ئەرکی ئەوانەی ڕیفراندۆمی ئەمڕۆی هەرێم بەهەڵە دەزانن؟

‌بەهادین نوری

زۆرن ئەو کەسانەی کە دۆخی ئەم سەردەمەی هەرێم بە ناگونجاو دەبینن بۆ ڕیفراندۆم، ئەگەر پرسەکە بە شێوەیەکی لۆژیکی بخرێتە ڕوو دەبێ سەرجەم ئەوانە بێ دواکەوتن پێوەندی لەگەل یەکدی بکەن و باس لە هاوکاری و رێکخستنی چالاکی خۆیان بکەن بۆ ئەوەی هێزێکی کاریگەرتر کۆبکەنەوە و فەشەل بەو پرۆژەیە بێنن کە زیانمەندی دەبینن بۆ ئەم قۆناخەی میللەتی خۆیان. بەڵام مەخابن هێندێ لەم برادەرانەی هەرێم بەپێچەوانە دەجووڵێن، لەباتی هاوخەباتی پتەو، لەیەکتر دەخوێنن و بەسەر و گوێلاکی یەکتریدا دێن.

وانابێ برادەرینە.. هیچمان نەکردووە تا بکەوینە ململانێی تەسکی حیزبایەتی و دەبێ سەرگەرمی کۆکردنەوەی هێزەکانی ئۆپۆزسیۆن بن. تا ئیستە چوار هێزی گەورە لەم هەرێمەدا ڕاوبۆچوونی خۆیان دەربڕیوە لە دژی ئەم ریفراندۆمە ناوەختە. گۆڕان کە دووەم حیزب دەرچووە لە دوایین پەرلەمانی هەرێمدا + کۆمەڵی ئیسلامی کە لەسەرەتاوە شان بەشانی گۆڕان وەستاوە + ١٢٢ رۆشنبیری هەرێم کە لەمامۆستایانی زانکۆ و رۆژنامەنووس و ئەدیب و رۆشنبیرانی دی پێکدێن و یاداشتێکیان پێشکەش بە حکومەت کرد و زۆر بەڕوونی و بەتوندی دژایەتی خۆیان ڕاگەیاند + شاسوار عەبدولواحید کە خاوەنی دەزگایەکی ڕاگەیاندنی گرنگە و دۆست و دوژمنی حسابی جددی بۆدەکەن. ئەم چوار لایەنە یەک ڕاو و یەک ئامانجیان هەیە کەچی بەهەڵە و بێ پاساو خۆیان لێکدابڕیوە و ئەوی بەنەیارەکانیان ناکرێ خۆیان بە خۆیانی دەکەن !

هیچ گومانێک لەوەدانییە کە ئەگەر ئێوە ببنە بەرەیەک زۆرتان پێدەکرێ، خزمەتی زێتری گەل و نیشتمانتان پێدەکرێ، بەتایبەتی لەبەر ئەوە کەبرایانی بەرانبەرتان پرۆژەیەکی هەڵەیان خستۆتە ڕوو لە بارودۆخی ئێستادا. ئێوە سەرکەوتوو دەبن ئەگەر لەسەر ڕێرەوێکی راست و ڕەوان بڕۆن .


PM:05:50:06/08/2017

ئه‌م بابه‌ته 3471 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی