‌لە روناکییەو بۆ تاریکی.! 30-34
PM:03:43:09/01/2021
رزگار عه‌زیز - پۆڵا

ناریک داهات، جوڵەو ھاتووچۆ لەدەرەوە دەستی پێکرد، وەك شەوەکانی پێشتر، ھاوار بەرزە دەبوەوە لەژوری ئەشکەنجەدان، بۆ ماوەیەك خامۆش دەبوو، دووبارە دەستی پێ دەکردەوە.

ھەستم راگرت لە بەردەم دەرگای ژورەکەم، بێدەنگ و بێ چرکە، ھەوڵم ئەدا لە درزی نێوان دەرگاکەو چوار چێوەکەیەوە، شتێك بەدی بکەم، چاوەڕێ دەکەم ئێستا نا، تۆزێکی دیکە، دێن و دەمبەن، بەتایبەتی لەو کاتانەدا کە دەنگی ھاوار لەژوری ئەشکەنجەداندا کپ دەبوو.

وا ئەمشەویش بەرەو تەواو بوون دەڕوات، ئەمەش ئەوە دەگیەنێت کە، سیانزەی مانگ ئەوە ڕوینەدا کە من لێ دەترسام، ئەوەی مەبەستم بوو، زانیاریان هەبێت دەربارەی دیدارەکەی من وشەھید سعدون، بەمە یەکێك لەگومان ومەترسی ودڵەڕواکێم کەم دەبێتەوە. 

دوو شەو رابوورد، من لێپرسینەوەم لەگەڵدا نەکرا، نازانم ئەم شەوچۆن دەبێت. من دوو خواستی جیاوازم هەیه، لەلایەك پێم خۆشە کە نامبەن بۆلێکۆلینەوە، لەلایەکی دیکەوە ئارزوومە بزانم، چی تازە دەزانن دەربارەی من.

ئەوە بوو ھاتن و بردیانم، بەڵام ئەمشەو بۆ ژوری ئەشکەنجەدان نەبوو، بۆ حەوشەی بەندیخانەکەبوو رائید ریاچ لەسەر کورسیەك دانیشتبوو، ئەوانەی کە ھاوینان لە باخچەکاندا بەکاردەهێنرا، گوتی دانیشە، منیش لەسەر زەویەکە دانیشتم، ئاخر کورسیی دیکەی لێنەبوو هەتا لەسەری دانیشم، دەستی کرد بەقسەکردن وگوتی(ابنی رزگار لەتعژب نفسك ولتعژبنا ویاك  .........)٫کوڕم رزگار خۆت ئازار مەدە وە ئێمەش بەخۆتەوە ئازار مەدە، ئێمە دەزانیین تۆ ئەم دەمانچەیەت بۆ زاهیر ھێناوە، گوتم زاھیر کێیە؟ بەتوڕەییەکەوە گوتی ھەر بەردەوامی لەسە درۆکردن؟

پێتخۆشە زاھیر  بێنمە بەردەمت؟ گوتم بەڵێ.
بۆجاری دووەم بەتوڕەییەوە گوتی(لەتصیر زمال)٫ کەر مەبە٫ تۆ شتت لە ماڵی زاهیر دانابوو، گوتم شتی چی؟
ئەمجارە ھەستایە سەر پێ وگوتی، گوێ بگرە ڕزگار، برۆ بیرکەرەوە تا سبەینێ، ئەگەر ھەمان وەڵامەکانی ئەم شەوت ھەبێت، ئەوا خراپت بەسەر دێنم، بەپاسەوانەکانی گووت بیبەنەوە.
پاسەوانەکان منیان بردەوە بۆ ژورەکەم، ئەوەی ئێستا دڵنیام لێی ئەوەیه کەزاهیر دەستی هەیه لەدەستگیر کردنەکەمدا، هەرچەندە من لەسەرەتاوە گومانم لێی هەبوو، بەڵام نەمئەویست بڕوا بەخۆم بهێم، ئێستا گومانم لا نەما. 
زاھیر لە جیاتی ئەوەی تۆڵەی شەھید ئەکرەمی برای لەجەلادەکانی بەعس بکاتەوە، منی دایە دەستیان، هەرچەنده من ویستم یارمەتی بدەم.
ئێستا ئەبێت من نەخشەکەم بگۆرم، بەپێی ئەم ناپاکییە. بەپێ لیێکدانەوەم زاھیر بەتەنها نییە، ئەبێت یەکێک یاخود چەند کەسێکی دیکەی لە پشتەوە بێت، ئاخر بەبڕوای من زاھیر لە توانایدا نەبوو راستەوخۆ پەیوەندی بە ئاسایشی گشتی( امن العامە)وە بکات، ئەگەر لە رێگای یەکێکی دیکەوە نەبێت .
بۆ ڕۆژی دوایی شەوەکەی، ھەر لەگەڵ دەرگا کردنەوەیان، دایان گرتمەوە بە شەق و زلەو جنێو، هەتا بەردەمی رائید ریاچ، لە ژوری ئەشکەنجەدان، رائید ریاچ گوتی بیرت کردەوە؟
گوتم بەڵێ.
گوتی زۆر باشە، دەمەوێت لە دەمی خۆتەوە بیبستم، بۆ ئەو دەمانچەیەت دا بە زاھیر؟
گوتم شتی وانییە، ھەر شتێکیان گوتبێت درۆیە، لەڕاستیدا من پێم خۆشبوو بڵێم وایە، بەڵام چاک دەمزانی کە ئەم مەسەلەیە لێرەدا کۆتایی نایەت، شتی دیکەی بەدوادا دێت، لەبەر ئەوە ئەو درۆیەی کەلە سەرەتاوە کردوومە ئەبێت بەردەوام بم لەسەری تاکۆتایی، نابێت کەسی دیکە بێتە ناو ئەم بازنەیەوە، ئەگینا بە ھیچ جۆرێك کونترۆڵ ناکرێت. گوتی زاھیر دەهێنمە بەرامبەرت، گوتم ھەر کەسێك دەهێنیتە بەرامبەرم بیھێنە، وەڵامی من هەرئەوەیه، لەبەر ئەوەی من راستییەکەم بەئێوە گوتووە.

ئەوان دەیانویست لە خالێکەوە لەگەڵ من دەست پێبکەن  ئەگەر بێتوو بچوکیش بێت، بۆ ئەوەی بتوانن بەکلیلێک هەموو دەرگاکان بکەنەوە، منیش لە ھەوڵی ئەوەدا بووم کە ئەو کلیلەیان نەدەمێ، ھەرچەندە ئەوان دەرگاکانیان لێوە دیارە. 

دەستیان کرد بە ئەشکەنجەدانم، بەھەڵواسین و کێبلکاری دەستی پێکرد، بە کارەبا لێدان وبە بورانەوە کۆتایی ھات. 


لەڕووناکییەوە بۆ تاریکی .!
بەشی-٣١-
چاوم کردەوە لەسەر چرپایەك (قەروێڵە) ڕاکشابووم، دەستی راستم بەستراوەتەوە بە چرپاکەوە، پاسەوانێكم لەلاوەیە، لەشوێنەکە ورد بومەوە، ھۆڵێکە دەورو پشتم ھەر ھەمووی قەرەوێڵەیەو نەخۆشیان لەسەرە، دکتور وبرینپێچی لێیەو خەریکی چارە سەریانن، چەند کەسێک بەجلی سەربازیەوە ھاتوو چۆ دەکەن، ئێستا تێگەشتم کەمن لە نەخۆشخانەم، بەپێی دەموچاوەکان وجلو بەرگەکانیان بێت، ئەمە نەخۆشخانەی سەربازییە.
زۆرم تینوو بوو، ڕوومکردە پاسەوانەکەو داوای ئاوم لێکرد، گوتی ئەوە بەئاگا هاتیتەوە؟ گوتم بەڵێ، گوتی ئەبێت لەدکتور بپرسم، پاسەوانەکە دورکەوتەوە بۆئەوەی لە دکتور  بپرسێت، قەروێلەکەی تەنیشتم چۆڵ بوو، بەڵام ئەوەی ئەولاتر نەخۆشێکی لەسەر بوو، زۆر بە خێرایی لێم پرسی ئێرە کوێیە؟ گوتی نەخۆشخانەی سەربازی سلێمانییە، گوتم من ناوم رزگارەو ماڵمان لەسەرچنارە، بەدەرفەتم زانی وا بڵێم، ئەگەری ئەوەم دانا لەئەملاو ئەولا باسی بکات و بگاتەوە بەدەمی  یەکێک کەمن بناسێت.
پاسەوانەکە ھاتەوەو دکتورەکەی لەگەڵدا بوو، ھەندێک پرسیاری دەربارەی تەندروستیم لێکردم، منیش وەڵامم دایەوە، پشکنینی لێدانی دڵی بۆکردم، گوتی ئێستا باشتری، وادیاربوو چەند دەرزییەکیان لێدابووم، ھەستم بەدەستەکانم و قاچەکانم نەدەکرد، دکتۆرەکە گوتی دەتوانێت یەك پەرداخ ئاو بخواتەوە.
زۆری پێ نەچوو ھاتن بۆ ئەوەی بمبەن، ھەرچەندە دکتورەکە گوتی، ھێشتا مەترسی لەسەرماوە، گوتیان فەرمانە، دوکتور گوتی کەواتە ئەبێت ئەم حەبانە وەرگرێت.
ھەڵیان گرتم و فڕێیاندامە ناو ئۆتۆمبیلێکەوە بەرەو فەرمانگەی ئاسایشت(دائرە الامن)، دوای ئەوە بۆ ژورکەی خۆم، بەبەردەوامی ئازارم  زیاد دەبێت، ئێستا ھەست دەکەم قاچم پێوەیە، بەڵام ھەردوو دەستەکانم لە قوڵمەوە هیچ هەستێکم پێ نەدەکرن، ئیفلیج بوون، زۆر تینومەو ژانە سەرەرێکی زۆر بە ھێزم ھەیە.
لەژورەکەی تەنیشتمەوە ژمارەکەم بانگکرا، ھێزم کۆکردەوەو وەڵامم دایەوە، گوتی ئەوە چیت لێھات؟ گوتم لە نەخۆشخانە بووم، گوتی لە دوێنی شەوەوە، ئەوکاتە زانیم ئەمە ئەو شەوە نییە کەبردیانم بۆ لێکۆڵینەوە، شەوی دوای ئەوەیە.
رۆژ بوەوە، بەو هەموو ئازارەوە ھەرچۆنێك بوو چووم بۆ سەرئاو، پێش ھەموو شتێك  دەمم نا بەبەلوعەی ئاوەکەوە،  زۆرم تینوو بوو، دەستەکانم ئیش ناکەن، داوام لە پاسەوانەکە کرد دەرپێکەم بۆ ھەڵکێشێتەوە.
دوای ئەوە خواردنیان ھێنا، بەڵام نازانم چۆن بیخۆم، بەپەنجەکانم ئەتوانم شت بگرم، بەڵام توانای جوڵاندنی مەچەک و دەستم نەبوو، لەبەرئەوە دەمم دەبرد بۆخواردنەکە.
دەرگاکە کرایەوە پاسەوانەکە هاتە ژورەوەو حەبێکی بەدەستەوە بوو، گوتی دەمت بکەرەوە، دەمم کردەوە و حەبەکەی خستە ناو دەممەوە، گوتی قوتیدە، منیش قوتمدا. 
واچەند رۆژێکە کەس نایەت بەلامدا، چەند حەبم کۆکردۆتەوە لەو حەبانەی رۆژی سێدانەیان پێئەدام، بەدەستی خۆیان ئەیانکردە دممەوە، ئەبوایە چاویان لێبێت تاقوتی ئەدەم، بەڵام من جارجار لەدەممدا دەمھێشتەوە، لە دواییدا دەرم ئەهێناو هەڵم دەگرت، بۆ ئەوەی ئەگەر ھەر توانای بەرگریم نەما خۆمی پێبکۆژم.
من دەمزانی درباز بونم نییە لەمردن، بەڵام دەبێت بەسەر بەرزی بمرم. 
بیرم لەوە دەکردەوە چۆن بێ ئومیدیان بکەم، بەبیرمدا هات نەخشەیەکی نوێی چەواشەکارییان بۆ دابڕێژم، لە لێپرسینەوە لەو ئەحمەدەی کەخۆم بە درۆ دروستم کردبوو، بەم شێوەیە توانیم جێبەجێی بکەم.
بردیانم بۆ ژوری ئەشکەنجەدان، بە زۆر خوم ڕادەگرت لە سەرپێ، جارجار خەریک بوو بکەوم، سەرم  ئەلەرزی، لەبەر ئاوساوی دەموو چاوم بە حال توانای بینیم هەبوو بەچاوی چەپم، برین و جێگای کێبڵ بە سەرتاپای لەشمەوەیە.
رائید ریاچ گوتی، ئەتەوی دابنیشیت لەسەر ئەو کورسیەو راستیەکانمان پێ بڵێیت یاخود هەڵت واسین، گوتم بروابکە راستیم گوتوە،  سەرێکی جولاندەوە، وەک ئاماژە کردنێك بۆ جەلادەکان بۆ هەڵواسین، دوانیان ھاتن  ھەڵیان واسیم، کەوتنە لێدان،  واپێشانم دا کە خەریکە ئاگام لەخۆم نامێنێت، داوای ئاوم کرد، یەکێکیان سەری کێبڵەکەی ھێنایە لای دەممەوەو گوتی(ھاك اشرب مای)٫ ھا ئاو بخۆرەوە، من وام پێشاندان کە وا دەزانم سۆندەی ئاوە، دەمم برد بۆ کێبڵەکە وەك بڵێیت ئاو بخۆمەوە، ھەندێکیان دەستیان کرد بە پێکەنین، منیش وەك یەکێك لە خەودا بێت و قسە بکات، ئەم گوت(عگشان٫عگشان) تینومە، جارجار دەمکرد بەکوردی، ئاو تینومە، رائید ریاچ گوتی، راستیمان پێ بڵی ئاوت ئەدەمێ، منیش چاوەڕێی ئەو قسەیەم دەکرد، لەدڵی خۆمدا گوتم ئێستا کاتیەتی، گوتم ئەحمەد گوتی ئەگەر نەھاتمەوە بۆ مەزاتخانەکە، بست و شەشی مانگ وەرە بۆ ھەولێر، رائید ریاچ گوتی سەعات چەند؟ گوتم یانزە، گوتی لە کوێ؟ گوتم لای قەڵا، وام پێشان دان ئیتر ئاگام لە خۆم نەماوە، بۆ ئەوەی پرسیاری دیکەم لێ نەکەن، پەرداخێك ئاویان ھێنا بۆلای دەمم، وەڵامدانەوەم نەبوو، ھەندێک  ئاویان کرد بەدەم وچاومدا، ھیچ سودی نەبوو، دوای ماوەیەکی کەم دایانگرتم وبردیانم بۆ ژورەکەم.


لەرووناکییەوە بۆ تاریکی،!
بەشی -٣٢-
ئەمرۆ ئەو رۆژەیە کە ماوەیەکی زۆرە بیرو هۆشمی داگیرکردوە، لەدڵی خۆشمدا دەڵێم ئاخۆ چی ڕووبدات؟
بست و شەشی مانگە، لەوشەوەوە کە من سیناریۆی دیدارم لەگەڵ ئەحمەد لەهەولێر بۆ داڕشتوون، کەس لەمنی نەپرسیوەتەوە، نازانم چەند بروایان بەوڕێنەکەم هێناوە!
گزنگی بەیان دەرکەوت، لەدوای ھاوارو ئازاری ئازادی لێزەوتکراوەکان، بێدەنگی باڵی کێشاوە بەسەر ناڵەی بەندکراوەکاندا.
جارجارە چۆلەکەیەك یاخود دووان، دەنیشێنەوە و دەدەن لەشەقەی باڵ، لەسەر ئەو بۆشاییەی کە لە دیوارەکەی بەرامبەر ژورەکەی مندایە، ئەوەندەی ئەم ماوەیەی کەمن لێرەم و تەماشای ئەو چۆلەکەکانە دەکەم، لە درزی ئەم دەرگا داخراوەوە، لە ھەموو ژیانمدا لە سروشتی ئازاددا بەو جۆرە تەماشام نەکردوون.
دەرگای ژورەکەم کرایەوە، بەڵام ئەمڕۆ زووتر لەڕۆژانی پێشتر، یەکێکی باڵا بەرز گووتی(انهچ اتلع بره)٫ ھەستە وەرە دەرەوە، لەدواییدا زانیم، ئەمە مفەوز تاریقە(گارق)، پێشتر ناویم بیستبوو کە، مرۆڤێکی زۆر بێ ڕەووشتە، بەڵام ئەمە یەکەم جارە من دەیبینم، منی بردە دەرەوەو سەرئاوی پێکردم، بەدەستی خۆی لەسەر حەوزی بەلوعەکان سەرو دەموو چاوی شتم، کراس و پانتوڵی لەبەرکردم، قژیشی شانە کردم، دوای ئەوە منی بردەوە بۆ ژورەکەی خۆم.
سەر شتنەکەم زۆر پێخۆش بوو، ھەرچەندە برینەکەی سەرم کولایەوە، بەڵام لەوەش زیاتر سەرمی خستە بیرکردنەوەیەکی قوڵتر لەوەی، کە ئاخۆ ئەمڕۆ چی ڕووبدات؟! وادیارە بروایان بەوە هێناوە کە من دیدارم ھەیە لەگەڵ ئەحمەد، نازانن کە ئەحمەد لەڕاستیدا بوونی نییە، چ جای دیداری لەگەڵدا سازبکەم .
زۆری پێنەچوو جارێکی دیکە دەرگاکە کرایەوە، هەرلەو دەرگا بچوکەوە کە بۆ یەکەمین جار من و براکانم (سەلام و ھەندرین)یان لەوێوە هێنا بۆ ئێرە، منیان لەوێوە بردەوە دەرەوە.
دوو ئۆتۆمبیلی قەمەرەی جۆری مارسیدس وەستابوو، ژمارەیەك ئەمن بە جلی کوردییەوە، بەتەنها رائید ریاچ، بەکراس و بانتوڵەوە بوو، دووانیان کڵاشنکۆفیان پێبوو، ئەوانی دیکە دەمانچە.
منیان لە پشتەوەی یەکێك لە دوو ئۆتۆمبیلەکە سوارکرد، دوو کلاشنکۆف بەدەستەکەش، لە ئەملاو ئەولای منەوە دانیشتن، یەکێکیش لە پێشەوە، رائید ریاچ و ئەوانی تر لە ئۆتۆمبیلەکەی دیکەدا بوون، وەڕێ کەوتین.
شار ھێشتا خامۆشە بە تەواوەتی جوڵەی تێنەکەوتوە، ھەرچەندە دوانەکەی تەنیشتم، بە بەردەوامی پێم دەڵێن سەر دانەوێنە، بەڵام من لە تەماشاکردنی خانوو و شەقام و ئەو خەڵکە کەمەی ھاتوچۆ دەکەن چاو ھەڵناگرم، هەروەکوو ئەوە وایە بۆ یەکەم جارە شار دەبینم، لەبەردەم نانەواخانەیەك ژن و پیاو منداڵ وەستابوون بۆ نان کرین، نانی گەرم و پیاڵە چا، سۆزی گەرمی خێزانم بیرکەوتەوە.  بەلای دەستی راستمدا شاخی پیرەمەگروونم لێدیارە، منداڵی  هێنایەوە یادم، بیرمە ماڵی  ئێمەو چەند خێزانێکی دیکە، بۆ گەشتی ھاوینان ئەهاتین و دوو ھەفتە لەوێ دەماینەوە، لەهەمان کاتدا شەڕی قزلەرم ھاتەوە یاد.
لە شار دەرچوین بەرەو رێگای کەرکوك، نزیك چەمچەماڵ لە چێشخانەیەك لاماندا، ھەموویان دابەزین من لەناو ئۆتۆمبیلەکەدا مامەوە، یەکێک لەوانەش کە لە تەنیشتمەوە دانیشتبوو، لەدەرەوەی ئۆتۆمبیلەکەدا وەستابوو، دوای ماوەیەك سینییەکیان خەستە بەردەمم، دوو شیش گوشت و دوو نانی لەسەر بوو، ئەوەی لەدەرەوە وەستابوو رۆیشت و ئەوەی سینیەکەی هێنا لەگەڵمدا مایەوە، ھەموو ئەوانەی لەگەڵ منن کوردن، گوتی بۆ ناخۆی؟ گوتم من بەبێ کەلەپچە ناتوانم دەستم بەکاربهێنم ئیستا بە کەلەپچەوە زۆر گرانە، یارمەتی دام و پلە گۆشتەکانی بۆ درکردم لە شیشەکان و نانەکەی بۆ کردم بە چەند پارچەیەك، وە کەوتە قسەکردن.
دوای ئەوە پیاڵەیەک چایان بۆ ھێنام، بڕواناکەم هیچ کەس تامی ئەو چایەی کردبێت، بەو جۆرەی کەمن لەوکاتەدا تامم کرد.
نامەوێت لەم کاتەدا کەس من بینێت،  نەوەک ئەوکەسە نەزانێت من گیراوم، بێت و لێرەدا چاک و چۆنیم لەگەڵدا بکات، چونکە  زۆربەی ئەو خەلکەی من دەناسن  کەسانی  ئاسای نیین یان پێشمەرگەن  یا رێکخسن، یاخود دۆستی حزبە.
ھەر ھەموو سواربوون و کەوتینە ڕێ، دوای ماوەیەک گەیشتینە شاری ھەولێر، وادیارە ئێرە فەرمانگەی ئاسایشی هەولێرە، ئۆتۆمبیلەکان چوونە ژوورەوە، رائید ریاچ ھاتە لای ئۆتۆمبیلەکەوە و لێی پرسیم، دیدارەکەت لەگەڵ ئەحمەد کاتژمێری یازدەیه لەلای قەڵا؟گوتم بەڵی، گوتی لە کوێی قەڵا؟ گوتم کەسەرئەکەوی بۆ سەر قەڵا، لای ئەستونێک(عامود)ی کارەباوە.
دوای ماوەیەک ئەو ناوە، بەشێوەیەکی نائاسایی چۆڵ بوو، چەکدارێکی زۆر بە جەل و بەرگی جۆراوجۆرەوە(مەدەنی و سەربازی) سواری چەند ئۆتۆمبیلێک بوون، دووان لەگەڵ رائید ریاچ بوون، ھاتن و تەماشایەکی منیان کرد، وا پێدەچوو ئەوانە ئەفسەری ئەمنی ھەولێرن، ئەم جارە رائید ریاچ لە پێشەوەی ئەو ئۆتۆمبیلە سواربوو کەمنی تێدام.
ئۆتۆمبیلەکەی ئێمە کەوتە جووڵە، ئەوانی دیکە بەدواماندا، گەیشتینە لای ئەو  رێگایەی کە، سەردەکەوێت بۆ سەر قەڵا، رائید ریاچ لێی پرسیم کام عامودە؟ منیش لەخۆمەوە گوتم ئەم عامودە.
چەکدارەکانیان دابەشکرد بەوناوەدا، ھەندێکیان لە ناو ئۆتۆمبیلەکەدا مانەوە، ھەنێکی دیکەیان لە ناو دوکانەکانی سەرشەقامەکە بڵاوە پێکرد بە جلی مەدەنییەوە، رائید ریاچ لەبەردەم دوکانێكدا لەسەر کورسییەك دانیشت کە بەرامبەر ستونی کارەباکە بوو، دووانیش لە جلی کوردی لەبەرەکانی کەلەگەڵ مندا لەسلێمانیەوە هاتبوون، منیان بردە ئەوبەری شەقامەکەوە، لای ستونی کارەباکەوە، یەکێکیان کە کورد بوو، لەلای دەستی راستم، بەدووری دوومەتر بە چیچکانەوە دانیشت و پاڵی دا بە دیواری قەڵاوە، ئەوی دیکە کە ناوی عەلا‌و بوو، عەرەب بوو بەڵام کوردی دەزانی، بەلای دەستی چەپمدا بە دووری دوو مەتر و نیو، بە پێوە وەستا بوو.
نازانم کاتژمێر چەندە، بەڵام بێگومانم لەوەی کە پێش کاتژمێری یازدەیە، ھەموومان لە چاوەڕوانی ئەحمەد داین، کە بە تەنھا من دەزانم کە ئەحمەد بوونی نیە، هەتا بێت بۆ ئێرە.


لەرووناکییەوە بۆ تاریکی .!
بەشی -٣٣-
ماوەیەکە من لێرە وەستاوم، بیر لەوە دەکەمەوە، ئاخۆ ئەبێت چ لێدانێکم لێبدەن، لەسەر نەهاتنی ئەحمەد، کاتێک کە دەگەرێینەوە بۆ سلێمانی، دەگەڕام بەدوای وەڵامدا، بۆ وەڵامی ئەو پرسیارانەی کە ئەگەری پرسینی هەیە، وەك ئەوەی، ئەحمەد بۆ نەھات؟ یاخود بۆچی درۆت لەگەڵ ئێمەدا کرد؟
نازانم بۆچی ریشیان نەتاشیم، ھەرچەندە من لەو رۆژەوەی کەدەستگیر کراووم، ڕوخساری خۆمم نەدیوە، بەڵام گومانم نییە لەوەی کە شێوەم زۆر گۆڕاوە، ئەمەیش دەبێتە بییانویەکی باش، بۆ ئەوەی بڵێم لەوانەیە ئەحمەد منی نەناسیبێتەوە، یاخود گومانی کردووە، کاتێک منی بەم سەرو ریشەوە بینیوە. بەدرێژای کاتەکەش لەوە دەترسم کە یەکێکی ناسیاو بمبینێت و بێت بۆ لام، هەر ئەم هۆکارە بوو زیاتر وایلێکردم کە پێیان بڵێم کە، چاوپێکەوتم لەگەڵ ئەحمد لە ھەولێرە نەک لە سلێمانی،  من لە ھەولێر خەڵکێکی زۆر ناناسم.
لەوبڕوایەدام کاتژمێر یازدەی تێپەر کردوە، ئەو ناوە زۆر قەڵەباڵغ بوو، چەند جارێك بیرم لەڕاکردن کردەوە، بەڵام نەمکرد، یەکەم لەبەرئەوەی توانای جەستەییم نەبوو، دووەم هۆکاریش بیرم لە  سەلام وھەندرێنی  برام دەکردەوە، هەرچەندە بێ گومانم لەوەی کە هیچ ئەگەری دەرباز بوونم نییە، مەگەر ھەر بۆ ئەوە بوو بێت کە تەقەم لێبکەن.
لەو بەر شەقامەکەوە جل کوردی لەبەرێک ھات بۆ لام، گوتی رائید ریاچ دەڵێت ئەحمەدت نەبینوە لەم دەوروو پشتە؟ گوتم نەخێر .
ھەتا دێت توانای بەپێوە وەستانم نامینێت، نازانم ئێستا ئەوان چۆن بیر دەکەنەوە! ئاخر ئەو کاتەی من دامنابوو بەسەرچوو، ئەی ئاخۆ چاوەڕێی چی دەکەن؟
دوو ئافرەتی کورد منداڵێکیان پێبوو، کەوتنە چاك و چۆنی لەگەڵ عەلا‌و، کە لە دەستە چەپم وەستاوە، گلەییان لێدەکرد کە بۆچی دیارنییە،  ئەویش لەوەڵامدا گوتی، ئیستا من لێرە نەماوم، عەلا‌و لەوانی پرسی  لە جێێ خۆتان ماون؟ ئەوانیش گوتیان بەڵی، لەگەڵ قسکردنەکەیاندا پێئەکنین و گاڵتەیان لەگەڵ عەلا‌و دەکرد، ئەویش قسەی سێکسی لەگەڵ دەکردن، بە داخەوە ئەم ژنانە لەش فرۆش بوون، بەدرێژای قسەکردنیان من چاوم لەسەر منداڵەکەبوو، لەو بارە نالەبارەی خۆم و لەو بێ هیواییەدا، من بێرم لە دوارۆژی ئەو منداڵە دەکردەوە، ھەستێکی  زۆر تاڵ و ناخۆشم لا درووست بوو، خۆم لە لوتکەی لاوازیدا دەبینی، ھەستم بەسوکایەتیەکی گەورە دەکرد، پێم خۆش بوو ئێستا لە ژوری ئەشکەنجەدە بومایە، بەڵام ئەو دیمەنەم نەبینیایە.
هەرچۆنێک بێت لەلای ئەستونی کارەباکەوە کەمێک کشامە دواوە، پشتم دا بە دیواری قەڵاوە، هەتا خۆمی پێوە راگرم، ھەرچەندە ئاماژەیان بۆ کردم، کە لە جێیگاکەی خۆمدا نەجوڵێم، من لەوکاتەدا بێباك بووم، چیتان لەدەست دێت بیکەن.
وادیار بوو رائید ریاچ بێ ئومید بوو، بڕیاری کشانەوەی دا، منیان بردەوە ناو ئەو ئۆتۆمبیلەی، کە لە سلێمانییەوە پێی ھاتبووم، بە ھەمان سەر نشینەوە، بەرێ کەوتین ھەتا سلێمانی نەوەستاین، بەدرێژایی رێگاکە یەك قسەیان لەگەڵ مندا نەکرد.
وا دیسانەوە لە ژورەکەمم، چاوەڕێ دەکەم شەو دابێت و بانگم بکەن، ئێستا نا تۆزێکی دیکە دێن، بەڵام ئەم شەو نەھاتن.!
بو شەوی دوایی بردیانم بۆ ژوری ئەشکەنجە، رائید ریاچ ھاتوچۆی دەکرد لە ژورەکەدا، دوایی دەستی کرد بەقسە، پێم بڵی چەند کەس بوون نیازی کاری تێکدەری(تخریب)تان، ھەبوو لە ڕۆژی لەدایك بوونی(سید الرئیس)، مەبەستی صدام بوو؟
گوتم من نازانم تۆ دەربارەی چی دەدویت، لێدان دەستی پێکرد، بەڵام ئەم جارە لێدانێکی سەر پێی بوو، مەبستم لەوەی کە، نە فەلاقەی تیدا بوو، نە ھەڵواسین، نە کارەبا، هەروەها زۆریشی نەخایاند، وادیار بوو ئەفسەرێکی دیکە ژورەکەی پێوست بوو.
پێم سەیر بوو، ئەو شتەی من لێی دەترسام رووی نەدا، بە ھیچ شێوەیەك باسی ئەحمەدیان نەکردەوە، بە لێکدانەوەی خۆم، رائد ریاچ پێ وابوو سوکایەتی پێکراوە، ئەگەر وا پێشان  بدا کە، ھەڵخەڵەتاوە لە لایەن زیندانییەکەوە، ئەو ئەفسەرێکی ئەمنی عامەیە بەپلەی رائید، ئەو ھەموو ھێزە تەرخان بکات و لە سلێمانییەو بروات بۆ ھەولێر، بۆ ئەو ئەوە بووە خاڵێکی لاواز، لەبەر ئەوە بوو ویستی، وا پیشانی بدات کە ئەوەی بەمنی درکاندوە راست بووە، بەڵام ئەحمەد خۆی نەھاتووە، لە بەر ھەرچ ھۆکارێک بووبێت، ئەمەش لە بەرژەوەندی مندایە، ئەگەر ئەم بۆچونەی من راستبێت، ئیتر ئەحمەد کوتایی پێ ھات.
بردیانم بۆ حەوشەکە و لەسەر زەویەکە دایان نیشانم، کورسی و تەپڵەکێکیان ھێنا، رائید ریاچ لەسەر کورسیەکە دانیشت، منیش بەرامبەری، سینییەکیان بۆ ھێنا چەند پارویەکی لەسەر بوو، گوتی ڕزگار(خلی نصیر اصدقا‌و)با ئێمە ببین بە برادەر٫ منیش گوتم بۆ نا، بەڵام دەبینە برادەریکی نا ھاوتا، گوتی چۆن؟
گوتم وەک ئەوەی تۆ ئێستا  لەسەر کورسی دانیشتویت، منیش لە سەر زەوی، گوتی(ماعلینا ھەسە خلینا ناکول)، دەی حەقمان نییە، با نان بخۆین، دەستی برد لەسەر سینیەکە پارویەکی هەڵگرت و دایە دەستم، پاروی گەس بوو، نازانم چۆن چۆنی لێكی بدەمەوە، کەمێك پیش ئێستا لەژێر لێداندا بوم، ئێستایش نانم دەداتی، ئەبێت ئەم هەڵوێستەی لایەنە مرۆڤایتیەکەی بێت؟ یاخود شتێکی دیکە؟
جارێ نانەکەم تەواو نەکرد بوو، دوانیان ھێنا یەکێکیان پێاویک بوو نزیکی  پەنچا ساڵ دەبوو، ئەوی دیکەیان گەنج بوو، بەوانیان گووت ئەمە دەناسن؟ گوتیان نا، دوای ئەوە بەمنیان گوت، ئەمانە دەناسی، پێش ئەوی وەڵام بدەمەوە، بەمەبەست کەمێك تێم ڕوانین، ئنجا گووتم نا.


لە ڕووناکییەو بۆ تاریکی .!
بەشی -٣٤-
لە دوایدا زانیم، ئەو دووانەی کە پێشانی منیان دان کێ بوون، پیاوە بەتەمەنەکە، هاوڕێ علی حامید بوو، کوڕە گەنجەکەش، مەلا شەوکەت بوو.
ئەم دوو ھاوڕێیە لەگەڵ، کۆمەلێک لە هاوڕێیانی ڕێکخستنەکانی حزبدا، بەپلانی خۆفرۆشێکی ناوخۆیان بەناوی فارووقە
 لە شوێنی جیا جیا لە(سلێمانی٫ بغداد٫ شارەزور)، دەستگیر کراون.
 چواردە هاورێی بوون بەم ناوانە(علی حامد، محمد عارف، ئاشتی، نەرمین، پەیمان، فازیل، سەعدون، سامان، شەوکەت، نزار، خدر، نەبەز، کەمال، لوقمان)، وە هەروەها(سالارمەجید)کە، ژن برای فازیل بوو، بەڵام ئەو دوای شەش مانگ ئازاد کرا.
خۆشبەختانە بەهۆی خۆڕاگری ئەم هاوڕێیانەوە کەسی دیکە دەستگیر نەکرا. 
ئەوەی زیاتر بارقورسی بۆ ئەم هاوڕێیانە دروستکرد، دەست بەسەرداگرتنی کومەڵێک(بەڵگە، چەک، نارنجۆک و مۆر)، کە لەناو بتلە گازدا حەشار درابوو، لە ماڵی هاورێ فازیل.
ئەتوانم بڵێم خۆڕاگری هاوڕێ فازیل و هاوڕێ سعدون، کاریگەری گەورەی هەبوو، لەسەر خۆڕاگری هاوڕێکانی دیکە، لەگەڵ ئەوەی ئەم ھاوڕێیانە، نزیکەی سالێک دەبوو، لە ژێر لێکولێنەوە و ئەشکەنجەداندا بوون، بە شێوازی جۆراو جۆر(دەرونی و جەستەیی)٫ ئەشکەنجە دەدران.
هاوڕێ علی حامد بەهۆی ئەشکەنجە و دژواری بارودۆخی زیندانەوە، بینای هەر دوو چاوی لە دەست دا، وە هەروەها زۆربەی هاوڕێیان بەهۆی ئەشکەنجەوە، توشی زیانی جەستەیی بوون.
هەندێک لەو هاوڕێیانە خزم و کەسی یەکتری بوون، فازیل و کەمال و نەرمین خوشک و برا بوون، ئاشتی کچی پوریان بوو، پەیمان خوشکی سامان بوو.
دوای زیاتر لە یازدە مانگ، لەمانگی ۱۹۹٠/٤دا، دران بەدادگای بەناو شۆڕش( محکمە الپورە)، لە دادگاییەکی خێرادا، دادگاییەکەیان دواخرا، لە ۷/٥/۱۹۹٠دا و لەدادگاییەکی کارتۆنیدا کە(عواد البندر) سەرۆکی بوو، بەم شێوەیەی خوارەوە سزادران:
-فازیل و سعدون؛ سزای لە سێدارە دانیان بەسەردا سەپێنرا٫ خۆش بەختانە دووای ماوەیەک لە مانەویان لە بەشی لە سێدارەدان(قاگع الإعدام)، بە فەرمانی کۆماری( مرسوم الجمھوری)، سزاکەیان گۆڕدرا بۆ هەتاهەتایی(الموئبد)
-محمد عارف،لوقمان ، شەوکەت ، سامان،  علی حامد، خدر، کەمال)؛ سزای هەتا هەتای دران٫ ساڵی ۱۹۹۱، بەلێبوردن ئازاد کران.
-(پەیمان، نەرمین، ئاشتی، نەبەز، نزار)٫ بە پانزە‌ سال زیندانی، سزا دران٫ لە کوتایی ساڵی ۱۹۹۱، بە لێبوردن ئازاد کران.
هێشتا تاریکی شەو دانەهاتووە، خواردنی ئێوارەم وەرگرت، بەڵام ھێشتا نەم خواردووە، خواردنەکە بریتییە لە(ھێلکەیەك٫ لەتێک خەیار،تەماتەیەك).
دەرگای ژورەکەمیان کردەوە و یەکێکیان هێنایە ژورەوە، گوتیان قسەی لەگەڵ نەکەیت، دەرگایان داخست، سڵاوم لێکرد، من لەسەرەوی ژورەکەو، ئەو لە خوارەوەی بوو، بەڵام هەر لەتەنیش یەکین، ئاخر ژورەکە بچوکە.
هاوڕێکەی ژوورەکەم شەلەژاوی و تاساوی پێوە دیارە، وەك ھەرکەسێك کە تازە دەستگیر دەکرێت، بەڵام من دەبێت ئەگەری ئەوە دابنێم کە، لەوانەیە ئەمە پلانێك بێت.
ئێمە کەوتینە گفتوگۆ، گوتی لە سەفەر بووم، تازە لە بغدادەوە گەیشتبوومە ماڵەوە، منیان ھێناوە بۆ ئێرە و نازانم بۆ! من بازرگانم، ناوم نزارە، کوڕی مستفا چاوجوانم.
بێگومان بەووریاییەوە قسەی دەکرد، پێوەی دیار بوو ترسی ھەیە لەمن، ھەرچەندە ڕوخسارو بارودوخی من ئاشکرابوو کە زیندانیم، شوێنەواری ئەشکەنجەدان، بەسەرتاپای جەستەمەوە بوو، گوتی زۆر میزم دێت، پێش ئەوەی بگەمە سلێمانی، لای دەربەندی بازیان لە گازینۆیەک لامدا، لەوێ بیرەم خواردەوە، گوتم دەتوانی لەو سەتڵەدا میزکەت بکەیت، ئاماژەم کرد بۆ سەتڵی ماستەکە، ئەوەی من ڕۆژانە بۆ میزکردن بەکاری دەهێنم، ھەستمکرد شەرم دەکات لە بەردەمی مندا میز بکات، گوتم ئاساییە، ئاخر لێرە ھیچ رێگایەکی دیکە نییە، پشتم تێ بکە و میزی خۆت بکە، کارەکەی خۆی ئەنجام دا. ویستم کارێک بکەم بۆ ئەوەی ھەست بە ئارامی بکات و لە ترس و شڵەژاویەکەی کەمتر بکەمەوە، خواردنەکەی ئێواری خۆمم خستە بەردەمی، بۆ ئەوی بیخوات، سوپاسی کردم، بەڵام من ھەستم دەکرد کە، ئەو لە دڵی خۆیدا گاڵتەی پێدێت، ئاخر پێش چەند کاتژمێرێك، خواردنی خۆش و خواردنەوەی زۆری لە بەردمدابووە، ئێستا من فەرمووی، لەتێک خەیار و تەماتەیەکی رزیوی لێدەکەم. لەبەر ئەوەی من ترسی ھەندێک شتم نەمابوو، پێم گووت من لەسەر شیوعییەت گیراوم، ئەمە لە جیاتی ئەوەی ئارامی بکاتەوە، زیاتر ترساندی، ئەو گوتی من کارم بەسیاسەتەوە نییە، کابرایەکم خەریکی کاسبیم.
لەو کاتەوەی کە من لە زینداندام، ئەمە یەکەم جارە، ڕوو بەڕووی مرۆڤێك دانیشم، تازە لە جیھانی دەرەوەی زیندان ھاتبێتە ژوورەوە، هەر لەبەر ئەوە بوو، دەمویست ھەموو شتێك بزانم، بەڵام وا دیار بوو، بارودۆخی نزار زۆر یارمەتی دەر نەبوو، ناهەقیشی نەبوو، جگە لەوەی متمانەی بەمن نەبوو، ھەندێک شت ھەیە لە ژێر کونترۆلی مرۆڤدا نییە وەك، ترس و بیرکردنەوە. سەرباری ھەموو ئەمانە، ئەمە گۆرانکاریەکی گەورە بوو بۆ من، ئاخر لە تەنیایی منی کەم کردەوە، ھەوڵمدا ئەو شارەزاییەی هەمە  پێی ڕابگەێنم وە تۆزێک لە ورەی بەرزبکەمەوە.
ھەر چۆنێك بوو، ئەو شەوەمان بەیەکەوە بەڕێکرد.
ماویەتی.

لە روناکییەو بۆ تاریکی.! 25-29



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.