لەڕووناكییەوە بۆ تاریكی.! بەشی-٧١- -٧٥-

‌رزگار عه‌زیز - پۆڵا


لای ھەمووان ئاشكرایە کە، چەخماخەی ڕاپەڕین لە كوردستان، لە بەرەبەیانی ١٩٩١/٣/٥دا، لە رانیەوە هەڵکرا، بە ئازادكردنی شاری كەركوك لە ڕۆژی نەوروزدا كوتایی پێھات.
ئێمەیش شەوی نەوروز، مۆممان لە ھەموو ژوور و رێرەو و ھوڵ و كونج و قوژبنی زینداندا داگیرساند، دەنگی رادیۆكان بەبەرزی دەبیسترا، سرودو دوا ھەواڵەكانی راپەرین و ئازادکردنی كەركوكی بڵاو دەکردەوە، ئەو شەوە ژمارەێكی زۆر کەم لە زیندانییەکان، ھەستیان بەوە دەكرد کە لە زینداندان، ئێمەش لە گەڕەكەكانی كەركوك(شورجە، پریادی، ئێسكان، ئیمام قاسم، موسلا، مەمدودە، تەپە، رەحیم ئاوا، شاترلو، بەگلەر، تسعین و سەر قەلا)و لە شەقامەكانی شاری باباگوڕگور بووین، ھەر ھەموومان دڵخۆش بووین، ھەڵپەڕكێ و گورانی بوو لە ھەموو لایەكەوە، یەك تۆز ترسمان نەما بوو، ئەی بۆ بترسین؟ چی دەبێت باببێت، ئەوەتا خەونی ساڵەھای ساڵ بەدیھات، خوێنی شەھیدان بە فیڕۆ نەڕۆیشت، شانازییە بۆ ئێمە کە زیندانین، ڕێگای خەباتمان بەرھەمی ھەبوو، ئەم شەو ئێمە ئاسودەین، گەلی ڕاپەریوی کوردستان، تۆڵەیان لە جەلادەكان كردەوە، ھاوزیندانیەكان پیرۆزباییان لەیەکتری دەکرد، بەبۆنەی جەژنی نەوروز و ئازدكردنی خاکی كوردستانەوە.
ئێمە لەزینداندا چاوەرێمان دەكرد، ئەمرۆ نا بەیانی، ڕاپەڕین لە موسڵیش دەست پێبكات، ھەرچەندە زۆربەی ئەفسەرەكانی سوپاو دەستگا ئەمنییەكانی رژێم، خەڵكی موسل بوون، بەڵام ئەوەش دەزانین کە موسڵ كوردی زۆری لێیە، خەلكی راپەڕیوی کوردستان و ھێزی پێشمەرگە زۆر نیزیك بوون لەم شارەوە، تۆ بڵێیت كەس نەبێت، بیر لە ئێمە بكاتەوە؟
بەداخەوە یەكەم نائومێدی بۆ ئێمە لە جەلال تالەبانییەوە بوو، كاتێك گوتی، ئێمە ناڕۆین بەرەو شاری موسل، بۆ ئەوەی نەبێتە شەڕی كوردو عەرەب، زۆری پێنەچوو لە تەلەڤزیونی سوریاوە، دیمەنی كۆڕەوەکەی خەڵكی كوردستانمان بینی، لە دوای ھێرشی سوپای ڕژێمی عێراق، چاوەكانمان پر دەبوو لە فرمێسك بۆ خەلكی ئاوارە، بۆ ئەو خەڵکەی لەسەر سنورەكانی ئێران و توركیا گیریان خواردبوو، ھەر دیمەنێك لەوانە، مردنێك بوو بۆ ئێمە.
زیندانییەک هەر لەیەكەم رۆژی زیندانەوە، بیر لە ئازادی دەکاتەوە، بێگومان یەكێك لە ڕێگاكانی ئازادی، هەڵهاتنە لە زیندان، لێرە لەگەڵ دەستپێکی ڕاپەڕیندا ئەو دەرفەتە بۆ ھەندێكمان هەبوو، بەڵام ئێمە بیرمان لە كارێكی گەورەتر دەکردەوە، ئەویش راكردنی بەكۆمەڵ واتە(شكاندنی بەندیخانە) بوو٫ لەم زیندانەدا ئەو كارە دەكرا، لەبەر ئەوەی لە نێوەندی زۆربەی زیندانیەكاندا متمانە ھەبوو، ژمارەیەكی زۆرمان پێش زیندانی پێشمەرگە بووین، بارودۆخی دەرەوەی  زیندانیش یارمەتی دەر بوو.
كومیتەیەكمان لەناو خۆماندا دروستكرد، بۆ دانانی نەخشەیەك بۆ ئەم مەبەستە.
لەڕێگای ئەنقەرەچییەكانەوە (ئەنقەرەچی وشەیەكی توركییە، بەو زیندانییەیان دەگوت کە، كاری خزمەت گوزاریان دەکرد لە زیندان، لەلایەن زیندانیەكانەوە یارمەتی دەدران بە برێك پارە)، ئەوانە خاشاكیان دەبردە دەرەوەی بەشەكەمان(قسم)، زانیاریمان كۆكردەوە لەسەر تاوەری چاودێری و دیوارەكانی دەرەوە، لە ڕێگای ئەو زیندانیانەی کە خەڵکی موسڵ بوون، لەسەر ئامادەكردنی بارھەڵگر ڕێککەوتبووین، بەتایبەتی بۆ كەسانی پەككەوتوو، شێخ فاتح خەڵكی ھەورامان بوو، ھاوسفرەی من و ھاوڕێ سعدون و ھوشیار بوو، دەمانچەیەكی چواردە خۆری لە تەختە دروستكردبوو بۆمان، ڕەنگی کرد به بۆیەی ڕەش، ھیچ كەسێک نەیدەزانی تەختەیە.
نەخشەی ڕاكردنەكەمان بەم شێوەیەی خوارەوە داڕشبوو:-
خەلەف جەرجەری پەیوەندیەکی باشی لەگەڵ بەرێوەبەرایەتی زیندانەکەدا هەبوو، میواندارییەکی خواردنی ئێوارە بۆ پاسەوانەکان و ئەفسەری ئێشكچی(ڤابگ خەفەر) سازبکات، ئەو لەوەوپێش میوانداری وای سازکردبوو بۆیان.
زیندانییەكی دیکە كە كاری بۆ بەڕێوەبەرایەتی زیندان دەكرد، سینییەك خواردن بەرێت بۆ ئەو پاسەوانەی لای دەرگای سەرەكیەوەیە، لەكاتی كردنەوەی دەرگا شیشبەندیەکەی نێوان ڕێرەوی زیندانیەكان و بەشی بەڕێوەبەرایەتی  زیندان، لەوکاتەدا دەستەکەی من بە دەمانچە تەختەكەوە، دیلی بكەین، دوای دیلكردنی پاسەوانەکە، دەست بەسەر كلاشنکۆفەكەیدا بگرین، دوابەدوای ئەوە دەست بە سەرعەمار(مشجب)ی، چەكەكاندا بگرین و ھێڵی تەلەفون ببڕین و كونتڕوڵی دەرگای سەرەكی بەشەكەمان بكەین، دوای ئەوە دەستەیەك داندرابوو بۆ ئەوەی ھێرش بكەنە سەر، ئەو پاسەوانانەی میوان بوون لە ژوورەكەی خەلەف جەرجەری و قۆڵ بەستیان بكەن.
كەرەستەی پێویست داندرابوو بۆ سەركەووتن بەسەر دیوارەكەی دەرەوەی زینداندا، وە هەروەها لەرێگای زیندانییەكی ئێزدیەوە، پەیوەندیی دروستكرابوو لەگەڵ  پاسەوانێكی ئێزیدی لە تاوەر(بورج)ی چاودێری، و هەموو پاسەوانەکانی    دەرگای سەرەكی بەندیخانەی بادوش، کە ئەگەر هاتوو ئاگاداری  شتێكی نائاسایی بوون، ئاگادارمان بکەنەوە، خواردنی پێوستمان دابینکرد بۆ ڕێگا بۆ زیندانیەکان، بۆ ئەوەی پێوستیمان بە ئاوایی نەبێت، شارەزامان لەگەڵ بوو، بۆ ئەوەی بەرەو سنوری سوریامان بەڕێت.

لە ڕووناكییەوە بۆ تاریكی.!
بەشی -٧٢-
رۆژی جێبەجێكردنی پلانی شكاندنی بەندیخانە و هەڵهاتنی بەکۆمەڵە، كارەكان وە هەروەها ھەواڵەكانی دەرەوی زیندان باش بوون، هەستمان بە ھیچ گۆڕانگارییەك نەدەکرد، بڕیارمان دا کە ئەم شەو پیلانەكەمان جێ بەجێ بکەین.
ھەوڵەکەمان لەسەر ڕێنمایی و بڕیاری ھیچ حزبێك نەبوو بەڵام، ئەركەكان، جێبەجێكردن، راسپاردن وە ھەڵبژاردنی كەسەكان، لە ڕێگای كەسایەتیە حزبییەكانی ناو زیندانەوە بوون، سیانمان زانیاری تەواومان لەسەر ھەموو نەخشەكە هەبوو(ماموستا نسروللا، حەمەروستەم و من)، ئەوانی دیکە ئاگادارییان، بەپێی ئەو ڕۆڵە بوو کە لە پلانەکەدا بۆیان دیاریکرابوو.
بێگومان ھەر یەكێك لە ئێمە، وتووێژی لەگەڵ ئەوكەسانەدا کردبوو، کە متمانەی تەواوەتی پێیەتی، ئەوانەی من گفتووگۆم لەگەڵدا كردبوون، دوو ھاوڕێ نەبێت، ھەموویان لەگەڵ پلانەکەدا بوون.
ئەو زیندانییانەی کە لە دەستەکاندا بوون و ئەوانەی ڕۆڵیان ھەبوو لە جێبەجێكردنیدا، ھەر لە بەیانییەوە ئاگادار كرانەوە بۆ خۆئامادەكردن، وە ئەوانەش کە جێگای متمانە بوون، دوو كاتژمێر پێش جێبەجێكردنی پلانەکە ئاگاداركرانەوە، ھەر یەکەو كوڵەپشتێكی بۆخۆی ئامادەکرد، بۆ هەڵگرتنی خواردن بۆ ڕێگا، وەك(پەتاتە، ھێلكەێ کوڵاو، نانی تیری، وشتی تر)، بێگومان ھەندێك لەو زیندانییانەی کە ھیچ ئاگاداری پلانەکە نەبوون، ھەستییان بە شتێکی نائاسایی دەکرد، بەڵام ئەو شتە چییە نازانن، لەھەمان كاتدا ھەندێك زیندانیمان دانابوو، بۆ ئەوەی چاودێری ئەو زیندانییانە بکەن كەجێگای گومان بوون.
خەلەف جەرجەری خوانەکەی ئامادەكرد، ڕۆیشت میوانەكانی  ئاگادار بکاتەوە، بۆ ئەوەی بفەرموون بۆ نان خواردن، ھەردوو دەستەی ھێرشكردن، (یەك یەك و دوو دوو)، لە ناو زیندانیەكاندان، بەڵام ئامادەن و چاوەڕێی فەرمان دەكەن بۆ ئەوەی ئامادە بن بۆ کۆبونەوە، لەو جێگایەی کە بۆیان دیاریکرابوو، زۆری پێنەچوو، بەشێك لە پاسەوانەكان چوون بۆ ئەو ژورەی خەلەف خوانەکەی تیادا ئامادەکردبوو، دانیشتن بۆ نانخواردن، بەڵام ئەفسەری ئێشكچییان لەگەڵدا نەبوو، خەلەف  بەدەستی ئاماژەیەكی كرد، مەبەستی ئەوە بوو کە ئێمە چاوەڕێ بکەین، دوای چەند خولەكێك، ئەفسەری ئێشكچی لەگەڵ دوو پاسەوان ھاتنە ڕێرەوەكەوە، بەرەو ژووركەی خەلەف ڕۆیشتن، ئەوانیش لەوێ دانیشتن.
دەستەكەی من لە نیزیك دەرگا شیشبەندیەکەی نێوان ڕێرەوی زیندانیەكان و بەڕێوبەرایەتی بەندیخانەکە کۆبوینەوە، من چەكدار بووم، بێگومان بە دەمانچە چواردەخۆرە تەختەكە، چاوەڕێی ئەوەمان دەكرد، کە میوانەكانی خەلەف، دەست بکەن بە نان خواردن، وە لەهەمان کاتدا سینییە خواردنەکە ببرێت بۆ، پاسەوانەكەی دەرگاکە، بۆ ئەوەی ئێمەیش لەگەڵ دەرگا كردنەوەکەدا بۆ وەرگرتنی سینیەکە، هێرش بکەینە سەری و چەکی بکەین، بەهۆی ئەوەوە کۆنتڕوڵی دەرگاكە بكەین، لەھەمان کاتدا، دەستەكەی دیکە، ئامادەبوون بۆ ھێرشكردنە سەر میوانەكان و قوڵبەستیان بكەن، تا ئێستا ھەموو شتێك بەپێی پلانەکەمان دەڕوات.
ئێمە لە چاوەڕوانی سینییە خواردنەكەدا بوین بۆ پاسەوانەکە، بەڵام لە جیاتی ئەوە، ئەفسەری ئێشكچی(ڤابگ الخفر)، لەگەڵ دوو پاسەوانی دیکە، لە ژوورەكەی خەلەف چونە دەرەوە، ڕۆشتنەوە بۆ دیوی بەڕێوەبەرایەتی زیندان، بەڵام ئەوانەی دیکە، لەمیواندارییەکەی  خەلەف مانەوە. 
بەبێ ئەوەی بزانم چی ڕویداوە، ڕاستەوخۆ بڕیارم دا کە چالاكییەكەمان ڕابگرین، ھەر كەسە بگەرێتەوە بۆ جێگای خۆی، بارەكە ئاسایی بكرێتەوە.
دوایی بۆمان دەركەوت کە، هۆکاری ڕۆیشتنی زابت خەفەر لە ژورەکەی خەلەفەوە ئەوەبوو، ئەو نەیزانیبوو کە ئەو ھەمووە پێكەوە میوانی خەڵەفن، ئەو داوای كردبوو کە، عەریف خەفەر و دوو پاسەوان بڕۆن، بەڵام ئەوان ڕازی نەبوو بوون، بەو هۆیەوە دەمەقاڵێ لە نێوان خۆیاندا درووست بوو بوو، لە ئەنجامدا زابت خەفەر خۆی ھەڵستابوو لەگەڵ دوو پاسەوان، ژورەكەیان بەجێ ھێشتبوو.
كۆبوینەوە و بڕیارمان دا کە لە دوای دیداری داھاتووی كەسوكارمان، جارێكی دیکە، ھەوڵێكی تری  شكاندنی بەندیخانە بدەین، بەڵام دوو رۆژی پێنەچوو، شەوەكەی گوێمان لە تەقەیەكی زۆر بوو، ھەر وەك ئەوە وابوو، شەڕ بێت لە نێوان دوو لایەندا، دەنگی تەقەكان لە ئێمە زۆر نیزیك بوون، ئێمە بیر و شیكردنەوەی جۆراوجۆرمان ھەبوو بۆ ئەو تەقانە، تۆ بڵێیت هێرش نەبێت بۆ سەر بەندیخانە، بۆ رزگار كردنی ئێمە.

لەڕووناكییەوە بۆ تاریكی !.
بەشی -٧٣-
بۆ ڕۆژی دوایی زانیمان کە ئەو تەقە زۆرانەی شەوی پێشتر چی بووە، زیندانییەكانی بەشی قورس(پقیله)ی بادوش،  هەڵهاتنی بەکۆمەڵیان ئەنجام دابوو، بەندیخانەیان شکاندبوو، ڕووداوەکەش بەم شێوەیە بووە:-
بارێکی گرژی و ئاڵۆزی لەناو بەشەكەدا ڕوویداوە، ھەندێك لە پاسەوانەكان ویستویانە كونتڕولی دۆخەکە بكەن، بەڵام لەتوانایاندا نەبووە، کۆمەڵێک لە زیندانییەكان، بە بتلە غاز هێرشیان کردۆتە سەر دەرگاکان، لەوکاتەدا پاسەوانەكان دەسڕێژی گولەیان لێکردوون، ژمارەیەکی زۆر لەزیندانییەكان ڕاستەوخۆ لەوێدا كوژراو بریندار دەبن، ژمایەکیش دەتوانن بگەنە دیوارەكانی دەرەوە، لەوکاتەی لە ھەوڵی سەرکەوتندا بوون بەسەر دیوارەكاندا، پاسەوانەکان لە تاوەری چاودێری(بورج الحراس)یەوە، لەژێر تیشكی بلاچكتوردا، بەردەوام بوون لە گولە بارانكردنیان، بەمەش ژمارەیەک زیندان كوژرا و بریندار بوون، بەڵام ھەندێك سەركەوتوو بوون لە، سەركەوتن بەسەر دیوارەكاندا،  خەڵكی گوندەكانی دەوروبەری بەندیخانەکە، دەستگیریان دەکەن و ڕادەستی هێزەکانی ڕژێمیان دەکەنەوە، ژمارەیەكی زۆر كەم رزگاریان بوو بوو.
لەدوای ئەو ڕووداوە دەوروپشتی بەندیخانەی بادووش بە ھێزێكی زۆر و چەند زریپۆشێک دەوەرە درا. ئەو ڕووداوەی بەشی قورس و ھاتنی ئەو ھێزە زۆرە، وای لە ئێمەیش کرد، لەم كاتەدا بیر لە هەڵهاتن نەكەینەوە.
دوای کۆڕەوەکەی خەڵکی کوردستان، بە پێشنیاری فرنسا و پشتیوانی ئەمریكاو بەریتانیا، بڕیاری (٦٨٨) ی، ئەنجومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتی دەرچوو، بۆ دروستكردنی زۆنێکی ئارام لە سەروو ھێڵی پانی ٣٦ و  قەدغەكردنی فڕینی فرۆكەكانی ڕژێم لەو ناوچە ئارامەدا، ئەمەیش بارودۆخەكەی لەشارەكانی دھۆك و ھەولێر و سلێمانی ئارام كردەوە، خەڵكەكە گەڕانەوە، بەڵام باری ئابوری میللەتەکە لە خراپەوە بۆ خراپتر دەڕۆیشت، لە سەرانسەری عێراق و كوردستان، ئەمەیش کاریگەری خراپی کردە سەر گوزەرانی ئێمە.
ماوەیەكی باش بەسەر هەوڵی شکاندنی بەندیخانەدا ڕۆیشت، دوای نانی نیوەڕۆ بوو لە ژوورەكەم پاڵكەوتبووم، مامۆستا نسروڵلا ھات و گوتی، لە بەڕێوەبەرایەتی زیندانەوە تۆیان دەوێت، لێم پرسی نازانیت بۆ؟ گوتی نەخێر، بەڵام بە بۆچونی خۆم، ئەو شتێكی دەزانی و نەیدەویست بیڵێت، كاتێک چوومە بەشی بەڕێوبەرایەتی زیندان، بیجگە لە پاسەوانەكانی زیندان، ئەفسەرێك و چەند پۆلیسێكی دیکەی لێبوو، کەلەپچەیان كردە دەستم، دوابەدوای من زیندانییەكی دیکەیان ھێنا، ناوی تەمەر شەمدین تەمر بوو، کە ئێزیدی بوو وە خەڵكی گوندی خەتار بوو، ئەو چەند ساڵێك پێش من زیندانی بوو، لەسەر پارتی دەستگیر کرابوو، کەلەپچەی دەستی چەپی منیان كردەوە، كردیانە دەستی راستی ئەو، بەم شێوەیە دەبوایە من یان تەمەر دەستێكمان بە بەرزی راگرتایە، یاخود ڕوومان بە پێچەوانەی یەكترییەوە بوایە، زۆری پێنەچوو چالاكیان ھێنا، چالاك پێشمەرگەی یەكێتی بوو، بە پارچەی گولەی RBG چاوێكی لەدەست دابوو، زۆر قسەخۆش بوو، ھەمیشە دەیگوت، كەس وەك من نییە(بەیەك چاو سەیری ھەمووتان دەكەم)، دوای چالاك ئیبراھیمیان ھێنا، ئیبراھیم سیاسی نەبوو، تا ئەندازەیەک کەسێکی دوورە پەرێز بوو، لەبەر ئەوەی كاتی خۆی گورانییەكی بۆ قادسییەی سەدام گوتبوو، دوای ئەو خدركەچو مورادیان ھێنا، زیندانییەكی ئێزدی بوو، بردیانینە ژووری بەڕێوبەر، عەقید ئەبو فەرەزدەقی بەڕێوبەر دانشتبوو، گوتی ئێستا ئەتانبەن لێرە، جارێكی دیکە دەموو چاوتان نابینمەوە، منیش گوتم ئەی كەل و پەلەكانمان؟گوتی ھیچ شتێك نابەن لەگەڵ خۆتان، گوتم باشە ئەڕۆینە ژوورەوە، بۆ ئەوەی ماڵئاوایی لە ھاوزیندانییەكانمان بكەین، وەهەروەها  پارەكانمان بهێنین.
دوای چەندو چونێكی زۆر، گوتی باشە با پارەكانتان بۆ بهێنن، لەگەڵ پارەكانماندا، زیندانییەكان چەند بەتانییەكیان ناردبوو بۆمان.
لەدەرەوە دوو ئۆتۆمبیل وەستابوو، یەكێكیان  داخراو(كەپس)بوو، دەرگای كەپسەكەیان كردەوە و ئێمەیش  چوینە ناوی، دوو كەس لە ناوەوە دانیشتبوون، یەكێكیان جلی سەربازی خاكی لەبەردا بوو، دەستی لەدواوە کەلەپچە کرابوو، چڵكن و ماندوو، ئازاردانێکی زۆری پێوە دیاربوو، ئەوی دیکە جلی كوردی، پشتێن لەناو قەدی، جەمەدانەیەکی بەسەرەوە بوو، ڕیشی پاك تاشیبوو، ئەوندە پاك بوو، دەتگوت ھەر ئێستا لە گەرماو(حەمام) ھاتۆتە دەرەوە.
ئێمەش دەمانەوێت  تێبگەین، ئەم دوانە کێن، بۆ یەكێكیان بەو جلە خاکیە چڵکەنەوەو ئاوا کەلەپچە کراوە، ئەوی دیکەشیان، قیتو قوز و بەبێ كەلەبچەش دانیشتوە، بە كوردی پێم گوت كاكە چۆنی، گوتی باشم، گوتم ئێستا ئێوەیان لەکوێوە ھێناوە؟ گوتی ئەی خۆی غەشیم دەكات نامناسێتەوە، گوتم  نەخێر ناتناسم، گوتی  ئەعوز باللە من شەیتان رەجیم، ئەڵێت ناتناسمەوە.
ماویەتی.



لەڕووناكییەو بۆ تاریكی!
بەشی -٧٤-
کە کابرای کورد گوتی، ئەعوزو باللە من الشیگان الرجیم، خدر كەچۆ موراد توڕە بوو، بە كابرای گوت، ڕێزی خۆت بگرە، بۆ باسی شەیتان دەكەیت، کابرا جارێكی دیکە ئەعوزو باللەی كردەوە لە شەیتان، خدر دوو ئەوندەی دیکە توڕەبوو، باش بوو كەلەپچەی لە دەستدابوو، كابراش نەیدەزانی خدر بۆچی توڕەیە، منیش بەخدرم گوت، بابە جارێ لە خودا و شەیتان گەڕێ، با تێبگەین چی دەگوزەرێت، ئەگەر چی تەمەریش ئێزیدی بوو، بەڵام ئەو کەسێکی عاقل بوو، بە خدری گوت بێ دەنگ بە.
ناچار بووم ڕوبكەمە كابرای جل خاكی، دیار بوو عەرەب بوو، بەعەربی پێم گوت(اخی منین جایبینكم)، برام ئێوەیان لە کوێوە هێناوە؟ گوتی ئێمەیان لە بەشی قورسەوە هێناوە، گوتم بۆچی تۆیان بەو شێوەیە كەلەپچەكردووە، بۆ کوێت دەبەن؟ گوتی من لەو زیندانیانەم كەھەڵھاتین، دوای ئەوە چومەوە بۆ سەربازی، دوای ماوەیەك کە زانییان لە زیندان ھەڵھاتووم، گەڕاندیانمەوە بۆ زیندان، وا ئێستایش لەسەر کەیسێکی دیکە دەمبەن بۆ دادگا، گوتم ئەی ئەو برادەرە(مەبەستم كاكەی كورد بوو)؟ گوتی نایناسم، بەڵام ئەویش لە بەشی قورسەوە سواریانکرد، وادیارە تەواو نییە.
ھەوڵمدا بە شێوەیەكی دیکە لەگەڵ كاكەی كوردا بدوێم، گوتم دەمێكە ماڵەوەت نەدیوە؟ گوتی ئەی گوایە ئاگات لێ نییە، بەكورتی ھیچی لێ تێنەگەیشتم، تەنھا ئەوە نەبێت کە بەردەشانییە، خەڵكی لای بەری مەرگەیە، ھاوزیندانیەكانم ترسیان لەوە هەبوو کە من ئەم كاكەیە بناسم و پەیوەندی بە ھەوڵی ھەڵاتنەكەمانەوە ھەبێت، بەڵام من لەو بارەیەوە دڵنیام كردنەوە، گوتم ئەم كاكەیە باری دەرونی باش نییە.
من خۆم بیرم لەوە دەكردەوە کە بۆچی، تەمرو چالاك و خدر و ائبراھیمیان ھێناوە لەگەڵ مندا؟ ئەمانە هیچیان راستەوخۆ لەگەڵ مندا نەبوون، لە ھەوڵی شكاندنی بەندیخانەدا، ئەگەر لەسەر ئەوەبێت!
بە تەمەرم گوت ھیچ شتێک دەزانیت دەربارەی ھێنانی تۆ؟ تەمر گوتی تەنھا یەك شت ھەیە، ئەویش ئەگەر لەبیرت بێت، پێش ماویەك لە گوڕەپانی زیندان، تۆ بەرامبەر بەڕێوەبەر وەستایت، دەربارەی كەمكردنەوەی كاتی دیدار، ئەو كاتە من و چالاك و خدر، پشتیوانیمان لەتۆ کرد، ئیبراھیم گوتی من بۆ خۆم داوای گواستنەوەم كردووە بۆ ئەبو غرێب.
ئێستا بۆمان دەركەوت کە ئاڕاستەمان بەرەو بەغدادە.
لەناو کەبسەکەدا، هەستمان بەوە کرد کە گەیشتینە ناو شاری موسل، ئۆتۆمبیلەکە وەستا، دەرگایان كردەوە و ئێمەیان دابەزاند، من وچالاك و كاكەی كوردیان برد بۆ  ھۆڵێك، کە بە دوو پێپلیكانە دائەبزیتە خوارەوە، تەمەر و خدرو ئیبراھیم و جل خاكییەكەیان برد بۆ شوێنێکی دیکە.
ھوڵەكە زیندانی زۆر لێنەبوو، بەئێمەوە پانزە كەسێك دەبووین، ئاودەست و شوێنی خۆشتنی تێدا بوو، لە زیندانیەکانەوە زانیمان کە ئێرە بنكەی پولیسی(زنجلی) پێدەڵێن، جێی گواستنەوەی(تەسفیرات)زیندانییە، لە یەكێك لە گەڕەكەكانی شاری موسڵە.
كومەڵێ گەنجی موسلاوی لێبوو، دیاربوو کە پەروەردەیان تەواو نەبوو، ھەر لەسەرەتاوە ویستیان بە كاكەی كورد رابوێرن، بەڵام من و چالاك ڕێگەمان پێ نەدان، خەریك بوو ببێت بە شەڕ، كوڕێكی میسری لێبوو، كە زانی ئێمە سیاسین، لێمان نزیك بوووەوە، ئەویش بیرو باوڕی چەپی هەبوو، من لەو ماوەیەدا سودی زۆرم لێوەرگرت، بەوەی زانیاری زۆری بۆ باسکردم، دەربارەی باری سیاسی لە میسر، منیش بە پێی توانا، یارمەتیم دا بە برێک پارە.
ئەوانەی خەڵکی موسڵ بوون، رۆژانە خواردنیان بۆ دەهات، بەڵام دەبوایە ئێمە پارە بدەین بە پاسەوانەكان، بۆ ئەوەی خواردنمان بۆ بكڕن، چونکە خواردن لەوێ زۆر خراپ بوو، زۆربەی ژەمەكان چاو نانی وشك بوو، بێجگە لە بێڕەوشتی ھەندێك لە زیندانییەكان، گەنجێکی كوردی بەھێزی لێبوو، باری دەروونی زۆر  خراپ بوو، ھەمیشە بەڕووتی لە هۆڵەکەدا پیاسەی دەکرد، ھەر یەک کاتژمێر یاخود دوو كاتژمێر جارێك، دەستپەڕێكی لێ ئەدا، كەسمان نەما دەوێرا ھیچ بڵێین، هەرچەندە پاسەوانەكان زۆریان لێدابوو لەسەر ئەو كارەی، بەڵام بێ سود بوو.
پێنج ڕۆژ بوو ئێمە لەو زیندانییه بووین، كاكەی كوردی بەردەشانی، نەپێڵاوی لەپێ كردووەتەوە، نەپشتێن و جەمەدانەشی بەستووە، یاتاغەکەشی چۆن پێچراوەتەوە ھەر وایە، لەسەری دادەنیشت و پشتی دەنا بەدیواركەوە، هەرچەندە من و چالاك زۆر خەریک بووین لەگەڵی، بەڵام هیچ سودی نەبوو، خواردنی لە كەس وەرنەدگرت، تەنها نانە وشکەكەی زیندانی دەخوارد، وە هەروەها دەبێت ئەو یەكەم كەسبێت لەوەرگرتنی، دەنا ئەوەیشی نەدەخوارد.
بەرەبەیانی ڕۆژی شەشەم، ناوی من و چالاكیان خوێندەوە، ئێمەیش خۆمان پێچایەوە، گەڕام بەدوای پێڵاوەكانمدا بەڵام دیار نەبوو، لەجیاتی پێڵاوەکانم، جوتێک نەعلیان بۆ دانابووم، پاسەوانەكانیش ھەر ھاواریان دەکرد(یەڵە)، منیش هەر لە گەڕاندا بووم بەدوای پێڵاوەكانمدا، دوای گەرانێكی زۆر، لەلای ئاودەستەكە دۆزیمەوە، لەژێر خاشاكدا شاردبویانەوە.
كە لەهۆڵە چوومە دەرەوە، لە حەوشەكەدا بینیم، تەمر و خدرو ئێبراھیم، وەستاون، سواری پاسێكی مۆدێلی کۆنیان کردین، دووانی دیکەیان هێنا، یەكێكیان  كەلەپچەكرابوو، ئەوی دیکەیان بێ کەلەپچە.

لەڕووناكییەو بۆ تاریكی !.
بەشی -٧٥-
پاسەكە بەڕێكەوت، دەرەوەمان بە باشی لێوە دیار بوو، گەڕەك و شەقام و خەڵكی شاری موسڵمان دەبینی، بێجگە لەزیندانیەکان، شۆفێرەکە و دوو پاسەوانمان لەگەڵدا بوو، كوڕە گەنجە بێ كەلەپچەكە، بە ئازادی لە ناو پاسەكەدا ھاتووچۆی دەكرد و گاڵتەی لەگەڵ پاسەوانەكاندا دەكرد، زوو زوو دەڕۆشتەوە بۆلای كوڕە گەلەپچە کراوەکەوە و دەستی دەکردە ملی و ماچێکی دەکرد، دیمەنەكە جێگای پڕسیار بوو.
كە لە موسل دەرچووین، کوڕەکەم ڕاگرت، لەو کاتەی لەناو پاسەکەدا هاتووچۆی دەکرد، لێم پرسی لەسەر چی گیراوی؟ وەڵامێكی زۆر سەیری دامەوە، گوتی من پارەم داوە تا دەست بەسەر بکرێم، گوتم چۆن و بۆ؟ گوتی ئەو كوڕەی کە لەگەڵمدایە، سزای لەسیدارەدانی لەسەرە، من و ئەو خۆشەوستی یەكترین، من عاشقی ئەوم، ئێستا دەیبەن بۆ لەسێدارەدان، لەبەر ئەوە من بەرتیلم داوە، بۆ ئەوەی بەیەکەوە بین تا بەشی لەسێدارەدان، لێم پرسی لەسەر چی سزا دراوە؟ گوتی دزی و كوشتن، ئەو راستگۆیی و بێشەرمیە لەگەڵ ئەو وەفادارییە، جێگای بیرکردنەوەو گومان بوو.
گەیشتینە نیوەی ڕێگا، كوڕە بێ کەلەپچەكە ھاتەوە بۆ لام و گوتی، ئەگەر بۆمان بكرێت ئیمە ڕادەكەین، لێم پرسی چۆن؟ گوتی ناتوانم پێت بڵێم، منیش گوتم ئێمە ڕێگر نابین.
لەگەڵ ھاوزندانیەكانم قسەم کرد، گوتم ئەمانە بەتەمان ڕابکەن، بەڵام نازانین چۆن؟ ئایە لەگەڵ پاسەوانەکان ڕێکكەوتوون، یاخود خەڵكیان ھەیە لە ڕێگا پاسەكەمان ڕادەگرن؟ دەبێت ئێمە ئامادە بین بۆ هەردوو ئەگەرەکە.
دوای ئەو ھەواڵە، ئێمە بەدرێژایی ڕێگاکە لە دڵەڕاوكێ و نیگەرانیدا بووین، بەڵام گەیشتینە بەغداد و ھیچ ڕوینەدا.
لە بەغداد ئێمەیان برد بۆ تەسفیراتی گشتی، دەرگایەكیان كردەوە و ھەر ھەموومانیان كردە ژوورەوە، سێ ھوڵ بوو لە سەر یەكتری، ڕێژەیەکی ئێجگار زۆر خەڵكی تێدابوو، نەدەكرا ھەنگاوێك بنێیت، شانت یا دەستت، یاخود قاچت بەر یەكێك نەكەوێت، بۆنێكی زۆر ناخۆش، گەرم، هاژەهاژی قسەکردن.
ھەرچەند خولەكێك جارێک، چەند ناوێكیان بانگ دەکرد، یاخود چەند كەسێكیان دەکردە ژوورەوە، خەڵكەكە جلی جوراو جۆریان لەبەردا بوو، بەلای ڕاستدا سێ ئاودەستی لێ بوو، دەبوو نۆرەی بۆ بگریت، یەكێكیان گیرابوو(میزوگواو) ئەوناوەی داگیرگردبوو، هەرچەندە خشتیان دانابوو بۆ ئەوەی بەسەریدا بڕۆیت، بەڵام هەر پیس دەبوویت.
دوو كەسی لێبوو نەخۆشی دەروونییان ھەبوو، زیندانیەکان نەیان دەھێشت بێنە ناویانەوە، ئەوان شەورۆژ لە ناو ئەو پیساییەدا بوون، ئەوکاتەی زیندانییەكان بەنۆرە دەوەستان بۆ سەرئاو، ئەوان دەستیان بەرزدكردەوە بۆ خواردن یاخود پارچەیەك نان، زیندانیەکان بۆیان فرێ دەدان و ئەوانیش وەك ئاژەڵ پەلاماریان دەدا.
من بەڕۆژ چەند جارێک ئەو دیمەنەم دەبینی، بەڵام تا ئەمرۆ نامەوێت بروابكەم كە ئەوە ڕاستی بوو، خوازیارم خەو بووبێت، هەر لەبەر ئەوە بوو، ئەو ماوەیەی کە لەوێ بووم، سەرئاوم کەم كردبووەوە، بۆ ئەوەی ئەو كارەساتە نەبینم، ھەرچەندە بیرم لێ دەكردەوە، ھیچ ڕێگایەك نەبوو بۆ یارمەتیدانیان.
چوار رۆژ بوو، ئێمە لەو دۆزەخەدا بووین، لەدەرگام دا، پاسەوانكە گوتی چیت دەوێت؟ گوتم دەمەوێت ئەفسەرێك یاخود کەسێکی خاوەن دەسەڵات ببینم، گوتی بۆ چیتە؟ گوتم دەمانەوێت لێرە بڕۆین، گوتی چەند كەسن؟ گوتم پێنج، گوتی ناوەكانم پێ بڵێ، منیش ناوەكانم پێگوت، ئەویش نووسی.
دوای چارەکێك ھاتەوە و گوتی پارەتان هەیە؟ گوتم بۆ؟ گوتی ئێمە سەیارە و پاسەوان دەرئەكەین لەبەر خاتری ئێوە، لەبەر ئەوە پارەی بەنزین و مەسەرەفی پاسەوانەكان لەسەر خۆتان دەبێت(بەكوردی بە كورتی بەرتیلیان دەویست)، گوتم باشە، گوتی نیو كاتژمێری دیکە خۆتان ئامادەكەن. ھەرچەندە ئێمە دڵنیا نەبووین بۆ کوێمان دەبەن، بەڵام بۆ ھەر شوێنكمان بەرن، لێرە خراپتر نابێت.
دەرگا كرایەوە و ناویان بانگکردین، بە چاو تروكاندنێك لای دەرگاكە بووین، ئێوارە بوو خۆر بەرە ئاوابون دەڕۆیشت، ئێمەو چەند كەسێكی دیکەیان سواركرد و بەڕێكەوتین، لە زیندانیەكانی دیکەوە تێگەیشتین کە ئەوان دەبەن بۆ بەندیخانە ئەبوغرێب، کەواتە ئێمەیش ھەر بۆ ئەوێ دەبەن.
ماویەتی.


PM:03:35:27/02/2021

ئه‌م بابه‌ته 1184 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی