قەیرانی کەرکوک، لە کوێ، بەرەو کوێ؟

‌هيمداد شاهين

ئەم چەند رۆژەی رابردوو، نامەیەکی زۆرم لەبارەی جموجۆڵەکانی داعش لە کەرکووک بۆ هاتووە، بەپێویستیی دەزانم هەندێ بۆچوون، دیدگا و هێڵی گشتیی لەوبارەیەوە بخەمەروو، گومانی تێدانییە ئەم جموجۆڵانە ئاماژەی وازحن بۆ داهاتوویەکی تاریک و خراپی شارەکە و پێویستە هەموو ئەم جموجۆڵانە بەهەند وەربگیرێن چونکە رەهەندیی ئەمنیی، ئابووریی، مەزهەبیی و سیاسییان هەیە.

بابەتەکە تەنها سوتاندنی دەغڵ و دانی هاوڵاتییان نییە، چەند کەمین و هێرشێکی بچووکیش نییە بۆسەر سوپا و هێزەکانی تر، نامەی هەڕەشەئامێزیش نییە بۆسەر لادێیەکانی چواردەورەی کەرکوک، بەڵکو مەسەلەکە لەوە بەرفراوانترە و رەهەندی گشتگییرتری هەیە، ئەم پەیامانە بەکورتیی مانای ئەوەدەدەن، راستە داعش لەئێستادا زەویی و پارە و چەکی نییە، بەڵام ئیمکانیاتێکی بەهێزی مرۆیی هەیە، رەنگە ژێربەژێر چەک و پارەیشی هەبێ، ئەمە جگە لە شانە و تاقمی نووستوو.

بەداخەوە کەرکوکییەکان وەک هەمیشە قوربانیین، قوربانیی بەعس، قوربانیی دەسەڵاتی کوردیی، قوربانیی داعش و قوربانیی عەرەبیی سوننەی قەومچیی، لەولاشەوە هەندێ گرووپ لە عەرەبی شیعە، بە هەواجیسی طائیفیی خەریکە ئەزموونی عەرەبی سوننە لە گەڕەکە عەرەبییەکانی کەرکوک + چواردەورەی کەرکوک دووبارە دەکەنەوە.

بەکورتیی دەمەوێت ئەم چەند بۆچوونە لەم نووسیینەدا جێکەوت بکەم، لەئێستادا شکستى سوننە لەپێکهێنانى هەرێمێک بۆ خۆیان و جیابوونەوەیان لە شیعە، یەکێکە لەهۆکارە سەرەکییەکان بۆ درووستبوونی ئەم دۆخەی ئێستا لە لەکەرکوک، چونکە بەشێکى زۆر لە سوننەکان پێیانوابوو ناکۆکیی ناو ماڵى شیعە ناگاتە ئەو حاڵەتەى کە لەسەر کاندیدێک بۆ سەرۆک وەزیران رێکبکەون و حکومەتیان لەدەستدا بمێنێتەوە. ئەمە هەموو هۆکارەکە نییە، بەڵام یەکێکە لەهۆکارە جەوهەریی و سەرەکییەکان.

بەشى دووەمى هۆکاری ئەم درزە ئەمنیی و سەربازییە، پەیوەستە بە ناکۆکیی و لێکترازانى ناو ماڵى شیعە خۆیانەوە، چونکە ئەو لێکترازانە بەشێوەیەکە، کاریگەرىی لەسەر سوپا، حەشدى شەعبیی و تەنانەت حوسەینیەکانیش درووست کردووە، وەک دەزاندرێت، هەموو ناکۆکییەکى سیاسیى دەبێتە هۆى دروستبوونى کوتلە و جەماعەت و گرووپى جیاواز جیاواز لەناو یەک دامەزراوەدا، ئەمەش وا دەکات ئەم گرووپ و جەماعەتانە سەرقاڵى یەکترى بن و بۆشاییەک لەنێویاندا بەرامبەر دەرەوەیان دروست بکات.

ئەمە لەلایەک، لەلایەکی ترەوە، خۆپیشاندانەکانی بەغداد و باشووریش رۆڵى گەورەى هەبووە لەم لێکترازانەدا، هاوکات لێدانى حەشدى شەعبیی لەلایەن ئەمریکاوە و خستنە لیستى تێرۆرى بەشێک لەسەرکردەکانیان و لاوازبوونى دەزگاى هەواڵگریی تایبەت بە حەشد لەدواى ئەبومەهدیی موهەندیسەوە، بەشێکى ترن لەهۆکارەکان.

جگە لەوانەش کشانەوەى بەشێک لەهێزەکانى ئەمریکا لەسوریا و هەروەها کۆکردنەوەی هێزەکانى لە ئەنبار و هەولێریش هۆکارێکیترە، چونکە ناکرێت ئەمریکا هەموو هێزەکانى لە شوێنێک کۆبکاتەوە بەڵام بێ ئیش بن، ئەو بێ ئیشیی و بێ هەڕەشەیی و بێ مەترسییە لایەنە دۆستەکانى ئەمریکا لەعێراقدا بەرامبەر ئێران ئیحراج دەکات چونکە بەردەوام فشاریان لێدەکرێت ئەمریکا لە وڵاتەکە دەربکەن.

یەکێکیتر لەهۆکارە سەرەکییەکانی ئەم کێشە و مەترسییانەی سەر کەرکوک، شکستە یەک لەدواى یەکەکانى تورکیایە، چ لە سوریا، چ لە لیبیا و چ ئەو فشارانەى ئەوروپا بەهۆى بێدەنگیى ئەمریکا خستویەتیە سەر تورکیا بەهۆى گەڕانى بەدواى نەوتدا لە دەریاى سپیی ناوەڕاست، پێدەچێ تورکیاش بەهۆى ئەم چەکدارانەوە ئاماژەیەک بداتە ئەوروپا و ئەمریکا کە هەر کات بیەوێت دەتوانێت عێراق بەشێوەیەک بشێوێنێت کە ئەوان ناچاربن بە ملیارەها دۆلار و یۆرۆ لە عێراقدا خەرج بکەن.

خراپى دۆخى دارایى و بێکاریی لەناوچەکانى دەوروبەرى کەرکوک، باکورى دیالە یەکێکی ترە لە درووستبوونەوە ئەم گرووپ و هێزە توندڕەوانە، بەدوورى نازانم ئەم کێشەیە موسڵیش بگرێتەوە. بیریشمان نەچێت، دواجار، دەبێ شکستى یەکجارەکیی داعش و راگەیاندنى سەرکەوتنى کۆتایى بەسەر ئەو رێکخراوانەدا، ئێران رایبگەیەنێت نەک ئەمریکا. چونکە عێراق گۆڕەپانی ئێرانییەکانە تا ئەمریکیەکان، تائێستا ئێران لە عێراق بەهێزە و ژمارە یەکی هاوکێشەکانی ئێرانە.

چارەسەرەکە بەدیاریکراویی ئەمەیە، کوردی کەرکوک، پێویستە خۆیان لە وەهمی یەکێتیی و پاشان پارتیی قوتار بکەن، ئومێد لەسەر پارتیی و یەکێتیی هەڵنەچنن بە هاتنەوەیان بۆ شارەکە، وەکو پێشتر ئاماژەم بۆکرد، سێگۆشەی (بەغداد، واشنتۆن و تاران) و سێگۆشەی (داعش، قەطەر و تورکیا)، دوو سێگۆشەن لە بازنەی پارتیی و یەکێتیی زۆر گەورەترن، نە یەکێتیی و نە پارتیی ناتوانن، ئەگەر بشتوانن، نایانەوێ هیچ شتێکی باش لە رووی ئەمنیی، ئابووریی، سیاسیی و یاساییەوە بۆ کوردی کەرکوک بکەن.

چارەسەر قوتاربوونە لەو وەهمە بەتاڵەی کە پێیوایە ئەگەر یەکێتیی و پارتیی نەبن، کوردی کەرکوک تەنها دەکەوێت و کەس نابێتە فەریادرەس بۆی. بەپێچەوانەوە سزادانی یەکێتیی و پارتیی و پشتگیرییکردنی هێز و فیگەرە نوێیە کوردییەکان باشتریین بژاردەیە بۆ کەرکوک و کەرکوکییەکان.


PM:08:40:17/05/2020

ئه‌م بابه‌ته 2872 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی