ساڵێک دوای دەستبەکاربوونی نێچیرڤان بارزانی

‌جەواد قادر

ساڵێک بەر لە ئێستا، نێچیرڤان بارزانی بە پەیامێکی ڕوونەوە سەرۆکایەتیی هەرێمی لە ئەستۆ گرت. ئەو پەیامە کە دواتر بەرنامەی سیاسیی سەرۆکایەتیی هەرێمی لێ پێک هات، چوارچێوەی بۆ یەکەم وتاری نێچیرڤان بارزانی دوای سوێندخواردنی دیاری کرد. سەرۆکی هەرێم لەو وتارەدا لەبەردەم ئەوانەی کە شاهیدی سوێندخواردنی بوون، بە بەڵێنەوە گوتی:

”سەرۆکایەتیی هەرێم چەتری یەکڕیزی و کۆکەرەوەی سەرجەم هێز ولایەنە سیاسییەکانی کوردستان و پێکهاتە ئیتنی و ئایینییەکان دەبێت، بە جیاوازیی بیرو بۆچوونەکانیانەوە، لە پێناو ژیانێکی ئاشتییانە و ئارامیی گەلی کوردستاندا. هەرێمی کوردستان مڵکی هەموو کوردستانیانە بە هەموو جیاوازییەکانیانەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمیش سەکۆی ئیرادە و خواست و مافەکانیان دەبێت بەبێ هیچ جیاکارییەک.”

ڕەنگە ساڵێک کەم بێت وەک هەوێنی هەڵسەنگاندن بۆ بەرهەم و ئەدای سەرکردەیەکی سیاسی، بەڵام هێشتا دەتوانێ ببێتە پێوانە بۆ ئاسۆ و پانتایی دونیابینیی ئەو. هەرێمی کوردستان و سەرۆکایەتیی هەرێم لەم یەک ساڵەدا بە زیاد لە قۆناغێکدا تێپەڕ بوون. بەڵام لە ڕاست کۆی ئەو ڕووداوانەی کە لەم ساڵەدا ڕۆژەڤی سیاسییان بۆ تاک و کۆمەڵی کوردی دیاری کرد، هەڵوێستی نێچیرڤان بارزانی لێنەبڕاوانە ڕەنگدانەوەی ناوەرۆکی یەکەم وتاری بوو کە وەک سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێشکەشی کرد.

هەرلە یەکەم وتاریدا و وەک بەڵگە بۆ دەستبەجێ پیادەکردنی ناوەرۆکی پەیامەکەی، نێچیرڤان بارزانی دەستی لاواندنەوەی بۆ لایەنە سیاسییەکان درێژ کرد و داوای کاری هاوبەشی لێ کردن. دیسانیش پەیام ڕوون بوو:

”سوپاس کە ئێوە وەک نوێنەرانی گەل دەنگتان دا بە هەڵبژاردنم وەک سەرۆکی هەرێم بۆ چوار ساڵی داهاتوو. سوپاس بۆ هەمووتان. سوپاس بۆ ئەوانەی دەنگیان دا، ئەوانەی دەنگیان نەدا و ئەوانەی رۆژی دەنگدان نەچوونە پەرلەمان. سوپاسی هەر هەمووتان دەکەم. هەریەک لە ئێوە بە خواستی خۆی و نوێنەرایەتیی دەنگدەر لەسەر ڕاسپاردەی ئەو حیزبە کە نوێنەرایەتیی دەکەن لە پەرلەمان، ماف و ئەرکی دیموکراسیی خۆتان پیادە کرد.”

لەم یەک ساڵەدا، سەرۆکی هەرێم لە کردەوەدا وەفاداری ئەو پەیامەی خۆی مایەوە کە لە ڕاستیدا پێشتریش هەوێنی دونیابینیی سیاسیی نێچیرڤان بارزانی پێک دەهێنا. سەرەڕای باری ناجێگیری سیاسی و ئابووری، سەرۆکایەتیی هەرێم لەم ماوەیەدا بە بەردەوامی هەوڵی بۆ بەشداریی ڕاستەقینەی سەرجەم هێز و لایەنە سیاسی و نیشتمانییەکانی کوردستانی دا و، بوو بە سەکۆیەک کە لێیەوە دەنگی هەمووان وەک یەک ببیسترێت و هەست بە کاریگەریی خۆیان لە ئیدارەدانی وڵاتدا بکەن. سەرۆکی هەرێم بەردەوام پابەندی ئەم پرەنسیپە بووە.

هەڵوێستی سیاسیی نێچیرڤان بارزانی لە ڕابردوویشدا ڕوون بووە، بەڵام سەرۆکایەتیی هەرێم تیشکێکی زیاتری خستە سەر شێوازی سیاسەتکردنی ئەو. لە بنەڕەتدا، نێچیرڤان بارزانی باوەڕی وایە کە هیچ هیز و لایەنێک ئەستەمە بتوانێت بە تەنیا هەرێمی کوردستان بە ڕێوە ببات و تاکڕۆیی درەنگ یان زوو بە بنبەست دەگات. ئەمە واقیعی کوردستان و هەر وڵاتێکە کە بەرەو کرانەوە و پێشکەوتن دەڕوات. ئەو پێی وایە کە لە باشترین حاڵەتدا، سەرکردەی سیاسی بە وەرگرتنی یارمەتی لە سەرجەم هێزەکانی ناو کوردستان و بە سەرکردایەتیی سەرجەم دەنگە یار و نەیارەکان و ڕێگەپێدانی ڕاستەقینەیانە کە دەتوانێت وڵات بە ڕێوە ببات.

هەر بۆیەشە سەرۆکی هەرێم وەک هاوبەشی فەرمانڕەوایی باس لە پارتیی دیموکراتی کوردستان، یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و بزووتنەوەی گۆڕان دەکات، ئەگەرچی بە باشی ئاگاداری ئەو ڕاستییەیە کە ئەم سێ هێزە مێژووی جیاواز، دونیابینیی جیاواز، پێکهاتەی سیاسیی جیاواز و دەنگدەری سیاسیی جیاوازیان هەیە، بەڵام ئامانج و ئاسۆی هاوبەش کۆیان دەکاتەوە. تێڕوانینی سەرۆکی هەرێم بۆ یەکگرتوو و کۆمەڵ و سەرجەم هێز و پێکهاتە نەتەوەیی و ئایینییەکانی تریش هاوشێوەیە. بە واتایەکی تر، ئەو پێی وایە ئەگەر هەر کام لەو هێزانە تەنانەت بەرەی ئۆپۆزسیۆنیش هەڵبژێرن، دەنگ و ئیرادەیان دەبێ لە فەرمانڕەواییدا ڕەنگ بداتەوە. ئەوە کڕۆکی بیروباوەڕی نێچیرڤان بارزانییە کە ڕەنگە لە کەم کەس شاراوە بێت:

”ده‌زانم ململانێ و جياوازى هه‌ر ده‌مێنن، ئه‌مه‌ شتێكى ئاسايييه‌، به‌ڵام داوا ده‌كه‌م‌ با بیركردنه‌وه‌مان ناكۆك، ناته‌با و ناساز نه‌بێت. له‌بری بيركردنه‌وه‌ له‌ چۆنيه‌تيی بنكۆڵكردنی پێگه‌ی یه‌كتر، با بیر و هه‌ڵسوكه‌وت و كردارمان پێكه‌وه‌ و بنياتنه‌رانه‌ بێت بۆ گه‌ڕان به‌ دوای چاره‌سه‌ری هاوبه‌ش و ئاینده‌ی هاوبه‌شدا.”

لەوە زیاتر، ئەو پێی وایە تا ئەو ڕۆژەی هاووڵاتییەک لە کوردستاندا مابێت کە زەمینەی ژیان و کاری بۆ دەستەبەر نەکرابێت، کێشەکانی وڵات و فەرمانڕەوایی هەر دەمێننەوە تا ئەو کاتەی دەرفەتی ژیانێکی سەربەرزانە بۆ هەموو هاووڵاتییەک دەڕەخسێت.  

باوەڕی سیاسیی نێچیرڤان بارزانی لە ساڵە دژوارەکانی دوای ڕاپەڕینەوە پوختتر بوو کاتێک ڕاستەوخۆ ئاکامی لێکترازانی سیاسیی لە کوردستاندا بینی کە لێکەوتەکانی نەک هەر تەنیا ئەو ساڵانەیان دژوارتر کرد، بەڵکوو خودی هێزە نیشتیمانییەکانی بەرەو چەقبەستوویی برد. هاوکات گەشەی بێوێنەی کوردستانی دوای ئازادیی عێراقیشی لە بیردا مایەوە کە ڕاستەوخۆ بەرهەمی کاری پێکەوەییی هێزە سیاسییەکان لەگەڵ حکوومەتی هەرێم و بە تایبەت سەرۆک مەسعوود بارزانی و سەرۆک مام جەلال بوو. هەر بۆیەشە کە لە سەردەمی کۆرۆنادا ساردوسڕیی سیاسی دروست دەبێت، دەڵێت:

”لە ڕابردوودا هاوکاری و هەماهەنگیی سەرۆک مام جەلال کە ئەمڕۆ بە ڕێزەوە یادی دەکەینەوە، لەگەڵ سەرۆک مەسعوود بارزانی، سەلمێنەری ئەو ڕاستییەن… کە کاری هاوبەش و یەکڕیزی تاکە ڕێگەی سەرکەوتن و بنەمای هەموو دەستکەوتەکانە.”

ئەو لە نزیکەوە دیرۆک، خەبات و بەرخودانی سەرۆکێکی مێژوویی وەک مەسعوود بارزانی دەبینێت کە هەم سەرچاوەی هێزە و هەم ڕەمزی ئیرادەی گەلێکە ڕووی لە سەربەستیدایە. هەر بۆیەشە دەڵێت: ”خەبات و تێکۆشان و سەرکردایەتیکردنی سەرۆک بارزانی ئیلهامبەخشی ئێمەیە بۆ هەنگاونانی دروست بەرەو ئاییندە.”

نێچیرڤان بارزانی حکوومەتی هەرێم بە مڵکی سەرجەم توێژەکانی ناو کوردستان و هێزە سیاسییەکان دەزانێت و ڕاستەوخۆ پاڵپشتیی ڕەهای خۆی بۆ سەرۆکی حکوومەت مەسروور بارزانی و کابینەکەی دووبارە دەکاتەو و دەڵێت ”سەرکەوتنی هەر کامێکمان، سەرکەوتنی هەموومانە.” سەرۆکی هەرێم بە تایبەت لە پرسی ڕێگری لە ئافەتێکی جیهانیی وەک پەتای کۆرۆنا، ڕۆڵی مەسروور بارزانی بە نموونەیی وەسف دەکات و داوای پابەندبوونی هەموو لایەک بە ڕینوماییەکان دەکات.  

پێشبینی بۆ داهاتوو لە هیچ قۆناغێکی میژووی میللەتاندا ئاسان نەبووە. سەرباری ئەوەش، دنیا تا سەردەمی ئێمەش هەرگیز وەها لە گۆڕانی خێرا و هەمەلایەندا نەبووە. هەموو ئاماژەکانی بەردەستمان دەڵێن کە لە دواڕۆژی نزیک و دووری بەردەممان، گۆڕانی جەوهەری بەسەر بازاڕی کار، خوێندن و ژیانی ئاساییدا دێت. ئەم گۆڕانە کە ڕەهەندی جیهانی هەیە، دەتوانێت بەرگێکی تر بکاتە دەستەڵاتە نێودەوڵەتی، ناوچەیی و نەتەوییەکانەوە. لەم ناوەدا بەشی کوردستان ئەوە دەبێ کە بە باڵای دەبڕێت.

لە وەرچەرخانێکی وەهادا، هیچ هێزێکی سیاسی بە تەنیا ناتوانێت دەستکەوتی نیشتمانی زیاد و زیانی هاوبەش کەم بکاتەوە. سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان نیشانی داوە کە دەتوانێت بناغەیەکی قاییم بۆ کاری پێکەوەیی بینا بکات و کوردستان بۆ وەرچەرخانە پێشبینینەکراوەکان ئامادە بکات. ئەمە تەنیا پەیامێکی سیاسی نییە، بەڵکوو بەرپرسیارێتیی هەر هاووڵاتییەکە لە بەرامبەر بە نەوەکانی داهاتوو.


PM:01:58:08/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 2400 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی