بۆ دوەمجار کۆرۆنام تێپەڕاند

‌ژینۆ محەمەد


کۆرۆنا یان (covid19)، ڤایرۆسێکی جیهانیە، بۆتە باسێکی گەرم و بەرۆکی مرۆڤایەتی گرتوە،  ڕۆژانە ڕۆحی ئازیزانمان دروێنە ئەکات. 

بەپێی زانیاری  هەواڵە نێوخۆیی و جیهانیەکان، جگە لە خۆپارێزی و هەندێ چارەسەری دیکەی پزیشکی تائێستا، دەرمانێکی تایبەت یان ڤاکسین بەردەست نییە بۆ ڕزگاربونمان لەم بەڵایە.

لەم شەپۆلی دوەمی کۆرۆنایەدا، زۆر گوێمان لە لێدوانی جیاوازی پزیشکە بەڕێزەکان ئەبێت لەسەر جۆرو شێوازی کەسی توشبوو بۆجاری دوەم، ڕەنگە ئەم جۆرە پێشبینی و قسانە توشی سەرلێشێواوی زیاترمان بکات لەشێوازی خۆپارێزیمان، بەوەی توش نابینەوە.

بابێینە سەر باسی بەندە؛
جاری یەکەم چۆن توشی کۆرۆنا بوم؟
بۆجاری دوەم چۆن زانیم کۆرۆنامە؟
ئەو کاتەی پشکنینەکەم پۆزەتیڤ بوو چیم کرد؟
چۆن چارەسەرم وەرگت؟

بەکورتی وەڵامی ئەم پرسیارانە ئەدەمەوە:

جاری یەکەم/ دوای ١٥ڕۆژ لە چارەسەرکردنی دایکم و برایەکم بە کۆرۆنا، هەستم بە کەمێک ماندوبون کرد، ڕۆشتم بۆ نەخۆشخانەی عەلی ناجی پشکنینم ئەنجامدا، سەرەتای مانگی ٧ نامەیەک هات بۆ مۆبایلەکەم و ئاگادارکرامەوە، کە توشبوی کۆرۆنام، تێلم کرد بۆ چەند دکتۆرێکی بەڕێز وتم نیشانەی قورسم نییەو ئەڵێن کۆرۆناتە، وتیان ئاساییە تۆ هەڵگریت، خۆت کەرەنتین بکەو ڕێنماییەکان جێبەجێ بکە، بۆ ماوەی ١٥ ڕۆژیتر خۆم کەرەنتن کردو زۆر بەباشی ڕێنماییە تەندروستیەکانم جێبەجێ کرد.

جاری دوەم/ چەند ڕۆژێک بەر لەئێستا، هەستم بەئازارێکی زۆری گەدەو ڕیخۆڵەکانم ئەکردو بەجۆرێک بێهێزی کردبوم، سەردانی پزیشکم کرد، وتی پشکنینی کۆرۆنا بکە، وتم ئاخر جەنابی دکتۆر من چەند مانگێک پێش ئێستا توش بوم، لەوەڵامدا وتی: ئێمە دکتۆرمان هەیە سێ جار توش بوە! بۆیە پێویستە بیکەیت، کەمێک توشی سترێس بوم، چوم بۆ پشکنین دوای ٢٤ کاتژمێر ئەنجامەکەم وەرگرتەوە پۆزەتیڤ بوو، لەکاتێکدا، زۆر خۆپارێزم و، کەم کات هەبووە ماسک نەبەستم، زۆر پەیوەست بوم بەڕێنماییە تەندروستیەکانەوە.

دوای ئەوەی زانیم هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنام،  دابڕام  لە خێزانەکەم و، لە ژورێکدا خۆم کەرەنتین کرد، ناخۆش و قورس بوو، بەڵام ناچاربوم لەبەرسەلامەتی هەموان.

لەو ماوەیەدا هەرچی خەم و قورسایی ژیانە خستمە لاوە، تەنها بیرم لای تەندروستیم بوو، دابڕام لە سۆشیاڵ میدیاو، دەستم کرد بە چارەسەرو ڕێنماییەکان، بەڵام ئەمە بەس نەبوو، چونکە لەگەڵ ئازاری جەستەدا، ئازاری دەرونیش دەست پێئەکات، ترسێکی زۆر ڕۆح دائەگرێت، کە ئازاری جەستەت قورستر ئەکات.

 بۆئەوەی سترێسم کەم بێتەوەو و لاوازنەبم و ڤایرۆسەکە زاڵ نەبێت بەسەرمدا، کاتەکانم بەسەر خەو خوێندنەوەو سەیرکردنی فیلم و گوێگرتن لە میوزیک وگۆرانی دابەش کردو، جارجارەش لە دەرگای ژورەکەمەوە لەگەڵ کچەکانم و باوکیان قسەمان ئەکرد، ئەوکاتانەی زۆر بێتاقەت و بێهێزبومایە، پێم ئەوتن من زۆر باشم و پێئەکەنیم و قسەی خۆشم بۆ ئەکردن،  بۆ ئەوەی ئارامی ئەوان نەشێوێنم، چونکە هەر بەجیاکردنەوەی ئەندامێکی خێزان شیرازەی ماڵ تێک ئەچێت و ئەندامانی خێزانەکە شپرزە ئەبن.

ڕێنماییە پزیشکیەکان بۆ چارەسەر؛
 ڤیتامینەکان لەجۆری (زینک، ڤیتامین c، ڤیتامینd)م وەرگرت لەگەڵ ئازار شکێن.
خواردنەوەی ئاوی گەرم بەبەردەوامی 
خواردنەوەی شەربەتی فرێشی پرتەقاڵ 
ئیسراحەتی زۆرو ماندونەبون.

زۆر بەباشی ڕێنماییە پزیشکیەکانم جێبەجێ کردو سوپاس بۆخوا ئێستا تەندروستیم گەلێک باشە و هیچ نیشانەیەکم نیەو لەسەر قسەی دکتۆرە بەڕێزەکان بۆ دوەم جار توانیم ڤایرۆسی کۆرۆنا تێپەڕێنم. 

زانایانی بەریتانی لە لێکۆڵینەوەیەکدا، شەش جۆری ڤایرۆسی کۆرۆنایان دەست نیشان کردوە، بەهۆی دەرکەوتنی نیشانەی جیاواز لای کەسەکان، بۆیە گرنگە لەم کاتەدا لەگەڵ بونی هەرئازارێک لەسەر ڕێنمایی پزیشکی چارەسەر وەربگریت و، لەکاتی توشبون بە کۆرۆنا لەگەڵ ماندوبون و ئازارەکان،  باهێز زیاتربێت لەترس، زوو تێئەپەڕێت.

بەپێی زۆرینەی پێشبینیە زانستیەکانیش تاکۆتایی ساڵی داهاتو کۆرۆنا بەردەوام  ئەبێت و لەنێوماندایە، گرنگە شێوازو ژیانی سەردەمی کۆرۆنا قبوڵ بکەین و لەگەڵی بژین و زیاتر پەیوەستبین و خۆپارێزو بەهێزتربین.

بەهیوای سەلامەتی بۆ هەموان.


AM:10:32:01/11/2020

ئه‌م بابه‌ته 9312 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی