‌لەروناکییەوە پۆ تاریکی! 13- 16
PM:02:32:11/03/2020
رزگار عه‌زیز - پۆڵا


بەشی-١٣-

لەساڵی ١٩٨٦دا، ھێزەکانی پێشمەرگەی حزب، پێشکەوتنێکی باشیان بەخۆیانەوە بینی، بەهۆی باشبوونی جۆری(نوعی) چەکەکانەوە بوو، ھەموو مەفرەزەو پەلێك، بیکەیسی، ئارپی چی، ئامێری بێتەل(جیھازی لاسلکی)٫ جگە لەکلاشنکوف وقەناسی دیمتروف وناتۆی هەبوو.

ھەرچەندە ھەر لەسەرتای دەسپێکرنی شورشی چەکداریمانەوە، ئێمە کێشەی چەکمان ھەبوو، لەسەرەتاوە چەند ھاورێیەك چەکەکان خۆیان کریبویان، یەکێتی چەند پارچە چەکێکی داینێ، وەهەروەها حزبی دیمکراتی کوردستانی ئێرانیش، پەنجا تا شەست پەرەشوت و سەڵبی (چۆرە تفەنگێکە لەبڕنەوکورتترە)دا بە حزب٫ کەخۆیشیان لە دەسەڵاتی ئەوکاتەی عێراقیان وەرگرتبوو، ھەتا رۆژێک مام جەلال حەمە ڕەنجاوی پێشمەرگەی حزب دەبێنێت پەرەشوتێکی پێیە، بە توانجەوە پێی دەڵێت، چەکی باشتان وەرگرتوە، حمە رەنجاو وەلامی ئەداتەوەو دەڵێ، هی شەست و شەشی خۆتانە.

حزب لێرەو لەوێ لە هەوڵی پەیداکردنی چەکدا بوو، ھەرچەندە کاتی بەرەی حزب لەگەڵ بەعس، چەکی هەبوو لە بارەگاکانی شارەکان، بەڵام لێپرسراوەکانی ئەوکاتە ڕێگایان نەدابوو کەهاوڕێیان ئەو چەکانە دەرکەنە دەرەوە.
ساڵی ١٩٨٠بوو، ئەوکاتەی بنکە لەبادینان دانرا، دوابەدوای ئەوە لە ڕێگای سوریاوە هاوڕێیان چەکیان دەھێنایە کوردستان، بەڵام بەداخەوە زۆربەی چەکەکان بەکەڵك نەدەھاتن، وا پێدەچوو ھەندێک لەوانە پێش شەری جھانی یەکەم دروستکرابن، ئەو ھاوڕییانەی ئەو چەکانەیان دەنارد شارەزا نەبوون، ھەرچەندە لە( جەبھەی شەعبی وجەبھەی دیمکراتی فەلەستین)یان وەردەگرت، لەگەڵ ئەوەشدا ئاسان نەبوو گەیاندنی ئەوچەکانە بۆکوردستان، هەموو ناوچەکانیش ئەبوایە برۆن لەبنکەی بادینان چەک بهێنن، بۆ نمونە پێشمەرگەیەکی گەرمیان، یەک مانگی پێدەچوو، بەڕویشتن و هاتنەوەو هێنانی دوو پارچە چەک، لەگەڵ ئەوەشدا بەکەڵک نەدەهات.
بنکەی بادینان چەکە باشەکانیان بۆخۆیان گل ئەدایەوە، ئەتوانین بڵێین نەبوونی چەکی باش و پێویست، یەکێك بوو لەھۆکارەکانی زۆری قوربانی پیشمەرگە لەشەڕە نابەرابەرەکاندا، بۆ نمونە لە شەڕەکانی(قزلەر٫ بەکر بایف و بۆلقامیش)، بەهۆی خراپی چەکەکانەوە بوو، ئەو هەموو پێشمەرگە ئازایانە شەهید بوون.

بێگومانم لەوەی، کەلە لەزانستی سەربازیدا چەکی خراب ھوکارێکی بەھێزە بۆ شکستی جەنگ.

ھەروەھا یەکەم ئێزگەی حزب، باری چەند ئێسترێك بوو، بەسیستەمی لەمپە ساڵانی سییەکانی سەدەی ڕابردوو کاری دەکرد، ناردنی شەپولەکان، لەوپەڕی خراپیدابوو، لەکاتێکدا کە ئەو سیستێمە لەھێچ شوێنێکی جیھاندا نەمابوو، سەردەم سەردەمی ترانسستربوو، باشترین ئامێر باری یەك تای ئێسترێك بوو، نەك چەندئێستر، من ناتوانم بڵێم ئەمە دەستبوو دژی حزب، بەڵام بەدڵنیاییەوە دەتوانم بڵێم ئەوانەی ئەم کارەیان دەکرد نەزان بوون، ئەوەیش پاساوێکی زۆر لاوازەو بەهیچ جۆرێک جێگای قوبووڵ نەئەبوو، کەبڵێین حزب لەتوانیدا نەبوو، ئەی ئەو ھەموو شیڕەشیڕەی پاڵپشتی نێونەتەوەیی(دعم اممی)یان لە چی بوو.

لەم ساڵەدا وورەی پێشمەرگە لەوپەڕی باشیدایە، ئەوەش زیاتر پەیوەندی بە جوڵەو دابەزینی پێشمەرگە بوو بۆ ناوخەلك، وئەنجامدانی چالاکییەکان، ئاخر کەسانی شورشگێر نەھاتووە لە بارەگاکاندا پالبداتەوە.

بۆ رۆیشتنی ھەر ھێزیك بۆ ناوچەکە دەبێت، لەزێی گەورەوە ببەڕێتەوە، بۆ دەشتی ھەریر، نزیکترین رێگا بۆپەرینەوە، گوندی بێخمەی سەر بە ناحیەی خەلیفانی پارێزگای ھەولێربوو، لەسەر دەربەندی بێخمە، چەند رەبیەیەکی رژێمی لێبوو، بۆ پاراستنی پرۆژەی بەنداوی بێخمە.

پەرینەوەی زێ بە کەڵەك بوو، ھەرجارێک کەڵەکەوانەکە چوار تاشەش کەسی دەپەراندەوە، بێی گومان پەڕینەوە تەنها بەشەو بوو، ئەگەر ھێزەکە ژمارەی پێشمەرگەکانی زۆر بوایە، ئەوا پەڕینەوە کاتێکی زۆری دەبرد، ئاخر تەنها یەك کەڵەک دەرۆشت و دەگرایەوە، ئەگەر ئاو زۆر بوایە، مەترسدارو سەختتر دەبوو، کەوتنە خوارەوە لە کەڵەکەکەوە بە تاقم وتفەنگ وکۆڵەپشتەوە، ئەنجامەکەی مردن بوو، بەتایبەتی بۆ کەسێک کەمەلەوان نەبێت، کەوتنە خوارەوەی یەك سەرنشینی کەڵەکەکە، واتە کەوتنی هەموو سەرنشینەکان، ئاخر ئەوە هۆکار بوو بۆ تێکچونی لاسەنگی کەڵەکەکە، ئەمەوێ بڵێم کە پەڕینەوە کارێکی ئاسان نەبوو، دوای پەڕینەوەی ھێزەکە، بەردەوام دەبوین لەڕۆیشتن نزیکەی سێ تاچوار کاتژمێر بەبەردەوامی تا دەگشتینە ناو گوندێک کە بەتەوایی لەژێر دەسەلاتی ڕژێمدا نەبوون، ئەوناوچەیەی کەسواری کەڵک دەبووین لێی بۆ پەڕینەوە، لە ژێر دەسەلاتی خۆماندا بوو، بەڵام لەوسەرەوە بەرەوە بنکە وانەبوو.
وا پێویست بوو کە دەگەیشتیتە سەر زێ، بەھاوار وەهەروەها ئاراستەکردنی ڕوناکی لایتەکانمان، کەڵەکەوانمان ئاگادار بکردایەتەوە، ئەوەش ھەموو جارێك سەرکەوتوو نەبوو، خۆ ئەگەر مەلەوانێکی باشت لەگەڵدا نەبوایە تاوەکوو ببەرێتەوەو بەمەلە، کەڵەکەوانەکە یان کەڵکەکە بێنێت، ناچار دەبوویت بمێنێتەوە تا رۆژ دەبێتەوە، ئەمەش مەترسیەکی گەورە بوو، ھەر بەھۆی نەپەرێنەوەوە چەند شەھیدیکمان دا، لەوانە( شەھید بروسك و سەفین و ئەحمەد عەرەب و شەیدا و شەھید بەشدار برای شەھید محەمد حەلاق )لە لایەن تاوانبار فتاح کتکەیەوە.

بەشی -١٤-

بەبەردەوامی رژێمی بەعس، لەھەوڵی چاندنی سیخۆرو ناپاکدا بوو، لەنێوەندی ڕیزەکانی ڕێکخستن وبزوتنەوەی چەکداری و بەتایبەتی هێزی پێشمەگەدا، ئەوکارەش لە رێگای دەستگا ئەمنییەکانییەوە ڕێکدەخرا.
لەسەرەتای تێکچونی بەرەی نیشتیمانی لەنێوان حیزب و ڕژێمدا، وەهەروها لێدانی حیزب، کەم نەبوون ئەوانەی لەژێرەوە، هاوکاری ڕژێمیان کردبوو، دوابەدوای ئەوە، ناردنی کەسانی دیکە بۆ سیخۆڕی بۆ ناو هێزی پێشمەرگە لەئاستە جیاوازەکاندا، ئەمە باشترین شێوازبوو بۆ کۆکردنەوەی زانیاری، وەهەروەها لێدانی کوشندە لە رێکخستن و بزوتنەوەی چەکداری، لەهەمان کاتدا دروستکردنی بێ متمانەیی، ئاسان نەبوو ئاشکراکردنی کەسانی ناپاک لەنێوەندی لایەنە سیاسییەکاندا، ئاخر یەکێك لە پێوەرەکانی متمانە ئەوە بوو، ئەوکەسە لە خێزانێکی نیشتیمان پەروەربوو، یاخود ساڵانێک کاری حزبی کردووە، یان هیچ زانیارییەکی خراپی لەسەر نەبووە، یاخود چالاکییەکی دژی رژێم ئەنجام داوە، هەبووە لە زیندان ئازاد دەکرا، ئەمانە تاڕادەیەک پێوەری باش بوون، بەڵام کارە سیخۆریەکان زۆر جار ئەو سنورانەی بەزاندبوو، ئاخر دەستگا ئەمنییەکان هێندە ساویلکەو نەفام نەبوون، ئاوا بەئاسانی شتە گرنگەکانیان لەدەست دەرچێت، ئەوەشمان بیرنەچێت ئەفسەرکانی ڕژێم زۆربەیان خۆلی جۆراوجۆریان بینیبوو، لەوڵاتانی رۆژئاوا وەهەروەها رۆژھەڵات.
نەک بەتەنھا رژێم، بەلکۆ پارتە سیاسیەکانیش بەبەردەوامی لە ھەوڵی ئەودابوون، کاسانێك بچێنن لە ناوحیزبەکانی دیکەدا، بۆکاری سیخۆری، لەبەر ئەوە مافێکی رەوابوو، کەڕیزەکانت ببارێزیت و نەهێڵیت کەسانی ناپاک دزەی بۆبکەن، بەڵام بەداخەوە زۆر لەهاوڕێیان بوون بەقوربانی، ئەوەیش زیاتر لە ئەنجامی کەمتەرخەمی ونەزانی و ناپاکی بوو، لەکاتێکدا رێژەیکی زۆری ئەو ھاورێیانە دەبوونە قوربانی کاری سیخۆری، کە دەرۆیشتن بۆ ناوەراست و خواروی عێراق بۆ کاری ڕێخراوەیی لەناوەوە، بەڵام بەداخەوە ئاسایشی رژێم لە پشوازیاندا بوو.
لەشەڕی قزلەر دەرکەوت کە(ئەبو ھێمن) پیاوی رژێمە، بەڵام دواتر هەتا ئەمڕۆ، ھیچ ھەڵوێستێك بەرامبەری وەرنەگیرا.
لەناو شاری ھەولێر لە ڕێگای مەمۆی ناپاك، باشترین پێشمەرگەی دەشتی ھەولێر تەسلێم بەرژێم کرا، لەوانە شەھید عەباس بوو، لە گەڵ ئەوەی زۆر لە هاوڕێیان تێبینیان ھەبوو لەسەر مەمۆی تاوانبار، بەڵام حزب هیچ هەڵوێستێکی نەبوو.
ڕەزای کەباچی کەسایەتییەکی شیوعی ناسراو بوو، لە شاری کەرکوك، کەبابخانەی ھەبوو لای چایخانەی حەسیرەکە، دوو کوڕی هەبوو بەناوی(خەلیل وجەلیل)، خەلیل(بێستون)ی کوری، پێشمەرگەبوو لەلقی شوانی کەرکوك، شەھید کرا، لە گوندی قەلەرەشی رۆژھەڵاتی کوردستان، لە لایەن پیاوەکانی قادرئاغا، کەسەر بەخەتی پانی یەکێتی بوو، جەلیلی کوڕی پەیوەندی ھەبوو بەرێکخستنەوە، گوایه لەژێرەوە کار بۆ رژێم دەکات، بانگیان کرد بەئۆتۆمبیێکەوە بێت بۆ نزیك ڕێگای بەرزان، بۆ ئەوەی ھەندێک کەلوپەلی گرنك ھەیە بێبات بۆشار، وادیاربوو رژێم ئەمەی بەھەل زانیبوو، ھەموو کارئاسانییەکیان بۆ کردبوو، ئاخر لەوکاتەدا بۆت نەبوو بە ئۆتۆمبیلەوە بگەیتە ئەو ناوچانە، مەگەر بەڕوخسەتی تایبەتی نەبێت، لەکاتی گەیشتنی دەستبەسەرکرا، رەزای کەبابچی باوکی چەند جارێك هات بۆسەردانی، لەئەنجامدا سزای کوشتنی درا.
من لێرەدا ئەمەوێت باس لەو ڕواداوانە بکەم کەلەو لەوڕۆژانەدا دەگوزەرا، مەبەستم ئەوەنیە، بڵێم راستبوو یاخود ھەڵە، ئەوە بۆتۆی بەجێ دەهێڵم.
لەجوڵانەوەی چەکداریدا، کەسانێك دەست بەسەردەکران، بەھوکار وتاوانی جۆراوجۆر، خۆ نابێت ھەموو تاوانێك سزاکەی کوشتن بێت، بەڵام تۆ دەسەڵات نیت هەتاوەکوو، داموو دەزگای یاساییت هەبێت واتە( دادگا، دادوەر، لێکۆڵەرەوەی یاسایی،،،) هەتا سزای تاوانبارێک بدەیت، بەپێی یاسا و بەپێی ئەوتاوانەی کە ئەنجامی داوە، بەدەگمەن لە ھەندێک شوێن کەسانی شارەزامان ھەبوو لەبواری یاسادا، ھەندێک جار ئامرمەفرەزەیەکی نەخوێندەوار، بڕیاری لە چارەنوسی ژیانی مرۆڤێك ئەدا، هەرلەبەر ئەوهۆکارانەبوو، یان تاوانبارەکە ئازاد دەکەیت بەرامبەر شتێك، یاخود سزای کوشتنی دەدەیت، لێرە ھەردوو کارەکە لە جێی خۆیدا نەبوو، بۆیە کوژرانی کەسانێك جۆرە ستەمێکی تیدابوو، بەهەمان شێوە ئازادکردنی هەندێکی دیکە.
فەتاح کتکەیی تاوانبار بوو بە شەھیدکردنی پێنچ ھاوڕێ، خزمێکی فەتاحیان لەجیاتی ئەو دەستگیر کرد، ناوی عەدنان بوو، ئەو تاوانێکی ئەوتۆی ئەنجام نەدابوو، بەڵام بەکەسوکارەکەیان گووت، دەبێت ئێوە فتاح بکوژن، ئەوکاتە ئێمە عدنان ئازاد دەکەین، ئەوان لەو ماوەیەی کە بۆیان دیاریکرابوو، فەتاحیان پێنەکوژرا، ئەمان لێرەوە عدنانیان کوشت.
ھەر ھێزێك کەسێکی دەستبەسەری لەگەڵدا بووبێ، وەک کەربارییان دەکرد، هەرچی کەلوپەلی زیادەیە پێیان هەڵدەگرت، شەوانیش دەست وپێیان دەبەستەوە تا بەیانی، ھیچ کام لەزیندانەکانی بنکەی پێشمەرگە، پێوەری ژیانی مرۆڤی تیدانەبوو، لە ھەوای پاك، رووناکی، ئاگر بە زستان لەو کوێستانانەدا.
ئێمە رژێممان تاوانبار دەکرد بە پێشیلکردنی مافی مرۆڤ، بەلام ئێمەی شوڕگێر لەوان باشتر نەبوین لەو بوارەدا، ھەرچەندە لەکلتوری ئێمەدا، ئەوکەسە بە ئازا دەزانرێت کەپیاوێک بکوژێت.
من بۆ خۆم یەکەم جار، کەهێشتا تەمەنم دەساڵ دەبوو، لەفولکەی بەرامبەر دادگای کۆنی کەرکوک، سێ کورد هەڵواسرابوون لەلایەن ڕژێمەوە، پێشتر گولە باران کرابوون، تورەکەی ڕەش کرابوو بەسەریاندا.
یەکەم جاریش، جاشیکی قاسم ئاغای کۆیەم بینی، گولە باران کرا لە لایەن یەکێتییەوە، لەتۆژەڵە.

به‌شی‌ 15
لە کۆتایی ساڵی ١٩٨٦دا، پێکدادان لەنێوەندی یەکێتی و لایەنەکانی دیکەدا، بەرەو ھێوربوونەوە دەرۆیشت، راستە ھیچ ڕێکەوتنێکی ئاشکرا نەبوو، بەڵام هەست بەبوونی گفتوگۆ دەکرا، لە نێوان یەکێتی و پارتیدا.
ھەموومان ئەوە باش دەزانین، کە هەر لەشەستەکانی سەدەی ڕابردوەوە، شەڕی خۆکوژی، یان شەری براکوژی، یاخود شەری ناوخۆ، من پێی دەڵێم شەری دوژمن خەنیکردن، ھۆکارەکەی مەلایی و جەلالی بوو، وە لەئێستادا درێژەپێدەری هەمان ڕێچگەو ڕێبازن، بەناوی یەکێتی و پارتیەوەیە، لەگەڵ ئەوەدا بازنەی فراوانبووی ئەو شەڕو ناکۆکییه لایەکانی دیکەی گرتەوە، نازانم بۆ نایانەوێ تێبگەن، کەکەس ناتوانێ کەسێکی دیکە بسرەێتەوە، سەد ئەوەندە شەڕبکەن و لەیەکتری بکوژن، مێژوو یان هەر هەموومان دەسرێتەوە، یان نەمرمان دەکات، یاخود رسوامان دەکات، ئەو ھەموو ھاوکارییەی دژمنانیان کورد، ئەنجامەکەی بەتەنھا قوربانیدانی باشترین لەڕۆلەکانی ئەم نیشتیمانە بوو، لێرەو لەوێ بەڕێکەوت پێکدادان ڕوودەدات، نەك بە پلان.
لە ساڵی١٩٧٩وە، من یەك پێشمەرگەی پارتیم نەدەیبوو، نەلە ناوچەکانی دەشتی ھەولێر وکۆیە، نە لەکەرکوك، بەڵام لەم کاتەدا کادری پارتی بەناوی وستایونس، لەگەڵ پێشمەرگەکانی ئێمە لە گوندکانی ڕەزگەوسەرکەند، وەهەروەها دەورو پشتی شەقڵاوە جەولە دەکەن.
من ئەبوایە بەکارێکی تایبەت بڕۆمەوە ناو شاری سلێمانی.
لە کاتی جەولەکردنمان لە گوندەکانی گۆپتەپەو عسکەر، من جیابوومەوەو چووم بۆ گوندی شێخ پاڵەوان، بۆ ماڵی جوانە مەرگ ھیوا، شەوێك لەوێ مامەوەو بۆ بەیانیەکەی ڕۆیشتم بۆ سلێمانی.
ئەو کارەی بەمن سپێردرابوو لەناوشار، لەماوەیەکی کەمدا جێبەجێم کرد، چاوم بە ھەندرێنی برام کەوت، لە ئەنجامی گفتوگۆدا بۆم دەرکەوت، کاردەکات لەڕێکخراوەکانی ناوشاری حزبدا، وەهەروەها بەشداری کردووە لە چەند چالاکیەک لە ناوشاردا، لەگەڵ کۆمەڵێک ھاوڕێ کە ھەندێکیانم دەناسی.
من لەو دورەوە ئاگادار بووم، کەلەکوتایی ساڵی ١٩٧٩دا، رێکخراوێك دروستکرابوو، بە ناوی(منڤمه الصدی)لە ناو خوێندکارانی زانکۆکانی بەغداد، دەست نوس وئەدەبیاتی حیزبی شیوعیان بلاودەکردەوە، وەهەروەها چالاکی دیکەیان هەبوو بەناوی حزبی شیوعیەوە، جێگای سەرنج بوو، ئاخر لەوکاتەدا ھێڵە حزبیەکان ھەمووی لێکترازاو پچرابوون، ئەوەی رایکردوە یان گێراوە، یاخود خۆی شاردوەتەوە،بەڵام ئەم چالاکیانە ھەیەو بەناوی حزبەوە بوو، وادەرکەوت ئەمانە کۆمەڵێک گەنجن، خۆیان رێکخستوە بەم ناوەوە، وە لەھەوڵدان پەیوندی بکەن بەحزبەوە، پەیوەندیان کردبوو بە(بەھادین نوری)یەوە، بەڵام ئەو زانیاری تەواوی نەدابوو بەحزب، بۆ ئەوەی سود لەمانە وەرگرێت، بۆ نەخشەکانی ئایندەی خۆی.
لەلایەکی دیکەوە گومانی ئەوە ھەبوو، کەرژیم ئاگاداری ئەم رێکخراوە بێت، بەشێویەك لەشێوەکان، لێیان گەرێت کاری خۆیان بکەن، هەتا لە ڕێگای ئەمانەوە ڕاوی ئەو کەسانە بکات کەخواستی کاری حزبیان هەیه.
دەستگا ئەمنیەکان نەخشەیەکیان ھەبوو، بەناوی پشووی درێژ(نفس الگویل)٫ واتە لێئەگەڕان، کەسانێك کاری خۆیان بکەن، تا فراون ئەبن، لە ڕێگای ئەوانەوە سەرێکی گەورەیان دەستگیر دەکرد، یاخود ئەگەر فراوان بونایەو، هەستی مەترسیەکی گەورەیان لا دروست ببوایە، ئەوکاتە دەستگیریان دەکردن، هەندێک جار بۆ وەرگرتنی زانیاری لەرێگای ئەو کەسانەوە بوو کە خۆیان چاندبویانن لەناو ڕێکخراوەکاندا، لەبەر ئەو هۆکارانە کارکردن ومتمانە کارێکی ئاسان نەبوو.
یادی بەخێر(حەمە دانا جەلال) کەسێکی چالاك بوو، لەم رێکخراوەدا، بەتەنیا بەدەست (نوسینی دەستی)٫ رۆژنامەیەکی دەردەکرد بەناوی( صدی‌)وە٫ لە دییدارێکدا لەگەڵ ھاوڕێ کەمال(سھیل الزھاوی)، باسی ھەندرێنی برامم کرد، وە هەروەها کارکردنی لەگەڵ چەند ھاوڕێکی تردا لەڕێکخراوێکی حزبدا، لەرێگای ئاشتی شێخ عەتاوە، کەمال پێی باش بوو کە ھەوڵبدەین ئەم ھاوڕێیانە پەیوندییان لە رێگای ئێمەوە بێت، لە بەر ئەوی حزب گومانی ھەیە لەوانەی لەسەروو ئەوانەوەن، من بۆخۆم یەك جار چاوم بە ئاشتی کەوتبوو، ئەویش ساڵی ١٩٨٤بوو، لەماڵی(کاك جەلال باوکی حەمەداناو دڵشاد(دلێر )٫ ئاشتی سەلامی برامی دەناسی، پێکەوە لەزانکۆ بوون، دەیزانی من پشمەرگەم، لێی پرسیم چی دەکەیت لە ناو شار؟ منیش گوتم، ھاتووم تەسلیم ببمەوە، گووتی من نامەیکەت بۆ دێنم لەباوکمەوە، بۆ بەرێوبەری ئاسایشی سلێمانی، دوای ماوەیەك نامەکەی ھێنا، منیش نامەکەم دایە دەست کەمال . رێککەوتم لەگەڵ کمال چۆن ئەم کارە ئەنجام بدەین.
دلێر سەرپەرشتی ئەم ھاورێیانەی دەکرد، من دلێرم پێشتر دەناسی، ماوەیەك پێکەوە پێشمەرگە بووین، بەڵام من وام بەباش زانی یەکێکی دیکە بێنم لە ھاوڕێکان، ئەویش رەحمان غەریب بوو.


بەشی ـ١٦ـ

داوام لە ھەندرێنی برام کرد، دیدارێکم لەگەڵ (رەحمان غەریب) بۆ سازبکات، بۆ من یەکەم جار بوو رحمان ببینم، بەلام لەهاوینی ساڵی ۱۹٨۰ لە تۆژەڵە، کاك غەریبی باوکی ڕحمانم بینیبوو، ئەوکاتە ئەو هاتبوو بۆ سەردانی سەلاح کە پێشمەرگەی یەکێتی بوو برینداربوو، ئەوان خزمایەتیان هەبوو، سەڵاح کاک غەریبی هێنا بۆلای من، ئێمەش لەگەڵ ماڵی سەلاحدا ناسیاویمان هەبوو، عزەدینی برای، هاوڕێی سەلامی برام بوو.

لەسەرچنار چاوم بەرحمان کەوت، لە یەکەم دیدارەوە، هەستم بەدڵخۆشی و سەرسامی رەحمان دەکرد، ئەو بەبێ دوودڵی، هەرچی زانیاری هەبوو لەسەر ڕێکخراوەکەیان بۆی باسکردم، باسی لەو چالاکیانە دەکرد کە پێشتر ئەنجامیان دابوو، پێی ڕاگەیاندم کە دوو سێ دەمانچەیان ھەیە، دوانیان ئاشتی شێخ عتا بۆی هێناون، منیش پێم راگەیاند، کەلەمەودووا ئێوە پەیوەندیتان تەنها لە رێگای ئێمەوە دەبێت، ئەمە بڕیاری حزبە، پەیوەندیتان نامێنێت لەگەڵ ئەوانەی کە پێشتر ڕێکخەرتان بوون، وەهەروەها ئەوانیش ئاگادار دەکرێنەوە.

چاوم کەوت بە( مەریوانی مەلاحسن، سورانی مەڵکەنی، حسەنی برای حوسین مسری ، فەلاح، دلێر جەلال)، وەھەروەھا ھاوڕێیان(زانای عومەر کاسترۆ، نیگار،کوێستان) ئاگادار کرانەوە، لەناو ئەم ھاورێیانەدا، تەنها دلێر ئەم گۆڕانکارییەی پێ خۆش نەبوو، بەڵام تازەکار لەکار ترازابوو، لەبەرئەوە تاماوەیەك کە چالاکی لەناو شاردا دەکرا، لەرێگای ئاشتییەوەش ھەواڵەکە دەنێردرا، ئەمەش هەرلەرێگای دڵێرەوە بوو.

لەماوەیەکی کورتدا مەفرەزەیەکی چاکمان دروستکرد لە سلێمانی، وهەوەها لەکەرکوك ھەر سێ برای عزەدین و سەلاح، سەیفەدین ، فەلاح و حەسن . لەوماوەییەدا کە من دوور بووم وە ئاگاداریان نەبووم، خالدی ھاوسەری نەجیبەخان لەرەش بگیرێكدا بەنامەیەکەوە دەستگیر کرابوو، بەڵام خۆشبەختانە بە لێبوردن ئازاد کرابوو، جارێکی دیکە پەیوەندیم لەگەڵ بەستنەوە، لەم کاتەدا کچێکی جوانیان ھەیە، بە ناوی دەریاوە، وەهەروەها نەجیبە لە ڕیزی حزب کار دەکات، و ماڵەکەیان لە خزمەتی حزبدایە.

بەڕاستی بوونی ماڵی رەحمان لە کانی ئاسکان، نزیک ناوجەرگەی شار، دوکانەکەی باوکی ڕەحمان بەرامبەر ماڵیان، وەهەروەها ماڵی خالید ھەر لەو نزیکانەبوو، یارمەتیدرێکی زۆر باش بوو بۆ چالاکیەکانی ئێمە لەوکاتەدا، ئاخر لەو سەردەمەدا زۆربەی کۆلانە تەسکەکان لەلایەن ڕژێمەوە بە بلۆك گیرابوو، جگە لەوەی کە لە زۆربەی شەقامەکاندا سەیترە دائەنرا، کۆبونەوەمان لە دوکانەکەی باوکی رحمان و گەڕانەوەمان بۆ ماڵەکان، ئاسان کاری زۆری بۆ دەکردین، وەهەروەها مەترسی کەم دەکردەوە، ئەمە جگە لەوەی دوکانەکە کاتی خۆی ماڵ بوو، دەرگای دەرابەیی بۆکرابوو لەسەر شەقامەکە، دەرگاکەی پشتەوەی کەبەسەر کۆڵانێکی تەسکدا دەیڕوانی، هشتا مابوو،یادی بەخێر حوسین مسری زیاتر لەوێوە ھاتوو چۆی دەکرد، ئاخرئەو لە ژورێكدا دەژیا، لەوماڵەی کە باوکی ڕحمان کردبووی بەدوکان.

لەدوکانەکدا کاک غەریبی باوکی رحمان و براکانی، بەھاوینان کورسی نایلۆن و بەزستانان تەباغ و سوپایان تیادا چاک دەکرد، بەهۆی کارەکەیانەوە سکرابێکی زۆر لەناو دوکان و حەوشەکەیاندا کۆببوەوە، ئەمەیش رێگا خۆشکەر بوو بۆ شاردنەوەی شت و مەکەکانی ئێمە وەک (چەک و ئەدەبیات بەیانامە٫٫٫٫).

ماڵی رەحمان ژمارەی خێزانەکەیان زۆربوون، وەهەمیشە هاتوچۆ و قەڵەباڵغیەکی زۆر هەبوو لەگوزەرەکەدا، هەرلەبەر ئەوهۆکارە بوو کەچاوت لەسەرکەمتر بوو، من لەوێدا ناوم عومەر بوو، ھاتوو چۆی ماڵی رحمان و دوکانەکەم زۆر دەکرد، خۆم لە کاك غەریب لائەدا، ئەو شکی دەکرد کە منی بینیبێت پێشتر، بەڵام دڵنیانەبوو، منیش خۆم گێل دەکرد، کاك غەریب ئەو کاتە لە گەڵ (حزبە دیموکراتی کوردستان)ی کارتونییەکە کاری دەکرد، یادی بەخێر سەبیحە خانی دایکی ڕحمان نەیدەزانی من کێم، هەربۆیە دەیگوت، ئەگەر تۆپباران بێت، ئێمە دەڕۆین بۆ ماڵێکی ناسیاومان لە سەرچنار ژێرزەمینیان هەیە، مەبەستی ماڵی باوکم بوو، لەو کاتەدا ئێمە ماڵمان لە سەرچنار بوو.

یادی بەخێر خالید خالوانێکی ھەبوون جاشی خەفیفە بوون، خۆیان خەڵکی ھەولێر بوون، بەڵام رەبایەکانیان لە شارەزوور بوو، لە ھاتن و ڕۆیشتنیان، ھەندێک چەكو تەقمەنییان بۆ دزینی خۆیان، لە ماڵی خالد دادەنا، ئێمەش درێغیمان نەدەکرد لە بردنی و بەکارھێنانی، بەبێ ئەوەی ھەستی پێ بکەن.

كلیك بكه‌ بۆ به‌شه‌كانی‌ تر




هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.