بەشی -٣٩-
ئەوکاتەی کە منیان راگرتبوو، وە ئەشکەنجەی کابراکەیان دەدا، بیرم لەوە دەكردەوە و گومانم هەبوو، ئاخر چۆن دەبێت ئەمە ژوری ئەشکەنجەدان بێت، ئێرە تەنها نوسینگەی ئەفسەرێکی ئاسایشە، لێرە ھیچ ئامرازێك و ئامێرێكی ئەشکەنجەدانی تێدانییە، تەنھا دارێك و کێبلێك نەبێت، واش پێی نەدەچوو کە کابرای کوردی فەیلی لەخۆیان بێت، وە ئەمە تەنها سیناریۆیەك بێت بۆ ترساندنی من، بۆ ئەوەی توانای بەرگریم نەبێت، ئەگەر ئەوان وابیریانكردبێتەوە، زۆر ھەڵەن.
ڕاستە دیمەنی ئەشكەنجەدانی ئەو مرۆڤە، لە ناخەوە هەژاندمی، بەتایبەتی ئەو کەسێکی بەتەمەن بوو، بەڵام لە ھەمان كاتدا و لە دڵی خۆمدا دەمگوت، ئەگەر منیش ئاوا ئەشكەنجەبدرێم، بەختەورم، بۆیە دڵنیابووم ئەم جارەش هەر من براوەم.
منیان بردە ژووری ئەفسەرەكەوە و گوتی دانیشە، منیش دانیشتم،
گوتی ھیچت پێوست نییە؟
گوتم، نا سوپاس،
گوتی جگەرە دەکێشی؟
گوتم نا.
گوتی، ئێمە نامانەوێت ئازاری هیچ کەسێک بدەین، بەڵام ئەو كەسەی ھاوكاریمان نەكات و زانیاریمان پێشكەش نەكات، ناچارین زەبرو زەنگی لەگەڵدا بەكاربهێنین، ئەمە ئەركمانە و دەبێت بەباشی ئەنجامی بدەین.
گوتم وایە.
گوتی زۆر باشە، دیارە تۆ مرۆڤێكی زیرەكیت، ئێمە زانیاریمان ھەیە كە تۆ كەسانێكی زۆر دەناسیت، سەر بە حزبی شیوعین، ئێمە ناوی ھەمویانمان ناوێت، تەنها یەك ناومان پێ بڵێ بەسە، ئەمەش بە ھاوكاری دەژمێرین بۆ تۆ.
گوتم منیش زۆرم پێ خۆش دەبوو، ئەگەر كەسێكم بناسیایە، بەڵام بەداخەوە من كەس ناناسم!
بۆ ماوەیەك بەم شێوەیەو بەھێمنی بەردەوام بوو لە قسەكردن، بەڵام كەزانی سودی نییە، گوتی ئەگەر دەتەوێت، برۆ بیری لێبكەرەوە؟
گوتم بیر لە چی بكەمەوە، کە من ھیچ شتێك نەزانم؟
گوتی بزانە، ئەوە ئێستا تۆ ناچارمان دەكەیت، ئازارت بدەین.
من بۆ خۆم لە سەرەتاوە دمزانی کە، ئەم گفتوگۆیە دەگاتە ئێرە، چونكە پێشتر ئەم سیناریویەم بەسەردا ھاتبوو، لە ئاسایشی سلێمانی.
ھەمان شێوازی ئەشكەنجەدانی کابرای کوردی فیلییان، لەگەڵ مندا دووبارە کردەوە، بەڵام ھەمان ئەنجامیان دەست نەكەوت.
ماندو بوون و منیان ناردەوە بۆ شوێنەكە خۆم، ئەمەش زۆر باش بوو بۆ من، ئاخر من ترسی ئەوەم ھەبوو کە، بمبەن بۆ ئنفرادی یاخود شوێنێكی دیکە.
لەماوەی دوو حەفتەدا، سێ جاری دیکە، منیان بردەوە بۆ لێكۆڵینەوە، بەڵام نەگەیشتن بە ھچ ئەنجامێك، قسەکەی ماموستا ئەحمەد راست دەرچوو كە دەیگوت، لەوێ نیوەی ئێرەت پێناكەن.
ڕاستە "ئاسیشی گشتی" ناوێکی سامناک بوو٫ بەڵام ئەشكەنجەدانەكەی من لێرە، بەپێی ناوەکەی نەبوو.
لێرە كاتێك دەرگای ژوورەكان یاخود راستییەكەی بڵێین، قەفەزەكان دەكەنەوە، تێكەڵاوی كەسانێكی زۆر دەبیت، بێگومان زیاتر لەو خەڵکە نیزیك دەبێتەوە كە، ھاوبیرو ھاوخەمی یەكترین، زۆر كەسم لێرە ناسی، سودم لێوەرگرتن، وهەروەها منیش بەپێی توانای خۆم سودم پێ گەیاندن، یەكێك لەوانەی کەلێرە بینیم، شەھید خەلیل ماشاواللە بوو. شەهید خلیل، کەسێکی ماركسی تێگەشتوو بوو، زانیاری زۆری هەبوو لەسەر مێژوو، ڕۆژانە باسی شوڕشی زنجیەكان و قەرامیتەی بۆ دەكردم، خەلیل پێشتر گیرابوو وە حوكمیش درابوو، بەڵام بە لێبوردن ئازاد كرابوو، زانیاری زۆری پێدام، دەربارە زیندانی ئەبو غرێب.
من لە زنجیرەی نوسینەکانی پێشوتردا(لەژوری مەرگدا) ئاماژەم پێکردبوو، کە چۆن ئازاد ناوێك، خەلكی كەركوك بووە و خەلیلی بەگرت داوە.
پارە لێرە مامەڵەی پێدەکرا، بۆیە لەو دوو بیست و پێنج دیناریەی کە پێم بوو، یەكێكیانم بەخشییەوە.
كۆتایی مانگی ھەشتی ساڵی ١٩٨٩، بەیانییەكی زوو ناویان بانكردم و بردیانم، نازانم بۆ کوێم دەبەن! ئەزانم بۆ لێكۆلینەوە نییە.
ئەمەوێت لێرەدا ئەوەش بڵێم کە، بە بێچەوانەی زیندانیەکانی دیکە، من لەو رۆژەوەی گێراوم، چاویان نەبەستومەتەوە.
بردیانم بۆ ھەمان ئەو شوێنەی، كە بۆ یەكەم چار منیان لێداگرت، ھەمان سەیارە و ملازم محەمەدی ئاسیشی سلێمانی چاوەرێی دەكردم، ئێستا دڵنیام کە، دەمبەنەوە بۆ ئاسایشی سلێمانی.
منیان كردەوە ناو كەبسەكەوە، مەبستم پشتی ئەو ئۆتۆمبیلەی كە، بە تەواوەتی داخراوە، بەوهیوایەم ئەم جارە باشتر بێت لە جاری پێشوو، ھەرچەندە ئێستا پلەی گەرما بەرزترە.
ئۆتۆمبیلەکە بەرێ كەوت، خێرا دەڕوات و بەبێ وەستان، وادیارە لە بغداد دەرچوین، پاش ماوەیەک وەستا، دوای چەند خولەكێك دەرگای پشتەوەیان كردەوە، سێ سەبەتەی حەسیر خورمایان دانا، گوتیان دەتوانی لێی بخۆیت، زانیم ئەم شوێنە خالسە.
دەستم كرد بە خورما خواردن، ھەر جارەی لە سەبەتەیەكم دەردەهێنا، لە ھەمان كاتدا، دەترسام زۆر بخۆم، لەبەر ئەوەی زۆر گەرم بوو، وەهەروەها ئاوم لا نەبوو، ئەگینا لە توانامدا هەبوو، یەك سەبەتە بخۆم، هەموو جەستەم بوو بە ئاو، لە ئەنجامی گەرماو نەبونی ھەوا، وەهەروەها خورما خواردن.
جارێکی دیکە ئۆتۆمبیلەکە وەستا، دەرگایان كردەوە و ئاویان بۆ ھێنام، ئێستا زانیم کە ئێرە دووزخورماتووە، بە رێكەوتینەوە بەڵام ھەتا دێت گەرمتر دەبێت، بە پێی جوڵەی ئۆتۆمبیلەکە، مەزەنەم دەكرد ئێرە کوێ بێت، واھەستم كرد کە ئێستا لە ناو شاری سلێمانیداین، بەدەنگی ھوڕن و پێچی ناو کوڵانەكان.
ئۆتۆمبیلەکە وەستاو دەرگایان لە من كردەوە، كە دابەزیم و دیقەتم دا، ئێرە ئەو شوێنە نییە، كە پێشتر منیان لێوەبرد، بۆ ئاسایشی گشتی لە بغداد.
لەلەڕووناكییەو بۆ تاریكی .!
بەشی -٤٠-
ئۆتۆمبیلەکەیان لە گۆرەپانێك(ساحە)دا، وەستاند، بەچواردەوری گۆڕەپانەکەدا شورا بوو، لە بەشێكی گۆڕەپانەکەدا، گەراجێکی ئۆتۆمبیلی لێبوو.
لەدەرگایەكی ئاسنەوە کەقەبارەکەی مام ناوەندی بوو، منیان بەخێرایی بردە ژوورەوە.
لەناوەوە و لەبەر دەرگاکەدا، حەوشەیەکی بچوکی لەسەربوو، سەرەوەی تەلبەند کرابوو، بەلای دەستی ڕاستدا چەند پێپلیکانەیەکی هەبوو، دەچوو بۆ ڕێڕەوێکی باریک، وە بەلای دەستی چەپدا، دەرگایەک هەبوو، دوایی زانیم ژووری زیندانیە ژنەکانە.
منیان برد بۆ لای دەرگایەك، لە پێشەوەو بەلای دەستە راستدا، بەلای دەستە چەپدا، چەند پێبپلیكانەیەك ھەبوو بۆ خوارەوە، بەلام منیان بەلای دەستە راستدا برد، وە بە چەند پێپلیكانەیەدا سەریان خستم، بۆ تەبەقە(قات)ی سەروە، دوای ئەوە گەیشتینە ڕێڕەوێک کە ژمارەیەکی زۆر دەرگای لەسەر بوو، لە کۆتایی ڕێڕەوەكەدا و بەلای دەستی راستدا، دەرگایەكیان كردەوە و منیان خستە ژوورەوە.
ژورێکی گەورەبوو، پێچت دەکردەوە، بەلای دەستە چەپدا، پەنجەرەیەکی بچوکی تێدا بوو، بیست سامتین چوارگۆشە دەبوو، دەیڕوانیە سەر ڕێرەوەكە، ئاودەستێك و هەواکێشێکی تێدابوو.
زیندانیانی ژوورەكە، ژمارەیان لەچل زیندانی زیاتر دەبوو، پێشوازیان لێكردم، من هیچیانم پێشتر نەدیبوو وە نەم دەناسین، بەڵام ھەندێكیان ناوی منیان بیستبوو.
ماندوو بوونێکی زۆرم پێوە دیار بوو، بێجگە لە بۆنی ئارەقی ناو ئۆتۆمبیلەکە(كەبسەكە)، گوتیان ئەگەر پێت خۆشە، دەتوانیت خۆت بشۆیت، لەوکاتەدا خۆشتن بەلای منەوە شتێکی زۆرسەیر بوو!
گووتم بۆ جێگای خۆشتن هەیە؟
گوتیان لێرە دەتوانیت، كەی بتەوێت خۆت بشوێت، یاخود برۆیتە سەرئاو.
یەكێك ھات و یارمەتی دام، بەڵام وادیاربوو، لێرە کێشەی كەمی سابونیان هەبوو، ھەرچونێك بوو، پارچەیەك سابونی بچوكیان بۆ پەیداكردم، ئەمە یەكەم جارە، بەبێ ئەوەی پەلەبکەم، وە بەباشی خۆم بشۆم.
ئەم بالاخانەیە تازەیه، ھەندێک جێگای چوار تەبەقەیه(قاتە)، ئەمە بەرێوبەرایەتی ئاسایشی سلێمانیە، پێیان دەگووت ئەمنە سوورەكە، لەبەر ئەوەی لەدیوی دەرەوەی، بەرەنگی سور بۆیاغ كرابوو، زۆر جاریش پێیان دەگووت، ئەمنی عەقاری، لەبەر ئەوەی لە گەڕەكی عەقاری بوو، بەشێكی فەرمانگەی بەڕێوەبەراتی ئاسایش بوو، وە بەشەكەی دیکەی جێگای زیندانی بوو.
ئەوکاتەی من دەستگیرکرام، واتە لە ١٩٨٩/٥/٦، زیندانیان نەدەھێنا بۆ ئێرە، بەڵام لەو ماوەیەی من لە ئاسایشی گشتی بووم، زیندانیەكانیان گواستبوەوە بۆ ئێرە، لەبەر ئەوە جێگاکە جارێ پاك، وە هەروەها سەردمیانە بوو،
جیاوازی زۆر بوو لەگەڵ ئەمنە كۆنەكە.
بە پەرۆشەوەم ھەواڵی براكانم بزانم، ئەبێت چییان لێ بەسەر هاتبێت؟ خۆشبەختانە وەڵامم دەست كەوت، لە ھەندیك لە زیندانیەکان،کەهەر دوو براکەم پێش ماوەێك ئازاد کراون، بەبیستنی ئەم ھەواڵە زۆر دڵخۆش بووم، ھەرچی ئازار و ماندوبونێکم هەبوو لە بیرم چویەوە، من جگە لە خەمی براكانم، زیاتر خەمی دایكمم هەبوو، ئەم ھەواڵە وای لێكردم، وەك ئەوە وابێت نەبام دیبێت نەباران.
ئەم ژوورەی ئێمە ژمارە چواربوو، گەورەترین ژووری سەرەوە بوو، لە بنەڕەتدا دوو ژوور بوو كرابوو بە یەك، بەڵام لە خوارە، ھۆڵێكی گەورەی لێبوو، پێیان دەگووت ژێرزەمینەكە، بە پێپلیكانە بۆی دەڕۆیشتیتە خوارەوە، بێگومان ژمارەیەك ژووری ئنفرادی لێبوو.
چاودێر(موراقب)ی ژوورەكەمان، گەنجێکی قۆزبوو بە ناوی شێخ حسین، لەگەڵ ئەوەی زیندانی بوو، زۆر پاك و تەمیز بوو، ئەو گووتی لە ژورەكەی ئەوبەرمانەوە دەیانەوێت بەخێر ھاتنت بكەن، گووتی ئەگەر گوێت لە دەنگی پێی، یاخود كلیلی پاسەوانەکان بوو بێدەنگبە، وادیار بوو لێرە لە نێوان ژوورەكاندا قسە کردن هەبوو، بەڵام بە وریایی.
چومە بەردەم دەرگای ژوورەكەمان، لە پەنجەرە بچۆكەكەی دەرگاكەی ژوورەكەی بەرامبەرمان، یەكیك سڵاوی لێكردم و كەوتینە گفتووگۆ، تێگەشتم كە ئەوان سێ كەسن، لەسەر حزبی شیوعی دەستگیر کراوون، بەم ناوانە ھوشیار، تاریق، عوسمان.
گووتیان پێشمەرگەیەكی حزبی شیوعی دستگیر کراوە بە ناوی كاوە، مەبستیان ھەرێم بوو.
ئەوانەی لە ژورەکەی مندا بوون زۆربەی زۆریان کورد بوون، تەنها دوو عەرەبمان لەگەڵدا بوو، خەڵکی ڕومادی بوون، ئەو دوو عەرەبە ئیسلامی بوون، لەگەڵ دوو كوردی دیکە، بە ناوی (مەلا جبار و كوڕێكی گەنج بەناوی جەزا)، كە بەداخەوە ھەر لێرە گولە باران کران.
ھەموو زیندانیەکانی ئێرە لە سەر سیاسەت نەگیراون، سەلامە سوور و بەرزان چەكداری تەواری بوون، لەسەر كوشتنی یەكێك لە چەكدارەكانی خۆیان زیندانی بوون، لەگەڵ ئامر مەفرەزەكەیان كامەرانە سوور، كە پێشتر ئاماژەم پێکردبوو، لە ئنفرادی ئەمنە كونەكە.
کۆمەڵێک لەسەر ناوچە قەدەغەكراوەكان(المناگق المحرمه)٫ دەستگیر کرابوون، ئاخر ئەو كاتە ھەركەسێك، لە دەرەوەی شارو و شارۆچكەكان بوایە دەستگیریان دەکرد، کەسانێکی دیکە لەسەر تاوانی تێپەراندنی سنور(تجاوز الحدود)٫ دەستگیر کرابوون، کۆمەڵێک لەسەر رێكخستنەكانی یەكێتی و سوشیالسیست، كەسانێكێش هەبوون، خۆیشیان نەیاندەزانی لەسەرچی دەستگیر کراون.
لەڕووناكییەوە بۆ تاریكی .!
بەش-٤١-
لەو کاتەدا(عەقید خەلەف)٫ بەڕێوبەری ئاسایشی سلێمانیی بوو.
ئەو ئەفسەرانەی کە لێرە زۆر ناسراو بوون، بە بەكارھێنانی زەبر و زەنگ و بێڕەوشتی:
٭(رائید حەسون و نەقیب ماجد)
٭مفەوزەكان(تاریق)، وەک سەگی ھار بوو.
٭لە پاسەوانەكان محەمەد(ئەبودەلەف)
٭ھەرچی رەحیمی پاسەوانە، وەك ئەوە وابوو، بە ناچاری ئەم كارە بكات، ھەتا پێی نەڵێن، دەست درێژی ناكاتە سەر هیچ زیندانییەك، ئەو بۆ ئەم شوێنە نەدەگونجا، لەبەر ئەوە کە مولەت دەبوو، زیندانیەکان لەچاوەڕوانی ئەوەدا بوون، كەی بگەرێتەوە، بە پێچەوانەوەی(ابو دلف)وە، زیندانیەکان ڕۆژیان دەژمارد، بۆ مۆڵەت و ڕزگاریان بێت لەدەستی، ئەگەر بۆ ماوەیەکیش بێت.
ئەبو دەلەفی بێرەوشت، كاتێك زیندانییەكی، بە چاو بەستراوی دەبرد بۆ لێكوڵینەوە، بەدرۆ بەزیندانیەكەی دەگووت، ئەوە پێپلیكانەیە لەبەردەمتدا، لەکاتێکدا پێپلیكانە نەبوو، زیندانیەكەش وا پێی دادەنا، وەک ئەوەی بەسەر پێپلیکانەیەکدا بڕواتە سەرەوە، یان بچێتە خوارەوە، یاخود زۆر جار بە پێچەوانەوە، پێپلیکانە بوو بەڵام، ئەو بەزیندانیەکەی نەدەگووت، لەوکاتەدا دەکەوتە خوارەوە، هەندێک شوێن پێچ کردنەوە بوو، بەڵام ئەم نەیدەگووت، بۆئەوەی زیندانیەکە، بەردەوام بێت و بەر دیوارەکە بکەوێت.
بێجگە لەقسەی ناخۆش و دەست وە شاندن.
لە ماویەكی كورتدا، پەیوەندیەكی باشم پەیداكرد، لەگەڵ زۆربەی زیندانیانی ژوورەكەمدا، جێگای متمانە بووم لایان، ئەوەی نەیان دەوێرا باسی لێوەبکەن، لای هیچ کەسێکی دیکە، لەلای من باسیان دەکرد، منیش رێگام بۆ دادەنان، ھەڵبەتە كەسانێكیش ھەبوون دژایەتیان دەكردم، لەبەر ئەوەی شیوعی بووم، هەرچەندە لەتوانایانەدا نەبوو، بە ئاشكرا ئەم كارە بكەن، بەڵام ھەروەك پیشەی ھەمیشەییان، نەیارانی ماركسییەت، دەیانویست لە رێگای ئاینەوە دژایەتیم بكەن ، خەڵکەکەم لێ دوور بخەنەوە.
زۆربەی زۆری زیندانیەکانی ژورەكەم نوێژیان دەكرد، تەنها من و زیندانییەكی دیکە نەبێت بە ناوی ئەیوب، خەڵکی ھەورامان بوو، ئەو لە ئاستێكی بەرزی ڕۆشنبیری و تێگەیشتدا بوو، وەهەروەها رێبازێكی فەلسەفی تایبەت بەخۆی هەبوو، دەیگووت من بڕوام بەخوا ھەیە، بەڵام ئەم خوایەی ئەمانە نا کە نوێژی بۆدەکەن. ھەروەك لەوەوپێش ئاماژەم پێکردبوو، مرۆڤ لە تەنگانەدا، ئەوکاتەی هەست دەکات هیچ دەسەڵاتێکی نیە، پەنا بۆ غەیبییات دەبات وەک فریاد ڕەسێک، ئەتوانم بڵێم ئەوە پاڵنەری سەرەکی بوو بۆ، ئەوانەی کەلەدەرەوە نوێژیان نەکردووە، بەڵام لەزییندان دەست دەدەنە خواپەرستی.
لە ھەمووی خۆشتر دلێر ناوێک کە، مامۆستای کاراتی بوو، پێش نوێژی بۆدەکردن، كەسانێك هەبوون پێشتر دەیانناسی، دەیانگووت گوایه ھاورگەز بازە، هەرچەندە ئەو لێرە، سودی هەبوو بۆ ئێمە، ڕۆژانە چەند کاتژمێرێک وەرزشی کاراتی پێدەکردین.
خواردن و سابوون و تایت لێرە زۆر کەم بوو، بەشی نەدەکرد، زیندانیەكان دەیانگووت، ئەوە زیاتر خەتای بەڵێندەركەیە(عەبەی سالحی قیروان)، ئەو پەیوەندییەكی باشی هەبوو، لەگەڵ ئەفسەركان و بەرتیلی دەدانێ، بەرامبەر بەو خواردنە کەم وخراپەی دەیهێنا بۆ زیندانیەكان، ئەوانیش چاو پۆشییان لێ دەكرد، کەمی خواردن و ناڕێکی دابەشکردنی هۆکارێک بوو بۆ، دروستبوونی شەڕو ناکۆکی لەنێوەندی زیندانیەکاندا.
زیندانیەكان داوایان لەمن کرد، خواردنیان بەسەردا دابەش بکەم، ئەم کارەش ئاسان نەبوو، ئاخر تەنها سەرچاوەی ژیان لێرە ئەم خواردنە کەمەیە، ئەم کارە لە ئاستی وەزیری دارایی گەورەتر بوو، دەنكە برنجێك زیاد یان كەم، بە گەندەڵكاری دەژمێردرێت.
هەر ماوە ماوەیەک، دەیان بردین بۆ ڕێرەوەكە، یاخود لە حەوشە بچوكەكەی خوارەوە، ڕیشیان بۆ دەتاشین، زۆربەمان بەدەم و چاوی خوێناویەوە دەھاتینەوە، بە تایبەتی بە زستان، ئاخر بەیەک گوێزان(موس)، و ئاوی سارد، رەشی بیست كەسیان دەتاشی.
جگەرە کێشەكان زۆر پەرێشان بوون، هەموو کاتێک ئەوان تامەزرۆی جگەرەبوون، لەبەر ئەوە ھەندێكیان بۆ نان نەدەپاڕانەوە، هێندەی بۆ جگەرە بەپەرۆش بوون، كاتێك پاسەوانێك بھاتایە، ئەوان لێیان دەپاڕانەوە بۆ نەفەسێك جگەرە، ھەندێكیان تڵپە چایان وشك دەكردەوە، لەدواییدا هەرپارچە کاغەزێکیان چنگ بکەوتایە، دەیان پێچایەوە و دەیان کێشا، لەبەر ئەوە بوو زۆر جار ئەفسەرەکانی لێکۆڵینەوە، پرسیاریان دەکرد، جگەره دەکێشیت یان نا؟ ئاخر بۆ ئەوەی وەک خاڵێکی لاواز لەکاتی لێکۆڵینەوەدا بەکاریبهێنن، هەندێک جار بە پێشکەش کردنی جگەرەو چایەک زانیاریەکی گرنگیان بە زیندایەک درکاندووە.
دلێری كاراتی بە پێشنوێژیەوە نەئەوەستا، ڕۆژانە وەك دەروێشەكان، زكری بە كۆمەڵێك دەكرد، لە بەرامبەر ئەمەدا، منیش چێروكەكانی( جەنگێز ئوتماتوف ونێكولای ئوستروفسكیم)، بۆ دەگێرانەوە.
لە رووناكییەوە بۆ تاریكی .! بەشی 35- 38
AM:10:45:25/01/2021
ئهم بابهته 4232
جار خوێنراوهتهوه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی