‌ژنان لەبەردەم هێرشی سۆشیال میدیا
AM:10:11:12/10/2020
ژینۆ محەمەد

سۆشیال میدیا، لە ڕۆژگاری ئەمڕۆماندا بووەتە بەشێکی دانەبڕاو لە ژیانی تاکەکانی کۆمەڵگە، وەک داگیرکەرێکی دڵ نەرم و جوان بێ ئەوەی پێشوازیشی لێ بکەین، گەشتۆتە هەموو ماڵێک، هاوڵاتی زۆر بەئاسانی ئەتوانێ دەستی پێ بگات، هەموو شتێک کە بیری لێ دەکاتەوە دەتوانێ لە سۆشیاڵ میدیا بڵاوی بکاتەوەو هەر کەسێکیشی بوێت ئەتوانی پەیوەندی لەگەڵ ببەستێ، کورت و کورمانجی هەموان لە ئێستا دوو ژیانیان هەیە ژیانێکی راستەقینە لەواقیعدا و ژیانێکی ڤیرچواڵ لە سۆشیاڵ میدیادا.

تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا چەندین پلاتفۆرمی جیاوازیان هەیە، وەک فەیسبوک،تویتەر، سناپچات، ئنیستاگرام چەندانی تر، وەک ئەبینین لای خۆمان فەیسبوک لەهەموو پلاتفۆرمەکانی دیکە زیاتر بایەخی پێئەدرێت و بەکارئەهێنرێت.

گۆڕانکاری سەردەم و، زیادبونی پێداویستیەکان و، پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاو، هۆکارێکن کە تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، کاریگەری ڕاستەوخۆیان لەسەر تاکەکانی کۆمەڵ هەبێت. ئیدی ئەو کاریگەریە سیاسی بێت یان ئابوری یان کۆمەڵایەتی.

ئەگەر باسی ئەوە بکەین، ئایا سۆشیال میدیا باشە یان خراپ؟

لەوەڵامدا ئەتوانین بڵێین دولایەنەیە، یان ئەوەی هەندێ کات شارەزایان ناوی ئەبەن بەچەکی دوسەر. واتە هەندێ کات ڕۆڵی هەبوە لە بەرجەستەکردنی ئازادی و بەشداری پێکردنی تاک لە بڕیارە چارەنوسازەکاندا، بەڵام ئێستا لە جیهانداو بەتایبەت ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بەهۆی قوڵبونەوەی ململانێ سیاسیەکانەوە کەوتۆتە دەست سیاسیەکان و خراپ بەکاری ئەهێنن، کە کوردستانی خۆمان پشکی شێری بەرئەکەوێت.

لێرەوە دێمە سەر ئامانجی باسەکەم، کە ئەویش هێرش و پەلاماردانی ژنان لەم ڕێیەوە؛

ئامادەیی ژنان لەسەرجەم کایە جیاوازەکاندا، بەئێستای سۆشیاڵ میدیاوە، هەمیشە بارگاوی بوە بەدژایەتی کردن و ڕێگری کردن، لە کارو تواناو دەربڕینەکانیان، لەهەر شوێن و جێگایەک توندوتیژی هەبێت، ژنان دەکرێنە سەرقافڵەو، دەکەونە بەرنەشتەری تانەو جەهالیەت.

ئەگەر لەڕابردودا، هەڕەشەو مەترسی و ڕێگریەکان بۆسەر ژنان لەلایەن چەند کەسێک یان گروپێکەوە بوبێت، لە ئێستادا لەڕێگەی سۆشیال میدیاوە ئەم باڵانسە زیادی کردوەو، دەست بۆ هزرو فکرو قەڵەم و هەموو پیرۆزیەکانی ژنان ئەبرێن بێگوێدانە، کەلتورو بەها ئەخلاقیەکانی مرۆڤایەتی، هەموو هەوڵ و ماندوبون و ڕابردوی تۆ لەبیرئەکات، تەنها کار لەسەر ناوزڕاندن و لەکەدارکردنی کەسایەتیت ئەکات، بەداخەوە کەئەمەش مۆدێلێکی نوێ بوو، حزبە سیاسیەکان بەتایبەت لەکاتی بانگەشەی هەڵبژاردنەکاندا بەکاریان هێناو ئێستا بۆتە کەلتور، کەدواجار ئەمە ترسە لە تواناو ڕۆڵ و هێزی ژنان.

ماوەتەوە بڵێین،: هەموان ڕۆژانە لەبەردەم مەترسی هێرشی تۆڕە کۆمەڵایەتیەکانداین، بەتایبەت ئەو کەسانەی کە دیارن و پەپڵیفیگەرن لەناو کۆمەڵگا، زیاتر ڕوبەڕوی هێرش و توندوتیژی ئەبنەوە. هەربۆیە پێویستمان بەهۆشیاری و پەروەردەیەکی تەندروست و، یاسایەکی جیهانیە نەک ناوخۆیی، وەک ئەوەی ئێستا بۆتە باسی بەشێک لە ڕێکخراوە جیهانیەکان و گفتوگۆی لەسەرئەکەن، بە ئەمانجی بەکارهێنەرانی تۆڕی کۆمەڵایەتی وابەستە بکات بە ئەخلاقیات و ئیتک، بۆ ئەوەی کەرامەت و ئاسایشی نیشتمانی و تەونی کۆمەڵایەتی مرۆڤایەتی پارێزراوبێت.

هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی



Copyright 2018. westganews.net. All Rights Reserved.