ھەلومەرجی کار و ھەژموونی سەرمایەدار

‌عوسمان زیندانی‌



لە چوارچێوەی پرۆسەی کارو بەرھەم ھێناندا، دوو بابەتی گرنگ ھەیە کە پەیوەستە بەمافی کرێکارانەوە ئەویش ( کاتی کارکردن و کرێی کرێکارە )کەدەبێت لەھەلومەرجی کاردا لەسەر بنەمای دادپەروەری ڕەچاو بکرێت٫ لەناو ئەم پرۆسەیە دا( ھێزی کار) ی کرێکار سەرچاوەوھۆکاری سەرەکی دروست کردنی کاڵا و شمەکە، و بێ توانای بیر وبازووی ئەم چینە وتەرخان کردنی کاتی کرێکار ناتوانرێ پرۆسەکە بە ئەنجام بکات. 

لەدرێژایی مێژوودا چینی کرێکار کرێی کاری وەرگرتوە لە بەرامبەر ئەو کارو کاتەی تەرخانی کردووە بۆ خاوەنکار تەنھا لە قۆناغی کۆیلایەتیدا نەبێت کە نەکات دیارکراوە بۆ کار و نەکرێ دراوە بە کرێکار تەنھا دابین کردنی ژیانێکی کولەمەگی بۆ دەستە بەرکراوە، بەڵام لەگەڵ بەردەوامی و بەرەوپێش چوونی ژیان وململانی نێوان ( کار و سەرمایە )دا کرێ و کاتی کار بووەتە بەشێکی گرنگ لەناوکێشمەکێشی نێوان(چینی کرێکارو چینی سەرمایەدار )و بەرئەنجامی ئەم ململانێیە وپێبەپێ بەھێزبوون و خەباتی مێژووی چینی کرێکار لەناو یاسای نێودەوڵەتی و یاساکانی کار ی نیشتمانی توانراوە (۸) کاتژمێر دیاری بکرێت بۆ کاری ڕۆژانە و کرێیەکی گونجاوکە ژیانێکی شایستە دابین بکات بۆ کرێکار، بەڵام چینی سەرمایەدار لەبەرچاوچنۆکی و ھەڵپەی بۆ کۆکردنەوەی زۆرترین سەرمایە ھەمیشە بەبەرنامە کاری کردووە بۆ ئەوەی بەکەمتری کات زۆرترین بەرھەم بەدەست بێنێت و کەمترین کرێ بدات بە کرێکارو ڕۆژانە یاساو ڕێنماییەکان پێشێل دەکرێت و زیاتر لە (۸)کاتژمێر کار بەکرێکار دەکەن و لەزۆرناوەندی کاردا کرێی کەم دەدەن بە کرێکاران کەبەشی ژیانێکی پڕ لەکەرامەت ناکات.

لەکاتێکدا کە ئەم ھەموو بەرھەم و سامانەی ھەیە وەک فەیلەسوفی گەورە (کارل مارکس) لەشیکاری و ووردەکاریەکانی (کتێبی سەرمایەدا ) خستوویەتیەڕوو، بەرە ی رەنج و ھێزی کاری کرێکار کە بەپێی ( یاسای زێدە بای -فائیڤ القیمە) سەرمایەدار لەکرێکاری دەدزێت ٫ ئەم ناعەدالەتیە لەتەواوی جیھانی سەرمایەداریدا بەردەوامەو بەدیاری کراویش لەناو ئەو دەوڵەت وھەرێمانەی سروشتێکی سەرمایەداری وابەستەیی دواکەوتووانەی ھەیە بەناوەندە سەرمایەدارەکانەوە کەھەرێمی کوردستان بەتەواوەتی وابەستی ڕەھای ئابووری ھەیە بە سیستەم و سیاسەتەکانی جیھانی سەرمایەدارییەوە و بەوھۆیەوە چینی کرێکار ڕۆژانە ڕووبەڕووی چەوسانەوە دەبێت و کاری زۆر و کرێی کەمی پێ دەدرێت و ھەژموونی سەرمایەدار بووتە مایەی ناڕەحەتی و بارگرانی بۆژیانی چینی کرێکار کە ھێزی ڕاستەقینەی بەرھەم ھێنانن، لەدۆخێکی وای پڕ لەستەمی چینایەتیدا پێوویستە کرێکاران بە یەیکگرتووی و یەکڕزی چینایەتیان و بە ھۆشیاری و ئاگایی سیاسیەوە خەباتی ڕۆژانەو پیشەیی سەندیکای ببەستنەوە بە خەباتی سیاسی وفکریەوە و لەبەرمبەر حکومەتە سەرمایەدارەکان و خاوەنکاردا لەمەیدانی ڕووبەڕووبوونەوەی ھەمەلایەنەدابن و ھەرحزب و ھەێزێکی سیاسیش خۆی بەھەڵگری ئایدیای ڕزگاری چینی کرێکار دەزانی ئەمە سەرخەت و بەرنامەی رۆژانەو ھەڵوێستە سیاسیەکانی بێت تابتوانرێت کرێکاران لە چەوەسانەوەو بێ مافی ڕزگار بکەن. 


AM:09:26:23/01/2021

ئه‌م بابه‌ته 1204 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی