بۆچی خوێندن لە فیلاندە سەركەوتوو بووە؟

‌ هه‌ورامان وریا قانع

لەبەر ئەم خاڵانەی خوارەوە:

1-خوێندن لە فیلاندە دۆزێكی نەتەوەییە. دەوڵەتی فیلاندە، وا مامەڵە لەگەڵ خوێندن دەكات، وەك ئەوەی كێشەیەكی نەتەوەییە. ئەم دەوڵەتە، لە دوای راگەیاندنی سەربەخۆیی فیلاندەوە، خوێندنی لەسەرو هەمو ئەولەویەتەكانی خۆیەوە داناوە و پشكی گەورەی لە داهاتی نەتەوەیی، بۆ پرۆسەی خوێندن تەرخان كردووە. بارەوڕی بەوە بووە، بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندن، تاكە رێگایە بۆ بەرزكردنەوەی، تواناكانی كۆی گەلی فیلاندە. هەر ئەم خاڵەشە، وایكردووە دەوڵەت، تا ئێستاش كار بۆ باشتركردنی دۆخی خوێندنی وڵاتەكەی دەكات.

2-ئیسراحەتی زۆرتر، زانستی زیاتر
بەرپرسانی وڵاتی ئێمە، پێیانوایە بەرزكردنەوەی ئاستی پەروەردە و فێركردنی قوتابی، لە سەرجەم قۆناغەكانی خوێندندا، پەیوەستە بە زیادكردنی كاتژمێرەكانی خوێندنی رۆژانە و بڕی ئەو ماددەیەی قوتابی رۆژانە وەریدەگرێت. بەڵام ئەزموونی فیلاندە، هەڵەی ئەو تێڕوانینەی سەلماندووە. سیستمی خوێندن لە فیلاندە، جەخت لە كەمكردنەوەی قەبارەی پرۆگرامی خوێندن دەكاتەوە كە دەخرێتە بەردەست قوتابی. ئەمەش لە رێگەی گۆڕینی ناوەرۆكی پرۆگرامەكان، بۆ ناوەڕۆكێكی زانستی قووڵ. واتە باشكردنی پرۆگرامەكان لە رووی چۆنایەتی و كەمكردنەوەی لە رووی چەندایەتییەوە. بەو مانایەی ناوەرۆكی بابەتەكان، كەم و زانستی و پەروەردەیی بێت. نەك زۆرو بۆر بێت. مامۆستایانی فیلاندە، رۆژانە تەنها 4 كاتژمێر لە پۆلەكاندا دەمێنێتەوە، لە هەفتەیەكدا 20 كاتژمێر دەمێننەوە. ئیدی ئەو كاتەی بۆیان دەمێنێتەوە، سەرقاڵی ئامادەكردن و داناك و رێخستنی پرۆگرامەكانی خوێندنی بەیانی و ئایندە و هەڵسەنگاندنی قوتابییەكان دەبێت. هاوشان لەگەڵ كەمكردنەوەی كاتژمێرەكانی خوێندن، كاتی پشوەكان زیاد دەكرێت، لە رۆژێكدا دەگاتە 75 خوولەك و دابەشی سەر وانەكان دەكرێت. كەمكردنەوەی كاتی وانەكان لە قوتبخانەكاندا، دەرفەت بە قوتابییەكان دەدات، خەریكی یاری و چالاكییەكانی دیكەیان بن، ئەو یاری و چالاكیانەی كە توانای عەقڵی و كارامەیی قوتابییەكان، دەردەخات و بەرزدەكاتەوە.

3-مامۆستا زۆر بە وردیی هەڵدەبژێردرێت
تەنها لە سەدا 11% ئەوانە هەڵدەبژێردرێن كە دەیانەوێت ببن بە مامۆستا و پێویستە بڕوانامەی ماستەر بۆ سەرەوەیان هەبێت. واتە هەڵبژاردنی مامۆستا، زۆر بە وردیی و وریاییەوە ئەنجام دەدرێت. ئەوەندە بەس نییە تۆ بڕوانامەی دبلۆم یان بەكەلۆریۆست هەبێت، ئیدی بۆت هەبێت ببیت بە مامۆستا. جگە لەوە لەكاتی وەرگرتنیان، كۆمەڵێ تاقیكردنەوەی دیكەیان پێدەكرێت، تاكو بزانن شیاون بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە. واتە شیاون ببن بە مامۆستا. هەر بەم بۆنەیەوە لە فیلاندە، زەحمەترین شت ئەوەیە بتەوێت ببیت بە مامۆستا. لەبەر ئەوەیە تەنها ئەوانەی كارامە و توانایەكی بەرز و حەماسەت و خۆشەویستییەكی مەزنیان بۆ بەدەمەوەچون و یارمەتیدانی ئەوانی دیكە و مامۆستایی هەیە، وەردەگیرێن.

4-كەمكردنەوەی جیاوازیی نێوان قوتابییەكان
حكومەتی فیلاندە، بە یەك چاو و بەشێوەیەكی یەكسان، سەیری هەمو ناوەندەكانی خوێندن دەكات. ئیدی پێگەی جوگرافیی ئەو خوێندنگایە لە هەر شوێنێك بێت، گرنگ نییە. واتە هیچ جیاوازییەك لە نێوان قوتابخانەی شار و شارۆچكە و گوند و شوێنە دوورە دەستەكان نییە. جیاوازی نییە لە نێوان قوتابخانەی گەڕەكە دەوڵەمەندەكان و گەڕەكە هەژارەكان. مافی خوێندن بۆ هەمو قوتابییەك، بەهەمان باشی و كوالێتییەوەیە دابینكراوە. لەوێ قوتابخانەی تایبەت و ئەهلی و نێودەوڵەتی نییە.

5-بەهێزی و پتەوی پەیوەندی نێوان مامۆستا و قوتابی
ئەوانەی لە فیلاندە، پرۆسەی پەروەردە بەڕێوەدەبن، بڕوای تەواویان بەوەیە، سەركەوتنی پرۆسەی پەروەردە، بە پلەی یەكەم، پەیوەستە بەو پەیوەندییەی لە نێوان قوتابی و دەزگای فێركردندا هەیە كە لە مامۆستادا چڕدەبێتەوە. بۆ ئەوەی ئەم پەیوەندییە بەشێوەیەكی باش و تەندروست دروست ببێت، ئەم رێنمایانە جێبەجێ دەكرێت:

ا-مامۆستا لەگەڵ قوتابییەكانی دەمێنێتەوە، واتە مامۆستا بۆ ماوەی پێنج ساڵ، نەك تەنها یەك ساڵ و یەك پۆل، لەگەڵ قوتابییەكانی دەمێنێتەوە. بەمەش پەیوەندی نێوانیان قووڵتر و گشتگیرتر دەبێتەوە و باشتر یەكتردەناسن.

ب-كەمكردنەوەی ژمارەی قوتابیانی نێو پۆل، بۆ 20 قوتابی. زۆرترین رێژەی قوتابی لەپۆلێكدا، نابێت لە بیست زیاتربێت.

ج-دەرفەت بە قوتابی دەدرێت لە قوتابخانە، پەرە بە حەز و ئارەزووەكانی بدات.


6-خوێندنی خۆڕایی
لە فیلاندە چونكە خوێندن وەك كێشەیەكی نەتەوەیی لێدەڕوانرێت، بۆیە خوێندن لە قۆناغی بنەڕەتی بەخۆڕاییە. بگرە دابینكردنی كەلوپەلی قوتابخانە، لەگەڵ ژەمێك خواردن، لە ئەستۆی حكومەتە.
سەرچاوە
بە كەمەكێك دەستكاریكردنەوە
limaza.com
www.sasapost.com


PM:04:16:15/09/2020

ئه‌م بابه‌ته 2036 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی