتی فیدراڵە نەک هەر لەمەڕ پرسی هاووڵاتیانی ئێزیدی، بەڵکوو سەرجەم گەلانی ئەو ناوچە کێشە لەسەرانە.
 
ڕێکاری سیاسیی سەرۆکایەتیی هەرێم بۆ ئەم پرسە زۆر ڕاشکاو و ڕوونە: ئامادەیی حکوومەتی فیدراڵ لەو ناوچانەدا کاتێک ڕەوایەت وەردەگرێت کە بە پێی دەستوور ددان بە ناسنامەی نەتەوەیی و شەرعیەتی مێژوویی گەلانی ئەم ناوچانەدا بنێت و ڕێگە بۆ بڕیاردان لەسەر چارەنووسیان بە پێی دەستوور هەموار بکات.
 
بە واتایەکی تر، حکوومەتی فیدراڵ خۆی دەبێت ڕەنگدانەوەی ئیرادەی گەلانی ئەم ناوچە و سەرجەم ناوچەکانی تر بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت ڕەوایەتی هەبیت. ئەو هاوبەشییەی حکوومەتی فیدراڵ لەگەڵ هەرێمی کوردستان کە سەربەستیی هاونیشتمانیانی ئێزیدی تێدا بەرجەستە دەبێتەوە، هەنگاوێکی زۆر گەورەی حکوومەتی فیدراڵە بەو ئاراستەیەدا. هەر بۆیەیشە سەرۆکی هەرێم زۆر بەهێزەوە پاڵپشتی بۆ ڕێککەوتنەکە دەربڕی و داوای پابەندبوونی سەرجەم لایەنەکانی کرد.


AM:11:19:12/10/2020

ئه‌م بابه‌ته 1832 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی