لە رووناکییەوە بۆ تاریکی.! 57-60

‌رزگار عه‌زیز - پۆڵا


بەشی -٥٧-
 شەوی پێشتر، یان بەیانیانی یەکشەمەو چوارشەمە، سڤوگ دەیزانی لەسێدارەدان هەیە یاخود نیە، من ھەموو جارێک پرسیارم لێئەکرد من لەگەڵم یان نا، هەمیشە ئەمگوت پێشتر پێمبڵێ، ئاخر بۆئەوەی خۆمی بۆ ئامادە بکەم. بەهەمیشەیی چاوەروانی ناخۆشە، چ جای مرۆڤ چاوەڕوانی مردن بێت!!

لەکاتێکدا لەشەردایت وگولەیەکت بەر ئەکەوێ، ڕاستە دەمریت، بەڵام  ماوەی بێرکردنەوت نییە، هەرچی لێرەیە، لەدوای ئەوەی دەزانی سزای لەسێدارەدانت هەیە، زۆر جیاوازە، بیرلە ھەموو ژیانی خۆت و دەورو پشتەکت دەکەیتەوە، وردەکاریەکانی ژیانت هەرهەمووی بیرکردنەوەت داگیردەکات، ئەوانەی پێش ئێستا، کە هەرگیز لەبیرکردنەوەتدا نەبووە، ژیانت لاخۆشتردەبێت، خواردنت لابەتامتردەبێت، بیری ھەمووکەس دەکەیت، شەیدای رەنگی ئاسمان دەبیت، تیشكو گەرمی و هەتاو ئەپەرستیت، ئارەزوودەکەیت کەخۆت باران شۆربکەیت، هیچ پێتخۆش نیە بنویت، لەهەمووی زیاتر تامەزرۆی کۆشی گەرمی دایکت دەکەیت.

بەم شێوەیە ئەبردران  بۆ لەسێدارەدان :
 دەرگا گەورەکەی ھاتنە ژورەوە، بەدەنگە سامناکەکەی ئەکرایەوە، بێدەنگیەکی تەواو هەستی پێدەکرا، کۆمەڵێك جەلاد، بەکۆمەڵێک کەلەپچەوە ئەھاتنە ژورەوە، کەلەپچەکانیان فرێ ئەدایە ناوەندی ڕێرەوەکە، یەکێک کەناوی مالک بوو، سەرپەرشتی لەسێدارەدانی ئەکرد، لستەیەکی ناوی پێ بوو، بەقەولی سفوگ مالیک زۆر دەمێك نیەئەم کارەدەکات، پێش ئەم ئەبو وداد ناوێك ئەم کارەی ئەنجامداوە، ئێستا  خانەنشینە.

مالك دەستی ئەکرد بە ناوخۆێندنەوە، ئەو کەسەی گوێی لەناوی خۆی دەبوو،  دەنگێکی لێوە ئەھات، ڕاستەخۆ بە کەلەبچەیەکەوە رایان ئەکردە بەردەم ئەو ژورە، دوا ئەوەی چەند جارێك ناوی چواریان پێ دوبارە ئەکردەوە، لەگەڵ پاشناوی، یان خێڵ،  ناوی دایك، دوای دڵنیابوون لەکەسەکە، داوایان لەئەوانەی کە لەژورەکەدا بوون ، بچنە دواوەی ژورەکە، بەوریایی دەرگای ژورەکەیان دەکردەوە، بەوکەسەیان دەوت، وەرەدەرێ، ھەر لەگەڵ ھاتنەدرەوەی پەلاماریان ئەدا، کەلەپچەیان ئەکردە دەستی.

بەم جۆرە ھەر جارەی  پێنج کەسیان ئەبرد، دوای ماوەیەك ئەھاتنەوە بۆ بردنی ژمارەیەکی دیکە.

وایان پێ باش بوو چەند کەسێک کەیەک کەیسیان هەبوو  (ئبن دەعوە)٫ لەیەك رۆژدا لەسێدارەیان بدەن.

دوای ئەوەی لای ئێمە ئەیان بردن، لەژورێکی نزیک شوێنی جێبەجێکردن(مقصله‌) کۆیان ئەکردنەوە، یەك یەك ھەوڵیان ئەدا زانیاریان لێوەرگرن، ئاخر پێیان ئەوت تۆ ئێستا لەسێدارە ئەدرێت، بەڵام ئەگەر زانیاریەکت ھەبێ سودی ھەبێت بۆ شورش ودەوڵەت، ئەوا سەرۆك دڵی فراوانە بۆ لێبوردن، بێگومان درۆیان دەکرد، ھەبوو لەوکاتەدا بەتەواوی ھەرەسی دەھێنا، پێشتر  تا ئەوساتە نھێنییەکانی پاراستبوو، لەو چرکەساتەدا  ئەیدرکان، بەڵکو ژیانی رزگارکات.

دوای جێبەجێکردنی سزای لەسێدارەدان، دکتۆرێك ئەیپشکنێ، بۆ دڵنیابۆن لە گیان دەرچوونی .

لە رووناکییەوە بۆ تاریکی.!
بەشی-٥٨-
لە مێژۆی مرۆڤایەتیدا جورەکانی لەسێدارەدان زۆرن، بە عەرەبی وشەی( اعدام)، بەواتای سڕینەوەی[عەدەم] بونی ئەو مرۆڤەیە کە ئەوکارەی لەسەر ئەنجام دەدرێت.
جۆری ئەوسزارەیەی کەپێی دەوترێت (اعدام) ٫ وەهەروەها شێوازی جێبەجێکردنی لەسەردەمێکەو بۆ سەردەمێكی  دیکە، وەهەروها لەشوێنێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە جیاوازی هەیە.
لەناوبردنی مرۆڤ لەرێگای فرێدانی کەسەکەوە لەشوێنێکی بەرزەوە، نقومکرن لە ئاودا، کوڵاندن یاخود سوتاندن لەئاوی بەکوڵ یاخود ئاگردا، زیندەبەچالکردن،  لەناوبردن بەقازۆخ ژەھر، سەرپەراندن، خنکاندن(ئەتوانێت بەغاز یاخود کەرەسەی دیکەبێت) لەخاچدان، کوشتن بەچەك، بە کارەبا، بەدەرزی وھتد.....
لەعێراقی ئەوکاتەدا، بەپێ یاسا دوو جۆر سزادانی لەسێدارەدان ھەبوو، یەکێکیان خنکاندن لەڕێگای ھڵواسینی لەملەوە، بەبەکارھێنانی گوریسێك (شنق)(قەنارە)٫ دووەم گولەباران٫ ئەمەی دووەم ،زیاتر بۆ ئەوانە ئەنجام دەدرا، کەلەبواری سەربازیدا کاریان دەکردو سزا دەدران.
گەلی کورد ھەمیشە بەشی شێری بەرکەوتوە لەسێدارەداندا، بەشێك لەبەندیخانەی (بادۆش)ی شاری موسل لە سێدارە دەدران، وە بەشێكی دیکە لەبەندیخانەی ئەبو غرێب، لەو جێگایەی کەمن لێی بەندبووم.
 ئەو کاتەی من لەبەشی سێدارەدان بووم، رێژەی کورد لێرە، بەبەراورد بەساڵەکانی پێشتر کەباسی لێوە دەکرا، کەمتر بوو، ئەوەش ھۆکار خۆی هەبوو، لەوانە دەرچونی لێبوردنی گشتی لە مانگی ئەیلول(سیبتەمبەر) ١٩٨٨، تاوانەکانی ئەنفال وخاپورکردنی دێھاتەکانی کوردستان، کشانەوەی هێزی پێشمەرگەی کوردستان بۆناوچە سنورەیەکان، هەرلەبەر ئەوهۆکارانە بوو کەوایکردبوو زۆربەی زۆری زندانیەکان سەر بە حزبە عێراقیە شیعەکان بن .
سفوگ (ئەبۆ عجیل) دەیگوت، لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٧دا، ژمارەی زندانیان لەم بەندیخانەیه لەئەقڵا نەبووە، بەتایبەتی کورد، ژورەکانی سەرەوەو خوارەوە هەمووی کورد بووە، جێگای پاڵکەوتن نەبووە، ئەمەش وایکردووە کەژمارەک لەزیندانیەکان بەپێوە بن و ژمارەیەک بەچیچکانەوە ئەنوستن، ئەو بارە دژوارە، وای لەزیندانیەکان کردووە، کەزۆبەیان خوازیار بن لە سێدارە بدرێن، بۆئەوەی رزگاریان بێت لەو دوزەخەی تیایدا دەژیان، هەرلەبەر ئەو ناڕەحەتیە بوو زندانیەکان مانیانگرت، وە دروشمیان دژی رژێم دەوەت، کونی کلیلی دەرگاکانیان بەسابون گرتبوو، پاسەوانەکان بۆیان نەئەکرایەوە، لەئەنجامدا ھێزێکی تایبەتی ھات، ھەر لەناو ژرەکاندا، بە دەست رێژ ژمارەیکیان کوشتن، ئەوانەی کە نەکوژرابوون، دوای  چەند رۆژێك لەسێدارەدران.
ئەبێت ئەوش بزانیین، چەند لەم زیندان لە سێدارە ئەدرا، دوو بەرامبەر  لەدەستگائەمنیەکان، وەهەروها سەربازگاکان وسەر شەقامەکان گولە باران دەکران.
زۆر جار چالاکییەك دژی رژێم بکردرایە، لەهەمان شار، کەسانێکیان ئەھێنا ھەر لەو شوێنە، گولەبارانیان ئەکردن، یاخود قەدەغەکردنی ھاتوو چۆ(منع التجول)یان رائەگەیاند، ئەورۆژە ھەرکەسێکیان بگرتایە گولەبارانیان ئەکرد، من بۆخۆم  گولەبارانم پێ باشتر بوو لەھەڵواسین.
پارەی گولەکان، یاخود پەتی ھەلاواسینەکان وەرئەگیرایەوە لەکەسوکاری لەسێدارەدراوەکە، لەکاتێکدا ئەگەر تەرمەکە بدرایەتەوە بە خێزانەکانیان.
سفوگ ئەیگوت  مالكی جەلاد  لەدستیایە کە بەخێرایی و بەئاسانی گیانیان دەرچێنێت، یاخود بەگرانی و بەئێشەوە،  ئەویش لەڕێگای شێوەی   ئالاندنی پەتەکە لەملیان، کێشت زۆر بوایە باشتر بوو، زووتر گیانت دەردەچوو، ئێمە لێرە ھەموومان  لاوازبوین،  ئەوانەش کە پێش بەندکردنیان قەڵەو بوون، تا ئەگیشتنە شوێنی لەسێدارەدان، لاواز دەبوون.
مالکی جەلاد کەھات، چاوەکانی زۆر سوربوو، سفوگ دەگوت، ڕێگای پێدراوە بخواتەوە، هەربۆیە ویسکیەکی زۆری دەخواردەوە، بەتایبەتی ئەو ڕۆژانەی کەلەسێدارەدان هەبوو.

لە رووناکییەوە بۆ تاریکی.!
بەشی-٥٩-
لەدوای بردنی ھەرکۆمەڵێك (وەجبە)٫ بۆماوەی چەند کاتژمێرێك٫ بێ دەنگیەکی تەواو باڵی ئەکێشا بەسەر ژورەکاندا، بەتایبەتی ئەوژورانەی کەلێیان دەبرا بۆ لەسێدارەدان، نوێژو لەخوا پاڕانەوە گەرمتردەبوو، بەڕاستی هەستێکی گەلێک گران وناخۆش بوو، ئاخر تۆ بیهێنەرە پێش چاووت، کەمێك پێشتر، لەگەڵ کەسێکدا ژورت بەشکردووە، بەڵام ئێستا دڵنیایت، کە ئەو هەڵواسراوە.
راستە پێشتر ئێوە یەکتریتان نەناسیوە، خەڵکی یەک شوێن نەبوون، بە یەک زمان قسەتان نەکردووە، بیرو باوەڕێکی جیاوازتان هەبووە، رەنگە لەدەرەوی زیندان دژایەتیی یەکتریتان کردبێت، هەندێک جارگەیشتبێتە ئەوەی بەرامبەر یەکتر لەجەنگدا بوبن، بەڵام لێرە ئارێشەکانیان تێکەڵاوی یەکتر بووە، ھەستی مرۆڤایەتی و لەیەکتر نزیکبوون بەھێز تر بووە، سەرەڕای ئەوە، هەردووکتان چاوەڕێی یەک چارەنووسن، کەئەویش، گیان لێسەندنەوەیە.
لەلایەکی ترەوە نازانم چی ناو بنێم، خۆپەرستییە؟ یاخود لایەنە ئاژەڵیەکەی مرۆڤە؟ یاخود حەزو خولیای مرۆڤە بۆ  ژیان؟ ئەوە بۆتۆ بەجێ دەهێڵم، بۆخۆت دەتوانی ناوێکی لێبنێیت.
ئەوکاتەی ئەزانیت، کە تۆ لەهیچ کام لەوکۆمەڵانەدا(وجبە) نەبوویت، واتە ھەلێکی دیکەیە بۆ ژیان، بەلایەنی کەمەوە بۆ چەند رۆژێکی دیکە، هەروەها فراوانبوونی جێگاکەت لەژورەکەدا، تائەوکاتەی زیندانی تازە دێنن.
من و ھاوڕێ جەوھەر(روؤف) گفتوگومان زۆر بوو پێکەوە، ئاخر ژورەکانـمان بەرامبەر یەکتر بوو، لەپێشمەرگایەتیەوە یەکتیرمان دەناسی، ئەو لە پێشمەرگە کۆنەکان بوو، منیش لە ساڵی١٩٧٩ وە پێشمەرگەبووم، هەرچەندە ئەو دوای من دەستگیر کرابوو، بەڵام ئەوەبوو ئەو پێش من سزای لەسێدارەدانی بۆ دەرچوو بوو،  زۆر ئومێدم ھەبوو کەلەسێدارە نەدرێ لەبەر ئەم ھوکارانە :- ھەر خۆی بەتنیابوو، کەسی لەگەڵ خۆی نەھێنابوو، بەو واتایەی ئعترافی لە سەر کەس نەکردبوو، لەگەڵ ئەوەی کەسانێک دوای ئەو سزادرابوون، لەسێدارارە دران،  ئەمەش بۆخۆی بە ئاماژەیەکی باش دەژمێردرا، بۆ ئومێدی لە سێدارەنەدانی، رژێم لەو کاتەدا پروپاگەندەی دیموکارتییەت و فەرە حزبی ئەکرد، لە شەری عێراق-ئێران سەرکەوتوبوو، شورشی کوردی لاواز کردبوو، سەدام ئەیووست جوانکاری بکات لە دەسەڵاتەکەیدا، لەڕاستیدا ئەمەش پێوستی بە ھەندێک کاری روکەش هەبوو، لەسێدارەدانی کادرێکی پێشکەوتوو لەوکاتەدا، لە خزمەتی ئەم سیاسەتە تازەیەی ئەودا نەبوو.
لەدوای دابەشکردنی ھەر ژەمە خواردنێك، سفوگ ئەھاتە بەردەم شیشبەندی ژورەکەی من، لەویا دەمایەوە تا ئەوکاتەی  پاسەوانەکان ئەھاتن، ئەیان بردەوە ژورەکەی خۆی، سفوگ زانیاریەکی زۆری لا بوو، ئەگەر مرۆڤ بیزانیایە لەسێدارە نادرێت، سودێکی باشی لێ وەردەگرت، کەیسی ھەمووانی دەزانی، بۆ نمونە ئەیزانی مولازم سەعد (ئەبو یەسار)٫ کەسێك بەگرتیداوە ناوی (ھێمنەرەشە) یان خەلیلل ماشالا٫ کە ھاوڕێیەکی شیوعی بوو، پێشتر سزادرابوو، بەڵام بەر لێبوردنی گشتی کەوتبوو،  ویستبوی برواتە دەرەوە، ئازاد ناوێك کە دانشتوی گەرەگی شاترلوی کەرکوکە، بەگرتیدابوو وە لەسێدارەدرا، دەتوانین بڵێین ئەو سەرچاوە هەواڵ و زانیاری بوو لەبەندیخانەکە.
یەکێك لە ڕوداوە سەیرەکانی ژیانی ناو زیندانی، زیندانیەک بوو، ئەگەر هەڵەنەبم ناوی(سەباح) بوو، خەلکی بەسرەبوو، سەباح سی ساڵ لە سوید ژیابوو، هەروەها  رەگەزنامەی سویدی ھەبوو، بۆ سەردان گەرابووە، گرتبویان بە تاوانی سیخوری،  سزای لە سێدارەدانی لەسەربوو، باسی ژیان و  سیستەمی سویدی بۆ دەکردین، لەو جێگایەی کە من شەیدای   تشکی خۆر بووم، بۆم نەبوو بیبینم، بەڵام ئەمڕو من لە سوید دەژیم، بویە پێویسە مرۆڤ بەهەمیشەیی دەستبەردای هیوا نەبێت.
.رۆژێک دوو کەسیان ھێنا،  ھەر لە سەرەتای گرتنمەوە، ناویانم زۆر بیستبوو، بەڵام پێشتر بەدیداریان نەگەیشتبووم، ھاوڕێیان( سەعدون و فازل) ئەوان لەو رۆژەوەی دەستبەسەربوون، ھەر لە ژوری یەك کەسیدابوون(ئنفرادی)٫ ئەمانە کۆمەڵێ ھاوڕێی کچ و کوڕ بوون، کەبەیەکەوە گیرابوون، هەرچی ئەم دوانەیە، ھەر لەسەرتاوە  جیایان کردبونەوە لە ھاوڕێکانیان، ھەردووکیان خۆراگربوون، چ لە ئەمنی سلێمانی یاخود ئەمنی عامە.
ھاوڕێ سعدون وەك کەسێکی سیاسی کارامە، ھێمنی پێوە دیار بوو، ھاورێ فازل ھەمیشە خەندەیەکی لەسەر لێوبوو، ئەمان بە جەماعەتی بوتلە غاز ناسرابوون، ئاخر  ئەو بوتلە غازانەیان گرتبوو لایان،  کەبەشێوەیەکی ھونەری و تەکنیکی بریبیانەوە، چەك و تەقمەنیان تێدا حەشاردابوو، ئەوکاتەی کە بیانویستایە ئەیانکردەوە، ھاوڕێ فازل دەستی باڵای هەبوو لەم کارەدا. 
ئەوەشمان لەبیر نەچێت،  ئەوکاسانەی لە رۆژی گرتنەوە لە ژوری تەنیای بوون، کاتێک   ئەیان ھێنان بۆ ئەم زیندانییە، بارودۆخیان سەختربوو، بە یەکجاری لە دونیا دابڕابوون .


لە رووناکییەوە بۆ تاریکی
بەشی -٦٠-
من بەبینینی (سعدون و فازل) ھەستێکی زۆر نامۆم لا دروست بوو، هەرچەندە من بۆخۆم زۆر دەمێک بوو ناوبانگیانم بیستبوو، وەهەروەها تامەزرۆی دیداریان بووم، بێگومان لەدەرەوە٫ نەک لە ژوری مەرگەدا!
 لێرە ڕوخساری مرۆڤەکان تەواو گۆرانکاری بەسەردا هاتووە، هەمووی سەرو ڕێشێکی زۆر و ناڕێک، رەنگ و ڕویەکی سپی زەردهەڵگەڕاو، ڕوخساری مرۆڤەکان بەتەواوی کەم خوێنی وکەم خۆراکی پێوە دیارە، چاوەکان دەرپۆقیوو، بێجگە لەوەی دەمێکە کەس ڕوخساری خۆی نەینیوە بەهۆکاری نەبوونی ئاوێنە، لەهەمان کاتدا ترس و دڵەڕاوکێ، خراپی باری دەرونی، نەبوونی ڕوناکی،کەم خەوی کاریگەری تەوای هەبوو لەسەر سەرو سیمای هەرهەموومان بێ جیاوازی.
فازل پێی ووتم دەزانی کچێکتان بووە؟ ئەم ھەواڵە بۆمن زۆر گرنگ و دڵخۆشکەر بوو، کەواتە خێزانەکەم مناڵی بووە، وەسەلامەتەو کچیشمان بووە، من بۆخۆم لەخەیاڵمدا وێنای کچێکی جوانم بۆ کێشابوو، ئاخر ئەوکاتەی من گیرام، هاوسەرەکەم دوو گیان بوو، ئەوکاتە ئەو، وەهەروەها خانەوادەکەیان کاری حیزبییان دەکرد، من تا ئەوکاتە نزیکەی ساڵێک زیاترە، هیچ هەواڵێکیان نازانم. 
من و زانا(ڕێزان) لە ١٩٨٤/٣/٣١ھاوسەرگیریمان کرد، هاوسەرەکەشم ئەوکاتە بڕیاریدا کە ببێتە پێشمەرگە لەگەڵ من٫ بەڵام لەبەر سەختی ژیانی پێشمەرگایەتی ئەوکاتە، بیرمان لەمناڵ نەئەکردەوە،  دوای ئەنفال بارودوخەکە گۆڕانی بەسەردا هات، ئێمەش بە نھێنی «شاراوە»هاتینەوە ناو شار، ئەوکاتە بەگونجاوترمان زانی کەببینەخاوەنی مناڵ، هەربۆیە ئەوکاتە بڕیامان دا بویەکەم جار ببینە باوک و دایک.
دوای ھاتنی (سعدون و فازل) بە ماوەیەکی کەم، رۆژێك دەرگا گەورە سامناکەکە  کرایەوە، پاسەوانەکان ھاتنە ناو بەشەکەوە، نەکاتی دابەشکردنی خواردن ، نەڕۆژی  لەسێدارەدان بوو
ئەو کاتەی گەیشتنە ناوەندی ڕێرەوەکەوە، ناوی منیان خۆێندنەوە، منیش وەلامم دانەوە، کەلەناوەکەم دڵنیا بوون، بەوریایی هاتنە بەر ژورەکەمان، دەرگاکەیان کردوەو منیان لەگەڵ خۆیان برد، بێگومان بێ ئەوەی  کەلەپچەم بکەن.
 لەگەڵ یەکەم بەرکەوتنی چاوەکانم بەو تیشکی خۆرەی کەزۆر دەمێک بوو لێی وون بوو، زۆریش تامەزرۆی بوو، چاوەکانم توانای بەرگری ئەو ڕوناکییەی نەبوو، لەهەمان کاتدا ئارەزوی نوقاندنی دەکرد،  بەڵام من   چۆن ئەم دەرفتە لەدەست خۆم  دەدەم، ئاخر زۆر دەمێکە من شەیدای ئەم روناکییەم، هەوڵم ئەدا هەر  بەکراوەیی بیھێڵمەوە. لەرێرەرەوێکەوە منیان برد بۆ ژورێك، چەند کەسێك دانشتبوون، یەکێکیان فایلێکی لەبەردەستابوو، دوای دڵنیابوون لە ناوەکەم گوتی، تۆ مەرسومت بۆ دەرچووە، لە سەرۆکەوە خوابیپارێزێت، سزاکەت لە لەسێدارەدانەوە کراوە بە ھەتاھەتایی(موئەبد)
 ،من بێدەنگ بووم، کابرای مەلەف بەدەست گوتی، ئەوە بۆ سوپاسی سەرۆك ناکەیت؟ منیش بە ناچاری گوتم سۆپاس، هەروەها پێی ڕاگەیاندم، کە نابێت هیچ هەواڵێک لێرەوە بەکەسانی دیکە بگات، لەدواییدا گوتی ھیچ کەلوپەلێکت ھەیە لێرە؟ لەوەڵامدا گوتم  بەڵێ، لەراستیدا شتەکانی من ھیچی وانەبوون،  راستە پێپەتی بووم، ئاخر ئەوکاتەی هاتمە ئێرە  پێلاوکانیان لێسەندم،  لە تاکێکی یەکێك لەجووتی  پێلاوکانم، بست وپێنج دیناری عێراقیم تێدا حەشاردابوو،  من زیاتر مەبەستم ئەوەبوو، جارێکیتر بچمەوە ژورە وە  ماڵئاوای لە ھاورێکانم  بکەم. ئەوشتانەی کەلە زیندانیەکانیان ورئەگرت کاتێک ئەهاتنە ئەم بەندیخانەیە، لەژورێکی جیادا دائەندرا.
 لەگەڵ بردنە ژورەوەم، بە ھاورێکانم گوت، مەرسومم بۆ دەرچووە، سزاکەم لەسێدارەدانەوە بوەتە  هەتاهەتایی. من ماڵئاوایی خۆمم لێکردن، ھەرچەندە پاسوانکەکان ھاواریان ئەکردو جنوێیان دەدا، تەواو، من ئەوەی مەبەستم بوو کردم، وام دانابوو هەر زۆر توڕە بن لێم،  چەند شەقوو زلەم لێئەدن،  خۆ مەرسومەکە بەوان ھەڵناوەشێتەوە.
 پاسەوانکە رایکێشام بەرەو ژوری کەلوپەلەکان، گوتی کامەیە شتەکانت بیدوزەرەوە؟ دوای ماوەیەک گەڕان کیسەکەی خۆمم دوزییەوە، دوای ئەوە منیان دایە دەست دوو پاسەوانی دیکە، دوابەدوای ئەوە سواری ئوتومبیلێکی جام رووناك بووین، ئەمە یەکەم جارە بە ئۆتۆمبیێکی کراوە بمگوازنەوە.
ئەو شوێنەی منیان بۆ ئەبرد، لەدورەوە شورایەکی  زۆر بەرز دیاربوو، لەناو ئەم شوارایەدا چەندین دیواری بەرزی دیکەت لێوە دیار بوو، لەسوچەکاندا بە بەرزیەکی زۆر، تاوەری چاودێری(بورج الحراسە) بوو .
ئاسمانێکی شین وهەتاو لەناوەندیا ، چاوەکانم هەربەرگری دەکەن لەو خۆرەتاوە، پێڵوەکانم خوازیارن  خۆیان لێکنێن، هەستی گەرمایی جەستەمی داگیرگردبوو، بیرم بە خێرای لە شونێکەوە بۆ شوێنێکی دیکە دەرۆشت، یەکەم جارە پاش ماوەیەکی دوورودرێژ، ھەست بەزیندوو بونەوەنەوە دەکەم.
ئۆتۆمبیلەکە بەرەو یەکێك لە دیوارە بەرزەکا ن دەرۆیشت، لەبەردمی دوو دەرگای گەورە بەبەرزی پینچ مەتر وەستا، ئەوانەی لەگەڵ من بوون، کەوتنە قسە لەگەڵ پاسەوانێك کەلە تاوەری چاودێریەکە بوو، بۆ ئەوەی دەرگاکە بکاتەوە، هەر کە دەرگا کرایەوە، بە ئۆتۆمبیلەکەوەچوینە ناو بەندیخانەکەوە. گۆرەپانێكی گەورە کۆمەڵێک  دەرگاو پەنچەرەی لەسەربوو، هەروەها چەند ئۆتۆمبیلێکی  گەورەو بچوك وەستابوون، چەند کەسێک  شتییان بارئەکرد لە بار ھەڵگرێك، دیاربوون کەئەوانیش زندانیین. 
منیان لەیەکێک لەدەرگاکانەوە بردە ژورەوە، لەوێوە بۆ رێرەوێکی باریك، یەکێک لە پاسەوانەکان، دەرگای ژورێکی کردەوە، منیان بردە ناوەوە، ژورێکی گەورە، ئەتوانی ھاتوچۆی تێدابکەیت، ژمارەیەك زیندانی تێدابوو، ھەندێکیانم ناسییەوە، لە ئەمنی(سلێمانی یان عامە)پیکەوەبوین، دەستمان کردبەیەکترماچکردن،
دوای گفتوگۆ تێیان گەیاندم،  کەئەم بەندیخانەیە ناوکەی  (خاصه) یە، ئەم ژورە پێی ئەڵێن پێشوازی (استقبال).  ئەتوانین بڵێین، لێرەوە ژیانێکی نوێی بەندیخانە دەست پێدەکات، تا نزیكی روخاندای رژێم .
 وێنەیەکە، لەبەندیخانەی بادوش  گیراوە، هەر پێنجمان لە ژوری مەرگ بوین، خوش بەختانە ئێستا لە ژیاندا ماوین. ئەوانەی وستاون لەراستەوە.سەعدون، نسروللا، پۆڵا ، ئەوانەی دانشتون لە راستەو. محەمەد قڕگەی، موحسن دزەیی.



لە رووناکییەوە بۆ تاریکی! بەشی -51-56 كلیك بكه‌






PM:12:01:07/02/2021

ئه‌م بابه‌ته 1152 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی