پرسی نەوت و سەربەخۆیی هەرێم

‌بەهادین نوری


لەوتارێکیدا لە ئەلَمانیا بەرپرسی کارگێڕی م س – ی ن ک مەلا بەختیار ئاماژەی بەوە کرد کە کەیسی نەوت لە هەرێمدا ڕادەستی بەغدا بکرێتەوە بۆ دابین کردنی مووچە باشترە . چەندین کەس ڕەدیاندایەوە، دەڵێن ئەمە پاشەکشەیە لەداوای سەربەخۆیی هەرێم . جا ئەمە ڕاستە ؟ نەخێروانییە :

١- دەمێکە هەرێم خۆی نەوتەکەی دەفرۆشێت و کێشەی مووچەشی تا ئێستە چارەنەکراوە .. ئەمە کێشەی بەشی زۆری میلەتەکەمانە و نابێ هەروابمێنێتەوە .

٢- کەیسی نەوت بۆتە یەکێ لە هۆکاری خیلافات و ناتە بایی لە نیوان حزبە حوکمڕانە کانی هەرێمدا ، لە باتی یەگرتنیان هەرچوار حیزبەکە سەرۆکایەتی پ د ک تۆمەتبار دەکەن بەوە کە پرسی نەوت شەفاف نیە و پارتی دەستی بەسەرداگرتووە . تەنها سەرۆکایەتی و ئاشتی هەورامی دەزانن بەرهەمهێنان چەندە و بەچەند دەفرۆشرێ .

٣- پرسی سەربەخۆیی هەرێم پرسێکی سیاسیە نەک ئابووری و پێوەندی بە نەوتەوە نیە ، بەڵکو پێوەندی بە بەغدا و تاران و ئەنکەرە ووڵاتە زلهێزەکانەوە هەیە . لە کاتێکدا کە ئەو لایەنانە هەموو دەڵێن :
- بە ڵێ بۆ یەکپارچەیی عێراق … نەخێر بۆ جیابوونەوی کورد . هەرێم ناتوانێ یەکلایەنە ، بێ ڕێکەوتن لەگەڵ بەغدا یان هێندێ لایەنی دیکە ، سەربەخۆیی ڕبگەیەنێ ، چونکە ئەو ڕاگەیاندنە هەرێم ڕاپێچی جەنگێکی نوێ دەکات کە ڕەنگە لە رۆژانی جەنگی سەدام حسین خراپتربێت . لەشکری تورکیا و ئێران بە ئاسانی لەماوەی چەندرۆژێکدا هەموو شارەکانی کوردستان داگیردەکەن و گوندیشمان نەماوە تا ببنە داڵدەیەک بۆ ئەو خەڵکە . ئەو دەستکەوتە گەورانەش کەلەئەنجامی سالەهای خەبات و قوربانیدا ، بۆ یەکەم جار بەدەست هاتوون لە پڕ لەکیسدەچن .

ئەمرۆ بۆ چوونی مەلا بەختیار بەجێیە وەک رێگە چارەیەک بۆ قەیرانی مووچە . تاکە ریگەش لەم قۆناخەدا بۆ دابینکردنی سەربەخۆیی کە پرسێکی رەوایە ریگەی دیموکراتیزەی عێراقە چونکە دەبێ بەرێگەی ئاشتیانە کورد مافی جیابوونەوە وەربگرێ . ئەمەش بە ئاسانی دەکرێ ئەگەر رژیمیکی دیموکراتی و بواری جیابوونەوە هەبێ لەرێگەی راپرسێکی ئازادی دیموکراسیانە بکرێ وەک لە وڵاتە دیموکراتیەکاندا دەکرێ


PM:04:28:29/10/2015

ئه‌م بابه‌ته 4016 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی