سەرنجێکی کورت سەبارەت بە بوونی هەڵە لە پرۆگرامەکانی خوێندن

‌ هه‌ورامان وریا قانع

نزیکەی سیانزە ساڵە، بە دەنگی بەرز هاوار دەکەین پرۆگرامەکانی خوێندن، لە وانەی زانست بۆ هەموان، بەتایبەت قۆناغی بنەڕەتی 1 بۆ 9، ژمارەیەکی بەرچاو هەڵەی زانستی زەقی تێدایە. جگە لە هەڵەی زانستی، کتێبەکانی ئەو وانەیە، پڕ پڕن لە هەڵەی زمانەوانی، سیخناخن لە رستەی سەقەت و بێمانا. لێورێژن لە پەرەگرافی ئاڵۆز و ناڕۆشن. زیاد لە دەیەیەکە هاوار دەکەین و دەڵێن، ئەو زمانە کوردییەی کتێبەکانی زانست بۆ هەموانی پێنوسراوەتەوە، هێند شەق و شڕ و خراپە، کتێبەکانی لەناوەوە داڕزاندووە و بەکەڵکی ئەوە نایەت بخرێتە بەردەستی قوتابی و خوێندکار.

لە تەلەفزیۆنەکانەوە، لەسەر رووی لاپەڕەی رۆژنامەکانی هاوڵاتی و ئاوێنەوە، بەدەنگی بەرز و بە پیتی درشت، دەیانجار باسمان لەو وێرانەیە کردووە کە لەسەر دەستی وەزارەتی پەروەردە، بەسەر زمانی کوردیدا هاتووە. چەندینجار دووبارە و سێبارە و حەوتبارەمان کردووەتەوە، ئەو حەشرەی وەزارەتی پەروەردە- لەرێگەی شارەزاکانی و لیژنەکانی وەرگێڕانەوە- بە زمانی کوردییان کردووە، با بەدەواری شڕی نەکردووە.

لە ساڵی 2008 وە، وەزیری پەروەردە نەماوە، بەرێوەبەری گشتی پەروەردە نەماوە، لەسەر خراپی زمانی کتێبەکانی زانست، چ لە فەیسبوکی خۆمەوە، یان لە کەناڵەکانی میدیاوە، لەو کارەساتە گەورەیەی زمانی کوردی ئاگاداری نەکەمەوە کە لە کتێبەکانی مەنهەجدا هەیە. بگرە بەشی هەرە زۆری هەڵە زانستی و زمانەوانییەکانم دەستنیشان کردووە و بڵاومکردووەتەوە، تەنانەت لە ساڵی 2012 بەشێکی زۆری ئەو هەڵانەم کردە کتێبێک و پێنج نوسخەم بەخشی بە ئەندام پەرلەمانێک تا بیگەیەنێتە دەست وەزیری ئەو کاتی پەروەردە و لیژنەی پەروەردە لە پەرلەمان. بەڵام هیچ سودێکی نەبوو، کەسێک بەدەنگمانەوە نەهات، بەرپرسێک نەیوت وای لەو وێرانە زمانەوانییەی لەبەردەستی تەلەبەکانماندایە!

وەزارەتی پەروەردە لە ئاست ئەو هاوارانەی ئێمە، لە گوێیەکی کەڕ زیاتر هیچی دیکەی نەبوو. من هەڵەکانم، وەک هێلکەی پاککراو خستبووە بەردەست هەر کەسێک، هەر وەزیرێک، هەر بەرپرسێکی پەروەردە، تا چاکیان بکاتەوە. کەچی ساڵ دوای ساڵ، هەڵەی زۆرتر و رستەی سەقەتتر، لەناو لاپەڕەی کتێبەکاندا زیاتردەبوون. ساڵ دوای ساڵ، ئاست و رادەی گوێنەگرتنی بەرپرسانی وەزارەتی پەروەردە، لە وەزیرەوە بۆ گزیر، تادەهات لە هەڵکشاندا بوو. تادەهات گوێیان لە ئاست هاوارو ناڵەی ئێمە، دادەخست و دادەخست و دادەخست.
هەزارانجار لە پۆلدا، گوێم لە قوتابییەکانم گرتووە، کە دەیانوت مامۆستا بە خوا بە پێغەمبەر، شەو چەند جارێک ئەو دوو لاپەڕە واجبەی پێت دابووین، خوێندوومەتەوە، بەڵام هیچی لێ تێنەگەیشتووم و نازانم باسی چی دەکات! نەک هەر قوتابییەکان، چەندین دایک و باوکی قوتابی کە خوێندەواربوون و خاوەن بڕوانامەی بەرز بوون، لە جۆری دبلۆم و بەکەلۆریۆس، گلەییان لە قورسی بابەتەکە و خراپی رستە و پەرەگرافەکانی کتێبەکە دەکرد کە لێی تێناگەن و ناتوانن بابەتەکە بۆ منداڵەکانیان شەرحبکەن.

لە راستیدا هەم قوتابییەکانم، هەم دایک و باوکیان، هەم بڕێکی زۆری مامۆستاکانی ئەم وانەیە، هەستیان بەو لێشاوی هەڵە زمانەوانییە کردووە کە وەک مۆرانە، بەربووەتە گیانی کتێبەکانی زانست بۆ هەموان و لەوەی خستووە ببێت بە کتێبی زانست و پرۆگرامی خوێندن.

کەچی تەنها و تەنها، وەزارەتی پەروەردە و بەرپەرسە باڵاکانی، هەستیان بەو رووباری هەڵەیە نەکردووە کە سیانزە ساڵە، بە هەڵە دەرخواردی تەلەبەکانی دەدەن. ئەوەی لە کتێبەکانی زانست بۆ هەموان دەگوزەرێت، هی ئەوەیە لێپرسینەوە لە وەزیرەکانی پەروەردەی ساڵانی پێشوو، لەگەڵ بەشی پرۆگرامەکان، بە تایبەت لە دوای ساڵی 2007 تا ئێستا، بکەیت و پێیان بڵێت ئەفەندم، کەی زمانی کوردی ئاوایە؟ بۆچی و لە پای چی، ئاواتان بەسەر زمانی کوردیدا هێناوە؟ ئاخر چۆن دەبێت کتێبی خوێندن بەو شێوەیە بنووسرێتەوە؟


PM:06:04:09/08/2020

ئه‌م بابه‌ته 2232 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی