لەرووناکییەو بۆ تاریکی .! بەشی -21-22

‌رزگار عه‌زیز - پۆڵا




لە ئاوەگردەوە بەڕێکەووتم بەرەو گوندی نازەنیین، لەوێوە بەرەو گوندی کونەفلوسە، سەرکەوتمە سەرچیای ھەورێ، پاشان بەرەوخوار، بەرەو دوڵی بالیسان، لەنێو قەدی چیای هەورێ بەدیوێ بالیس، ھاوڕێیان  بنکەیەیکی ھاوینەییان دانابوو لەسەر کانییەک، بەناوی کانی تەلان، ئەم بنکەیە شوێنی سەرپەرشتی کارەکانی ئەکرد  لە ناوچەکەدا، لەجیاتی گوندی خەتێ.

ھەموو گوندەکان مەترسی بوردومانیان لەسەر بوو، بەتایبەتی بەچەکی کیمیایی، ئاخر رژێم لەدوای کیمیابارانی هەڵەبجەوە، دەستی کرایەوە، بەبۆردمان کردنی ناوچەکانی دیکەی کورستان، کە بەمەیدانی شەڕی هەژماردەکردن، لەگەڵ ئەوەدا لە بەرزاییدا بەرگری باشتر دەکرا، هەروەها کاریگەری چەکی کیمیایش کەمتر بوو، بەدرێژایی شاخەکانی ناوچەکە بەدیوی جادەدا، بەرەی شەڕی پێشمەگە بوو لەگەڵ سوپای عێراق وجاشەکان.

ئەو گوندانەی کەداگیر دەکران، دوای خاپۆرکردنیان و ئەنفالکردنی دانیشتوانەکانی(سەگ وکەر)ی گوندکان٫ کە بەجێ مابوون دوای خەڵکەکە، بەرگرییان لەماڵی خاوەنەکانیان دەکرد، بەرامبەر بە بندۆزەرەکانی داگیرکەر.

ئەوەی جێگای سەرسوڕمان بوو، دوای ئەنفال، ئەوکاتەی کەتەنها مەفرەزەکانی پێشمەرگە بەنهێنی(اختفا‌و) لەوناوچانەدا مابوونەوە، ئەوهەستەمان هەبوو کەسەگەکان وەک جاران پێمان ناوەڕێن! ئاخر جاران ئەوسەگانە هێندە دڕبوون،  پێشمەرگە نەیدەوێرا لێیان نزیک بێتەوە، بەپێچەوانەوە لەدوای ئەنفال، بەسۆزەوە بەرەو پیرمان دەهاتن، بۆنیان دەکردین.

لەگەڵ ماموستا رزگار(سامی)، ڕۆشتین بۆگوندی خەتێ، لەوێوە بەرەو چییای بەنی ھەریر، کە یەکێك بوو لە بەرە فراوانەکانی شەڕ بەرمبەر بە ڕژێم، ماوەیەکی زۆر بوو پێشمەرگەکانی بەرەی کوردستانی، سەنگەریان بەرامبەر سەنگەری دوژمن بوو، لەم  کاتەدا کە لێرە شەرە، ئەو ھێزانەش کە لە ناوچە ئەنفالکرەواکانەوە دەھاتن، ئاراستە دەکران بەرەو ناوچە سنوریەکانی عێراق-ئێران٫ ئەو ناوچانەی کەلە ساڵی ١٩٧٩وە، بنکەی هێزی پێشمەرگە بوون.

دیاردەی خۆڕادەستکردنەوە(تسلیم) بوونەوە بەرژێم لەهەڵکشاندا بوو، لەوەش خراپتر شەهیدکردنی پێشمەرگە، یاخود ڕادەستکردنەوەی بەرژێم لەلایەن هەندێک خۆفرۆش و بەکرێگیراو، لەناو هێزی پێشمەرگەدا، بۆ مێژوو دەبێت ئەوە بڵێم، کە ئەم دیاردەیە لە ناو پێشمەرگەکانی ئێمەدا بوونی نەبوو.

لە ١٩٨٨/٨/٨دا، پێم ڕاگەیەندرا بڕۆم بۆ بنکەی کانی تەلان، لەچیای ھەورێ، چووم لەگەڵ ئەبو تالب(ابو گالب)کە ئەندامی سەرکردایەتی بوو دانیشتم، ئەو داوای لێکردم بڕۆمەوە ناو شار، ھەندێک ڕێنمایی ئاڕاستەکردم وەهەروەها ھەزار دیناری سویسری دامێ، بۆڕاییکردنی پێویستیەکانم، تائەوکاتەی لەشار پەیوەندیم پێوەدەکەن، نامەیەکی نووسی بۆ شەھید محەمەدحەلاق، بۆ ئەوی ئاسان کاریم بۆ بکات، هەتا بچمە ناو شاری کۆیەوە، ئەوەی پێویستە لێرە ئاماژەی پێبکەم ئەوەیە(کەدوای چەندساڵێک، دەرکەوت کە ئەبو تالب سەر بە رژێم بوو، لەلایەن ھاوڕیانەوە سزای خۆی وەرگرت). لەگەڵ ملازم شوان وچەند ھاوڕێیەك بەڕێکەوتین بەرەو دوڵی سماقوڵی، لەگوندی نازنیین، ئەوان سەرکەوتن بەرەو چیا بۆ ئەودیوو، بەڵام من لێیان جییابوومەوە، ئەبوایە من برۆم بۆ بنکەکەی سەرچیای ئاوەگرد، لەگەڵ سەرکەوتنی ئەوان لەپشت مزگەوتی گوندەوە، من بەناو گوندا ڕۆیشتم بەو ئاڕاستەیەی کەپێویست بوو بڕۆم، لەوکاتەدا فرۆکەکانی رژێم کیمیابارانی(نازەنیین وبە درێژایی دولەکەیان)دەکرد، من کەوتمە ڕاکردن، بەرەو بەرزایی بۆئەوەی لەگوند دەرچم، دوای ڕاکردنێکی زۆر گەیشتمە سەر رێگاکە، لەسەر جۆگەلەیەک دەست وچاوم شت، هەناسەم سواربوو وەهەروەها چاوەکانم دەکزایەوە، زانیم کیمیاییەکە کاری تێکردووم، دەرزییەکی ئیترۆبینم پێبوو، لەوانەی سوپای عێراق بەکاری دەھێنا، دەرزییەکم دا لەڕانی خۆم، خۆی رێگاکە لەگوندی نازەنینەوە بۆ بنکەکەی سەرچیا، نزیکەی دووکاتژمێر دەبوو، بەڵام وا دوانزەی شەوە من ھێشتا لە نیوەی رێگاکەدا بووم، چەند ھەنگاوێك دەرۆیشتم و دادەنیشتم یان پالدەکەوتم، ئەمویست بڕشێمەوە، ماوەماوە ھێزی خۆم کۆدەکردەوە ودەستم دەکرد بەسەرکەوتن بۆ چیاکە، رێگای چارەکە سەعاتێکی کەسێکی ئاساییم مابوو، پاڵکەوتم لەسەر تاشە بەردێکی پان، ئەبوایە تا دونیا رووناک دەبێتەوە، لەوە زیاتر نەڕۆم، ئاخر زیاتر بڕۆیشتمایە دەکەوتمە کەمینی ھاوڕێیانەوە، بێجگە لەوەی کە بەتەواوی پەکم کەوتوبوو.

ڕۆژبویەوە ھەستامە سەرپێ، فیشەکێکم تەقاند، بەرەو ئەو جێگایەی کە کەمینی ھاوڕێیانی لێبوو، جەمەدانەکەم ڕاوەشاند تا ھاوڕێیان منیان بینی و دوانیان  ھاتنە خوارەوە بۆلام، دوای ئەوەی لە باری تەندروستی من تێگەشتن، یەکێکیان گەڕایەوە بۆ ئەوەی ئێسترێکم بۆ بێنیت، ئەوی دیکە لەگەڵ من مایەوە، ئێستر ھێنرا ومنیان گەیاندە بنکە، دکتور دەستی کرد بەچارەسەرکردنم، دوای دووڕۆژ باشتر بووم، شەھید محمەدحەلاق لەبنکەکەی خوارەوە بوو، چووم بۆلای و نامەکەی ئەبو تالبم دایەدەستی، دوای خوێندنەوەی نامەکە، گوتی ئەگەر تۆ ئامادەبیت سبەی شەو لەگەڵ مەفرەزەیەک کە شەھید ملازم شێرزاد سەرپەرشتی دەکات، دەڕۆیت بۆ شاری کۆیە، لەوێ لە ماڵێکت دادەنێن، دوابەدوای ئەوە خۆت دەزانیت چی دەکەیت.

بۆ سبەی شەو لەگەڵ مەفرەزکەی شەھید ملازم شێرزاد، بەڕێکەوتین بەرەو کۆیە، لەوێ منیان لەو ماڵە دانا کە شەھید محمەد حەلاق دیاریکردبوو. 
ماویەتی.


بەشی -٢٢-

ئەو ماڵەی کەلەکۆیە بۆم دیاریکرابوو، خانەوەدایەکی نیشتیمان پەروەربوون، پێشوازیەکی زۆر گەرمیان لێکردم، شەولەوێ مامەوەو بۆ بەیانییەکەی دوای نانخواردنی بەیانی، دوای ئەوەی چەندجارێك پرسیاریان لێکردم کەئەگەر پێویستییەکم هەبێت پێش ئەوەی بڕۆم، ماڵئاواییم لێکردن و بەڕێکەوتم بەرەو سلێمانی.

کەگەیشتمە سلێمانی، پێش ھەمووشتێك چاوم بەڕێزانی ھاوسەرم کەوت.

دوای چەند ڕۆژێک و لەبەرواری ١٩٨٨/٨/٢٠دا، کۆتایی هێنانی شەڕی عێراق-ئێران ڕاگەیەنرا، ئەمە سەرکەوتنێك بوو بۆ رژێم ودارودەستەکەی، بەپێچەوانەوە نائومێدی بوو بۆ نەیارانی، بە تایبەتی گەلی کورد، وە هەروەها هێزی پێشمەرگەی کوردستان.

لە بەرواری١٩٨٨/٩/٦دا، قوناغی ھەشتی هێرشی ئەنفال لەناوچەی بادینان کۆتایی ھات، ئەم تاوانە بەبەشداری ئەم ھێزانە ئەنجام درا؛ فەیلەقی یەك کەلە کەرکوك بوو، فەیلەقی پێنج کەلە ھەولێر بوو، ھێزەکانی تایبەت(قوات الخاصه)، پاسەوانی کۆماری(حرس الجمھوری)، ھێزی ئاسمانی، ھەموو ھێزە ئەمنییەکان(ئەمن، موخابەرات، استخبارات)٫لەگەڵ جاشە بەکرێ گیراوەکان وھەموو بەرێوەبەرایەتیە خزمت گوزاریەکان.
ھەزاران گوند و شارۆچکەیان وێران وخاپورکرد، ھەزاران کوردیان زیندە بەچاڵکرد، زیاتر لە نیومیلیون کوردیان ناچارکرد لە ئۆردوگا زۆرە ملێکاندا بژین، خێزانە ئەنفال کراوەکانیان لە(سەربازگەی تۆبزاوە لەکەرکوك، سەربازگەی دبس وقەلای نزارکێ لەدھۆك، سەربازگەی بحرکە لەھەولێر، سەربازگەی سەلامییە لەموصل، وەهەروەها زیندانی نوگرەسەلمان لەموسەننا)دەستبەسەرکران.

سەدان خێزانی کورد پەنایان برد بۆ وڵاتانی دراوسێ.

لەگەڵ کۆتایی ئەنفالداو لەبەرواری١٩٨٨/٩/٦دا، ڕژێم لێبوردنێکی گشتی بۆھەموو کورد دەکرد، بێجگە لەجەلال تالەبانی.
ئەم کارەساتە بارێکی دەروونی زۆرخراپی دروستکرد، ژمارەیەکی زۆر پێشمەرگە، خۆیان ڕادەستی ڕژێم کردەوەو بەر لێبوردن کەوتن، وەژمارەیەکی فراوان لەوخێزانانەی کەدێهاتەکانیان بەجێهێشتبوو، دزەیان کردە ناو شارەکانەوە.
من لێرەوە دەستم کرد بەپەیوەندی کردن بەو پێشمەرگانەی بەرلێبوردن کەوتبوون وجێگای متمانەبوون، هەروەها پەیوندی کردن بەوخێزانانەی دۆست بوون، وەئەوانەش کەسەربە حزب بوون، وەدزەیان کردبوو بۆ ناو شار، وەهەروەها یارمەتیدانیان بەپێی توانا. بێگومان ھاتنەوەی من بۆناوشار جێگای نیگەرانی بوو بۆھاوڕێیانی ناو شار، بەتابەتی(کەمال)٫ ئاخر زانیاری تەواوم لابوو، وەهەروەها زۆربەی ئەو ماڵانە شارەزا بووم کە ئەوخۆی تیادا دەشاردەوە.
من چەند مانگێک بوو لەشار بووم، بەڵام کەس پەیوەندی پێوە نەکردبووم، بەپێی ئەو پلانەی بۆ من دانرابوو لەلایەن(ئەبو تالب)وە.

من لە کاروچالاکی خۆم بەردەوام بووم، برادەرێکی ئاسنگەری بەھرەمەند، دەنگ کپکەرەرەوە(کاتم)ی، بۆ دروستکردین.

ئیتر کاتی ئەوە ھاتبوو، رێگایەک بدۆزمەوە بۆپەیوەندی بەستن بەحزبەوە، دووجار لە سلێمانی چاوم کەووت بەھاوڕێ ھۆگر(فوئاد)، یەکەم جار لەھۆتێل سلێمانی (حەسیب صالح)٫ ھاوڕێ شێرزاد شێرەشی لەگەڵدابوو، دووەم جار لەبارێك لەخوار فولکەی کانی ئاسکان. لەدیدارێکدا لەھەولێر چاوم کەوت بە شەھید سعدون، چەك وبڵاوکراوەم  لێوەرگرت، وەهەروەها ڕێکەوتین لەسەر ئەوەی سەردانێکی سلێمانی بکات، ئێمە چالاکییەکمان بەدەستەوبوو، وە بەپێوستمان دەزانی کە بەھەرچی نرخێك بێت، ورەی خەڵكی بەرزکەینەوە وەهەروەها تۆڵەیەك لە رژێم بکەینەوە، ئەوەیش هەردەبێت لەرێگای چالاکییەکی گەورە بێت و دەنگبداتەوە.

نەخشەی چالاکییەکە بەم شێوەیە بوو:- 
ساڵانە بەبۆنەی لەدایك بوونی صدامەوە لە ٤/٢٨، لە بەردەم ھۆتێل سلێمانی سەکۆێکیان [ مەنەسەیەکیان ]ئامادە دەکرد، بەوبۆنەیەوە یەکێک لەجێگرەکانی صدام، (گەجەزراوی یان عزەت الدوری) ئامادە دەبوو، لەگەڵ کۆمەڵێک لە لێپرسراوانی ئەمنی و ئیدارەیی رژێم لەشار، کۆدەبونەوە لەوجێگایە، خوێندکارو مامۆستای قوتابخانەکان بە ڕێپێوان بەردەمیاندا دەڕۆشتن، واداندرابوو نارنجۆکێکی دەنگدار، لەلای باغی گشتی، کە دەکەوێتە بەرامبەر ھوتێل سلێمانی، بتەقێندرێتەوە بۆ سەرنج راکێشان و شڵەژاندنی پاسەوانەکان، دوابەدوای ئەوە، بە نارونجۆك  ھێرش بکرێتە سەر مەنەسەی دانیشتنەکە.

ھەموو شتێك بە باشی دەڕۆێشت، بەڵام لەگەڵ ئەوەی رژێم ھەموو شتێکی ئامادە کردبوو لە بەردەم ھوتێل سلێمانیدا، رۆژی ئاھەنگەکە جێگای ئاهەنگەکەیان گواستەوە بۆ دووڕیانەکەی سەرچنار، نەزاندرا ھۆکارەکەی چیبوو!! چالاکیەکەی ئێمەش بەئەنجام نەگەیەنرا.

من یەکێك بووم لەوانەی ڕەخنەی زۆرم لەسەربوو، کەبێباکانە ھاتووچۆ دەکەم، ھەرچەدە بەبۆچونی خۆم وانەبوو، ئاخر من دەمزانی چۆن رەفتار دەکەم وخۆم دەگونجێنم.

بۆنمونە من چاوم ھیچی نەبوو، بەڵام چاویلکەیەکی چاوکزیم لەچاو دەکرد،وەهەروەها جلوبەرگی گوناجاوم لەبەردەکرد، یاخود بەکارھێنانی ناو ناسنامەیك کەبگونجێت لەگەڵ ئەو شوێنەی کە من بۆیدەچم. دەستی باڵام ھەبوو لەتەزویرکردنی ناسنامە ومۆر.

ھەرچی ھۆگرو ھاورێکانی زۆر بەئاشکرا وبێ ترس، ھاتووچۆیان دەکرد، بەباشترین  ئۆتۆمبیل، وەك بڵێیت پشت ئەستور بوون، بەچی؟ من نازانم!.

هەرچەندە من سودی باشم لێوەرگرتن.

ئەبێت ئەوەش بڵێم کەمن گێرام، ھاوڕێ شێرزاد شێرە، ڕێزانی ھاوسەرمی گواستبویەوە بۆ شاری ھەولێر، ھەرلەوێش مناڵی بوو.

دوای سەردانی شەھید 
سعدون   بۆسلێمانی، رێککەوتین لەسەر ئەوەی کەلە ١٩٨٩/٥/١٣دا، جارێکی دیکە لەسلێمانی یەکتر ببینین. 
ئەمرۆ ١٩٨٩/٥/٦یە، یەکەم ڕۆژی جێژنی رەمەزانە، ڕۆژی راگەیاندنی مردنی وەزیری بەرگری عێراقە (عدنان خێرواللە تولفاح)، کاتژمێر  پێنجی ئێوارە، دیدارم ھەیە لەگەڵ زاھیردا.

برۆ بۆ به‌شه‌كانی‌ تر كلیل له‌م لینكه‌ بكه‌



PM:12:33:18/11/2020

ئه‌م بابه‌ته 5364 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی