سەربەخۆیی بابەتێکی شەخسی بارزانییە؟

‌سەردەشت حەمەساڵح

جۆ بایدن بۆ مەسعود بارزانی: من و تۆ هەردووکمان لە تەمەنی خۆماندا سەربەخۆیی کوردستان بەچاوی خۆمان دەبینین.


کتێبی "بۆ مێژوو.." لە نوسینی بەرێز مەسعود بارزانییە، کتێبێکی ئێجگار بەبایەخ و گرنگە نەک بۆ تاکی کورد، بەڵکو بۆ ئەوانەش کە دوژمنی کوردن و دەیانەوێ دژایەتی ئەو میللەتە بکەن! ئاخر ئەم کتێبە پانۆرامایەکی کۆڵنەدان و نەبەزینی مێژووی سەد ساڵەی کورد نیشان دەدات و هەروا پانۆرامەیەکی مێژووییش بۆ دوژمنانمان بەرامبەر کورد بە بەڵگەوە دەخاتە روو کە چۆن هەمیشە لە بێهێزیاندا بەڵێنیان بە چارەسەر داوەو دواتر پەیمانشکێن بوون. جێی خۆیەتی ئەم کتێبە بخرێتە بەردەست خوێندکارو نەوەی داهاتوو هەتا بە دروستی مێژوو بزانن.


کتێبەکە بابەتیانە رێی گرتوەو کاتێ دەیخوێنیتەوە هەرگیز درک بەوە ناکەی کە نوسەرەکەی سەرۆکی پارتێکە، دروستر هەست ناکەی وەک سەرۆکی پارتی نوسیبێتی، بەڵکو وەک دڵسۆزی گەل قەڵەمی بۆ گێڕانەوەو خستنەروو خستۆتەکار. تەواوی نوسینەکە مێژوویەکی سەلمێنراو و حاشاهەڵنەگرەو هەندێ زانیاری نەبیستراویش ئاشکرا دەکات، لەبەر موزایەدەی هەندێک روداوەکان باس دەکات، وەک خۆی دەڵێ بۆ مێژوو.


گەر خوێنەر وردو وشیاربێ بەخوێندنەوەی ئەم کتێبە تێ دەگات کە دەستی دەرەکی هەبوو بۆ لێدانی مەسعود بارزانی لەناوخۆدا وەک سەرۆکی هەرێم، چونکە هەنگاوەکانی بۆ سەربەخۆیی هەرێم بووە.


پەچەیەک دراوە بە روی ریفراندۆمدا کە قوماش و دەزوەکەی لە نەزانی و بێبایەخکردنەوە دوراوە. ئینسان دەبێ جگە لەویژدان بەزانیارییەوە قسەبکات و بنوسێ، نەک دوای هەڵاو شەپۆلێک بکەوێ کە خودی خۆی ببێتە کاڵایەکی بەکارهێنراو. ئاخر گەر راستییەکان بزانیت، ئەوا نەک شانازی بە ریفراندۆمەوە دەکەی، بەڵکو دەبیت بە خەباتکارێکی سەرسەخت بۆ جەختکردنەوەو گرنگی ریفراندۆم بۆ ئەو گەلەی ئەم کتێبە باسی دەکات.


بۆچی ریفراندۆم کرا؟
بارزانی دەڵێ: لەگەڵ خوالێخۆشبوو مام جەلال بەنێو روباری خوێندا رۆیشتین و تۆقەمان لەگەڵ ئەو دەستانە کرد کە بەخوێنی گەلەکەمان سوربوون. بەڵام نیەتی سەرەکی ئێمە کردنەوەی لاپەڕەو قۆناغێکی تازەو بەدیهێنانی ئاشتی بوو. ئەو بڕیارەش سەخترین بڕیاری ژیانم بوو.

"لەسەردەمی پاشایی و کۆماری و بەعسدا شەراکەتی کورد ژێرپێخراو گەلی کوردستان جینۆسایدکرا. لە عێراقی فیدڕاڵ و دیموکراتی دوای ۲٠٠۳ یشدا هیچ هیوایەک نەماوە. کورد دەبێ چی بکات؟ ئایا سەدەیەکی تریش شەڕ بکات.." ئەمە پەرەگرافێکە لە کتێبی بۆ مێژوو.

لەساڵانی دوای رزگارکردنی عێراق کە کورد گەورەترین رۆڵی لە دروستکردن و بونیادنانەوەی هەبوو، حکومەتی عێراق ٥٥ مادەی دەستوری پێشێل کردوە. هەرکات ئەم حکومەتانەی عێراق هێزیان بۆ گەڕابێتەوە ئەوا یەکەم کاریان پەشیمان بونەوە بوە لە رێککەوتنیان لەگەڵ کوردو نییەتیان پەلاماردان و سەرکوتکردنیان بوەو هەبووەو هەیە.


بارزانی دەڵێ "نیەتی عێراقمان لەمێژبوو دەزانی، ریفراندۆممان کرد بۆ ئەوەی رێگە لە جەنگ بگرین، چونکە دەمانزانی عێراق نیازی هێرشی هەیە" وا دەردەکەوێ کە عێراق ئەگەر بە تەفاهومیش بهاتبان هەمان ئەو هەنگاوانەیان دەنا، کە بەردەوام لەمێشکیاندا بۆ بچوکردنەوەو سڕینەوەی کورد هەیانە.


بەرێز مەسعود بارزانی، ئاماژەی بۆ ئەوە کردوە "ئەگەر هاتو پاشەکشەمان لە بڕیاری ئەنجامدانی ریفراندۆم کردبا، نەیارە ناوخۆییەکانی ریفراندۆم ئەوکات دەستیان بە قسەی تر دەکردو تۆمەتی تریان دەبەخشییەوە کە دەرفەت بۆ خەڵکی کوردستان دروست بوو، بەڵام ئەو دەرفەتەیان لەکیسداو پاشەکشەیانکرد". ئەمە یەکێکە لەو دەردو پەتایانەی بەدرێژایی مێژوو کورد پێوەی دەناڵێ ئەویش ناتەباییە. من بۆچونم وایە ئەگەر ریفراندۆم پەسەندی جیهانی وەربگرتایە ئێستا زۆرێک خۆیان دەکرد بە ئەندازیاری! دەمەوێ منیش بۆ مێژوو شتێک بڵێم، رۆژێک دێت سوپاس و شانازی بەریفراندۆمەوە دەکرێت.


وێڕای ئەوەی بارزانی بە مێژوو ساڵانی مافە زەوتکراوەکان دەخاتە روو، باسی پێشێلکردنی مافەکانمان لەسەد ساڵی رابردودا دەکات و ئاماژە بەوە دەکات کە بیرمانکردەوە دور لە شەڕ رێگەیەک بدۆزینەوە بە ئاشتییانە میللەتەکەمان لەو پێشێلکارییە بەردەوامانە رزگار بکەین، ئەویش ریفراندۆم بوو کە خەڵک دەنگی خۆی بەرامبەر ناحەقییە مێژوییەکان دەرببڕێ. دەشڵێ "ئەگەر کوردستان چاوەڕێی ئەوە بێت کە لەسەر سینییەکی زێڕین سەربەخۆیی پێشکەش بکرێ، بەدڵنیاییەوە هەرگیز ئەو چاوەڕوانییە نایەتەدی".


بارزانی لەبەشێکی تری کتێبی بۆ مێژوو دا دەڵێ "نە حکومەتەکان توانیان کورد لەناو بەرن، نە کوردیش توانی ئەو رژێمانە لەناو بەرێ" بۆیە رێگەچارە لێکتێگەشتن و شەراکەت و قبوڵکردنی یەکترە. جەخت دەکاتەوە کە عێراق بە نەوتی کوردستان بوو بە دەوڵەت و بەپارەی ئەو نەوتە شەڕی گەلی کوردستانی دەکردو پەلاماری دراوسێکانی دا.


نوسەر رەخنەی زۆر لە ئەمریکیەکان دەگرێ، بەتایبەت نوێنەرەکەیان لە عێراق. هەروەها دەڵێ "زۆرجار ئەمریکاییەکان لە خوێندنەوەی هاوکێشەکانی عێراقدا نەدەکەوتنە سەر رێگای دروست و ئەگەر هەڵەیەکیشیان کردبا، هەموو جار دەبوایە کورد باجەکەی داباو لە مافی خۆی خۆش ببا".


ئەمریکا دەیانویست لەبەرخاتری کەسێک، گەلی کورد لەمافی خۆی خۆش بێت. لێرەدا بارزانی مەبەستی لە حەیدەر عەبادییە کە یەکێکە لەو حوکمڕانانەی عێراق کە غەدری لە کورد کردوە.


دەشڵێ "وڵاتە بەرژەوەندخوازەکان لایەنگری حکومەتی عێراقیان کردو رێیان پێدا بەشێوەیەکی نایاسایی و نادەستوری هێز لەدژی خەڵکی کوردستان بجوڵێنێ.


سەبارەت بە بڕیاری ریفراندۆم بارزانی لە کتێبەکەدا دەڵێ "لەگەڵ هەموو پارتە سیاسیەکانی کورستان کۆبومەوەو پرسیارم لێکردن ئایا پێتان باشە بابەتی سەربەخۆیی لەگەڵ سەرۆکی ئەمریکا باس بکەم؟ هەموو لایەنەکان پێیان باش بوو کە لەگەڵ سەرۆک ئۆباما باسی سەربەخۆیی کوردستان بکەم".


دەشڵێ لەسەفەرەکەم بۆ ئەمریکا هەریەک لە قوبادی کوڕی مام جەلال و دەربازی کۆسرەت رەسوڵ و مستەفای سەید قادرم لە بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ خۆم برد.


ویستم ئەوانم لەگەڵ بن و شاهید بن بۆ ئەوەی دوایی کەس نەڵێ سەربەخۆیی بابەتێکی شەخسی مەسعود بارزانییە.

سەردەشت حەمەساڵح


AM:10:59:22/10/2020

ئه‌م بابه‌ته 4072 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی