له‌ڕوناكییه‌وه‌ بۆ تاریكی‌ به‌شی‌ 5-6

‌رزگار عه‌زیز - پۆڵا

سایتی‌ وێستگه‌ نیوز، سه‌رجه‌م یاداشته‌كانی‌ ڕزگار عه‌زیز- ناسراو به‌ پۆڵا  له‌رێگه‌ی‌ چه‌ند به‌شێكه‌وه‌ ڕۆژانه‌ بڵاوده‌كاته‌وه‌.

پۆڵا یه‌كێكه‌ له‌و زیندانیانه‌ی‌ توانیویه‌تی‌ ژیانی‌ زیندانیكردنی‌ وه‌ك خۆی‌ به‌بێ‌ هیچ رتوش و پێوه‌نانێك بگێڕێته‌وه‌.

پۆڵا یه‌كێكه‌ له‌و كه‌سایه‌تییه‌ زیندانیانه‌ی‌ كه‌ له‌زیندانی‌ ئه‌بو غرێب وه‌ك كۆنترین زیندانی‌ سیاسی‌ هه‌ژمار ده‌كراو هیچ لێبوردنێكی‌ به‌ر نه‌ده‌كه‌وت هه‌تاوه‌كو چه‌ند رۆژێك نزیك روخانی‌ به‌عس.

پۆڵا چیرۆكه‌كانی‌ ئه‌شكه‌نجه‌دان و ژیانی‌ زیندانیانی‌ سیاسی‌ به‌شێوه‌یه‌كی‌ ساده‌و ساكار ده‌گێڕێته‌وه‌.


به‌شی‌ 5-6

ئەوەبوو من و هاوڕێ مام سعیدو شوان وشەهید هەژار، لەحاجی مامەندەوە گەڕاینەوە بۆ لقەکەی خۆمان( لقی شەهید بەکر تەلانی).

دوابەدوای ئەوە، بریاردرا بارەگای مەڵبەندی ھەولێر لە ناوچەی لولانەوە بگوازرێتەوە بۆ بەرزان، گوندی رێزان بوو بە بنکەی لقەکەمان، وا پێوست بوو لەمە زیاتر لەخەڵك دانەبڕڕێین، ھەموو لقەکان دابەزنە ناوچەکانیان، هەرچەندە ئەمە کارێکی ئاسان نەبوو بۆ ئێمە، ئەبوایە لەیەک کاتدا، لەگەڵ رژێم و یەکێتیدا لەشەڕدا بین، بۆ ئەم مەبەستە وا بەباش دەزاندرا، ھەر لقێك پێشمەرگەی خۆی ھەڵبژێرێت، ئێمەو سوسیالیست پێکەوە بەھاوبەشی دائەبەزین و جەولەمان دەکرد، لقەکەی ئێمە لەزێی بچوك پەرینەوە بۆ ناو شوان و ساڵەیی، دوای ماوەیەک گەراینەوەو یەکمان گرتەوە لەگەڵ ھێزە ھاوبەشەکەی ئێمەو سوشیالیست، ئەوبوو توشی شەڕی پۆریجە بووین، لەوشەڕەدا یەک شەهیدو دوو بریندار مان هەبوو، من یەکێک بووم لەبریندارەکان، ئەوی دیکە، ھاوڕێ عومەرەرەش بوو، برینەکەی ئەو زۆر سەختتربوو، بەرسەری کەوتبوو، لەبەر ئەوەی ھاوڕێیان نەیانتوانی پێش ئەوی رۆژ ھەڵبێت بیپەرێننەوە، لەجادەی ھەولێر-کەرکوك، بەبرینداری لەلایەن ڕژێمەوە دەستگیر کرا٫ منیش بەو شێوەیەی پێشتر ئامەژەم پێدابوو، گەیشتمەوە شاری سلێمانی، بەڵام دوای ئەوەی چاکبوومەوە، دەمەوێت بگەرێمەوە بۆ ژیانی پێشمەرگایەتی.

بۆ گەڕانەوەم بۆ پێشمەرگایەتی پەیوەندیم کرد بە کاك جەبارەوە، ئەو پێی باش بوو بەتەنها نەگەڕێمەوە، گووتی دوو ژن دێن لەگەڵت، یەکێکیان دایکی ڕێبازی مخابر بوو، ئەوەی کە نازانم کێ بوو، دەچنە سەردانی کوڕە پێشمەرکەکانیان، واباشترە هەرسێکتان بەیەکەوە بگەیەنم. بۆ ئەحمەد ئاوا، ئاخر ئەوکاتە دەربازبوونت ئاسانتر، وەهەروەها کەم مەترسیدارتر دەبێت لە بازگەکان لەکاتی پشکنین.

رۆژی دیاریکراو بەیانییەکی زوو، جبار بە جێبەکەیەوە ھاتە شوێنی دیاریکراو، من سواربووم ، دوایی چوین بەشوێن ژنەکاندا، بەڕیکەوتین بەرەو ئەحمەدئاوا، بەبێ کێشە گەیشتین، مەترسی ھەرە گەورە لە بازگەی خوڕماڵ بوو، جبار شارەزایی خۆی بەکارھێنا بۆدەرباز بوون لەم بازگەیە.

لە ئەحمد ئاوا ھاوڕێیان توشی سەرسوڕمان بوون کە منیان بینی، ئاخر لێرە هەواڵ وابووە کەگوایە من نەماوم، بەواتایەکی دیکە بێ سەرو شوێنم دوای برینداربوونم لەشەڕەکەی پۆڕیجە.

بەڕێکەوتم بەرەو کەرەجاڵ، لەمەڵبەند پێشوازیەکی باشیان لێکردم، دڵ خۆش بوون بە سەلامەتیم.
لەسەرکردایەتی مەڵبەند، یەك دوو ھاوڕێ شتێکیان دەزانی دەربارەی من، دوای ئەوەی خۆم چووم و باسی باروو دوخەکەم بۆ کردن، بەرچاو رونییەکی تەواویان لا دروست بوو.

من و ھاوڕێ کەمال(سھیل زھاوی)جەن دانیشتنێکمان پێکەوە کرد، ئەو دوای لەمن کرد کەڕێگاو جێگایەکی بۆ بدۆزمەوە، بۆئەوەی بچێتەوە ناو شار، بۆ کاری نهێنی، پێم گووت ئەتوانم ڕێ و شوێنت بۆ پەیداکەم.

ھاوڕێیان پێیان ڕاگەیاندم کەئەبێت بچمەوە ناوشار، بۆ جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی کە پێویست بوو لەناوشاردا ئەنجام بدرێت، گوتیان دەتوانیت پێش گەڕانەوەت، هەردوو هاوڕێ (عەڵی خانەقینی و شەھاب) کەدوو هاوڕێی چەپی ڕوژهەڵاتی کوردستان بوون، سودیان لێوەرگریت بۆفێربوون و ئەنجامدانی هەندێک کاری پێویست لەناو شار، ئەم دوو هاوڕێیە بەھرەیەکی ھونەری و تەکنییکی زۆر باشیان ھەبوو، فێریان کردم، چۆن تەنها بە چوارچێوەیەکی تەختە، پارچەیەك خام، کاغەزی ستێنسل ومەرەکەبی رۆنیۆ، کاری چاپکردن ئەنجام بدەم. گەڕامەوە ناوشارو دەستم کرد بەکار، پەیوەندی خۆشەوستیم بەھێزتربوو لەگەڵ ڕێزان، رێکەوتین لەسەرئەوەی ھاوسەرگیری بکەین، ھەرچەندە، نەکەسوکاری من نەهی ڕێزان ڕازی نەبوون بەم هاسەرگیرییە، لەهەمان کاتدا شوێنم بۆ ھاورێ کەمال ئامادە کرد.
جبار هاوڕێ کەمالی هێنا بۆ سلێمانی، سەرەتا پێشوازیم لێکرد لەماڵی گەلاوێژی خوشکم، لە شوقەکانی قامیشان، لەکانێسکان، دوایی شوێنم بۆ ئامادەکرد لەماڵی ئایشەخان.

ڕێزان چووە خۆڵێکی فێربونی (تاببعه)وە، ئیستا تاببعەیەکمان ھەیە لە ماڵەوە، پێویستیمان بەوە نەما کەلە شاخەوە هیچ بڵاوکراوەیەکمان بۆ بێت، لە ئیزگەکەوە هەرچییەک بڵاو بکرێتەوە، ئێمە لێرەوە چەند دانەمان بوێت، چاپی دەکەین، پاشان بەیارمەتی ڕۆنێو تەختەکەی کەهەمانە، ڕایدەکێشین، بێجگە لە نامیلکەو رۆژنامە نەبێت.

بەھاتنی ھاوڕی کەمال، ڕێکخستن زور پێشکەوتنی بە خۆیەوە بینی، لەوەرگرتنی بریارو راپەراندنی کاری ڕێکخستن.
لەڕوناکییەوە بۆ تاریکی!

بەشی-٦ـ
لە ١٩٨٤/٣/٣١ لەگەڵ ڕێزان، ھاوسەرگیریمان کرد، هەرچەندە من بۆخۆم رۆژێك لەرۆژان بیرم لە ژن ھێنان نەکردبویەوە، ئاخر بارودوخەکەبە ھیچ شیوەیەك گونجاو ولەبار نەبوو بۆ هاوسەرگیری وخێزان پێکهێنان، لەهەمان کاتدا، کەسوکاری هیچ لایەکمان ڕازی نەبوون بەم هاوسەرگیریە، بەڵام خواست سوربوونی ئێمە لەسەرپرۆسەکە، توانیمان ئەوەی ویستمان بەئەنجامی بگەیەنین و زاڵبین بەسەر هەموو ڕێگرەکاندا.

هەرچی کاری ڕێکخراوەییە، ئەتوانم بڵێم لەماوەیەکی زۆر کورتدا، باشترین ژێرخانی ڕێکخرەوەییمان پێکهێنا، بۆ کارکردن لەهەموو بوارەکاندا، بەبەردەوامی دروشمەکانی حزب، لەسەر دیوارەکانی شار بوو، پوستەری شەھیدانمان بەزۆربەی زۆری ستونی کارەباکانەوە بوو، بێجگە لەوەی، کارو توانامان هەبوو بۆ سزادانی تاوانباران.

لەگەڵ ئەوەی هێڵی ڕێکخستی دیکە هەبوو لەناو شار، بەڵام هیچیان ئەو توانایەی ئێمەیان نەبوو، لەگەڵ توانای خۆمان ئێمە پێداویستی تایبەت بە کارەکانیشمان لەبەردەستا بوو.

سەردانێکی شاخم کردو دوای ماوەیەک گەڕامەوە شار، وابەباش زاندەرا واز لەکاری ناوشار بهێنم و بگەڕێمەوە شاخ، ڕێزانیش خواستی هەبوو ببێت بە پێشمەگە، دوابەدوای ئەوە ھەردووکمان رۆشتین بۆ مەڵبەنی سلێمانی-کەرکوك لە کەرەجاڵ.

دۆڵی کەرەجاڵ لەسەروی سەرچاوەی ئاوی زەڵمەوە بوو، بە چارەکە سەعاتێك دوور بوو، لە ئاوایی ئەحمەد ئاوا، تا سەرچاوەی زەڵم جوانترین سروشت، ھەمووی باغ و سەوزاوی، بەدڕژایی ڕێگای ئاوە سازگارەکەی زەڵم، بەڵام کەرەجاڵ دوڵێکی وەشك بوو، ئەشکەوتی زوری تیابوو، بێجگە لە بارەگای بەتالیونی حەوت و مەڵبەندی رێکخستنی گەرمیان، لقی چواری پارتیشی هەرلەوێ بوو، ڕێگایەکی ھاتوو چۆ بوو بۆ ئێران، لە پلەکانی مەلامستفاوە بۆ ملەخۆرت، لەوێشەوە بۆ دزلی، لە رۆژ ھەلاتی کوردستان.

ئەم ناوچەیه رۆژاە بەبەردەوامی بۆردومان دەکرا لەلایەن هێزەکانی ڕژێمی عێراقەوە، لەم دۆڵە، ژمارەیەکی زۆر لە کاروانچی و پێشمەرگە شەھیدو بریندار دەبوون، شەھێد دەروێش(کامەرانی کوڕی ئەحمەدی مەساح)٫یەکێک بوو لەوشەهیدانەی کەلە ۱۷/۱۱/۱۹۸۳ لەو دۆڵە شەهید بوو.

خانەوادەی ڕەوانشاد ئەحمەدی مەساح، یەکێک بوون لەوخانەوادە تێکۆشەرە بەهەڵوێستە شیوعیانەی شاری سلێمانی، کەبێجگە لەبەخشینی ئەوشەهیدە قارەمانیەیان بەڕێگاو ڕێباری حیزب و نیشتیمان، هەموو خانەوادەکەیان بەبەردەوامی لەخزمەتی حیزب ڕێبازەکەیدا بوون.

یەکێک لەودوو ئەڵمانیەی کەبارمتەبوون لای حیزب، کەناوەکانیان گۆڕدرابوون بۆ سۆران وبادینان، سۆران لەوێ کوژرا.
بەدرێژای بەرزاییەکانی زنجیرە شاخی سورێن، رەبایەی ئێران بوو، بەرمبەریشیان رەبایەکانی عێراق بوو، ئیمەش لە نیوەندیان بووین، ھاورێیان ئەحمەد بانیخێلانی، باوکی تارا و ئەبو لینا، لێپرسروای مەڵبەند بوون.

داوام لێکرا بەرید بەرم بۆ تاران وەهەروەها بەپێچەوانەوە لە تارانەوە بۆ مەڵبەند، هەردوو حەفتەجارێک ئەمە کاری من بوو، بێگومان ئەم کارە بە نھێنی دەکرا وەهەروەها، بەریدەکە لەجانتایی تایبەتیدا ئەشاردرایەوە، لەوسەرەوە بە ھەمان شێوە.

حزب ھیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ ئێراندا نەبوو، هەرلەبەر ئەوەبوو ئێمە بەوەرەقەی پارتی ھاتووچۆمان دەکرد، من چونە ئێرانم زۆر لاناخۆش بوو، بەپێچەوانەی پێشمەرگەکانی دیکەوە، هەرلەبەر ئەوە بوو زۆرجار کەدەڕۆیشتم بۆ بەرید بردن، ئێوارە دەگەیشتمە تاران، بەریدەکەم دادەنا، ئەوشەوە لە هۆتێل موسەوی-لەکۆچەی مەروی دەمامەوە، بەیانی زوو دەگەڕامەوە، خۆ بەریدەکەم ئامادە بوایە هەرئەو شەوە دەگەڕامەوە، کاتێك ئەگەیشتمە سەر ملەخورت و دەشتی شارەزورم لێدەردەکەوت، خۆشی ژیانم سەرلەنوێ دەستیپێدەکردەوە.

من دوو جار لەئێران گیراوم، جاری یەکەم لەگەڵ بردنی بەرید، گوتیان سیێ ھاورێ عەرەب، لەگەڵ خۆت بەرە بۆ شنۆ ولەوێوە تەسلیمی هاوڕێ مەلا بەکریان بکە، هەرچەندە حیزب هیچ بنکەیەکی نەبوو لە شنۆ، بەڵام پارتی لەبنکەکەی خۆیان، ژورێکیان دابوو بە ھاوڕێ مەلا بکر، ئیش وکاری حزبی لەوێ ڕائەپەڕاند. ئەوەبوو ھەرچوارمان کەوتینە ڕێ، لای ئێوارە لە مەریوان بووین، ئەوکاتە لە مەریوان دوو هۆتێل هەبوو، من بۆخۆم ھەمیشە لە هۆتێلی بەردەم سینەماکە دائەبەزیم، لەوێ ژورێکمان گرت، ئەبوایە ئەوان نەڕۆنە ناو بازار، ئاخر ئەوان کوردیان نەئەزانی، وەهەروەها بە سەروسیماشیاندا دیاربوو کەغەریبن، زۆر پاڕانەوە کە بیان بەم بۆسینەما، گوتیان خۆ تەنها پەرینەوەی شەقامەکەیە، منیش ئەوکاتە دڵم نەرم بوو گوتم باشە، چوار بلێتم بڕی و چوینە ژورەوە، دانشتین تا فیلمەکە دست پێبکات، ھاوڕێیەکیان گوتی ئەو پاسدارە ئەم ناسێ ئەزانێت کەمن شیوعیم، پێش دوو سێ رۆژ، لە سەرکانیاوەکەی چنارە مناقەشەێکی زۆر توندمان کرد لە سەر یەکێتی سۆڤیەت، (چنارە) گوندیکی چوڵکراوبوو لە بناری سورێن، کانییەکی باشی لێبوو، ھاوڕێیانی ئەشکەوتی ھەزار ئستون ئاویان زۆر کەمبوو، لەسەر ئەو کانییە خۆیان دەشت، پاسدارەکانیش ئەھاتن بۆ ئەوێ، پاسدارەکە تەماشای ئێمەی دەکرد، دوایی ھەستاو رۆیشتە دەرەوە، فیلم دەستی پێکرد، بەڵام نەئەکرا بڕۆینە دەرەوە، ئاخر ئەوکاتەی کەفیلم دەستی بەپەخش دەکرد، هیچ کەسێک بۆی نەبوو بچێتە دەرەوە، گوتم ئێستا دێن بۆمان، ھەریەکەتان ئەوناوەکەی کەلەسەر ئیجازەی پەڕینەوەکەیە(بەرگی عبور) جوان لەبەریکات، ئیمە ئەفرادی بارزانیین، لە ئیجازەکانمان وانوسرابوو، پێشمەرگەکانی پارتی، لە قەرارگای رەمەزان وەهەروەها لە حەمزەی پاسداران، پێیان دەوتن ئەفرادی بارزانی، دوو جەندەر میری ھاتن، داوایان لێکردین کەبرۆین لەگەڵیان، بردیانین بۆ جەندەرمێری، ئەفسەرێك کەوتە لێکولێنەوە لەگەڵمان، ھەر من زمانم دەزانی، وادیار بوو ئەو پاسدارە خەبەری لیدابووین، ئەگەڕان بەدوایدا و نەیان ئەدوزییەوە، دوای ماوەیەك بە ئەفسەرەکەم گووت، ئێمە مەکتەبی عیلاقاتمان ھەیە، ئەتوانن لێیان بپرسن، ئەگەر ئێمە ئەفرادی بارزانین یان نا، ناردیان یەکێ بێت لەمەکتەبی عیلاقات، مەلا عومەرھات، ئەو لێپرسراوی مەکتەب بوو، دوای هاتنی ئەو، ئێمە ئازاد کراین.

به‌شی‌ 3 و 4 له‌م لینكه‌وه‌


AM:11:26:24/02/2020

ئه‌م بابه‌ته 7064 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی