نەخێر کاک ئاشتی هەورامی وانیە

‌بەهادین نوری

 وتارێکی وەزیری سامانە سروشتیەکان کاک ئاشتی هەورامیم خوێندەوە دەربارەی کێشەی ئابووری هەرێم و پرسی نەوت و بووجەی هەریم .. هتد . دیارە من پسپۆری ئابووری نیم و ناتوانم وەکو پەرلەمانتار عەلی حەمە ساڵح بنووسم، بەڵام هێندێ پرسی کراوەیە بۆ باس و لێدوانی هەموو رۆشنبیران .
 پێش هەموو شتێ حەزدەکەم لەکاک ئاشتی بپرسم :

 - ئایا جەنابت وەزیرێکی ئاساییت وەکو هەرکام لەوەزیرەکانی دیکە. یان بەمەبەستێکی نائاسایی کراویت بە وەزیر و ئەرکێکی تایبەتیت پێسپێردراوە؟ ئیشەکانی تۆ دەیکەیت لە ئەنجومەنی وەزیراندا باس کراوە و بریاری لەسەر دراوە، یان تەنها لە نێوان خۆت و لووتکەی دەسەڵاتدا باسکراوە و بریاری لەسەر دراوە؟ خۆت دەزانی کەلە هەموو وڵاتێکی دیموکراتیدا پەرلەمان بەرزترین دەسەڵاتە، بەڵام لێرە زۆر جار ئەندامانی پەرلەمان ڕایانگەیاندووە کە بێئاگان لە دۆسیەی نەوت، نازانن چی بەرهەم دەهێنرێ و بەکێ دەفرۆشرێ و پارەکەی چەندە و چۆن خەرجدەکرێ. بەشی هەرەزۆری  خەلکی ئەم هەرێمە باوەر بەو قسە و زانیاریانە ناکەن کە تۆ بڵاوی دەکەیتەوە و هەرخۆیشت سەرچاوەیت . ئەو خەڵکە دەپرسن :

    - وەزیری سامانە سروشتیەکان هیچ کاتێ بە تاکە وشەیەک باسی ئەو ( ٨٥٠ ) تانکەرە نەوتەی نەکرد کە رۆژانە دەنێردرێ بۆ فرۆشتن لە تورکیا و ئێران، باسی ئەو هەشتا هەزار بەرمیلەی نەکرد کە دەدرێ بە دوو پاڵاوگە و هیچی دیکەی لێنازانرێ... هەتا لەم دواییەدا ئێن ئارتی پەردەی لەسەر لادان؟ ئیتر چۆن باوەر بەقسەکانت بکەن؟
  بەڵی دەبێ دانبەوەدا بنرێ کەوتارەکەی ئەم دواییەت هێندێ قسە و زانیاری ڕاست و دروستی تێدایە و دەکرێ کەڵکیشیان لێ وەرگیرێ، بەڵام مەخابن ئەمە بۆ  مەبەستێکی نادروست هاتووە.


ئاشتی هەورامی ئەو ڕاستیانەی وتووە تێکەڵ بە هێندێ شتی دوور لە ڕاستی بۆ ئەوەی سەر لەو خەڵکە بشێوێنێ و تەم و مژێکی خەست بخاتە سەر هەموو پرسەکە، لەلایەک و پەردەش دروستکات بۆ داپۆشینی گەندەڵی دواڕۆژیش لەم وڵاتەدا لەلایەکی دیکەوە.

باروونتر قسەبکەین : ئاشتی هەورامی دەڵێت "حکومەتی هەرێم ٢٠ ملیار دۆلاری لەم دووساڵەی کۆتاییدا قەرز کردووە زۆربەی ئەم پارەش بۆ پرسی کارەبا قەرز کراوە".  

   ئەمە چ لۆژیکێکە کاک ئاشتی؟ نابێ ئەو خەڵکە بەنەفام بزانیت کە هەرچی بڵێیت باوەرت پێدەکەن! ئەگەر ڕاست دەکەییت وەرە بەبەڵگە پێمانبسەلمێنە کەلەم دوساڵەدا ٢٠ ملیار دۆلار قەرز کراوە! کێ قەرزی کردووە؟ لەکام دەوڵەت یان بانک قەرزکراوە؟ کەی قەرز کراوە؟ لەچیدا خەرجکراوە؟

بپرسە: دەوڵەتێکی وەکو ئەندەنوسیا کە ژمارەی دانیشتووانی لە ( ٣٠٠) ملیۆن زیاترە لەدوو ساڵدا ٢٠ ملیار دۆلاری قەرز کردووە؟ یان کەسانێ هەن کە دەترسن بواری ئاودیوکردنی نەوت نەمێنێ و ئەو حەلە بەناوی بژاردنی قەرزی هەرێمەوە بەشی لەداهاتی نەوتەکە وەلاخرێ، گوایە قیستی قەرزەکەی هەرێمی لێدرایەوە!.
ئاشتی هەورامی دەشڵێت "بەشی زۆری ئەم ٢٠ ملیار دۆلارە خەرجکراوە لەماوەی ئەم دوساڵەدا بۆ چارەسەری کێشەی کارەبا" .
لەیەکێ وایە کە ئێستا وزەی کارەبای هەرێم بەشی دەوڵەتێکی ٥٠ – ٦٠ ملێۆنی دەکات، ئەوەش حاڵی کارەباکەمانە لە پاش ٢٥ ساڵ لە حوکمرانی پارتی و یەکێتی دەیبینین!.  
   
دۆسیەی نەوت کێشەیەکی سەرەکی ئەم وڵاتەیە و ئاشتی هەورامییش  بەدەستی خۆی خۆی تێوەگلاندووە و هیچ یارمەتیەکی ئەم خەڵکە ستەمدیدەی نەدا بۆ چارەسەری ئەم گرێکوێرەیە. چارە سەریش ئاشکرایە و ئاسانە: مامەڵەیەکی شەفاف لەگەڵ پرسی نەوت و تەسلیمکردنی دۆسیەکە بە پەرلەمان و وەزارەتی دارایی.

    جگە لەمەش دەسەڵاتدارانی پارتی و یەکێتی چەندین کۆمپانیای گەورە و ملیارەها دۆلاریان لەدەستدایە، وەکو ئەمریکیەکان لەسەر زمانی باڵوێزی پێشوویان کریستۆڤەر هێڵ رایانگەیاند و داواشیان لەوانە کرد کەئەو پارەیان لەژێر دەستدایە: باموچەی موچە خۆران بدەن.

 جەنابیشت، کاک ئاشتی، سەد لە سەد دەزانیت کە پرسەکە ئاوایە،  جابۆچی دەنگت ناخەیتە پاڵ دەنگی ئەمریکا؟ خۆ ئەگەر ئەمەش ناکەن یا بێ دواکەوتن دۆسیەی نەوت و مووچەی فەرمانبەران ڕوو بەڕووی عەبادی بکەنەوە؟  


PM:12:39:13/11/2016

ئه‌م بابه‌ته 5065 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی