چیرۆکەکانی ئەنفال..

‌كاوه‌ ئه‌مین

چیرۆکەکانی ئەنفال.. لوولەی دەبابەکانتان ناتوانێت بڕنەوەکانمان بێدەنگ بکات
چیرۆکەکانی ئەنفال لە چیرۆکەکانی هەزار و یەکشەو دەچن. جیاوازیی ئەمان لەوەدایە کە رەنگە هەتاوەکو کۆتایی ژیان بەردەوام بن و هەر ساڵەو بە شێوازێکی نوێ سەرهەڵبدەنەوە. ناوەرۆکی چیرۆکەکان لەیەکەوە نزیکن، بەڵام حیکایەتخوانەکان هەر یەکەیان خەڵکی دەڤەرێکی کوردستانن و بە شێوازی جۆراوجۆر  دەیانگێڕنەوە.

جیاوازیی چیرۆکەکانی کورد و چیرۆکی بۆ نموونە جووەکان ئەوەیە کە چیرۆکەکانی ئێمە لە چوارچێوەی ئەشکەوتەکانمان دەرنەچوون، نەچوونە ناو کۆڕ و کۆمەڵە نێونەتەوەییەکانەوە، تەنانەت هەندێکیان سنووەرەکانی دەڤەرەکەی خۆیان تێنەپەڕاندووە، کەچی چیرۆکی جووەکان چووە سەر لاپەڕەی وانەی بەشێکی زۆر لە قوتابخانەکانی جیهان.
 
ئەو رۆژەی  چووین بۆ گوندی فەتاح هۆمەر کە دەکەوێتە دەشتی کاکیبەکاکیی کفرییەوە، رۆژێکی گەرم بووم، هەتاو خۆی بە هەموو کون و قوژبنێکی ئاواییدا کردبوو. دایە حەنیفە لە بەردەرگاکەیان وەستابوو.

دەستی راستی کردبوو بە سێبەر بۆ چاوە زیتەکانی کە وەکو هەندێک لە کانیاوەکانی گەرمیان کە لە هاویناندا وشک دەکەن و بەهاران ئاویان تێدا دەزێتەوە. چاوەکانی ئەویش زەمانە فرمێسکەکانی پێ وشک کردوون، بەڵام  وەکو گۆمێکی مەنگ وان هەر بە ناوهێنانی ئەنفال و بیرخستنەوەی رۆژەکانی نوگرەسەلمان و تۆپزاوا دەتەقنەوە.
 
دایە حەنیفە بە چاکی ئەو دەمەو بەیانییەی لەبیرە کە سەربازانی رژێم و گەلەجاش چواردەوری ئاواییان دابوو، بە ئاشکرا بۆنی ئاشووبێکی گەورەیان دەکرد، لەگەڵ نزیکبوونەوە دەنگی زیل و شۆڤڵەکان، دەنگی تەپەی دڵی دایە حەنیفە و دانیشتووانی ئاوایی بەرزتر دەبووە و خێراتر دەبوو.
 
9ی چواری ساڵی 1988ـە. ئەو رۆژەی هەموو خەڵکی ئاوایی بە ژن، منداڵ، پیاو، پیر و پەککتەوە سواری زیلە سەربازییەکان دەکرێن و لەگەڵ سەدان کەسی دیکەی گوندەکانی دەوروبەر لە قۆرەتوو کۆیان دەکەنەوە. دوای چەند رۆژێک بەرەو تۆپزاوە و چارەنووسێکی نادیار دەیانبەن.

تا ئەو کاتەش پیاوەکان لە ژن و منداڵەکانیان جیاناکەنەوە، بەڵام مێردی دایە حەنیفە بە روویەکی خەمناکەوە روو لە ژنەکەی دەکات و دەڵێت، "ژنەکە، کەس بە وەسێت نەمردووە، وا جیامان دەکەنەوە.

خوا دەزانێت یەکتری دەبینینەوە یا نابینینەوە، بەڵام ئەگەر یەکتریمان نەبینییەوە، ئامانەتی تۆ و ئەو منداڵانە، توو خوا ئاگات لێیان بێت!" ئەمە ئەو وشانەن کە تا ئێستاش لە گوێی دایە حەنیفەدا دەزرنگێنەوە و بەدەم قوڵپی گریانەوە بۆمان دەگێڕێتەوە، پێدەچێت لەگەڵ خۆی تا ژێر گڵیان بەرێت.
 
ئەوکاتە دایە حەنیفە دووگیان دەبێت، ئاواتەخوازە کە منداڵەکەی لەدایک ببێت و جوانترین جلی لەبەر بکات، ئەوەی ئەو بە خەویش بیری لێ نەکربووەوە ئەوە بوو کە کاتێک منداڵەکەی لەدایک دەبێت، جلی مردووەکانی بۆ بکاتە قوماتە و تێوەی بپێچێت.
 
گێڕانەوەی چرکەساتەکانی ژانی لە دایکبوونی منداڵێک لەناو بیابانێکی کاکیبەکاکیدا کە وەکو دایە حەنیفە دەڵێت، "دەستەکانم بەرەو ئاسمان بەرزکردنەوە و گوتم خوایە هاوکاریم بکە!" بەبێ ئەوەی ئاگاداری کەس بکات، لە پەنایەکەوە دەستەکانی لە زەوی گیردەکات و منداڵێک بە قیژوهۆڕ خۆی دەکات بەناو دنیایەکدا کە پڕە لە نادادپەوەری و دیلێتی. لە گیرفانی گلۆنجە کۆنکەیدا چەرخێکی کۆنی بچکۆلە دەردەهێنت کە خۆیشی نازانێیت بۆ هەڵی گرتووە، ناوکی کچەکەی دەبڕێت و کەسوکار و تەنانەت سەجانەکانیش ئاگادار دەبنەوە لە هاتنەدنیای منداڵێک. ئەفسەرەکان روو دەکەنە دایە حەنیفە و پێی دەڵێن، "چییە، کوڕت بووە؟ ناوی دەنێیت مەسعود بارزانی یان مام جەلال؟" دایە حەنیفە دەڵێت، "نەخێر، کوڕ نییە و کچە و ناوم ناوە دیلان". مەبەستی دایەحەنیفە لە "دیل" دەبێت. ئەمەش سەجانەکان توڕە دەکات و دەڵێن، "نابێت ئەو ناوەی بنێیت". لە وەڵامدا پێیان دەڵێت، "ئەی مەگەر ئێمە دیلی دەستی ئێوە نیین!" یەکێک لە سەربازەکان دەڵێت، "ئێوە خەڵکانێکی خۆڕاگر و بەسەبرن بۆیە دەبێت ناوی بنێن سەبرا". بەڵام دایە حەنیفە پێداگری دەکات کە ناوی دیلان بێت، ئێستا کچەکەی دوو ناوی هەیە: لە نوگرەسەلمان سەبرا و لە گوندەکەی خۆیشیان دیلان.
 
ئەگەرچی ئێستا گوندەکەیان پڕە لە منداڵ و شونپێی منداڵەکانی ئەویان هەڵگرتووە، بەڵام یادەوەریی خۆش ناخەنە دڵی حەنیفەوە. ئاخر ئەو چۆن ئەو رۆژانەی لەبیر بچێتەوە کە تەرمی مردووەکانیان بووبووە خۆراکی سەگە هارەکانی دەوروبەری زیندانەکەیان.

هەرگیز ئەو رۆژەی لە یاد ناچێت کە بە دەستی خۆی و یەکێک لە دراوسێکانی تەرمی کوڕەزایەکی دەبەنە دەرەوەی زیندانەکە و لەناو لمدا دەیشارنەوە. ئەو دەیەوێت بەشێوەی موسڵمانان تەرمەکە بە خاک بسپێرێت، بەڵام تەنیا دەتوانن لمەکە بە دەستەکانیان لابدەن و تەرمی منداڵەکەی بکەن بەژێرەوە، هیچ کاتێک حەپە و وەڕینی سەگە بەرەڵاکانی لە یاد ناچێت کە تەرمی کوڕەزاکەی و دەیان تەرمی دیکە بووبوون بە بەشەخۆراکی شەو و رۆژیان.
 
دایە حەنیفە شانازی بەوەوە دەکات کە زۆر جار بە رووی پیاوانی بەعسدا هەڵشاخاوە و پێی گوتوون، "قوڕتان بەسەر، لوولەی دەبابەکانتان ناتوانێت بڕنەوەکانمان بێدەنگ بکات".
 
ئێستا دایە حەنیفە لە گوندەکەی خۆیاندا دەژی و وەکو خۆی دەڵێت، ئامادەیە هەموو رۆژێک خاک و خۆڵی ماچ بکات و بەدەنگێکی گڕ و نیمچە تووڕەبوونەوە پێم دەڵێت، "کێ لە وەتەن لاحە؟ (لەوە خۆشتر هەیە نیشتیمانی خۆت هەبێت؟) کەس هەیە حەزنەکات دەوڵەتی خۆی هەبێت؟ ژنمان، منداڵمان بە ئارەزووی خۆی سەربەرزانە بێن و بچن؟"
 
هێشتا ئەو قسەیەی دایە حەنیفە لە گوێمدا دەزرنگێتەوە کە دوای خاترخوازی پێی گوتم، "ئیتر ئەمە وەتەنی ئێمەیە، پێمانخۆشە لێمان بگەڕێن لەناو ئەو خاک و خۆڵەدا بژیین و بمرین".
 
سەگەکانی ئاوایی مەودایەکی باش شوێن سەیارەکەمان کەوتن، دیاربوو ئەوانیش ئاسودەبوون لە گوندێکدا بژین کە دەستی داگیرکەری لێ دووربێت.


PM:03:06:14/04/2020

ئه‌م بابه‌ته 4268 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی