کام بژاردە باشترە بۆ گۆڕان

‌بەهادین نوری

ب گ ( بززوتنەوەی گۆڕان ) لە دۆخێکی تایبەتی ئەم وڵاتەدا پەیدابوو کەبەدەگمەن رێکدەکەوێ . ب گ ئەنجامی لەتبوونی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بوو ، کەئەو لەتبوونەش لەلووتکەوە دەستیپێکرد و لەسەرەوە تاخوارەوەی گرتەوە و توێژێکی بەربڵاو لەلاوانی رۆشنبیری ناحیزبیشی راکێشا بەلای خۆیدا و ( لە پڕێ بوو بەکوڕێ ) . لەو بارودۆخە ناهەموار و پڕ بێزاریە ئەم خەڵکەی تێکەوتبوون لەهەرێمدا رێژەیەکی زۆر لەهاوڵاتیان گەلێ دلخۆشبوون بە پەیدابوونی گۆڕان ، هیواداربوون ببێ بە (( منقژ – ڕزگارکەر )) ، ببێ بە ( مەهدی چاوەڕوانکراو ) ، یەکەم داستانی گۆڕان ئەوەبوو کە بۆیەکەمجار لەم هەرێمەدا ، ئۆپۆزسیۆنێکی پەرلەمانی ئاشتیانەی راستەقینەی دروستکرد و حەماسێکی بەرزی لەشەقامی سیاسی سلێمانی بەتایبەتی و هەموو هەرێم بەگشتی خوڵقاند . تەلەفزیۆنی گۆڕان بوو بەتەلەفزیۆنی یەکەم لەشەقام و لەنێوماڵاندا .

ئەگەر حوکمڕانی لەم هەرێمەدا ، وەکو وڵاتە دیموکراتیەکان ، لەسەر بنەمای زۆرینە و کەمینەی پەرلەمان بەڕێوە ببرایە ، ئەگەر گۆڕان لە ئۆپۆزسیۆندا بمایە ، پێموایە پەیوەندیەکانی لەگەڵ جەماوەردا هەر لەگەشەکردندا دەبوو . بەڵام سەرانی هەردوو حیزبی حکومڕان کە ٢٦ ساڵە دەسەڵاتیان قۆرخکردووە بۆ خۆیان حەزیان لەهیچ جۆرە ئۆپۆزسیۆنیک نیە . ئەوەیان پێباشبوو کەهەموان لەقەبارەی یەک حکومەتدا کۆبکەنەوە و خۆیان ، بەتایبەتی سەرکردایەتی پارتی ، چاودێری بکەن . بەداخەوە گۆڕانیش کورتبینانە تەماشای پرسەکەی کرد ، پێی وابوو بەشداری لە حکومڕانیدا دیباتە پلەیەکی بەرزتر . ئەمەش بەهەرحال . بابەشداربوایەن لەحکوومەتدا ، بەڵام تاکەی ؟ تائەو رۆژەی کە سەرۆکی پەرلەمان و ئەندامانی لە پردێ گەڕێنرانەوە بەرەو سلێمانی و تەنانەت هەموو چونێکیان بۆ هەولێر لێ قەدەغەکرا . ئایا پێویست نەبوو لەو رۆژەوە وەزیرەکانی گۆڕان دەست لەکاربکشێنەوە ؟ دۆست ولایەنگرانی ب گ حەزیان دەکرد ئەمڕۆ گۆڕان ببینن چالاکتر و کاریگەرتر لەسەر وەزعی سیاسی ، حەزیان دەکرد نەوشیروان مستەفا ببینن لە نێوان کۆبوونەوە و چالاکیە جۆراوجۆرەکانیاندا لەباتی ئەوەی لەئەوروپا ، دوور لەهاوڕێیانی ، دانیشێ ، لەکاتێکدا کە سەرۆک و بەرپرسانی حیزبەکانی دیکە لەناو وڵاتدا ، لەگەڵ هاوڕێیانی خۆیان دەژین و ئەرکی رۆژانەی خۆیان جێبەجێدەکەن .

ئەوە راستە کەگۆڕان لێکەوتەی لەتبوونی حیزبێکی گەورەی دیکەبوو . ئەمەش هێندێ ناخۆشی و مشتوومڕی ، هیچ نەبێ بۆ ماوەیەک ، لەنێوان یەکێتی و گۆڕاندا دروستکرد، بەڵام دەبێ هەردولایان لەو ڕاستیە بگەن کە لە دۆخی ئەمڕۆدا چارەنووس و بەرژەوەندی هەردوولایان بەستراوون بە یەکترەوە و ئەگەر هاوکاری یەکترنەکەن حالیان زۆر خراپتردەبێ ، بەتایبەتی یەکێتی کەلەوەزعێکی زۆر شەق و شڕدایە خۆیشی رێگربووە لەجێبەجێکردنی ئەو رێکەوتنامە کە مۆریکرد و هیچی لێ جێبەجێ نەکرد

جێگەی باش بۆ گۆڕان لەمڕۆدا ئەوەیە کەبچێتە خانەی ئۆپۆزسیۆن و خەباتی چڕ بکات لەپێناوی دیموکراسیدا لەهەرێم و هەموو عێڕاقدا وە بەرگری لەمافە ڕەواکانی جەماوەربکات .


PM:10:38:09/05/2017

ئه‌م بابه‌ته 5891 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی