هەولێر، لە چاوی یارو نەیاردا!

‌سەردەشت حەمەساڵح



بەهۆی پێشکەوتنەوە (هەولێر)، بۆتە ئامانج، ئەوە بۆ خەڵکی ژیرو تێگەیشتو، بۆ وڵاتە پێشکەوتوەکانیش یەقینەو راستییەکی بێ تەم و مژە.
گەورەبونی هەولێر، دڵی دژو دژمنانی تەنگ کردوە. بۆیە بە ئاشکرا تەنگەتاوی کردون و رقی رەشییان بەسەر عەقڵیاندا زاڵ بووە، زۆر هەوڵی چڕو پڕی ناوخۆیی و دەرەکییان دژی هەیە، بەردەوام پیلان دژی ئەو شارە مەزنە ئەبدەیتی ئەوان بوەو دەشبێ.. دەیانەوێ بەپەلاماردان رێگە لەو گەشەکردن و فراوان بونە بگرن کە هەم لە رویی شارو جوانییەوە هەم لە رویی دیبلۆماتی و ئابوری و پەیوەندییەوە رێبڕی خێراو سەردەمیانەی هەیە، بەڵام نەک ناتوانن رێگرو بەربەست بن، بگرە هەولێر گەورەو گەورەتر دەبێت.

پەلاماردانی ئەو گەورە شارە، فۆکەسی زیاتری جیهانی دەخاتەسەرو بایەخی زیاتری بۆ هەموو لایەک دەرکەوتوە. ئەوەتا وڵاتە زلهێزەکان نیگەرانی و هاوسۆزییان دەربڕیوە، هەرئەوەش نییە، بەڵکو زەبر لەو هێزەش دەدەن کە ئەو کردەوەیەی ئەنجامداوە، وا هەنوکە بۆ ئەو باسە هەماهەنگی هەرێمن و لە لێکۆڵینەوەدان؛ لەوانە ئەمریکاو بەریتانیاو ئەڵمانیاو فەرەنساو هتد....

لە چەند ساڵی رابردو هەتا ئێستا، ئەم شارە (هەولێر) تاکە شاری عێراقە بەرەو پێش رۆیشتوەو دەڕوات. هەولێر لە فەرهەنگی سیاسیەتدا پێناسەیەکی گرنگی وەرگرتوە، کە یەکێکە لەو شارانەی کە لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا جموجۆڵی سیاسەتی نێودەوڵەتی تێدایەو جێی کۆبونەوەو سەردانی زۆرێک لەسەرۆک و گەورە کەسایەتیەکانی جیهان و وەزیرانی وڵاتە گرنگ و گەورەکانە، هەروا زۆربەی وڵاتانی دنیا کونسوڵییان لەو شارەدا کردۆتەوە.
لە روی گەشتیاری و ئابوریشەوە هەولێر دیسان لە عێراقدا پێشڕەوە. گەشەی بینا سازی و رێگەوبان و بازرگانیش هەر یەکەمە.
لە زۆربەی دیوەکاندا هەولێر بێ رکابەرە، ئەمە پیاهەڵدان نییە بۆ پایتەختمان، بەڵکو ئامارو داتاکان ئەو قسانەمان پێ دەڵێت. 

هەموو ئەمانە وایکردوە هەولێر سەرباس و بەرچاوبێت، هەم بۆ دۆست و هەم بۆ نەیار. تەنانەت دژو دژمنیش ئەوە دەزانن، بۆیە خەویان زڕاوە. 
پەلاماردانەکان ناتوانن لە شکۆو بەرەوپێشچونی هەولێر بدەن، بەڵکو باڵای بەرزدەکەن و پشتیوانی جیهانی بۆ دەستەبەر دەکەن.
ئەگەر بە مێژوشدا بچینەوە هەولێر واتە نەبەزین، واتە سەرکەوتن. خەڵکی مەردی ئەو شارە، هەرگیز ملیان بە هیچ دژمنێک نەداوە، ئەدی ئێستاکانێ کو حساب لۆ شەمشەمەکوێران دەکەن.

سەردەشت حەمەساڵح


PM:02:41:18/02/2021

ئه‌م بابه‌ته 1740 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی