سەرۆکی حکومەت نابێ وەک خێرخوازێکی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکه‌داا بکا!

‌ٍٍٍشەمۆڵ ئاشتی


لەگەڵ ئەوەی بەندە وەک ئەندام پەرلەمانێک، هەرگیز نەمویستووە موزایەدا بە کارو چالاکیەکانمەوە بکەم و خزمەتکردن بکەمە منەت بەسەر شانی خەڵکەوە،بەڵام کاتێک گوێبیستی هەواڵی بەخشینی مووچەو شایستە داراییەکانی سەرۆکی حکومەت بووین بە تووشبووانی کۆڕۆناو خەڵکانی کەم دەرامەت،بە پێویستمان زانی چەند سەرنجێک لەو بارەیەو بخەینە ڕوو:

یەکەم/من ئەندامی پەرلەمانم و  لە ڕووی داراییەوە لەگەڵ سەرۆکی حکومەت جیاوازیمان ئاسمان و ڕێسمانە،بەڵام لە ماوەی ساڵێک و چوار مانگی دەست بەکار بوونمدا،بە بەڵگەو بە شایەدی هاوکارو نزیکەکانم،لە هەموو موچەیەکمدا نیوە زیاتریم بە خەڵکی کەم دەرامەت بەخشیوەو بە شایەدی ئیدارەی شارەکەش،زۆر جار لە ڕووی ماددیەوە هاوکاری دامو دەزگاکانی ئەو حکومەتەمان کردووە،کە کاک مەسرور سەرۆکیەتی و دەبوو ئێمە وەک ئەندام پەرلەمان تەنها چاودێرییمان بکردایە!

دووەم/بەو پێیەی سەرۆکی حکومەت سەرکردەیە لە گەورەترین حزبی کوردستان و یەکێک لە حزبە زۆر دەوڵەمەندەکانی جیهان،دەکرا هەر لەگەڵ دەست بەکار بوونیدا،وەک هەست کردن بە بوونی ئیرادەیەکی چاکسازیخواز تیایدا،وەک ئەوەی کە ئەندامانی حزبەکەی بانگەشه‌ی بۆ دەکرد،لە یەکەم هەنگاودا مووچەو سەرجەم شایستە داراییەکانی خۆی ببەخشێت،نەک لە کاتی بوونی قەیرانێکی دیاری کراودا،وەک خێرخوازێکی ئاسایی مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکاو موزایەدە بە بەخشینی موچەکەیەوە بکات.

سێیەم/وەک ئاگادارین لە ئێستادا بە بیانووی ئیلتیزامکردن بە بڕیارو ڕێنماییەکانی لیژنەی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا،دابەشکردنی موچەش تاخیر کراوە،بۆیە دەبوو سەرۆکی حکومەت ئەوەشی ڕوون بکردایەتەوە،کە ئەو کەی و چۆن موچەکەی وەردەگرێت و بە چ میکانیزمێک دابەشی دەکات بەسەر تووشبووانی کۆڕۆناو خەڵکی کەم دەرامەت!

چوارەم/دروست کردنی نەخۆشخانەی تایبەت بۆ تووشبووانی کۆڕۆنا،یەکێکە لە گرینگترین و سەرەکیترین ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆناو دەبوو لە ڕووی ماددیەوە ئەرکە گەورەکە لەسەر شانی حکومەت بووایەو خێرخوازایش بە شێوەیەکی ئارەزوو مەندانە دەستی هاوکاریان درێژ بکردایە،بەڵام وەک دەبینین بە پێچەوانەوە ڕۆڵە ئەساسیەکە خێرخوازان دەیگێڕن و حکومەتیش کەمترین ڕۆڵی هەیە لەو ڕووەوە.بۆیە دەبوو سەرۆکی حکومەت لە ئێستادا لە بری بەخشینی مووچەکەی،ئەرکی دروست کردنی چەند نەخۆشانەیەکی گەورەی بگرتایەتە ئەستۆی خۆیی و دوای کۆتایی هاتنی ڤایرۆسەکەش،بڕیاری بەخشینی موچەکەی بدات تا تەواوبوونی ماوەی کابینەکەی نەک بۆ ماوەیەکی دیاری کراو،بێ گومان ئەو کاتیش ئێمە لە جیاتی ڕەخنە ستایشی هەڵوێستەکەی دەکەین!


PM:09:17:17/03/2020

ئه‌م بابه‌ته 2196 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی