جەژن و خەمی من

‌عەتا سەراوی

لە ھەموو کۆمەڵگەو نەتەوەو ووڵاتێک چەند بۆنەیەک ھەن، کە کراون بە جەژن و رۆژی پشوی ھاونیشتیمانیان و ووڵات، لە کوردستانیش بۆنە ئاینی و نەتەوەەیی نیشتیمانیەکان دیارن و لە نێوانیاندا ھەردوو جەژنی رەمەزان و قوربان و ھتد.....، بەندە چەند جارێک بیروڕای خۆم دەربارەی جەژن باسکردوە. لێرەدا کە جەژنی قوربانە، مەبەستم بوو بێدەنگ نەبم و شتێک بۆ ئەم بۆنە ئاینییە و ئەو بارە قورسە ناھەموارییەی کە خەڵکیان تێخستوە بڵێم!!!!

٣١-٧-٢٠٢٠ کە یەکەم رۆژی جەژن و رۆژی ھەینی ئەکات رۆژی، مێژووی ئەم جەژنە بۆ شارەزایانی مێژووی و ئاینی جێ دێڵم، بەڵام ھەموان گرنگی و پیرۆزی ئەم جەژنە دەزانین. بۆیە من لێرەوە دەچمە ناو بابەتەکەم.

ئەم میللەتە دەیان ساڵە قوربانی ئەدات، تا بوو بە خاوەنی حکومەت و پەرلەمانی خۆی و ٢٩ ساڵ پێش ئێستا،وە بەداخەوە وێڕای شەری ناوخۆ و دوو ئیدارەیی و شەری تیرۆستانی ئەنسارو جوندو داعش و قەیرانی سیاسی و لێکەوتەکانی دوای ریفرادۆم و قەیرانی دارایی، ھەڵچون و داچونی پەیوەندییەکان و تێپەراندنی زۆربەی قەیرانە مەترسیدارەکان بە پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان و ھێزی پێشمەرگەو ھێزەکانی ناوخۆ و تا رادەیەک لێکنزیبونەوەی ھێزە سیاسییەکان وە لە دوا ھەڵبژادنی ٣٠-٩- ٢٠١٨ ، و لە پێکھێنانی کابینەی نوێ (پارتی، یەکێتی، گۆران)، وە ھەندێک لایەنی تر بەداخەوە دوای ساڵێک و دە مانگ لە دوای ھەڵبژاردن و پێکھێنانی حکومەتیش وە داھێنانێک کە لە ھیچ شوێنێکی دونیا وێنەی نییە برینی نیوەی موچە و دواتر برینی لە ٢١% ی مووچەو قووتی خەڵک.

بێ متمانەیەکی زۆری نێوان خەڵک و دەسەڵات وە دەست شکاندەنەوەو پاشقول گرتن و پلانی گڵاوی ھێزە سەرەکییەکەی پێکھێنەری حکومەت دژ بە یەکێتی و لایەنەکانی تر وە بێخەمی و بێ منەتی ئەم دەسەڵاتە گەندەڵ و دزو نا بەرپرسە لەو قەیرانە قوڵە سیاسی و ئابورییەی کە بەرۆکی ئەم ھەرێمەی گرتووە، لەلایەک لەشکری داگیرکەری تورک لە قوڵای ئەم نیشتیمانە ھاووڵاتیانی سڤیل شەھید دەکات و بە چاو ساغی و بێدەنگ بوونی لایەنێکی سیاسی بەشێک لەم نیشتیمانە داگیر ئەکات وە ساڵانەش لە پاشەکشەین لە بەرامبەر حکومەتی ناوەندی ئەوەی جێگەی سەرسورمان ھەڵوێستە کردنە لە رۆژانی پێشوو، پەرلەمانی کوردستان کۆبویەوە کە گوایە میوانداری سەرۆکایەتی حکومەت و وەزیران دەکات بۆ گوێلێگرتن و لێپرسینەوەیان کە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێک لە باری ئابوری ھەرەس پێھێنراو مووچەو قووتی خەڵک، کەچی ئەوەی جێگەی گاڵتەجاری و پێکەنینە عەوامێکی بە ناو پەرلەمانتارو ئەندامی حیزب و پاراستن بە بەرنامەو ئیعازی حیزب، جورئەتی ئەوەی کرد کەپەلاماری گەورە خەلیفەی موسوڵمانان عوسمانی کوری عەفان بدات و ئەو گێلە پیاوە بۆ بنەبرکردنی گەندەڵی و سەرھەڵدانی نادادپەروەری و گەندەڵی خەلیفەی موسوڵمانانی بە نمونە ھێنایەوە، کە جورئەتی ئەوەی نەبوو باسی سەرۆکی ھەرێمی پێشوو و سەرۆکی ھەرێمی ئێستاو سەرۆکی حکومەتی ئێستای حیزبەکەیی و وە ھەندێک لە بەرپرسانی پێشوو ئێستای بەشدار بووی حکومەتی پێشوو ئێستایی حیزبەکەی من و گۆرانیش بە ئیسلامییەکانیشەوە لە گەندەڵی و دزی و فەسادی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی سیاسی دارایی و دزی و داھێنان ێکیان کردووە کە شەیتانیش پەی پێ نەئەبرد.

ئەو دان و داوەی کە پاراستن دایرشتبوو زۆر بە ئاسانی ھێزە بە ناو ئۆپۆزسیۆن و عەلمانی و ئیسلامییەکانی تێکەوت وەک ئەوەی کە خەلیفەی موسوڵمانان پێویستی بەمان بێت داکۆکی لێبکەن کەوتنە ھاتوھاوارو جێھێشتنی ھۆڵی پەرلەمان و بە داوایاندا مامۆستایانی ئاینی کە لە بنەرەتدا کادری حیزبین کەوتنە بەستنی کۆنگرەی رۆژنامەوانی وەک بەرزەکی بانان حکومەتیان لە برینی مووچەو قوتی خەڵک دەرباز کرد، ئەوانەی کە داکۆکیان کە لە کادرو ئەندامی حیزبەکەی خۆیان پێ ناکرێت کەوتنە داکۆکی کردن لە خەلیفەی موسوڵمانان.

لێرەوە روودەکەمە ھەر چوار سەرۆکایەتیەکەی ھەرێم و حکومەت و پەرلەمان و دادوەری، ئەرێ ئێوە بەشێکی زۆرتان بێ جیاوازی بونەتە مایەی شەرمەزاری و ئابروچون بۆ ئەم گەل و نیشتیمانە، کە پێکھاتوون لە کەسانی ئاست نزمی قێزەونی کۆمەڵایەتی و سیاسی و بە ناو پەرلەمانتارو بەرپرس و وەزیر کە جگە لە چەپڵە لێدەرە و کەسانی خاڵی لە ھەموو جۆرە زانست عەقڵ و عیلم و مەعریفەیەک ئەتانەوێت تاکەی ئاوا بەردەوام بن، بۆیە لێرەوە داوا لە سەرۆکایەتی و مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی حیزبەکەم ئەکەم کە چۆن لە کۆنگرەی چوار بەڵێنماندا کە یەکێتی و حکومەتەکەشمان بکەینەوە بە خزمەتکارو خزمەتگوزاری خەڵک و وەک ھەمیشە لە بەرەی گەل بین، نوێبونەوەو بنبرکردنی گەندەڵی و دادپەروەری و خزمەتکردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ئەرکی بنەرەتیمان بێت، وە لە کۆبونەوەی ٢٧-٦ -٢٠٢٠ لە قەلاچۆلان، بریارماندا بە چەند خاڵێک کە لەگەڵ پارتی بگەینە دوا بریاری چاکسازی و سەرلەنۆێ رێکخستنەوەو بنیانەوەی شێوازی حوکمرانی لە سەر ئەساسی خاڵە پێشنییازکراوەکانی کۆبونەوەی سەرکردایەتی.

لێرەوە بە ھەموو ھەڤاڵ و ھاورێکانم ئەڵێم لە ئەنجومەنی سەرکردایەتی ئەگەر پابەند نەبین بەو بەڵێن و بریارانەی کە لە کۆنگرەی چوارو کۆبونەوەی ناوبراو داومانە دڵنیابن بەر نەفرەتی خەڵک و خوا ئەکەوین و ھەرگیزیش شایستەی ئەوە نابین کە جێگرەوەی رێبەرمان مام جەلال و مێژوووی پر سەروەری یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بین، وە دەسە وەسانی و بێ چارەیی ھەرسێ سەرۆکایەتی ھەرێم لە دوا کۆبونەوەیان نیشانەی ئەوەن کە دەبێ ئێمە بریاری جدیمان ھەبێ بۆ گۆرانکاری، ئەم چوار سەرۆکایەتی ھەرێمە بە ھیچ جۆرێک ئەھلی ئەم ئەرکە قورسەی حوکمرانی و نیشتیمانیە نیین و دەبێ بریارێک بدەین کە وەک ھەمیشە(ی،ن،ک) لە بەرەی گەل بێت،ئەوان کەسانی شکستخواردوی حوکمرانین و من شەرم دەکەم ئەوانە فەرمانرەوام بن، وە جوانترین پیرۆزبایش بۆ ئەم جەژنە لە کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان ھەڵوەشانەوەی حکومەت و پەرلەمان و ھەڵبژاردنی پێشوەختە.
عەتا سەراوی
ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی
٣١-٧- ٢٠٢٠


PM:03:47:31/07/2020

ئه‌م بابه‌ته 1736 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی