بەبۆنەی شەش ساڵ بەسەرکۆمەڵکوژی کۆجۆ

‌ هه‌ورامان وریا قانع

بە بۆنەی تێپەڕبوونی ٦ ساڵ، بەسەر کۆمەڵکوژییەکەی گوندی کۆجۆ، بەدەستی تیرۆرستانی داعش.
ئەم نووسینە، یەکەم پەراوێزە کە من بۆ کتێبەکەی نادیە موراد، ئامادەمکردووە.

گوندی کۆجۆ، لە سەردەمی رژێمی بەعس و لە ساڵی 1975، وێران نەکرا و دانیشتوانەکەشی بەر شاڵاوی راگواستن نەکەوتن. بەڵام دەوڵەتی ئیسلامی هات و ئەوەی بەعس تەواوی نەکرد، ئەمان تەواویان کرد. لەو ساڵەدا حکومەتی عێراق، دوای رێکەوتننامەی جەزائیر لە نێوان عێراق و ئێران، لە قەزای سنجار و شێخان، نزیکەی 150 گوندی ئێزیدی رووخاند و دانیشتوانی ئەو گوندانەی، گواستەوە بۆ کۆمەڵگە زۆرەملێکان کە زیاتر لە زیندان دەچوون تاکو شوێنی نیشتەجێبوون. گوندی کۆجۆ دەکەوێتە باکوری خۆرئاوای شاری شنگال، نزیکەی 20 کیلۆمەتر لە شاری شنگالەوە دوورە. لە سێ لایەوە، واتە لە خۆرهەڵات و خۆرئاوا و باشورەوە بە گوندی عەرەبی دەورە دراوە. تەنها بەشی باکوری نەبێت هاو سنورە لەگەڵ گوندی "الحاتمیە" کە دانیشتوانەکەی ئێزیدین و نزیکەی 8 بۆ 10 کیلۆمەتر لە کۆجۆوە دوورە. هەروەها نزیکەی ١٢٠ کیلۆمەتر لە شاری موسڵەوە دوورە.

دانیشتوانی کۆجۆ گوندەکەی خۆیان دەکڕنەوە. دەوترێت گوندی کۆجۆ موڵکی کەسێک بووە بە ناوی "ناظم العمری الموصلی". دانیشتوانی گوندەکە ساڵانە لە 10% بەرهەمی کشتوکاڵ و ئاژەڵی خۆیان، وەک باج داوە بەو کەسە. بەڵام لە ساڵی 1955دا، خاوەنی گوندەکە داوایان لێدەکات بڕی ئەو باجە زیاد بکەن. وەلێ لەبەر ئەوەی بەشی زۆری دانیشتوانی گوندەکە، باری گوزەرانیان باش نییە، ناتونن باجی زیاتر بدەن. لێرەوە ناکۆکی دەکەوێتە نێوان پیاو ماقوڵانی گوندەکە و خاوەنی گوندەکە. ناظم العمری داوایان لێدەکات بڕۆن و گوندەکە بەجێبێڵن.

دوای گفتوگۆیەکی دووور و درێژ، هەردوولا رێکدەکەون لەسەر ئەوەی دانیشتوانی گوندەکە کە ئێزیدین، گوندەکە بکڕنەوە. رووبەری ئەو ناوچەیەی دەیکڕن 5000 دۆنمە و بڕی 5000 هەزار دیناری عێراقی، دەدەن بە خاوەنی گوندەکە. واتە هەر یەک دۆنم زەوی بە یەک دیناری عێراقی ئەو زەمانە کڕراوە کە بۆ ئەو کات پارەیەکی زۆر بووە. ساڵی 1956 پارەکە تەسلیم کراوە، ئیدی لەو ساتەوەختەوە، ئێزیدییەکان بوون بە خاوەنی گوندەکە.

دانیشتوانی کۆجۆ بەپێی ئامارە فەرمییەکان، نزیکەی 1700 کەسە، سەروەختێک لە 14 ئابی ساڵی 2014، لەسەر دەستی داعش، قێزەونترین تاوانی خوێناوی دەرهەق بە دانیشتوانەکەی ئەنجامدەدرێت، نزیکەی 1200 کەس لەناو گوندەکەدا بوون، ئەوانی دیکەیان لە دەرەوەی گوندەکە بوون. ئەوەی تیرۆرستانی داعش بەسەر کۆجۆیاندا هێناوە، نموونەی نییە. کۆمەڵکوژییەکەی کۆجۆ، یەکێکە لە تاوانە هەرە دڕندەکان کە داعش لە ناوچەی شەنگال ئەنجامیداوە. دەوڵەتی ئیسلامی لە 3 مانگی ئاب، گەمارۆی گوندەکە دەدات و داوا لە دانیشتوانەکەی دەکات، ماڵەکانیان جێنەهێڵن و ئەمان هیچ خراپەیەکیان بۆیان نابێت.

دواتر داعش هەندێک لە چەکدارەکانی دەنێرێت بۆ گوندەکە و داوا لە موختاری گوندەکە دەکەن، بە دانیشتوانەکەی بڵێت واز لە ئاینەکەی خۆیان بێنن و بێنە سەر ئاینی ئیسلام. بەڵام دانیشتوانی گوندەکە بەو داوایە رازی نابن.

ئیدی دەوڵەتی ئیسلامی، خەڵکی گوندەکە لە قوتابخانەی گوندەکەدا کۆدەکاتەوە. پیاوەکان دەباتە دەرەوەی گوندەکە و هەر هەمویان گولەباران دەکەن. پاشان دەگەڕێنەوە و ژنان و کچان و منداڵەکان، دەگوێزنەوە بۆ ناوچەی جیاواز جیاوازەکانی ژێر دەسەڵاتی خۆیان. دەوترێت لەو کۆمەڵکوژییە، نزیکەی 500 پیاوی گوندەکە کوژراون و 19 کەس بە برینداری رزگاریان بووە. هەر لەوێدا نزیکەی 700 ژن و منداڵ بە زۆری زۆرداری دەبرێن و دەکرێن بە سەبایا و کەنیزەک.


PM:02:49:15/08/2020

ئه‌م بابه‌ته 1516 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی