پەیامێک بۆ هەولێرییەکان

‌سەردەشت حەمەساڵح

سەرتان زۆر لەمنارە بەرزترو دڵتان زۆر لە قەڵا گەورەترە. خوشک و برایانم لەهەولێر، تکاتان لێدەکەم ئەو هەڵمەتە پوچ و نەشیاوە مەخەنە پاکێجی بیرکردنەوەتان، هەندێک دەیانەوێ سەبرو ئارامی ئێوە بشێوێنن. چەند ساڵە نەشتەری لە ژەهر هەڵکێشراو لە شکۆتان دەدەن و خۆیان لێکردون بە خاوەن بڕیارو دەمێ بە خەوتو لەقەڵەمتان دەدەن و دەمێ بە ترسنۆک!

راستییەکەی ئەوانەی ئەو قسانە دەکەن خزمەت بە برایەتی و کوردستان ناکەن، بەڵکو مەلەوانی گۆمی شڵەقاو و گرەوکەری تێکدانی دۆخی کوردستانن.

هەولێرییە سەربەرزەکان، بەفیتی هیچ کەس و لایەک دۆخی شارەکەتان مەشێوێنن، ئێمە گیرۆدەی ئەو دەردەین، چەندین ساڵە سترێس و نائومێدی بەو هۆیەوە بەرمان نادات. تەنانەت بە ئاشکرا رەنگدانەوەی کەوتۆتە ناو چین و توێژەکان و کاریگەری تەواوی لە کۆی کایەکاندا دەرکەوتوەو گەورەو بچوکی نەهێشتوە.

من پاڵپشتی هیچ دزو چەتەو مافیاو گەندەڵکارێک ناکەم، رقی خۆشم لەهەڵبژاردنەکاندا خاڵی دەکەمەوە، ئەم خۆپیشاندانانە تەنها زیانی هەبووە، دەنا بفەرمون با بەئامارو ژمارە قسە بکەین، بزانین تاهاتوە خراپتر بوە یان نا.

ئایا چەتەو مافیا زیاتر نەبوە؟ بێگومان زۆر زیاتر بوەو دیواری گەندەڵیش ئەستورتر بووەو سامانی بەرپرسان و پیاوەکانیان چەندین قات زیاتر بوە..

ئەم رۆژهەڵاتەو ئەم دەیان وڵاتەی لەم ناوچەیەدان ژینگەکەیان بۆ دیموکراسی دەست نادات و بۆی نابێ. دیموکراسی تەنها وشەیەکە بۆ کۆمەڵێ بەرژوەندی ناودەبرێ، ئەگینا ئێرە ئۆکسجینی تیا نییە بۆ دیموکراسی. کەواتە ئەم خۆپیشاندانانە کات کوشتن و زیانگەیاندنە بە هاوڵاتی و کاسبکاران.

خۆشەویستانم، خوشک و برایانم لە هەولێر.. کەس ناتوانێ موزایەدە بە قارەمانی و سەربەرزی ئێوەوە بکات، کەسیش حەدی ئەوەی نییە بیەوێ بەقسەی نابەجێ بریندارتان بکات، تەنها خۆتان و تەنها خۆتان و تەنها خۆتان دەتوانن بڕیار بدەن، چی دەکەن یان چی ناکەن.

تەماشای دۆخی ئەم چەند ساڵەی ئێمە بکەن بزانن ئایا توانیومانە بەو خۆتێکدان و خۆپیشاندان و کەمپین و بایکۆتانە، یەک بەرپرسی گەندەڵ و یەک قاچاخچی بخەینە زیندان؟

داخۆ توانیومانە دۆخی خەڵک و شارەکە چاک بکەین؟

یان بەو فەوزاو هاشوهوشە توانیومانە رێ لە گەندەڵی و تاڵانی بگرین؟ بێگومان نەخێرو بگرە سلێمانی نەک چەقی بەست بڵکو پاشەکشەشی کرد. خوێنەران دەتوان سلێمانی ئێستا بەراورد بکەن بە سلێمانی دە پانزە ساڵ پێش ئێستا، ئەوکات راستیەکە دەبینن.

خەڵکی هەولێری ئازیز.. تەماشای دۆخی پڕ لە قەلەقی و بێزاریمان بکەن، دەموچاوی دوکاندارو دەستگێڕو خەڵکی کاسب و تەنانەنەت فەرمانبەرانمان ببینن بزانن جگە لە توڕەیی و ماندوو بون هیچ شەوق و هیوایەک دەبینن.
 جێی خۆیەتی دەسەڵات و حوکمڕانیش لەمەو بەدوا ئاوڕی جدی لەخەڵک بدەنەوەو خزمەتگوزاری زیاتریش پێشکەشی خەڵک بکەن، خەڵکی هەولێر شیاوی لەزێڕ هەڵکێشانن.


PM:02:56:09/12/2020

ئه‌م بابه‌ته 3540 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی