فریانەکەویت، دەمبەن و نامبینیتەوە

‌كاوه‌ ئه‌مین



کاوە ئەمین
لە کاتی تۆمارکردنی بەرنامەی پەنجەمۆر لەگەڵ ئەو کەسایەتیانەی کە خاوەن ئەزمونێکی زۆرن و بەتەمەنن بەڵام وەکو کورد دەڵێت "سەریان لەبەر هەتاو سپی نەکردووە”، نوکتە و بەسەرهاتی خۆشم بۆ دەگێڕنەوە کە هی پشت پەردەن، هەندێکیانم نووسیوەتەوە و هەندێکیشم لەکیس چوون بەهۆی تەمبەڵی و ئیهمالی خۆمەوە. کاک ... گۆتی لە دەڤەری چیایی سەفین بووین، سەرەتای شەستەکان و شۆڕشی ئەیلوولە، منیش کوڕێکی جاحێڵی قۆز، برەنەو لەشان، شا بە سەپان نازانم و سوکە بەرپرسیارێتێکیشم هەبوو. چوینە دێیەک کە ماڵێ پلکێک (پورێکی) منیش لەوێندەرێ بوون. یەک دوو رۆژ ماینەوە، کەوتمە داوای خۆشەویستی کچێکەوە کە هێندە جوان بوو لەگەڵ مانگێ شەڕی دەکرد. ئاشقی یەک ببووین، خراپ. پورم بەم کەین و بەینەی زانیبوو، کچەش خانەدان و شتی وابوون، ماڵە ئاغا بوون و وەکو کورد دەڵێت گونی گونداریان دەردەهێنا، بۆیە پورم ترسی لێنیشتبوو کە پێمبزانن و شتێکم بەسەر بهێنن. چەندین کەس هاتبوونە داوای کچە، بەڵام ئەو رازای نەبووبوو پێیان، کورت و کورمانجی مشتەری زۆربوون. ئێمە لە ئاوایی دەرچوین و چەندجارێکی دیکە بەخزمەتی گەیشتمەوە و خوا لە خێری دەرنەکا زەکاتی ماچانیشم لێ سەند. ئێمە دووردەکەوتینەوە، کچە چەندجارێک پێی گوتم، کورە هەتیمە خوازبێنیکەرم زۆرن و بابم هاکا بە شوی دام، شتێک بکە، بەخوا ئامادەم رەدوشت بکەوم. منیش نەمدەزانی چ بکەم، وەی لە کوندەی و وەی لە دۆشاوێ، وا عاشق بووم، فەرهادم بە شاگرت رانەدەگرت، لەلایەکی دیکەوە ئێمە خەڵکی دیاربووین و خۆمان پێ شۆڕشگێڕ بوو، رەدوی چ و حاڵی چی! هەرچۆنێک بوو گوتم سەبرم لێبگرە و جەولەیەکی دەکەین و مقەڕمان دەبەینە فڵانە شوێن، بێخەبەرم مەکە.

رۆژان هاتن و چوون و چەند مانگیک بەسەر خۆشەویستی و دوورکەوتنەوەم لەیار تێپەڕی بوو، رۆژێکیان گوتیان نامەیەکت بۆ هاتووە، منیش ئەوەی بەخایاڵمدا نەیەت، نامە بوو لەلای یارەوە بێت. کاتێک نامەم هەڵپچڕی و دەستم بە خوێندنەوەی کرد خەریک بوو باڵ بگرم، هەتا کەوتمە سەر ئەو دێڕانەی کە دەڵێت: هاتوونە خوازبێنیم و بابم رزای بووە، ئەگەر هەتا هەفتەیەکی دیکە نەمگەیتێ دەمبەن و کار لە کار دەترازێ. ئیدی لەگەڵ هەردێرێکدا پیشم دەخواردەوە و دەمگوت، هۆ یار چاوەڕێم بکە دەتگەمێ، شۆڕیش دەکەم و رەدوشت دەخەم. کاتێک گەیشتمە کۆتایی نامەکە و تەئریخەکەیم بەرچاو کەوت، مانگێک بەسەر هەفتەکەدا تێپەڕی بوو. وەکو کوندەیەک ئاوی سار بەسەرمدا بکەن و لەسەر سەفینی هەڵمبدەنەخوارەوە وابوو. لە دڵی خۆمدا زۆرم مشاوەرە کرد، بەڵام پێم بەجەرگی خۆمدانا و هەرچۆنێک بوو ئۆقرەم گرت، چونکە هەرچۆنێک حسابم دەکرد، دەمزانی بردویانە و فریایی ناکەوم.
بەڵام هەتا ئەمرۆش هەر لە یادم نەکردووە.


AM:11:39:01/05/2020

ئه‌م بابه‌ته 2752 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی