لە روناکییەو بۆ تاریکی.! 25-29

‌رزگار عه‌زیز - پۆڵا


بەشی -٢٥-
ھەر ئەو شەوە زیندانیەکانی ژوری تەنیایی(ئنفرادی)٫ ژمارە "٨" تیان بۆ من دانا، ھەرچەندە من بۆخۆم لە ژوری ئنفرادی ژمارە یەکدا بووم، بەڵام وادیارە، ژمارەکانی درابوو بە زیندانیەکانی ژورەکانی دیکە، واتە ژمارە بە پێی ریزبەندی ژورەکان نەبوو. مەبەست لە ژمارە دانانی زیندانیەکان، تەنها بۆ قسەکردن بوو لەنێوەندی خۆیاندا، بۆ ئەوەی ناوی یەکتری نەڵێن، ئەگەر پاسەوانەکان گوێبیستی ناوێک بونایە، ئەوا دەهاتن ئەوکەسەیان ئازار دەدا، ئاخر قسەکردن قەدەغە بوو.
بەپێی قسەی زیندانیەکان، کاتی خۆی ئەم جێگایە قوتابخانەبووە، بەڵام ئێستا کراوە بەبەندیخانەی ئەمن. ژوری وانە گوتنەوە، کراوە بە ژمارەیەك ھوڵ بۆ زیندانیەکان،  ئاودەستەکانیش ئەم ژورە ئنفرادیانەیە کەئێمەی تێداین.
هەر بەپێی قسەکانی ئەوان، تاسبەی شەو من نابرێم بۆ لێکۆلینەوە، ئاخر بەرۆژ  زیاتر لێکۆلینەوە لەگەڵ ئەوکەسانە دەکرێت کە ئەو رۆژە دەستگیردەکرێن، بۆئەوەی به گەرماوگەرم زانیاریان پێ بدرکێنن، پێش ئەوەی ئەوانەی کاریان لەگەڵ دەکەن، پێبزانن کە ئەوکەسە دەستگیرکراوە و ئەوان فریای خۆیان نەکەون.
کات لەم حاڵەتانەدا ڕۆڵی سەرەکی وگرنگی هەیە.
ڕۆشنایی بەرەبەیان دەرکەوت، لە بۆشاییە کەمەکانی دەرگا ئاسنەکە کەلایەکی ژورەکەبوو، گوێبیستی جریوەی چۆلەکەبووم، ھەوڵم ئەدا سەیری دەرەوەبکەم لەو بوشاییانەوە، من نەمدەزانی دەرەوی ژورەکەم چۆنە، ئەم  روناکییەو جریوەیە چۆن دەگاتە ئێرە؟ کەزیاتر لێی وردبومەوە، ئەوکاتە بینیم، کە بەدووری مەترێك لەدرگای ژورەکەمەوە دیوارێک هەیه، لەبەشی سەرەوەی نزیکەی بیست سێنتینمەترێک بۆشاییە لەنێوان دیوارەکەو  بنمیچەکە«سەقفەکەدا»، لەوێوەیە ڕۆشناییەکە وەهەروەها جریوەی چۆلەکەکان دێنە ژوورەوە بۆلای من.
وەردە وەردە دەنگی  پاسەوانەکان دێت، بە عەرەبی  قسەیان دەکرد، جووڵە لەدەرە دەستی پێکرد، ئەوەندەی پێنەچوو دەرگای ژورەکەم کرایەوە، پاسەوانێک  بەجلێکی خاکیەوەو کۆمەڵێك کلیل بەدەستییەوە گوتی، (انھچ جنابك مشرفنا جدید)٫ ھەستەْ جەنابت تازە تشریفت ھێناوە، منیش ھەوڵم ئەدا ھێز کۆبکەمەوەو ھەستمە سەرپێ، ئاماژەی بۆسەتڵی ماستەکەدا، کەبۆ میز کردن بەکار دەھێنرا، گوتی(جیب ویاك)٫ بیھێنە لەگەڵ خۆت، ئەوکاتەی ویستم لەدەرگای ژورکەوە بێمە دەرەوە، واپێویست بوو پێم بەرزبکەمەوە، ئاخر بەردەرگاکە بەرزتر بوو لە ناو ژورەکە، ئەوکاتە ھەستم بەئازارکی زۆرکرد، پاسەوانەکەش دەیگوت(یلا گواد استعجل)٫ یەڵڵا گەواد خێراکە، کەوتمە ھەنگاونان وسەتڵی میزکەش هەر بەدەستمەوەیە، پاسەوانەکە دوو وشەی ئەگوتەوە(دنگ، استعجل)٫سەردانەوێنە وپەلەبکە، بردمی بۆ ئاودەستێکی پیس وگوتی(الك تللت دقائق)٫سێ خولەکت بۆ ھەیە.
کە لەسەرئاودەستەکە دانیشتم ھەستم کرد، شتێك لەگیرفانی پشتەوەی پانتۆڵەکەمدایە، پاسەوانەکەش بەردەوام بوو لە گوتنی وشەی(یلا خلص)٫دەی تەواوبە، ھاتمە دەرەوە، بەسەتڵەکەوە بردمیه بەردەم دەستشۆرێکی چیمەنتۆ، چەند بەلۆعەیەکی ئاوی لەسەربوو، بەپەلەپەل دەست وچاوم شت، دوای ئەوە بردمی بەرەو ژورەکەم، لەڕێڕەوەکەدا نزیکی ژورەکەم، پاسەوانێکی دیکە زیندانیەکی ئنفرادی ھێنابوە دەرەوە، توشی یەکتری بوین، بەڵام نەمتوانی بەتەواوەتی ڕوخسای ببینم، ئاخر لەوکاتەدا ئەو پاسەوانەی کەلەگەڵ من بوو، بەدەستی سەرمی پێدانەواندم بۆ ئەوەی نەیبینم.
دەرگای ژور داخرایەوە لەسەرم، ھەوڵم ئەدا لەدرزی دەرگاکەوە سەیری زیندانیەکانی دیکە بکەم کە دەیان بردن بۆسەرئاو وە ئەیانگەڕاندنەوە، کەسم نەدەناسی.
ئێستا دەزانم دەرەوی ژورەکەم چۆنە، ژورەکەم نزیکەی دەمەتر لە ژوری لێکۆڵێنەوەو ئەشکەنجەدانەوە دوورە، دارتوی حەوشەکەم لێوە نزیکە. بیرم ھاتەوە سەیربکەم بزانم چی لەگیرفانی پانتۆڵەکەمدایە، کاتێك سەیرم کرد پارەکەی خۆمە ھێشتا لە گیرفانمدە ماوەو پێیان نەزانیوە، لەپێنج سەد دیناری سویسری زیاتر بوو، ھەرهەمووی بیست وپێنج دیناری بوو، لەو هەزار دینارە مابویەوە کەکاتی خۆی لەئەبۆ  تالبم وەرگرتبوو، لەسەرێكەوە زۆر دڵخۆش بووم کەپێیان نەزانیوە، ئاخر ئەمە بۆی ھەبوو ببێتە پرسیارێك، بەتایبەتی پارەکە لەسەر رەقەم بوو، واتە سەرچاوکەی بانقە، بەڵام ئێستا من لەم ژورە رەق و تەقەدا چی لێبکەم؟ ناکرێت لەناو بانتولەکەمدا بیهێڵمەوە، ئاخر لە کاتی ئەشکەنجەداندا جلەکانم لەبەر دەکەنەوە.
لەم بیرکردنەویەدا بووم دەرگاکە کرایەوە، سەمون و قوتویەك ماستی بچوکیان فڕێدایە ژورەوە، دیارە ئەمە نانی بەیانیە، من هیچ ھەستم بە برسێتی نەدەکرد، کەوتمەوە بیرکردنەوە، چی لەم پارەیە بکەم؟


لە رووناکییەو بۆ تاریکی .!
بەشی -٢٦-
وام بەبیردا هات کە ئێوارە ئەمبەن بۆ سەرەرئاو، پارەکە فڕێ بدەمە ناو ئاودەستەکەوە، ھەرچەندە ئەمە کارێکی گونجاو نەئەبوو،  بۆی ھەبوو ئاودەستەکە بگیرێت، یاخود پاسەوانەکە بمبینێت، نەئەکرا پارچە پارچەی بکەم، ئەوکاتە قەبارەکەی زۆر ئەبێت وەلەکاتی خستنە ناوئاودەستەکەوە ماوەیەکی زۆرم پێدەچێت، منیش ئەو ماوەیەم نابێت(یلا استعجل)، دەی تەوابەی، پاسەوانەکە لەسەرسەرمە.
بیرم لە رێگایەکی دیکە دەکردەوە، سەرنجی پلێتی درگاکەم دا، لە نێوانی شوێنی لەحیمێک و لەحیمێکی تردا، لە ھەندێک شوێندا بۆشاییەکی تێدایە، لەئەنجامی گەرما و سەرمادا ئەوشوێنانە ئاوساون، یەک بەیەکی پارەکان کە بیست وپێنج دیناری بوو، خستمنە نێوەندی پلێتەکانەوە، ئەم کارە زۆری پێچوو، ئاخر هەریەک پارچە کاتی دەویست تا باش بیئاخنمە ناو کەپسی دەرگاکەوە، ھەستم بەهەرجوڵەیەک بکردایە لەدەرەوە کارەکەم ڕادەگرت، ترسی ئەوەم هەبوو کە دەرگاکەی من بکەنەوە، بەرەداوام بووم تا دوا دوو بستو پینجی مایەوە، ئەم دوانەم شاردەوە ھەر یەکەی لە بنی ناوکەفی یەکێک لەپێلاوەکانم، لەشوێنی بنی پەنجەکانی پێم، کاتێ کە لێبومەوە ھەستم بەسەرکەوتنێکی گەورە دەکرد.
بیرم لەلای سەلام و ھەندرێنی برام بوو، نەمدەزانی چییان لێ بەسەرھاتووە، ترسی زیاترم لەسەر ھەندرین بوو، سەلام شتێکی ئەوتووی نەدەزانی دەربارەی پەیوەندییەکانم بە بێچەوانەی ھەندرێنەوە. ترسێکی دیکەم لەسەر  ڕێزانی ھاوسەرم بوو، پێم سەیر بوو، لێیان نەپرسیم دەربارەی ئەو، نەیان پرسی خێزانت ھەیە یان نا، وە ترسێکی دیکەم لەسەر شەھید سەعدون بوو، سیانزەی ئەم مانگە دێت بۆلام بۆ سلێمانی، نەم دەزانی کە ئاخۆ ئەمن ئاگاداری ئەم دیدارە بێت یان نا!؟
بۆیە دەبێت من خۆڕاگربم، بەلایەنی کەمەوە شەڕی کات بکەم، ئێستا ئەمە ئەرکی منە، لە جەولەی یەکەمدا سەرکەوتوو بووم، لە دووەمیشدا ئەبێت وابێت. شتێك ھەبوو وا ئێستا لێرە ھەستی پێدەکەم، ئێمە لەدەرەوە بۆ ناشرین کردن و سەلماندنی درندایەتی ڕژێم، ئەوەمان بڵاودەکردەوە لە نێوان خەڵکیدا کە(ئەم رژێمە یەکێك بگرێت شێوازی ئەشکەنجەی وای ھەیە ھەر ئەبێت -ئعتراف بکەیت-دان بە نھێنییەکاندا بێنیت)٫ بروا ھێنان بەم قسەیە گیانی بەرگری لاواز دەکرد، ھەر خۆیشیان جەلادەکان وات پێدەڵێن(تعترف راح تعترف مو الیوم باچر)٫ دانی پێدادەنێیت، هەردانی پێدادەنێت، ئەمرۆ نا بەیانی.
وادیارە ئێستا لە ھەرە کاتە خراپەکانی ئەشکەنجەدان نییە، بەپێی ئەوەی باسیان دەکرد، پێشتر لەکاتی شەڕی عێراق-ئێراندا٫ ئەشکەنجەدان لەئێستا خراپتر بووە.
دەستگا ئەمنییەکان بەپێی رێنمایەکان رەفتار دەکەن، نەك بەپێی یاسا، جاری وا ھەیە پێیان دەڵێن بۆتان ھەیە لەسەدا پەنجا لەژێر ئەشکەنجەدا بمرێت، یان زیاتر یان کەمتر.
ئەفسەرە بچوکەکان زیاتر ئەشکەنجە بەکار دەھێنن بۆ نهێنی درکاندن، لەبەر کەمی شارەزایی و سەلماندنی توانایان وەهەروەها بەرزکردنەوی پلەکانیان، ئاخر سەرکەوتن لەھەر کەیسێكی لێکولینەوەدا، چوونە پێشەوەیە بۆ ئەوان.
تائەم کاتە لای ئێمە ھێمنە، نەکەسیان ھێناوە، نەکەسیان برد، جار جار ھەستدەکرێت بە جوڵەو ھاتوچۆ لەحەوشەکەدا.
دەرگای ژورەکەم کرایەوە، سەتڵە ماستێکیان دامێ لەبنەکەیدا، هەندێک برنج و شلەی تێدا بوو کرابوون بەسەریەکدا، دوای ئەوە دەرگاکەیان داخستەوە.
من ھێشتا ماستەکەی بەیانیم نەخوارد بوو، ھەرچەندە ئارەزووی خواردنم نەبوو، بەڵام بەباشم زانی نان بخۆم، ئاخر چۆن ئەبێت من نیازی بەرگریم ھەبێت و نان نەخۆم، ئێستا شەری من ئێرادەو جەستەیە بەیەکەوە.
ھەرئەوندەی دەستم کرد بەنان خواردن، لەگەڵ ھەر پارویەکدا، تامی خواردنەکە خۆشتر دەبوو، ماستەکەی بەیانیشم خوارد، ھێشتا ئارەزووی خواردنی دیکەم دەکرد، لەم کاتەدا زۆر پێوستم بە چایەکە!
هەر بوارێکی بچوک بڕەخسایە بۆ قسەکردن، ئنفردیەکانی دیکە پرسیارێکیان لێدەکردم یان من پرسیارم دەکرد،
 ئەوانەی ئیستا ناویانم لەبیر ماوە، محێدینە، ماموستا ئەحمەدی سناعەیە، کامەرانەسورە، کامەران ئامر مەفرەزەی تەواری بوو(گواری‌‌و)٫خۆی و دووکەسی دیکەی مەفرەزەکە بەناوی سەلام و بەرزان، لەسەر کوشتنی یەکێك لە چەکدارەکانی مەفرەزکەی گیرابوون.
دنیا بەرەو تاریکی دەھات، جم وجۆڵ بەگەرمی دەستی پێکرد، دەنگ وھاواری ئەشکەنجە ئەگێشتە لای ئێمە، وادیارە ئاھەنگی جەلادەکان دەستی پێکردوە، ترس و ئاوازی تەپڵ لێدانی دڵمان دەکەوتە ژنیین، لەگەڵ ھەموو ھاوارێکی ئەوانەی ئەشکەنجە دەدران، منیش لە ناوەوە ھاوارم دەکرد.
نازانم کات چەندە، دەرگای ژورەکەم کرایەوە، گوتیان(اتلع بره)، وەرە دەرێ.

لەروناکییەوە بۆ تاریکی .!
بەشی -٢٧-
دوای ئەوەی لەژورەکە چومە دەرەوە، لەگەڵ پاسەوانەکەدا دەڕۆیشتم، لەرێگاکە کەھەموی دەمەترێک دەبوو گوتی(ابویەلەتعژب نفسك گول الصدگ)٫ باوکەکەم ئازاری خۆت مەدەو ڕاستی بڵێ، دیاربوو ئاوا فێرکرابوو، منی برد بۆ ژوری لێکوڵینەوە(ئەشکەنجەدان)، رائدریاچ و دووانی دیکەی لێبوو، رائد  ریاچ به زەردەخەنەیەکی دروستکراوەوە گوتی(ھەلە رزگار اتفچل استریح)٫ بەخێربێت ڕزگار، فەرموو دانیشە، بەدەست ئاماژەی کرد بۆ یەکێك لەو دوو کورسییەی کەلەتەنیشت مێزەکەوە بوون، منیش بەبێ دوودڵێ دانیشتم، من بۆخم لەوبڕوایەدا بووم، لێرە هەرچەندە مرۆڤ زۆر بەبڕوابەخۆبونەوە ڕەفتار بکات باشترە، ھەرگیز نەپارێیتەوە یاخود سوێند بخۆیت بۆئەوی بروات پێبکەن، لە جییاتی سوێند خواردن تەنھا ئەمگوت(صدق)٫ بروابکە٫ وەلەجیاتی ئەوەی بڵێم (سیدی)٫ ئەمگوت(استاژ)٫ ماموستا، ئەو گوتی داوای لێبوردن ئەکەین لەوەی دوێنی روییدا، ئێمە پێمان خۆش نییە ئازاری کەس بدەین، بەڵام چی بکەین ئەمە ئەرکی ئێمەیه، ئێمە ھەموومان ھاوڵاتی ئەم نیشتیمانەین، پێوستە ھاوکاری یەکتری بکەین، ھەموو مرۆڤێك ھەڵەدەکات، بەڵام زۆر گرنگە دان بەھەڵەکەی خۆیدا بنێت، سەرۆکیش خودا بیپارێزێت دڵی گەورەیەو زۆربەخشندەیە، ئێمە ئامادەین لاپەڕەیەکی سپی ھەڵدەینەوە، بەردەوام بوو لەم جۆرەقسانە ........
من لەبەر ئەوی عەرەبییەکەم باش بوو، پێوستیم بەوەرگێڕ نەبوو، ئاخر زۆر جار گرفت بۆ زیندانیەکان دروست دەبوو کەعەرەبییان نەدەزانی، وەرگێڕیان دەهێنا، لەوانە بوو هەڵە دروست بێت، لەوەرگێڕانی پرسیارەکان وەهەروەها وەڵامەکاندا، بێچگە لەوەی ئەگەر عەربیت نەزانییایە ڕەگەزپەرستیان بەرامبەرت زیاتر دەبوو، وەك ئەوە وابوو تاوانێکت کردبێت، بەگێل ونەفامیان لەقەڵەم دەدایت، توانای قسەکردنیان نەدەبوو لەگەڵت، زیاتر سوکایەتیان پێدەکردیت و زەبروزەنگیان بەرامبەرت بەکاردەهێنا، بەتایبەتی ئەو ئەفسەرانەی کەلە بنچینەدا، لەخێزانی ھیچ وپوچ بوون، خۆیان ھیچ ئاستێکی ڕۆشنبیرییان نەبوو، لەڕێی ملشکاندن و بەعسی بونەوە گەیشتبوونە پلەی ئەفسەری ئەمن.
رائد ریاچ لەم جۆرەیان نەبوو، لەقسکردنیدا پێوەی دیار بوو، کە جیاوازە لەوانەی دیکە، ئەو ئەفسەری ئەمنی عام بوو. بەشێوەیەکی گشتی، ئەفسەرەکانی ئەمنی عام جیاوازییان ھەبوو لەگەڵ ئەفسەری پارێزگاکان، ھەرچەندە لەکوتاییدا ھەرھەموویان ئەمن بوون ولەخزمەتی رژێمدابوون. 
گوتم ماموستا زۆر راست دەکەیت، ھەر ئەو هۆکارانە بوو وایلێکردم واز لە مخەربەکان(پێشمەرگە)بهێنم.
منیش ئەمزانی کەرێگایەکی ھەڵەم ھەڵبژاردوە، دەمەوێت وەك ھاولاتیەکی بەسود بژیم، وە لەخزمەتی وڵاتەکەمدا بم، گوتی زۆرباشە کەواتە رێککەوتین، ئەوە من بڕوات پێدەکەم، لەماڵی باوکت دەژیت، ھەرچەندە ئەوان واناڵێن، بەڵام من دەمەوێت یارمەتیت بدەم، تۆیش دەبێت یارمەتی من بدەیت، پێم بڵی ئەحمەد لە کوێیە؟ ئەم دەمانچەو بڵاوکراوانەت بۆچی بوو؟
گوتم زۆر سوپاس مامۆستا بۆ یارمەتیدانت، بڕوابکە من ڕاستیم بۆ باسکردویت، لەماڵی باوکم دەژیم و نەمزانیوە ئەم زەرفە چی تێدایە، منیش زۆرم پێخۆشە ئەحمەد دەستگیر بکەن، ئاخر ئەوکاتە راستی قسەکانی منتان بۆ دەردەکەوێت، من جێگای ئەحمەد نازانم، بەڵام ئەو ھەر دێت بۆسەردانم  لەمەزاد خانەکە بۆ ئەوەی شت و مەکەکانی بەرێتەوە، ئێوە دەتوانن ھەموو رۆژێك من ببەن بۆ مەزادخانەکە، کەی ھات پێشانتانی دەدەم بۆ ئەوەی دەستگیری بکەن.
بێگومان من چاک دەمزانی کەئەوان بڕوا بەیەک قسەی من ناکەن، بەڵام ھیچ رێگایەکی دیکەم  لەبەردەمدا نەبوو، یان دەبێت راستییەکان بڵێم، یاخود دەبێت بە پیێ توانا چەواشەیان بکەم.
من دڵخۆش بووم بەوەی پرسیاری تازەی نەبوو، ئەمەش دوودڵیم لەلا ناهێڵێت لەوەی، کەهیچ زانیارییەکیان دەست نەکەوتوە لەڕێگای هەندرێن و سەلامەوە،
ھەرچەندە شێوازی ئەمان وایە، لەسەرەتادا ھەوڵدەدەن یەك شتت پێ بدرکێنن، لەدواییدا هەموو نهێنیەکانت یەک لەدوای یەک پێبدرکێنن، لەکۆتایدا دەسەڵاتت نامینێت لەسەر کونترۆڵکردنی شتەکان لەچواچێوەی سنورێکدا. 
رائد ریاچ گوتی دیارە ناتەوێ یارمەتیمان بدەیت، هەتا منیش بتوانم یارەمەتیت بدەم، ناچارم بەشێوەێکی تر ڕاستیت لێوەرگرم، بە چاو ئاماژەی کرد بۆ ئەو دوانەی لەسەرەتاوە بەپێوەبوون، ھێرشیان کردە سەرم، بەکێبڵ لێدان دەستی پێکرد، دوای ئەوە ھەڵواسین، ئەمجارە ئەوەی تازەبوو، بەستنی کارەبا بوو بەنەرمایی گوێیەکانمەوە، تا ئەوکاتەی ئاگام لەخۆم بوو، وەڵامەکەم تەنها(صدق استاژ) (بروابکە ماموستا)بوو.

لە روناکییەوە بۆ تاریکی.!
بەشی -٢٨-
ئاگادارم، لەهەمان کاتدا ئاگادارنییم، نازانم خەوە یاخود راستییە، بە دووان رام دەکێشن لەبن ھەنگڵمەوە، پالیان خستم لە بەردەم دەرگای ژورەکەم، یەکێکیان چووە ژورەوە، ئەوەی دیکە کە لەدەرەوەمایەوە داینیشاندم، ئەوی ژورەوە رایکێشامە ژورێ، جلەکانمیان  فرێدایە ژورەوە، دوای ماوەیەك لەژورەکەی تەنیشتمەوە بانگ کرام"ھەشت" ئەم ھەشتە ناوی منە لێرە، توانای وەڵامدانەوەم نەبوو، ئازارم زۆر هەبوو، بەتایبەتی قوڵی ڕاستم، دیاربوو ماسولکەکانی نێوان شانم وقوڵم تۆشی داھێزران بوون، ئەم جارە بەخواری، بەلای دەستی راستمدا ھەڵواسرابووم، هەموو قورسایی لەشم کەوتبووە سەر قوڵی راستم.
ئەبێت من ئەوە بڵێم کە ھەڵواسین زۆر قورس وگران بوو بۆ ئەوانەی کێشیان زۆرو جوڵەیان کەم بووبێت، یاخود ئەوانەی لەژیانی ڕۆژانەیاندا وەرزشیان نەکردبێت، من کێشم کەم بوو، لەتەمندا هێشتا گەنج بووم، وە هەمیشە لە جوڵەدابووم، ئەم هۆکارانە هەمووی بەیەکەوە کاریگەری ھەڵواسین کەمتر بوو لەسەرمن، بەبەراورد بەزیندانیانی دیکە. 
لێرە ئەم شێوازانەی ئەشکەنجەدان بە زۆری پەیڕودەکرێت؛
-فەلاقە
-ھەڵواسین، ئەمەش جۆری زۆرە:
-بەدوو دەست بەدرێژی یاخود یەك دەست.
-بەهەردوو قاچ یاخود بەیەك قاچ.
-لەسەر مێزەکەوە، کەبەدوو مەچكی بەستراوەوە لە پشتەوەهەڵدەواسرێیت، ئەم جۆرەیەیان لەهەرهەمووجۆرەکانی هەڵواسین بەئازارترە.
-بەکارھێنانی کارەبا لەشوێنە ھەستیاریەکانی جەستە، لەنەرمایی گوێیەکان، پێستی ورگ، یاخود کۆئەنمدامی نێرینە، ئەمەیان بێجگە لە ئازاری جەستەیی کاریگەری دەرونیشی ھەبوو، ئاخر وا تێتدەگەیەنن کەبەم ئەشکەنجەدانە لەپیاوەتی دەکەویت.
-پاڵتدەخەن لەسەردەم و دەچنە سەرپشتت و قاچەکانت، دوای ئەوە دەستەکەلەپچەکراوەکانت لەدواوە ڕادەکێشن، بەرەو پشتی سەرت.
-سوتاندن بەجگەرە.
-شکاندنی پەنجە.
-کەلەپچەکردنت بۆ ماوەیەکی دورو درێژ، لەرێرەوەکەدا دەتبەستنەوە، ھەریەکێکیان بێت وبچێت، شەقێک یاخود چەپۆکێکت پێدا دەکێشێت، یاخود تفێكت لێدەکات.
-ئەمە جگە لەچاو بەستنەوەو سوکایەتی دیکە، وەك ئەوەی دڵێن ئەبێت وەک سەگ بوەڕێیت، یان وەك کەر بزەڕیت، ھەڵبەتە ھەر ئەفسەرێک داھێنانی خۆی ھەبوو لەڕەفتارە نامرۆڤایەتیەکاندا، وەك چاوت ببستنەوەو پێت بڵێن، گولە بارانت دەکەین، چەکت لێڕابکێشن ودوایی بتھێننەوە. بێگومان ئەشکەنجەی درونیشیان بەکاردەھێنا وەك، ھەرشەکردن بەوەی دەست درێژی سکسی دەکەنە سەر خوشکەکەت یان ھاوسەرەکەت.
دانانی مرۆڤێك لەزیندانی ئنفرادی، جگە لەوەی مەبەستیان ئەوەیە دەنگت نەگاتە کەس، لەهەمانکاتدا دەنگی کەسیش نەگاتە تۆ، خۆی لەخۆیدا ئەشکەنجەیەکی دەرونی بوو، ئەوکاتانەی کە مرۆڤ بێبەش دەبێت لەسۆزی خێزان ودەورو پشتی وەهەروەها دەپچرێت لە پەیوەندیە کۆمەلایەتیەکان، ئەوکاتەی بەند دەکرێیت لەچواردیواری کەمتر لەدوومەتر، ڕۆژانە ئازاری جەستەیی دەدرێیت، وەهەروەها لەمەترسیی لەدەستدانی ژیانت بۆ ھەتاھەتایە، لەھەموو کاتێك زیاتر پێوستیت بەپەیوەندیە کۆمەلایەتییەکانە، پێوستییت بەخەڵکە، بەکەسێکی دیکە ھەست بەئازارەکانت بکات، دەستێك بەسەرتابهێنێت و وشەیەکی سوزو خۆشەویستی ودڵنەوایت پێ بڵێت.
راستە کەسانێك ھەبوون لەژێر ئەشکەنجەدا گیانیان دەسپارد، بەبێ ئەوەی وشەیەك بدرکێنن، لە ھەمان کاتدا کەسانێكی زۆر هەبوون لەژێر زەبری ئەشکەنجەدا دانیان دەنا بەئەنجامدانی کارێکدا، کە بەھیچ شێوەیەك ئەوکارەیان نەکردبوو.
من لەم کاتەدا زۆر پێوستیم بە یەکێک هەبوو کەلەگەڵیدا بدوێم، بۆیە ھەر چۆنێك بوو بانگی ژمارە چوارم کرد، ئەو پێش چەند کاتژمێرێك بانگی منی دەکرد، بەڵام من توانام نەبوو وەڵامی بدەمەوە. بە پێی شارەزایی ئەو، پشنیاری ھەندێک جوڵەی بۆ دەکردم کەئەنجامی بدەم، رەنگە یارەمەتی قوڵەکانم بدات بۆئەوەی لەکار نەکەون، تەنھا گوێبستی یەکێك بم، زۆر گرنگ بوو بۆ من لەوکاتەدا.
رۆژ بویەوە، دەرگایان کردەوە بۆ ئەوەی بمبەن بۆ سەرئاو، ھێشتا من رووت بووم، ئاخر توانام نەبوو جلەکانم لەبەرکەم وبرۆمە سەرئاو، زیندانییەکی دیکەیان ھێنا یارمەتیم بدات.
کاتی نانخواردن توانای ئەوەم نەبوو بەدەست خواردنەکەم بکەم بەدەممەوە، دەستەکانم   دەممی نەدەدۆزییەوە، ناچار بووم، دەمم بەرم بەرەو دەستم.
چاوەڕێی شەو بووم کەبمبەن بۆلێپرسینەوەو ئەشکەنجەدان، ھاوار بەبەردەوامی دەهات لەژوری ئەشکەنجەداوە، بە تەواوەتی ھەراسانی کردبووین.
ھێشتا ئنفرادییەکانی ئێمە باشتر بوو، ژوری ئنفرادیی ھەبوو لەتەنیشت ژوری ئەشکەنجەدانەوە بوون، ناویان لێنابوون شیراتون. 
لێکولینەویان دەکرد لەگەڵ یەکێک کەناوی نزام بوو، پێدەچوو حاکم بووبێت لەگەرمییان، لەرێکخستنی حزبی سۆشیالیستدا بوو، لەگەڵ مەجیدی ئەوقاف.
ئەوشەوە من لە میوانەکانی ئاھەنگی نامرۆڤانەی ژوری ئەشکەنجەدان نەبووم.
بۆ ئێوارەی ڕۆژی دوایی، ھاتن ومنیان برد، لە ژورەکەدا زەلامێکی سورەی ناشرینی مۆن دانشتبوو، بەدەموچاویدا وادەریار بوو کەلەژیانیدا پێنەکەنیوە، گوتی دانیشە، دوای ئەوەی دانیشتنم گوتی، من ملازم ئەحمەد الدوریم.


لەڕوناکییەوە بۆ تاریکی .!
بەشی -٢٩-
لەدەزگای ئاسایشی رژێمی صدام بەشی(شعبە)تایبەتی تیدابوو، بۆ ھەرحزبێك لەحزبەکانی کوردستان وعێراق، ملازم ئەحمەد الدوری ئەفسەری بەشی شیوعیەکان بوو، لە فەرمانگەی ئاسایشی سلێمانی .
ھەمیشە دانەکانی جیڕدەکردەوە، بەشێوەیەك لێی دەڕوانییم، نەمدەزانی ئاخۆ ئەوە رق بێت، یاخود بەزەیی بێت بەو حاڵەی کە ئێستا منی تێدام، پرسیار لەسەر پرسیاری ئارەستە دەکردم.
ھەر لەسەرتاوە زانیم هاتنی ئەو بۆئەوەیە کەزانیاری کۆبکاتەوە.
بەوە دەستی پێکرد، نەڵێیت من نانەوا بووم، یاخود خواردنم ئامادە دەکرد بۆ پێشمەرگە(مخربین)، ئاگام لەھیچ نییە، وادیاربوو کە زۆربەی ئەوانەی ئەو لێکولینەوەی لەگەڵدا ئەنجام دابوون وایان گوتبوو.
ئەو پرسیارانە شتی گشتی بوون، یاخود لەڕابردودا رویدابوو، زیانی بۆکەس نەبوو، تارادەیەك وەك خۆێ وەڵامم ئەدایەوە، بەڵام ئەوانەی بەنھێنیم دەزانی، وەڵامەکانم دەبردە لایەکی دیکەوە، زیاتر چەواشەکاریم تێدادەکرد، زۆر پێداگری دەکرد، لەسەر زانیاری دەربارەی ئەو پێشمەرگانەی کە بەبڕیاری لێبوردن ڕادەستی ڕژێم ببونەوە، وەڵامی من ئەوەبوو، من نایان ناسم، ھیچ ھەرەشەی لێنەدەکردم، لەسەرەتای دانیشتنەکەمان بەچاوێکی نزم تەماشای دەکردم، بەڵام لەکۆتایی لێکۆڵینەوەکەدا، ھەستم بە گۆرانکاری دەکرد لەتێروانینی بەرامبەرم.
ئەمنی پارێزگاکان پێیان خۆش نەبوو، ئاسایشی گشتی(امن العامە)، ڕۆڵی ھەبێت لەپارێزگاکاندا، ئاخر ئەوان بە سوکایەتیان دەزانی کاتێک ئاسایشی گشتی زانیاری ھەبێت وکەسێك دەستگیربکات، ئەوان ئاگادار نەبن، بەناچاری ھاوکاریان لەگەڵ دەکردن.
ئەم ناکۆکییە زیاتر توند تربوو، لەنێوان ئاسایش وهەواڵگری(امن، استخبارات، مخابرات)، ھەرچەندە ھەر ھەموویان دەستگای ئاسایش بوون، وەلەژێر فەرمان وخزمەتی رژێمدا بوون.
چەند ڕۆژێکە کەس نایەت بەلای مندا، ئازارم کەمترە، برینەکانم قەتماغەیان بەستوە، ئەمە لەڕووی جەستەییەوە، هەرچی لەڕووی دەرونیەوەیه، گۆڕانکارییەکی ئەوتۆ روینەداوە، دڵەڕاوکێ و بیرکردنەوە، هەروەها دەنگی ئەشکەنچە بووەتە ئاوازە تراجیدیەکانی شەوانەمان.
لێکدانەوەی خۆم بۆ بانگ نەکردنم بۆ لێکۆڵینوەو ئەشکەنجەدان، ئەگەڕاندەوە بۆ ئەم ئەگەرانە :-
-نەبوونی ھیج زانیاریەکی نوێ  دەربارەی من.
-رائد ریاچ  مۆڵەت(ئیجازە) بێت، یاخود سەرقاڵی لێکۆڵینەوە بێت لەگەڵ دستگیرکراوە نوێیەکاندا.
-یان دەزانن لەئێستادا جەستەم بەرگەی لەمەزیاتر ناگرێت. 
هۆکارەکان ھەرچییەك بێت، ئەوی بەلای منەوە گرنگ بوو لەم کاتەدا، نزیك بونەوەی سیانزەی مانگ، واتە رۆژی دیدارەکەم، لەگەڵ شەھید سعدون لەسلێمانی.
شەوداھات دەرگای ژورکرایەو، کەلەپچە کرایە دەستم، پاسەوان چرکەی لێوە نەدەهات، ھەروەھا منیش، دەمەتری رێگاکەم بڕی، بەرەو ژوری لەمرۆڤ خستن، بەدەستەی مرۆڤە دەرونە نەخۆشەکان ،چاوەرێیان دەکردم.
رائید ریاچ گوتی(ھا رزگار   ئرتاحێت؟ ھەسە شلۆنك؟) ھا رزگار پشوتدا؟ ئێستا چۆنی؟
گوتم (ھەل ئتشوفنی  استاژ)، وەك دەمبینیت مامۆستا. 
ھەمان داواکاریەکانی پێشوی دوبارەکردەوە، منیش ھەمان وەلامەکانی پێشووم دایەوە، لێدان دەستی پێ کرد، بەڵام ئەم جارە ھەڵواسینی تێدا نەبوو، کاتێك شەکەت وماندوو بوون بەدەستمەوە، منیان بردەوە ژورەکەم، بۆ یەکەم جار بوو، دوای لێکۆڵینەوەو ئەشکەنجەدان ئاگام لەخۆم بوو.
رۆژ بویەوە، ئەمرۆ سیانزەی مانگە، زۆر بەلامەوە گرنگە ئەمرۆ تێپەڕکات، دەرگا کرایەوە، سەتەڵی ماستەکە، کە نانی تێدابوو خرایە ژورەوە، بەوەدا زانیم کاتژمێر لە دوانزەی نیوەڕۆ لایداوە، هێشتا نزیکەی سێ کاتژمێری ماوە، بۆ دیدارەکەم لەگەڵ شەھید سەعدون.
من ترسەکەم لەوەوە ھاتووە، کەنازانم ئەمانە چی دەزانن، ئەگەر بێت وئەمرۆ بڕوات و هیچی تازە ڕونەدات، ئەوا دڵنیا دەبم لەوەی کە ئەمان ھیچ شتێك نازانن، لەسەر پەیوەندییەکانم.
ماویەتی.

بروانه‌ به‌شه‌كانی‌ پێشووتر كلیك بكه‌







PM:12:34:23/11/2020

ئه‌م بابه‌ته 2396 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی