لە ڕووناكییەوە بۆ تاریكی .! بەشی -66-70

‌رزگار عه‌زیز - پۆڵا


ڕووداوەكانی دەرەوەی زیندان، كاریگەری زۆری هەبوو لەسەر، چۆنێتی  ڕەفتاری بەرێوەبەرانی زیندانەکە، بەرامبەر بە زیندانیەکان، ئەگەر باری دەرەوەی زیندان دژوارو خراپ بوایە، ئەوان توندتر دەبوون لەگەڵماندا، وەھەروەھا بە پێچەوانەوە.

لە ١٩٩٠/٨/٢دا، سوپای عێراق، ھێرشی كردە سەر دەوڵەتی کویت، بە دوو رۆژ كۆنتڕۆڵی ھەموو خاكی كوێتی كرد، لە ١٩٩٠/٨/٤دا، حوكومەتێكی كارتونی راگەیاند بە سەرۆكایەتی عەقید(عەلائ حوسین)، لەژێر ناوی کۆماری كوێت، لە دوای ئەوە بەپێنج ڕۆژ، لە ١٩٩٠/٨/٩دا، كوێتی دانا بەیەكێك لە پارێزگاكانی عێراق.

بەهۆی ئەم گۆڕانکاریانەوە، باری ژیانی زیندانیانیش گۆڕدرا لەوانە، ڕۆژانە كەمێك ئازادی درا بە زیندانییەكان، بۆ نمونە ڕێگەیان پێداین رادیوی خۆمانمان ھەبێت، فشاریان لەسەر كەسوكارمان کەمکردەوە، لەکاتی سەردانیان بۆ لامان، چاودێری توند لەسەر ئەو زیندانییانە نەما کە، لە كاتی دەركەوتنی "صدام"، تەماشای تەلەڤزیونیان نەدەکرد، ئاخر لەھەر بەشێك تەلەڤزیونێكی لێبوو، پێشتر زیندانیەکان بۆیان نەبوو لە كاتی دەركەوتنی صدام لەتەلەڤزیون، هەڵستن و تەماشای نەکەن، لە ناو خودی زیندانییەكاندا، كەسانێك ھەبوون پێیان دەگوتن(وەكیل)، ئەمانە خۆیشیان زیندانی بوون، بەڵام ھاوكاری ئاسایشی بەندیخانەکەیان دەکرد، ڕاپۆرتیان دەنووسی لەسەر زیندانیەكان، یەكێك لە ئیشە باشەكانی زیندانییە شیعەكان ئەوە بوو، پێش ماوەیەك، شاڵاوێكیان كردبووە سەر وەكیلە ئاشكراكان، باشیان لێدابوون و تەمێیان کردبوون، ئەوانیش لە ترسانا داوای گواستنەوەیان كرد بوو لەوێ، بەڕێوەبەرانی زیندانیش، ئەوانەیان لەسەر داوای خۆیان،  گواستبوەوە بۆ بەشی سوك(خەفیفە)٫ بەڵام هێشتا ژمارەیەكی نەناسراو مابوون کە لە خزمەتی ئاسایشدا بوون.
گەرمی ڕووداوەكانی دەرەوە، ئێمەی لە خەڵكی دەرەوەی زیندان زیاتر سەر قاڵتر كردبوو. 
من و خدر و نەبەز، بوو بوینە ھاوسفرە(سەفەرداش)، نەبەز رادیویەكی بچوكی ھەبوو لە جۆری(قیثارە)، بەیانییەک نانی بەیانیمان دەخوارد، لەوکاتەدا لە ڕادیۆکەی نەبەزەوە گوێمان لە فەیرۆز دەگرت، یەكێك لە زیندانیە شیعەكان، پێیان دەگووت ئەبو حەورائ، لەشێكی وەرزشی پتەوی ھەبوو، زۆر بەخۆیەوە دەینازی، ئەویش لەگەڵ ھاوسفرەكانی دانیشتبوو نانیان دەخوارد، قەڕەوێڵەیەك لە نێوەندماندا بوو، ئەو بە نەبەزی گووت، ئەو ڕادیویە دابخە، یاخود لایبدە لەسەر گورانی، نەبەزیش ویستی بیگۆڕێت، من دەستیم گرت و ڕووی دەمم كردە ئەبو حەورائ گووتم، نایكوژنینەوە و نایگۆڕین، ئەگەر گەوادیش ھەیە بابێت و بیكوژینێتەوە، من جارێ قسەكانم تەواو نەكردبوو، ئەبو حەورائ لەسەر قەرەوێڵەکەی نێوانمانەوە بازێکی دا بۆ دیوی ئێمە، منیش نەم ھێشت بە تەواوەتی پێدابنێت، کێشام بە سەریا، ئەو بەدمدا كەووت، ئیتر بوو بە شەڕی كوردو ئەوان، بەڵام ئەم جارە، لەبەر ئەوەی شوێنەكە پڕبوو لە قەرەوێڵە، شەڕەكە زۆری نەخایاند، ئێمە كەسمان زیانی پێ نەگەیشت، ئەمجارەش سەركەوتنێكی دیکەمان بۆ خۆمان تۆماركرد.
ژمارەیەكی بەرچاو لە زیندانی ھەبوون، تەمنیان گەورەبوون، یاخود خاوەنی پێداویستی تایبەت بوون، باری ژیانی زیندان بۆ ئەوانە گرانتربوو، ھەرچەندە زیندانیەكانی دیکە كۆمەكیان دەكردن. حوسین یەكێك بوو لەو زیندانییانەی، لەكاتی دەستگیرکردنی لەسەر سنوری عێراق-ئێران، تەقەیان لێكردبوو، بریندار بوو بوو، لەئەنجامدا قاچێكیان بڕیبووەوە، ڕۆژێک عبدول وەھاب ئەتروشی، وەک وەزیر، سەردانی بەندیخانەکەی كرد، بۆ ئەوەی چاوی بەزیندانیەكان بکەوێت، وە لەنزیکەوە ئاگاداری بارو دۆخەکەیان بێت، حوسین ھات بۆ لای من و گووتی، كاك رزگار من عەرەبی نازانم، بەشكم یارمەتیم بدەیت و بە وەزیر بڵێیت، بەڵکو قاچێكی دەستكردم بۆ درووستبكەن، ھەرچەندە من ھەر لەمنداڵییەوە، ناوی عبدول وەھابم بیستبوو، کە ڕۆلێکی گرنگی هەبووە لە ناو پارتیدا، وەهەروەها دەزانم کە ئەو كوردە، حوسینم لەگەڵ خۆم بردو بەعەرەبی پێم گووت، ئەم زیندانییە ئەم داواكاییەی ھەیە، عبدول وەھابیش گووتی، ئەی خۆی بۆچی قسە ناكات، بۆ تۆ لەجیاتی ئەو قسە دەکەیت؟ منیش گووتم ئەو عەرەبی نازانێت، گووتی با بە كوردی قسە بكات خۆ منیش كوردم، منیش گووتم ببورە نەمزانیوە کە تۆیش كوردیت، ئەو زۆر تێکچوو بەو قسەیەی من. 
شیروان گەنجێکی خاوەن پێداویستی تایبەت بوو، خەڵكی شاری سلێمانی بوو، بەھیچ شێوەیەك لە توانایدا نەبوو، بەبێ یارمەتی گوزەران بكات، نازانم، ئەو بە چ پێوەرێك سزای زیدانی درابوو.
دەیان زیندانی هەبوون لەم زیندانەدا، کە نەیان دەزانی، لەسەر چی دەستگیر کرابوون.
ھەتا دەهات ژمارە زیندانیەكان، بەرەو زۆر بوون دەڕۆیشت، کەمی جێگا، گەورەترین کێشە بوو، بێجگە لەوەی ناكۆكی لە نێوان زۆرینەی زیندانیانی لایەنە شیعەكان و لایەنەكانی دیکە، ڕۆژ بەڕۆژ بەرەو خراپی دەڕۆیشت.
لە بەندیخانەوە راگەیەنرا کە، لە بەندیخانەی بادۆش لەشاری موسڵ، بەشێكی تایبەت دەكرێتەوە، کێ دەیەوێت بگوازرێتەوە بۆ ئەوێ، ناوی خۆی تۆمار بکات، وەهەروەها کێ خوازیارە بڕواتە بەشی (خەفیفە)٫ دەتوانێ خۆی ناونووس بکات.
ئەمە ھەواڵێکی باش بوو، بۆ زۆربەمان كە بێزار بوو بوین لە، رەفتاری زۆرینەی شیعە توند ڕەوەكان.

لە ڕووناكییەوە بۆ تاریكی .!
بەشی -٦٧-
بەشێكی زۆری زیندانییە كوردەكان، هەروەها ژمارەیەك لە عەرەبەكانی شاری موسل و دەوروبەری، لەگەڵ كرستییانەکان و توركمانێک، بە تێکڕا نیزیكەی دوو سەد زیندانی دەبووین، ناوی خۆمان توماركرد، بۆ گواستنەوەمان بۆ بەندیخانەی بادووش. 
ژمارەیەکی زۆر لە كوردەكان، لە گۆڕەپانە گەورەكەدا کۆبونەوە، بۆ ئەوەی دوو نوێنەر بۆ خۆیان دیاری بکەن، لە ئەنجامدا مامۆستا نسرولا و منیان ھەڵبژارد، بێگۆمان كەسانی شیاوی دیکەی زۆری لێ بوو بۆ ئەم كارە، یەكێك لە ھوكارەكانی ھەڵبژاردنی ئێمە، ئەوە بوو زمانی عەرەبیمان دەزانی، بێگومان عەرەبییەكەی نسرولا لە هی من باشتر بوو، من بۆ خۆم  پێم باش نەبوو ببم بە نوێنەری زیندانیەكان، ئاخر دەبوو نوێنەر کەمێک نەرم نیان بێت و توانای چەورکردنی دەمی بەڕێوبەری زیندان و دەورو پشتەکەی هەبێت، ئەمەش  لەمندا نەبوو.
١٩٩٠/١٠/١بوو، پاس بۆ خۆمان و بارھەڵگر بۆ كەل و پەلەكانمان ئامادە کرابوو، لە بەندیخانەی ئەبو غرێبەوە بەڕێكەوتین، بەرەو بەندیخانەی بادووش، بێگومان بەیاوەری ھێزێكی پاسەوانی، لەم گواستنەوەیەدا ئێمە بێ کەلەپچە بووین،  ئەوکاتە رژێم  ترسی لە ھیچ شتێک نەمابوو، لەئەوپەری بەھێزیدا بوو.
گواستنەوەیەکی تاڕەدەیەک خۆش بوو، کەش و ھەوا باش بوو، ئازادی ھەموو شتێكمان ھەبوو لە ناو پاسەكاندا، دەرەوەمان لێدیار بوو، بەدڕێژای ڕێگاكە، گاڵتەمان دەكردو گۆرانیمان دەگوت، ھەرچەندە نەمان دەزانی، چی چاوەڕێمان دەكات، بەڵام ھەرچۆنێك بێت، لە ئەبو غرێب خراپتر نابێت، ھەندێک جار ھەستێکی نامۆمان لا درووست دەبوو، كاتێك کە بەناو یاخود بەلای شارۆچكەیەک، یان گوندێکدا، تێپەڕمان دەکرد، ڕاستەوخۆ جوڵەی خەڵکەکە و ئۆتۆمبیلەکانمان دەبینی، ھەستمان بە بوونی ژیان دەكرد، كە ماوەیەکە ئێمە لێی بێبەشین، بە ئاگا ئەھاتینەوە، نابێت ئێمە ئەم دەرفەتە لەدەست خۆمان بدەین، دەبێت سود لە هەموو چركەو ساتێكی وەربگرین،  لەوانەیه ھەڵێکی ئاوا، جارێکی دیکە دووبارە نەبێتەوە بۆمان، بەبێ ھەستی ماندوێتی، گەیشتینە بەندیخانەی بادووش.
بادووش گەورەترین و پتەوترین بەندیخانە بوو لە دوایی ئەبو غرێب، بە دووری سێ کیلومەتر دەکەوتە ڕۆژئاوای شاری موسڵەوە، ڕژێم لە ساڵی ۱۹۷۹وە، دەستیکرد بە دروستکردنی ئەم بەندیخانەیە، بەشی لە سێدارەدانیشی تێدا بوو، بەڵام لەم کاتەدا لێرە، کەس لەسێدارە نەدەدرا، ساڵانی پێشتر، زۆربەی كوردەکان لێرە لە سێدارە دران.
هەر بەپاسەکانەوە لە دەرگای سەرەكیەوە چوینە ژورەوە، پاسەکان لەبەردەم ئەو بەشەی کە، بۆمان داندرابوو وەستان، ئێمەیان لە دەرگایەكی(سیلاێت)ی، ئاسنەوە، بەبەرزی و پانی نزیکەی پێنج مەتر(ئەودەرگایانەی لەسەر سکەیە)، بردە ژوورەوە بۆ ناو بەشەکەمان، دوای  سەرژمێری کردنمان، دەستمان كرد بە ھێنانی كەل و پەلەكانمان.
ھەرھەموومان شوێنەكەمان پێ باش بوو، زۆر پاك و خاوین بوو، بەم شێوەیه بوو: ڕێڕەوێك، لای ڕاستی ھوڵێكی گەورەی لەسەر بوو، لەکۆتایداو بەلای دەستە چەپدا، ژوورێكی گەورە بوو، پێش ئەوەی پێچ بكەیتەوە بەلای دەستە راستدا، كە پێچت دەكردەوە، بەلای دەستە چەپدا دوو ڕێرەوی لێبوو، ئەملا و ئەولایان، ژووری بچۆك بوون، نزیکەی دوومەتر بە دوو مەترو نیوو دەبوون. ھەر ھەموومان دڵخۆش بوین بە جێگاكە، بەبێ کێشە و بە ئارەزووی خۆمان(زینداییەکان)، ھوڵ و ژورەكانمان دابەش كرد بەسەر خۆماندا.
بەڕێوەبەرەکەمان ناوی(عەلی كتاب)بوو، حەزی لەدیاری و دەم چەوركردن هەبوو، ھەندێك زیندانیمان لەگەڵ ھاتبوو، پەیوەندییەکی باشیان هەبوو، لەگەڵ بەڕێوەبەرەکە، دەیان زانی چۆن چۆنی رازی بكەن.
خەلەف جەرجەری(گەرگەری)، كە پێیان دەگوت(ابوالفوز)٫  بەتاوانی سیخۆڕی بۆ ڕژێمی سوریا، سزای زیندانی درابوو، کەسایەتیەکی تایبەتی هەبوو، ئەو حەزی لە نیزیك بونەوە هەبوو لە دەسەلاتدارانی زیندان، لە ڕیگای خزمەتكردنیانەوە، لە ھەمان كاتدا، بەپێی توانا ئەو ئەو پەیوەندیەی بەكاردەھێنا بۆ، یارمەتی دانی زیندانیەكان، بەم كارەی، ھەردوو لای رازی دەكرد.
دوو زیندانی دیکەمان ھەبوو، بە ناوەكانی(ئەبو فەواز و ئەبو مەحمود)، خەڵكی شاری موسل بوون، ھەردووكیان شارەزاییان لە بواری تەندروستیدا هەبوو، ئەوان پێشتر، لە نەخوشخانەكەی زیندانی ئەبوغرێب كاریان دەکرد، ئەمانیش بە پێی كارەكەیان، پەیوەندیان باش بوو لەگەڵ(عەلی کتاب)، مامۆستا نسرولاش، هەر لە ڕێگای ئەمانەوە، وەک نوێنەری زیندانییەكان پەیوەندیەکی باشی هەبوو.
جێگاكانمان بەگوێرەی ژمارەی زیندانییەكان باش بوو، وەهەروەها باشی رێكخستنی خومان، ژیانی رۆژانەمانی بێ گرفت کردبوو، ئاودەست و حەماممان بە پێی پێویست هەبوو، خواردنمان باش بوو، كەس كەسی بێزار نەدەكرد، رادێو و تەلەڤزێونمان ھەبوو، نەك بە تەنھا كەنەڵەکانی عێراق، بەڵکو کەناڵەکانی سوریاشی وەردەگرت، رزگارمان بوو بوو، لە ڕۆژی دەجار بانگدانی( شیعە و سونە) بەکاتی جیاواز، ھەركەسە نوێژی خۆی بۆ خوای خۆی دەكرد(ئیسلام، كرستیان،یەزیدی)، بواری خوێندەنەوەمان زۆر بوو، شەوانە ھەر كومەڵێك و بەکارێکی جواراوجۆرەوە، خۆی خەریك دەکرد، بەرۆژیش پیاسە و بەرھەتاو لە گوڕەپانی بەشەكەمان، بواری توپ تۆپێنیشمان ھەبوو، كاری دەست و چنین وەهەروەها کاری تەختەشمان دەکرد.
كەس و كارمان بە ماندوبونێکی کەمترەوە دەهاتنە دیدارمان، چ لە رێگا، وە چ بۆ ناو بەشەكەمان، بۆ خەڵكی( موسل و دھوك و ھەولێر)، ھەر زور ئاسانتر بوو، بۆ خەڵکی (سلێمانی و كەركوكیش)، لە سەردانی ئەبو غرێب باشتر بوو، لەبەر كەمی ژمارەی زیندانیان، ئاشنایی لە نێوەندی كەس و كارەکانمان پەیدابوو بوو.
لە ھەمووی گرنكتر سەر ژمێر كردنمان بوو، کە تەنها چەند خولەكێكی پێ دەچوو، بەبەراورد بە زیندانی ابو غرێب، کە سەرژمێرکردن ئەشکەنجەدانێکی ڕۆژانە بوو بۆ ئێمە، جاری وا هەبوو، زیاتر لە کاتژمێرێک، لەبەر خۆرەکەدا دەوەستاین، بۆ سەرژمێری ڕۆژانە، ئاخر لەزینداندا هەموو بەیانییەک و هەموو ئێوارەیەک سەر ژمێرییان دەکردین، بێجگە لەو سەرژمێریەی، پێش هاتن و دوای ڕۆیشتنی کەسوکارمان دەیانکرد.
دەتوانم بڵێم ئێرە(واتە لە بەندیخانەی بادووش)، بێجگە  لەزەوتكردنی ئازادیمان، و خراپی باری دەرونی ھەندێكمان، وەهەروەها کێشەی خێزانەکانمان، بەراورد ناكرێت لەگەڵ ئەبۆ غریب، بێگومان لەبارەی باشی ڕەوشی ژیانی زیندانەکان.




لەڕووناكییەوە بۆ تاریكی.!
بەش-٦٨-
نزیکەی سێ مانگ دەبوو، لەوکاتەی لە زیندانی ئەبوغرێبەوە  گواستیانینەوە بۆزیندانی بادووش، لە بەشی تایبەتی.
ژیانی ناوخۆمان زۆر بە باشی بەڕێوە دەچوو، بێگومان هۆکارەکەی ئەو ھاوكاریە زۆرە بوو، کە لە نێوان زۆربەی زیندانیاندا هەبوو، وە بەسەرپەرشتی كومەڵێک چاودێری(موراقب)ی باش، ھەر کێشەیەك ڕووی دەدا لە نێوەندی زیندانیەكاندا، خۆمان هەر زوو چارەسەرمان بۆ دەدۆزییەوە، رێگەمان نە ئەدا بگاتە بەڕێوەبەرایەتی بەندیخانەکە، ھەموو پێكھاتەكان، بێ جیاوەزی زمان و ئاین و بیری سیاسی، پەیوەندی و ھاوکارییەكی باشمان ھەبوو، ئەمەیش لە بەرژەوندی ھەمواندا بوو، ھەموو ئەو ماوەیەی من لە زیندانی بادووش بووم، بە تەنھا یەك جار، خەریک بوو كێشەیەک دروست بێت لە نێوان زیندانیەکاندا(ئەویش ناخوشیەك بوو کە لە نێوان ماموستا نسرولا و دوو سێ زیندانی عەرەبدا ڕویدا)، كومەڵێك لە گەنجە كوردە خوێن گەرمەكان ویستیان  لێیان بدەن، بەڵام ئەوە بوو، من زوو گەیشتم، نەمهێشت ئەو كارە بكەن، ئاخر نەدەكرا ئێمەیش هەمان ڕەفتاری  شیعە توندڕەوەكان دووباره بکەینەوە، بەرامبەر بە کەمینەکان. ئەوە جوامێری نەبوو.
من وەك نوێنەری زیندانییەكان، لە سەروو لایەنگیری سیاسی كارم دەكرد، بگرە جاری واھەبوو، مافی ھاوڕێیانی خۆمم پێشێل دەکرد، لە پێناوی بەرژەوەندی گشتیدا.
ھاوڕێیان ھەمیشە پشتگیریان دەكردم، لەگەڵ ئەوەی فشارم هەبوو لەسەریان.
ھاوڕێ تاریق و عوسمان و هوشیار،كە بە ئبن دەعوە دەناسران(ئەگەر لە كەیسێكدا لەیەك کەس زیاتری تێدابوایە، پێیان دەگوتن، ئبن دەعوەی یەكترین)، ئەوان بە توانجەوە، بە منیان دەگووت رزگار عەدالەت.
دوای داگیرکردنی كوێت و بڕیارەکەی ڕژێمی عێراق بە هەژمارکردنی کۆیت وەک یەكێك لە پارێزگاكانی عێراق، بەرامبەر ئەو بڕیارەی عێراق، نەتەوە یەكگرتوەكان لە ١٩٩٠/٨/٦دا، بڕیاری ژمارە(٦٦١)ی دەرکرد، کە تیایدا، داوایكرد عێراق دەستبەجێ لە كوێت بکشێتەوە، وە هەروەها گەمارۆی ئابوری لەسەر عێراق دانا، بێجگە لەوە کۆمەڵێک بڕیاری دیکەی بەرامبەر بەعێراق دەرکرد، هەتا ئەو کاتە هێشتا صدام سوربوو لەسەر مانەوەی لەسەر خاکی كوێت.
ئەو گەمارۆدانەی سەر عێراق، باری ژیانی میللەتەکەی دژوار کرد بوو، لەهەمان کاتدا ڕەنگدانەوەی هەبوو لەسەر ژیانی زیندانی، نە كەسوكارەکانمان وەک جاران، توانایان هەبوو بێنە دیدارمان و پێداویستیەكانمان بۆ بهێنن، وە نەخواردنی زیندان(كانە)، وەک جاران بوو، زۆر بەرەو کەمی و خراپی دەڕۆیشت، ھەرچۆنێك بوو، ھاوكاری لە نێوان زیندانیەكاندا هەر بەباشی مایەوە، كەسمان برسی نەدەبوین، بەڵام ھەر ناخۆش بوو، بەتایبەتی بۆ ئەوانەی کە، متمانەیان لەسەر ھاوسفرەكانیان هەبوو.
بەرامبەر ئەو لایەنە خراپەی خواردن هەر لەو ماویەدا، توانیمان بروا بە بەڕێوەبەرایەتی زیندانەکە بهێنین کە، رێگای وێنە گرتن بدەن لە زینداندا، بەڵام ئەوان چەند مەرجێكیان بۆ ئێمە دانا، لەوانە: وێنە تەنها لەلایەن وێنەگری تایبەتی خۆیانەوە دەبێت، نابێت وێنەگرتن لەناوەوەی ژورەكانی زینداندا بێت، دەبێت بەتەنھا لە گۆرەپانەکەدا بێت، ئەمە دەستكەوتێكی گەورە بوو بۆ ئێمەی زیندانی، ڕەنگە ئێمە ئەو كاتە زۆر  ھەستمان بە گرینگی وێنەگرتن نەکردبێت، بەڵام ئێستا زیاتر لەو گرنگیه دەڕوانین، كاتێک کە سەیری ئەو  وێنانە دەکەین، لە ھەمان كاتدا، ئەوە دەستكەوتێكی مادی بۆ بەرێوەبەرایەتی زیندانەکە تێدابوو، ئاخر وێنەكانیان بەنرخێكی  زۆر زیاتر بۆ دەگرتین، بەبەراورد بە نرخی تێچووی خۆی.
بێجگە لە کێشەی خواردن، کێشەیەكی دیکەمان بۆ پەیدابوو، ئەوەیش، کێشەی کەمی یاخود نەبوونی سوتەمەنی بوو، بۆ خواردن درووستکردن وە هەروەها، بۆ ئاو گەرمکردن و خۆشتن، بەڵام زۆری نەبرد، ئەو کێشەیە چارەسەر بوو، ئەویش بە سەرھەڵدانەوی مەنهۆڵێکی گۆڕەپانی زیندانەکە بەڕێکەووت، دەركەوت کە ئەوە مەنهۆڵ نەبوو، بەڵکو گەنجینەی هەڵگرتنی گاز بوو، هیچ كەسێک لە، بەڕێوەبەرایەتی زیندان نەیان دەزانی کە، ئەو گازە لەو گەنجینەیەدا ھەڵگیراوە، بۆ بەكارھێنانی ئامێری گەرمی و ساردی زیندانەكە.
پێش ئەوەی ئەو گازە بدۆزینەوە، دەمانزانی ژورێك هەیە و ئامێرێكی گەورەی تێدایە، بەڵام نەماندەزانی ئەو ئامێرە چییە وە بۆچی لەوێدایە، ئەوکاتەی گازەکەمان دۆزییەوە زانیمان کە، لەگەڵ دروستكردنی  زیندانەكەدا، ئەو ئامێری گەرمێ و ساردكردنەوەیەیان لەو ژورەدا داناوە، وەك ناوندێكی گەرمی وساردی، وە ئەو گازەش هەر بۆ ئەو مەبەستە بووە، ئیتر لەوەو دوا، ئێمە سوتەمەنی خۆمان دوزییەوە و ھەموو پێداوستیەكانی خۆمانمان پێ جێبەجێ دەكرد.


لەڕووناکییەوە بۆ تاریكی.!
بەشی -٦٩-
لەم کاتەدا لە زیندان، بادووش یەك و بادووش دوو و بادووش سێمان ھەیە، بە ھەڵە تێمەگەن، ئەمانە ناوی شوێن یاخود موشەك نیین، ئەمانە ناوی ئەو منداڵانەن، کە لە دواڕۆژدا لە دایك دەبن.
لە ڕۆژی دیدار (مواجەھە)دا، ژورەكان تەرخان ئەكرا بۆ ئەو زندانییانەی ھاوسەریان ھەێە،ھەر زیندانییەک ئازاد بوو لە ژۆری خۆی چی دەکات، بەمافێكی سروشتیمان دەزانی، بۆیە ھەندێک لەزیندانیەکان ھاوژینەكانیان دووگیان دەبوون، هەر بۆ خۆشی زیندانییەكان ناوی بادووشیان لێ دەنان، چونكە بەرھەمی زیندان بوون، وەهەروەها ژمارەی بادوش یەك و دوو....بۆ دادەنان.
دوای ئەوەی عێراق گوێڕایەڵی بڕیارەكانی نەتەوە یەكگرتووەكان و ھەوڵە دبلوماسییەكان نەبوو، بۆ كشانەوەی لە دەوڵەتی كوێت، وە ئەو ماوەیەی کە بۆ كشانەوەی سوپای عێراق دیاریکرابوو، لە ١٩٩١/١/١٥تەواو بوو، ئەوە بوو ئەو ھاوپەیمانیە نێودەوڵەتییەی ئەمریكا دروستیكردبوو، لە بەرەبەیانی ١٩٩١/١/١٧دا، شاڵاوی بۆردومانی ئاسمانی وموشەكی، بەناوی گەردەلولی بیابان(عاصفة الصحراء)، دژی ڕژێمی عێراق دەست پێكرد، ھەموو خاكی عێراقی گرتەوە، بەڵام صدام ناوی نابوو دایكی شەڕەكان(أم المعارك)، ڕۆژی وا ھەبوو، ھەزار ھێرەشی ئاسمانی دەكرایە سەر خاكی عێراق.
بارودۆخێكی دژوار لە دەرەوەی زیندان دروست بوو بوو، بێجگە لە خراپی باری ئابووری، شەڕەکەو بۆردومانەکانی مەترسیەکی گەورە بوون، لەسەر ژیانی ھەمووان، كەسوكاری ئێمەش بەشێكن لەو میللەتە، ڕاستە جاران ئێمە لە ناو زیندان بووین، بەڵام تا ڕادەیەک ئەوان لە ئارامیدابوون، ئێستا ژیانی ئەوانیش لە مەترسیدایە، بێگومان ئێمەیش بێبەش نیین لە، دەنگی فڕوكەكان وە هەروەها تەقینەوەكان.
لە رێگای رادێو و تەلەڤیزیۆنەوە چركە بەچركە بەدوای ھەواڵەکانەوە بووین، ئومێدیکی زۆریشمان ھەبوو بەوەی، کە ئەم ڕووداوانە لە ئەنجامدا، ئازادبونی ئێمەی بە دوادا دێت.
هەر لەو ماویەدا ھەندێک گوڕانكاری لە ناو زینداندا رویدا، ئەوە بوو ھاوزیندانییەكمان بەناوی(مەحمود خەیلانی)، توانی لەڕۆژی دیداردا، بە جلی ژنانەوە هەڵبێت، لە رێگای تێكەڵ بوونی لەگەڵ ژنەکان کە هاتبوون بۆ دیدار، ئەمەش بەخراپی شكایەوە بەسەر ئێمەدا.
عەلی كتابی بەڕێوبەریان گواستەوە، بەڕێوبەرێكی دیکەیان بۆ ھێناین، بەپلەی عەقید، مروڤێكی زۆر ترسنۆك و ھیچ وپۆچ بوو، هەرلەو ماوەیەدا، من چەند جارێك توشی کێشە بووم لەگەڵیدا.
کێشەیەكی دیکەمان بۆ پەیدا بوو، ئەویش خوێن بەخشین بوو، داوا لە زیندانیەكان دەكرا خوێن ببەخشن، من لەگەڵ خوێن بەخشیندا نەبووم، بەڵام ھەموومان لەسەر ئەوە كۆك نەبووین، هەندێک پێیان وابوو، خوێن بەخشین بە خاڵێكی باش دەژمێردریت بۆ ئێمە، یان بۆی ھەیە لەم بارودۆخەدا، زۆر بكەوێت لەسەرمان، ئەگەر ئێمە خوێن نەبەخشین.
لە ١٩٩١/٢/٢٦دا، سوپای عێراق لە كوێت كشایەوە، دوای ئەوەی ھەموو چاڵە نەوتەكانی كوێتی سوتاند، ھێزەكانی ھاوپەیمانیش ھەموو دەبابە و زرێپوش و ھەڵگری سەربازیەكانی عێراق، لە كاتی كشانەوەی بەدرێژای ڕێگای كوێت-عێراق، بوردومان كرد، ١٥٠٠ ئامێری گواستنەوەی سوتاند، بەڵام ژمارە سەربازی كوژراو كەم بوو، لە دووسەد سەرباز زیاتر نەدەبوو، لەبەر ئەوەی زوربەیان هەڵهاتن.
لە١٩٩١/٣/٣دا، لەكاتی كشانەوی سوپای عێراق لە کوێت، ئەوەی کە مابوو لەسوپا تێکشکاوەکە، کاتێک دەگەنەوە ناو شاری بەسڕە، سەربازێكی عێراقی نەناسراو، لولەی تانكەكەی ئاراستەی یەكێك لە وێنەكان صدام دەكات، لە گۆرەپانی(سەعد)، گوولە تۆپێكی پێوە دەنێت، بەوەش یەکەم بڵێسەی ڕاپەرین، لە خوارووی عێراق و كوردستانیش هەڵدەکات.
ئێمەیش لە زینداندا، لە کەش وھەوای ڕاپەریندا دەژیاین، لە ڕێگای ڕادێوكانمانەوە، بێگومان ئیزگەكەی یەكێتی ،ێەكێك بوو لە سەرچاوەكانی  ھەواڵی ڕاپەرینی کوردستان .


لە ڕووناكییەوە بۆ تاریكی.!
بەشی-٧٠-
بەتەمنترین و شكۆمندترین زیندانی لەناوماندا، حاجی محمودی کۆشک بوو، حاجی مەحمود پیاوێكی بەغیرەتی خۆراگر بوو، كاتێك مرۆڤێکی ئاوا بەو تەمەنەو بەو ڕەوشتە بەرزەو بەو جاومێرییەوە دەبینی، ناچار دەبی سەری لە بەر دانەوێنت.
حاجی مەحمود خەڵكی گوندی کۆشكی ناوچەی قەرەداغ بوو، ماڵەكەی بەهەمیشەیی لانەی پێشمەرگە بوو، من بۆ خۆم چەند جارێك نمەكم كردبوو، حاجی مەحمود لەگەڵ حاجی نوری، ھەردووكیان لەسەر یارمەتیدانی پێشمەرگە دەستگیر کرابوون.
ڕوژێك ھاوسفرەكە ھات و پێیی گوتم حاجی مەحمود دانی ژاندەکات، منیش هەوڵمدا ناوی بنوسم، بۆ ئەوەی ھەرچونێك بێت، بیبەن بۆ لای دكتوری دان، لە بەشی حوكمە قورسەكان(ثقیلە)٫ ئاخر لەوێ نەخۆشخانەی لێبوو، ھەوڵەکەم سەری گرت، كە چووم بولای، بۆ ئەوەی پێی بڵێم خۆی ئامادە بكات، حاجی مەحمود گوتی، پێوست ناكات دانەكەم كێشا، گوتم چۆن وە بەچی؟ھاوسەفرە(سەفەرداش)کەی گوتی، حاجی پەتێكی لە دانی گێركردوو، بە پەنجە گەورەی قاچییەوە بەستییەوە، بە تەکانێك دانی خۆی دەركرد.
ڕوژ رۆژی دیدار بوو، ھەر ھەموومان خۆمان رازاندبوەوە، پاكترین وجوانترین پۆشاكمان لەبەركرد بوو، ریشمان  تاشی بوو، ھەندێكمان دموو چاومان ھەڵگرتبوو، بۆنی جۆراجۆرمان لە خۆمان دابوو، لە ژوورەكان و گۆرەپانەكەش، جێگامان ئامادە كردبوو بۆ پێشوازی لە ئازیزانمان(دایك و باوك، خۆشك و برا، مناڵ،  ھاوسەر، دەستگیران، خۆشەوست، خزمان)، لەگەڵ ئەوەی كەسیشمان دڵنییا نەبووین لە ھاتنی کەس و کارەکانمان، ئاخر رێگر زۆر بوو لەوانە؛ خراپی ئاسایشی ڕێگاو بان و ئابوری، کێشەی خێزانی، نەبوونی دەرفەت، وەهەروەها هۆکاری دیکە، بەڵام ئەگەر ئەوان ھاتن، دەبێت ئێمە ئامادەبین.
سەردانی كەس وكار بۆ لای ئێمەی زیندانی، بێجگە لە ماندوو بونیان، لە ڕووی داراییشەوە تێچووی زۆری هەبوو، کرێی ھاتووچۆ، مانەوەیان، ھێنانی خواردن و پێداویستی دیکە، زۆربەی خێزانەكانمان توانای ئەم خەرجییەیان نەبوو، یاخود دەبوایە لەدەمی خۆیانیان  بیگێڕایەتەوە و بۆ ئێمەی بهێنن، ھەندیك لە زیندانیەكان، پێشتر خۆیان سەرچاوەی بژێوی ژیانی خێزانەکانیان بوون، بەڵام ئێستا سەرباری نەمانی ئەم سەرچاوەیە، دەبێت ئەوان ئەمیش بژێنن، ھەرچەندە ھەندێكمان كاری دەستیمان دەکرد لەناو زینداندا، وەك لفەكە چنیین، یان كاری زەنگیانە، سوچێکی باری ئابووری پڕدەکردەوە ئەگەر چی بچووکیش بوبێت.
ھێشتا دەرگای دەرەوەی بەشەكەمان نەكرابووەوە بۆ ھاتنە ژوورەوەی سەردانیکەران، ھاتن و گوتیان، حاجی مەحمود گیانی سپارد، ھەواڵێك بوو وەك هەورەبروسكە دای لەسەرم، ڕامكرد بۆ ژوورەكەی، بینیم زیندانیەكان لەدەوری حاجی محمود كۆبوونەتەوە، وام بە باش زانی کە خێرا ڕابكەم، بەشكێکم فریا بکەوم بە بەرێوەبەرایەتی بەندیخانە بڵێم، بۆ ئەوەی دكتورێك یاخود ئۆتۆمبیلێکی فریاكەوتن بانگ بكەن، ھەرچەندە دڵنیا بووم لەوەی کە، حاجی مەحمود گیانی سپاردووە، بەڵام لەدڵی خۆمدا دەمگوت ئێ، بەڵکو وانەبێت و ئێمە بتوانین شتێكی بۆ بكەین، ھەندێک جار مرۆڤ بەدرۆش بێت، دەیەوێت ئومێدێك بۆ خۆی دروست بكات، بەهەرحاڵ حاجییان برد.
دەرگای زیندانیان  كردەوە بۆ ھاتنە ژوورەوەی كەس و كارەکانمان، ھەر ھەموومان غەمبار بووین، ئەمجارە بەپێچەوانەوە، ھیوادار بووین کە، كەس و کارەکەی حاجی مەحمود نەیەن، ئاخر ئەگەر بێن، چییان پێ بڵێین؟ ئاخر ئەوان ئەو ڕێگا دوورە دەبڕن، لە پێناوی چەند کاتژمێرێکی دیداری حاجی مەحمود دا، بۆ ئەوەی چاوی خۆیان، بەدیداری ڕووخساری ئەو پیاوە مەردەدا بگەشێننەوە، ئەی ئەوان ئەگەر ھاتن چی بڵێن و چی بکەن؟
راستە ئێمە زۆربەمان، لە جیاتی جارێك سەد جار لەگەڵ مەرگدا ژیاوین، بەڵام ئەم جارە جیاواز بوو لەهەموو جارەکانی دیکە، ڕەنگە جیاوازیەکە، تەمەن و كەسایەتی حاجی بوو بێت، یاخود ھەستی کچ و کوڕو ونەوەكانی، بە بیستنی ئەو ھەواڵە ناخۆشە لەو ڕۆژەدا، کەخۆیان ئامادە کردووە بۆ دیداری نەک مردنی.
ئەوەی ئێمە لێی دەترساین روویدا، خێزانی حاجی مەحمود ھاتن، لەهەمووی ئاستەم تر، دەبوایە من ئەو ھەواڵە شومەیان پێ ڕابگەیەنم، سەرباری ئەمە، كورێكی هەبوو، لەو کاتەی حاجی گیرابوو، بۆی نەگونجابوو بێت بۆ دیداری باوکی، ئەمە یەكەم جار بوو ئەو بێت، ھەرچۆنێك بوو ھەواڵەكەم پێ ڕاگەیاندن، ئێوە خۆتان بێھێننە بەرچاوی خۆتان، لە جیاتی بینینی حاجی و گرتنە باوەش و ئامێزی گرمی، ئێستا دەبێت تەرمێک و جەستەیەکی ساردو سڕ، لەگەڵ خۆیاندا بەرنەوە.
یادت بەخێر حاجی مەحمودی كوشك، بەمەردی ژیایت و بەسەربەرزی گیانت سپارد، لە ناو زیندانی دوژمنیشدا هەتا دوا ھەناسەت، چۆکت دانەدا.



له‌روناكییه‌وه‌ بۆ تاریكی‌ كلیك بكه‌ ده‌چیته‌ به‌شه‌كانی‌ تره‌وه‌






AM:10:48:23/02/2021

ئه‌م بابه‌ته 2572 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی