‌لە روناکییەوە بۆ تاریکی.! 23-24
PM:02:58:19/11/2020
رزگار عه‌زیز - پۆڵا


بەشی -٢٣-
کاتژمێر پینجێ ئێوارەبوو، خۆم جوان گۆڕیوە، کراسێکی سپی وپانتۆڵێکی خاڵخالاوی رەش و سپیم لەبەردایە لەگەڵ پێڵاوێکی چەرمی قاوەیی، زەرفێکم بەدەستەوەیە(دەمانچەیەکی مەکارۆف بەدوو یەدەكەوە، وەهەروەها بەجیا لەناو زەرفەکەدا، نوێترین بڵاوکراوەی حزبی تیدایە)٫ لەگەڕەکی بەرانانم، لەدووری پەنجا مەترەوە زاھیر دەبینم وەستاوە، لە ویستگەی (موقف)پاسەکان، بەردەم مزگەوتی شێخ فەرید، دوو گەنج بەجلی کوردییەوە، لەلای دەستی راستی وەستاون بەدوری مەترێك، لەلای  دەستی چەپیەوە  ژنێک وەستاوە.

لای دوکانەکان کەهەر دەمەترێک دوور بوو لەویستگەکەوە، خەڵکێکی زۆری تێکەڵ لەژن و پیاوی مناڵ لێبوو، بەجل وبەرگی جۆراوجۆرەوە.

کاتێك لە زاھیر نزیک بومەوە، هەستم بە شڵەژان و گۆڕانکاریەک دەکرد لەڕوخساری زاھیردا، سڵاوم لێکردو زەرفەکەم دایە دەستی، قوڵم ڕاکێشا، لەگەڵ خۆم بردم بەرەو کۆڵانەکانی پشتەوە، ووتم دەزانی چیی رویداوە( مەبستم مردنی وەزیری بەرگری بوو)؟

گوتی چی؟

وادیاربوو ئاگاداری دونیا نەبێت، ھەرلەو چەند چرکەیەدا، ئەو دوو گەنجەی لەلای دەستی راستیەوە بوون پێشترو چەند کەسێك لەلای دوکانەکانەوە، ئۆتۆمبیلێکی پر لەچەکدار لەشەقامەکەوە، وە ئۆتۆمبیلێکی دیکەی پڕلە چەکدار لە کوڵانەکەوە، ھەر ھەموویان چەکەکانیان خستەسەرپێ و ئاڕاستەی منیان کرد، لەو چرکە ساتەدا زاھیر زەرفەکەی فریدایە سەر زەوی و ڕۆیشت، منیان قوڵبەست کردو زەرفەکەیان ھەڵگرت، بەبێ ئەوەی یەک پرسیارم لێبکەن یاخود لێم بدەن، سواری ئۆتۆمبیلێکیان کردم و بردیانم.

لەرێگا پێم سەیر بوو زاھیریان نەگرت، لە ھەمان کاتدا زۆر دڵخۆش بووم کەئەو رزگاری بووە، بەتەنھا من دەستگیر کرام، لەوکاتەدا من ئەگەری ئەوەم دانا کە، ئەوان ھەموو ھۆشیان لای من بووە، بۆیە ئاگایان لەونەماوە، زۆرم پێ باش بوو، بێگومان لەیەك کاتدا ھەزار شت ئەھاتە مێشکمەوە، بەڵام من هەر لەھەوڵی ئەوەدا بووم، چ سیناریۆیەك ئامادەبکەم، بۆ ئەوەی کەسی دیکە توش نەبێت، وەڵامی گونجاوم ھەبێت بۆ ئەو پرسیارانەی کە ئەگەری پرسینیان ھەیە.

ئۆتۆمبیلەکە چووە ناو ئەمەنە سورەکەوە، ئەوکاتە ئەمنە سورەکە تازە تەواو ببوو، ھەندێک لە نوسینگەکانی ئەفسەرکانی ئەمنی تیدا بوو، بەڵام زیندانی تیدا نەبوو، وادیار بوو هێشتا ژووری ئەشگەنجەو لێکۆڵینەوەی تەواو نەبوو بوو.

منیان بردە ژورێك، پێدەچوو نوسینگەی یەکێك لە ئەفسەرەکان بوبێت.

دەستم بە کەلەبچە لەپشتەوە بەسترابویەوە، یەکێك لە ئەمنەکان کەوتە قسەکردن لەگەڵم، گوتی من ڕائد ریازم(رياض)، لەئەمنی عامەوە، ئێمە ھەموو زانیاریەکمان ھەیە لەسەرتۆ، ئەگەر ھاوکاریمان لەگەڵ بکەیت، دوای سەعاتێکی دیکە دەڕۆیتەوە بۆ ماڵەوە، بێگومان من بەھیچ جۆرێك بیر لەھاوکاری ناکەمەوە لەگەڵیان، بەڵام خۆ ئاعقلیش نییە، هەروا وەڵامیان بدەیتەوە، گوتم فەرموو، ئەوی  من بیزانم بەسەرچاو،
گوتیان چی دەزانی بیڵێ، گوتم دەربارەی چی؟

گوتیان باسی خۆت بکە.

من ئەمزانی ئەوان دەزانن من پێشمەرگەم، ئاخر ماوەماوە، گەلاوێژی خۆشکمیان بانگێشتی ئەمن دەکرد، ھەواڵی منیان دەپرسی، وەهەروەها ماڵی باوکم بەهۆی من و شەهید بڕواوە، لەکەرکوك رایان کردبوو، بۆیە زیرەکی نەبوو، من نکوڵی بکەم لەو شتانەی، کە دڵنیام ئەوان دەیزانن، وە پەیوەندی بەخودی خۆمەوە ھەیە.

من ئێستا دەستم لەخۆم شتوە، تەنھا خەم و ھەوڵم هاوڕێکانی دیکە بوو.

گوتم ڕاستە من پێشمەرگە بووم، بەڵام زۆر دەمێکە وازم ھێناوە وە نەموێراوە تەسلیم ببمەوە، ئاخر چاوەڕێی کاتێکی گونجاوم دەکرد.

گوتیان ئەی ئەو دەمانچەو بڵاوکراوانە چییە؟

من دەمتوانی بڵێم هینی من نییە، لەبەر ئەوەی ھییچ شتێك بەدەستی منەوە نەگیرابوو، بەڵام لەوە دەترسام، ئەوکاتە بڵێن هی زاهیرە، دەمویست ئەو بپارێزم.

گوتم من ئێستا ، دەزانم ئەو شتانەی تێدا بووە، ئەمرۆ برادەرێکم بینیوە، داوای لێکردم ئەم زەرفەی بۆ ھەڵگرم، دوایی دێتەوە دەیباتەوە، بەبێ ئەوەی بزانم چی لەناودایە. گوتیان ناوی چییە؟

لەکوێ دادەنیشی؟

چۆن دەیناسیت؟

گوتم وەختی خۆی بەیەکەوە پێشمەرگە بووین، ناوی ئەحمەدە، هەرچەندە من دڵنیانیم لەوەی ناوی خۆیەتی یان نا، وە هەروەها نازانم لە کوێ دەژی، جار جارێک لەمەزاد خانەکە یەکتر دەبینین.

گوتی بۆ لەمەزاد خانەکە؟
گوتم من لەوێ سەعات و رادیوێ کۆن دەکرم و دەفرۆشمەوە.
گوتی دوکانەکەت لە کوێدایە لەمەزادخانەکە؟
گوتم دوکانم نییە، سەر پێی ئێواران ئەو کارە دەکەم.
بۆماوەی زیاتر لەسەعاتێك پرسیارو وەڵام بوو، من وەڵامم بۆ ھەموو پرسیارەکان ھەبوو، ھەرچەندە من بۆخۆم دەمزانی کەئەوان بڕوایان بەو وەڵامانەی من نییە،  بەڵام خۆ نەدەکرا وەڵام نەدەمەوە.
دوای ئەوە دەستیان کرد بەڵێدانم، بەدار بەشەق بەمشت تا ئەوکاتەی شەکەت بووم، بەڵام من ھەستم بە ھیچ شتێك نەدەکرد، بەردەوام لە بیرکردنەوەدا بووم.
ھەڵبەتە ئەمە شتێکی سەرتایی بوو، ئاخر ئەوان شارەزایی ئەویان ھەبوو، کەبەگەرماوگەرمی ئەتوانن شتی زیاترت پێ بدرکێنن، پێش ئەوەی لەتاسەی(صدمه) دەستگیرکردنت دەرچیت، فریای بیرکردنەوە نەکەویت.
پرسیاری ئەویان کرد، کەئەم شەو لەکوێ بووم؟
گوتم لەماڵی خۆمان بووم، ئاخر نەئەکرا شوێنێکی دیکە بڵێم، ھەر شوێنێکم بگوتایە، بەمانای دەستگیرکردنی کەسانی دیکەیە، هەرلەبەر ئەوە بوو پێم باش بوو زیانەکە بەر ماڵی خۆمان بکەویت ئاسایی تر بوو بۆ من، ئاخر ھیچ نەبێ من شتی قەدەغەم لەماڵی باوکم دانەنابوو.
گوتیان مالتان لەچ گەڕەکێکە؟ گوتم لەسەرچنار.
چەند ئۆتۆمبیێکیان ئامادەکرد، ملازم عەلی بە ھێزێکەوە، من ئەوم دەناسیەوە، ئاخر پێشتر  لە سەر شەقامەکانی سلێمانی بینیبووم.
لەرێگا بەرەو ماڵی خۆمان، ھیوای ئەوەم دەخواست کەبراکانم لە ماڵەو نەبن، ھەرچەندە ئەم ئومێدەم زۆرلاواز بوو، چونکە ڕۆژکە ڕۆژی جێژن بوو، بە جێژنان خێزان کۆدەبنەوە.


بەشی -٢٤-
گەیشتینە بەردەم دەرگای ماڵی خۆمان، بەرامبەری ماڵمان دەشتایی بوو، کە دەکاتە پشتی  قوتابخانەی سەرچناری بنەرەتی، ئوتۆمبیلەکانیان لەوێدا راگرت، ھێزەکانیان بڵاوە پێکرد، لەدەورو پشتی ماڵەکەمان، منیان لەناو ئۆتوبیلەکەدا ھێشتەوە، دەرگای ماڵەوەمان کراوە بوو، رائید ریاض وملازم عەلی بە کومەڵێك چەکدارەوە بەبێ ئەوەی لەدەرگا بدەن، ھێرشیان کردە سەر ماڵەکەمان، دراوسێکانمان بە میوانەکانی جێژنیانەوە، لە بەردەم ماڵەکانیان کۆبونەوە. نازانم چەندی پێچوو، ئاخر هەمیشە لەکاتە دژوارەکاندا، پێوەری کات وەك کاتە ئاساییەکان نییە، نازانم ئەمجارەش چ نەھامەتییەك بەسەر ماڵەوەماندا دەهێنم؟ ئاخر لەوکاتەوە من لە سیاسەتدا کار دەکەم، ئەوە ماڵەوەمانن کە باجەکەی دەدەن.

چاوم لە سەر دەرگاکە بوو، کات وەستاوە، پاش ماوەیەک رائید ریاض ھاتە دەرەرەوە، بەدوایدا سەلام و ھەندرێنی برام بەدەست بەسەری هێنرانە دەرەوە، بێجگە لەماڵەوەمان، خزمان و میوانەکانیش بەدوایاندا هاتنەدەرەوە، ھاوسەرەکەی سەلامی برام، حبیبە خان مناڵێکی بەسەردەستەوە بوو، دوای سەلام کەوتبوو، من ئەمزانی مناڵیان بووە، بەڵام ئەمە یەکەم جارە مناڵەکەیان دەبینم.

یەکێك لە ئەمنەکان کۆمەڵێک پەرتوکی بەدەستەوە بوو، دیار بوو لە ئەنجامی پشکنیندا دۆزیبویەوە، لەوکاتەدا ترسی دۆزینەوەی چاڵی خۆشاردنەوەکەم هەبوو، کەخۆم دروستم کردبوو، بەڵام وادیاربوو کەنەیان دۆزیوەتەوە.

سەلام و ھەندرێنیان سەرخست بۆ ناو ئۆتۆمبیلێک. پاش ماوەیەکی کەم ئۆتۆمبیلەکان کەوتنە ڕێ، لەکۆلانێکی پشت هۆتێل ئاشتیدا وەستان، لە دەرگایەکی بچوکەوە ھەریەکەمانیان بەجیا بردە ژورەوە، لەحەوشەکەدا کەدار تویەکی تێدابوو رایانگرتین، ھەریەکەمان ڕووی لە دیوارێك بوو.

منیان بردە ژورێكەوە، لەناوەوە دوو دەرگای تیابوو، دەرگایەکیان بەدەستی راستدا، ئەوی دیکە بەرامبەرم بوو، لەدەرگاکەی بەرامبەرمەوە، منیان بردە ژورێکی تاڕەدەیەکی زۆر تاریك و سامناك، مرۆڤ نەیدەزانی دیوارەکانی چ رەنگە.

لەلایەکی ژورەکەدا مێزێك و دوو کورسی دانرابوو، لەسەرمێزەکە لای چەپیەوە، ئامێرکی وەك تەلەفونی سەربازی دانرابوو بە کۆمەڵێك وایەرەوە، کێبڵێك و تەپڵەکێکی جگەرەی لەسەربوو، لە ناوەندی ژورەکەدا مێزێکی ئاسنی بەرزو  کورسیەکی ئاسن لەلای چەپیەوە بوو، لەنێوەندی بنمیچی ژورەکەدا، بۆرییەکی درێژ هەڵواسرابوو  قولاپێکی پێوەبوو، بەلای دەستی راستدا، داری فەلاقەکردن داندرابوو.

کەلەپچەکانیان کردمەوەو پێلاوەکانیان پێداکەندم و ڕوتیانکردمەوە، بێجگە لەدەرپێکەم هەموو جلەکانیان لەبەرداکەندم، لەسەر پشت پاڵیان خستم، ھەردوو قاچیان پێ بەرزکردمەوە، پێیەکانمیان بەداری فەلاقەکەوە جێگیرکرد، بەدوان ئەملاو ئەولای داری فەلاقەکەیان گرت، یەکێکیش کەوتە لێدانی بنی پێم بەکێبڵ.

رائید ریاض لەلای سەرمەوە وستابوو، داوای لێ دەکردم چی دەزانم بیڵێم، منیش دەمگوت چیم زانیوە پێشتر بەئێوەم گوتوە، ئەو سور بوو لە سەر ئەوەی بزانێت لەکوێ دەژیم، وەهەروەها ناوی ئەو کەسانەی پێبڵێم کەکارم لەگەڵ دەکەن، من هەر سور بووم لەسەر ئەوەی، لەماڵی باوکم دەژیم وپێشمەرگە بووم، کاتی خۆی نەم وێراوە تسلیم ببمەوە.

ئەو دەیگوت ماڵەوتان دەڵێن یانزە ساڵە ئاگامان لێی نییە، من دەمگووت، ئەوان لە ترسا وا دەڵێن، ئاخر ئێوە خانوی خەلك دەرۆخێنن، ئەوانیش بەتەنها ئەو خانووەیان ھەیە.

دوای لێدانێکی زۆر، فەلاقەکەیان لەقاچەکانم کردەوە، پێیەکانم ئاوسابوو، پەنجەکانم خوێنیان لێدەهات. ھەڵیان ساندمە سەرپێ، بەزبری کێبڵ، هاتووچۆیان پێدەکردم لە ناو ژوورەکەدا. دوای ئەوە لەپشتەوە ھەردوو دەستیان کەلەپچەکردم، قایشکیان لە ھەردوو مەچەکم بەست، یەکێك لەجەلادەکان خستمیە سەرئەو مێزە ئاسنەی لە نێوەندی ژورەکەدا بوو، بە دوو قۆناغ، لەرێگای کورسیەکەی کەلە تەنیشت  مێزە ئاسنەکەوە بوو، خۆیشی لەگەڵم سەرکەوتە سەر مێزەکە، قوڵەکانی راکێشام بەرەو ئەو قولاپەی کەلە بنمیچی ژورەکەدا بوو، بەزەبری ھێز قایشە بەستراوەکەی کەبە مەچکمەوە بوو، کردی بەناو قولاپەکەداو خۆی ڕۆیشتە خوارەوە.

رائید ریاض ھەمان  پرسیارەکانی پێشووی ئاراستە دەکردمەوە، گوتی ئەگەر راستی نەڵێت، ئەم مێزەی ژێر پێت رادەکێشین، بەھەڵواسراوی دەمێنیتەوە تا بەئازارەوە دەمریت، منیش ئەوەی کەپێشتر گوتبووم، هەرئەوەم دەوتەوە.
دوای ماوەیەك واھەستم دەکرد کەقۆڵەکانم پێوە نەماوە، هەستم بەئازاری لێدانی کێبڵەکە نەدەکرد، نازانم چەند مابومەوە بەھەڵواسراوی. کاتێك بە ئاگا ھاتمەوە، شەوە وبەروتی لەژورێکی بچوکدام.

ژورەکە مەترێك بە مەترێك و نەوەد سنتیمەتر کەمتردەبوو، دەرگایەکی ئاسنی تیدابوو، بە پانیی ژورەکە، دیوارەکان نوسینی جۆراجۆری لەسەر بوو، بەتانییەکی سەربازی شری پیسی چڵکن کەبۆنی خۆێنی لێئەھات لەگەڵ سەتڵێکی ماستی لێبوو، کەپاشماوەی میزی تێدا بوو، جلەکانم وپێلاوەکانم لە سوچێكدا فڕێدرابوون، گوێم لەدەنگی قسەکردن بوو، خەڵک لەگەڵ یەکتریدا دەدوان بە دەنگێکی نزم، ھەندێکیان نزیک وەهەندێکیان دوور.

یەکێك لەدەنگەکان ژمارەیەکی ...گوت، ئەو برادەری کەتازە ھێناویانە ھەر وەڵام ناداتەوە، وادیاربوو پێش ئەوەی من بەئاگابێمەوە، ھەوڵیان دابوو قسەم لەگەڵ بکەن، بەڵام من بێئاگابووم.

ھێزم دایە بەرخۆم و وەڵامم دایەوە، گوتم بەڵێ کاکە، دەنگەکە وەڵامی دامەوە و گوتی، بارت چۆنە؟ منیش گوتم خراپ نیە، بەڵام ئازارم زۆرە.

دوایی زانیم ئەو برادەرە ناوی محێدینە، دوکانی دارتاشی ھەبوو لە ژێر زمێنێك لە گەرەکی تووی مەلیك.

زۆر سودم لێوەرگرت، کومەڵێك زانیاری پێدام دەربارە لێکۆڵینەوە وجۆرەکانی ئەشکەنجەدان وەهەروەها کاتەکانی، ھەندێك رێگای پێشاندام بۆپارێزگاری کردن لەقۆڵەکانم، بۆ ئەوی لەکارنەکەون.

منیش ھەندێک ھەواڵی درەوەم پێدا، لەوانە مردنی وەزیری بەرگری عێراق،،



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.