پێشبینی ڕوداوە سیاسیەکان لە یارییە ئەلیکترۆنیەکاندا

‌رۆژان سەیفور

کاتێ قاسم سولایمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس بەهۆی گورزێکی کتوپڕی ئەمریکیەکانەوە دەکوژرێن، دواتر و لە زاری چەند ماڵپەڕێکی ئێرانییەوە، دەرکەوت ئەمریکا ئەو کردەیەی ناو ناوە (Blue lightning)، کە لە دنیای ئەلیکترۆنیدا، یارییەکە و لە ساڵی ١٩٨٩دا بۆ ئەتاری دروست کراوە، لەم یارییەدا هەوڵ و شەڕەکان بۆ کوشتنی ژەنەڕاڵێکە (ژەنڕاڵ دریکۆ) لە هێرشێکی هەواییدا. ئایا یارییە ئەلیکترۆنییەکان پەیوەندییەکی هەماهەنگی بۆکراوی پێشتریان بۆ ڕووداوە واقیعییەکان هەیە؟ یاخود یارییەکان پێشبینیکەری سیاسەت و ڕوداوەکانی داهاتوون؟

لەمڕۆدا ململانێی گوتار و شارستانیەتەکان گۆڕاوە. لە ڕابردودا بۆ لەناوبردنی دوژمنان هۆکارە سەربازییەکان بەکاردەهێنران یان بۆ هەڵوەشاندنەوەی پیلانەکان و تێکدانی پلانەکانی ڕکابەر و دوژمن سود لە هۆکارە تەکنەلۆژییە هەواڵگرییەکان وەردەگیرا، بەڵام لە ئێستادا سیاسەتی وڵاتان گۆڕاوە و وڵاتان بۆ دژایەتی کردنی ڕکابەرەکانیان سود لە سەرچاوەکانی هێزی نەرم وەردەگرن. ئەگەر لە ڕابردوو لە جەنگەکاندا خاکی وڵاتان داگیر دەکرا، ئێستا جەنگی نەرم هەڕەشەیە بۆ ئاسایشی کەلتوری وڵاتان و لەبری داگیرکردنی خاکەکەیان، بارودۆخی کۆمەڵایەتی ئەو دەوڵەتانە تێک دەدات. لەم میانەیەشدا میدیا نەک تەنها هۆکارێک بەڵکوو دەبێتە ئامرازی ململانێ و جەنگ یاخود شۆڕشێک کە بە پێی پێویستی و جۆری سەبجێکتەکە، ئامرازە جیاوازەکانی وەک تەلەفزیۆن، سایتەکان، تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان، فیلم و یاریە ئەلیکترۆنیەکان بەکاردەهێنێت، جیاوازی بەکارهێنانی ئەم هۆکارانەش دەکەوێتەوە سەر جۆری وەرگرەکان و شێوازەکانی کاریگەری دانان و رێژەی ئەو کاریگەرییانە لەسەر وەرگر.

لە نێو جۆرەکانی میدیاشدا، یارییە ئەلیکترۆنیەکان تەکنیکێکن کە کاریگەرییەکی زەینی زۆر لەسەر وەرگر دادەنێن، هەر بۆیە ئاساییە کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی یارییە ئەلیکترۆنیەکان سەرەڕای هەوڵدانیان بۆ زیادکردنی داهات و قازانج، ناوەڕۆکی یارییەکان گونجاو لەگەڵ خواست و سودی سیاسیی، ئابوریی و کەلتورییەکانیان دابڕێژنەوە.

لێرەوە ئامانجی یارییە ئەلیکترۆنیەکانیش تەنیا بۆ کاتبەسەر بردنی منداڵان نیە بەڵکوو جۆرێکی میدیایە بۆ دەربڕین و گەیاندنی پەیامی تایبەت. ئەڵبەت ناردنی ئەو پەیامەش بەشێوەیەکی راستەوخۆ و ئاشکرا نابێ بەڵکوو جیاواز لە ئامانجە سەرەتایی و روکەشیەکانی دەنێردرێت و لە دووتوێی ئەو بڕگە و کەشی یارییەکەدا جێیان دەکرێتەوە، لەبەر ئەوە بەکارهێنانی یارییە ئەلیکترۆنیەکان و ناڕونییان لە گەیاندنی ئامانجە سیاسی و کەلتورییەکان بە کارێکی فێڵبازی دادەنرێت. ڕوداوە ڕاستییەکانی ژیان دەکرێن بە یاری ئەلیکترۆنی و هەر ئەو یارییانەش وێنە راستییەکان بەلاڕێدا دەبەن. هەربۆیە جیاوازیکردن لە نێوان ئەو دووانە کارێکی قورسە.

ئەوەی جێی سەرنجە ئەوەیە کە لێکچوونێکی زۆر هەیە لە نێوان پێشبینیەکانی یارییە ئەلیکترۆنیەکان لەگەڵ روداوە راستینەکانی ڕۆژ، مانگ یان ساڵانی داهاتوو. لەوبارەیەوە کەناڵی بی بی سی لە گفتوگۆیەکیدا لەگەڵ بەڕێوەبەری کۆمپانیای 'کوما' (کۆمپانیایەکی بەرهەمهێنانی یارییە ئەلیکترۆنیەکانە و سەر بە دەزگای هەواڵگری ئەمریکا(CIA)ە) لەبارەی لێکچوون و پێشبینی ڕووداوەکان لە یارییەکاندا دەڵێ: ئێمە هەوڵ دەدەین وەک میدیایەک هاوکات لەگەڵ روداوەکان و هەواڵەکاندا بچینە پێشەوە، کاتێک وەرگر رۆژانە هەواڵی جیاواز لە تەلەفزیۆن و رۆژنامەکانەوە دەبینێت ئەوە هەلێکی بێوێنە و دەگمەنە بۆ ئێمە کە ئێمەش هەڵسوکەوتی وەرگر و سەرنجی بۆ یارییەک لەبارەی هەمان بابەتەوە رابکێشین. دەتوانین بڵێین لە زۆربەی یارییەکاندا بە تایبەت یارییە ئەکشنەکاندا هەوڵ دەدرێت بەرلە ڕوودانی ڕوداوێک، رای گشتی ئاڕاستە بکرێت و زەمینەی هەوڵ و هێرشە سەربازیەکان فەراهەم بکرێت. بۆ نموونە پێش هێرشی ئەمریکا بۆ عێراق و ئەفغانستان چەندین یاری لەو بارەیەوە و بە سیناریۆی هێرشی ئەمریکا بۆ ئەو وڵاتانە کەوتنە بازاڕەوە.

لە یاری (Insurgency)دا پێشبینی دەستبەسەراگرتنی (شەنگال) دەکرێ لەلایەن یاخیبووانەوە، ئەوە بوو دوای حەوت ساڵ لە بڵاوبوونەوەی یارییەکە شەنگال لەلایەن تیرۆرستانی داعشەوە دەستی بەسەردا گیرا.

لەم ساڵانەی دواییشدا یاری (battlefield 3,2011) مشتومڕێکی زۆری دروست کرد، گوایە قۆناغێکی یارییەکە لە شاری سلێمانیە و تیایدا پێشبینی ڕودانی جەنگ لەداهاتوودا و لەو شارەدا دەکات. لە یارییەکەدا بەڕوونی ناوی کوردستانی عێراق دێت و مارێنزە ئەمریکییەکان بەدوای کەسێکەوەن بەناوی 'Solomon' کە ئەندامی 'بەسیج'ی ئێرانە و هەواڵگریی بۆ ئەمریکا دەکات، لەگەڵ ئەوەشدا لە نیۆیۆرک پیلانی تەقینەوەیەکی داناوە. جێی سەرنجە لە نێو شاری سلێمانیدا تابلۆی سەر دوکانەکان بە زمانی فارسی نوسراون، کە دەتوانین بڵێن هێما و ئاماژەیە بۆ زاڵی هەژموونی ئێران لەم شارەدا و پێویستە مارێنز ڕووبەروویان ببێتەوە، خاڵی سەرنجڕاکێش لێرەدا ئەوەیە کە ئێستا ئەو کاریگەرییەی ئێران لە ناوچەکەدا دەبینرێت. تێبینییەکی دیکە ئەوەیە لە زۆربەی یارییەکاندا لێکچوون و نزیکایەتی لە ناوی کەسایەتیەکاندا هەیە بۆیە زۆرینە رایان وایە ئەو لێکچوونە لە نێوان ناوی سۆلۆمۆن و سولەیمانی (قاسم سولەیمانی)دا بێ، بەو شێوەیە کە مارێنزی ئەمریکی بەدوای قاسم سولەیمانیدا دەگەڕێن و خودی ئێرانیەکانیش بڕوایان وایە ئەم یارییە زەمینەسازی بێت بۆ هێرشی ئەمریکا بۆ ئێران، ئەو باسەی کە لە ئێستادا زۆرترین مشتومری لەسەرە. ئێرانیش بۆ وەڵامدانەوەی ئەم یارییە، یارییەکی بە ناوی (راشێل کوری ٢)وە بەرهەم هێناوە. لە کۆتاییدا سەرەڕای ئەوەی لە (battlefield 3)دا ئاماژە بۆ (قاسم سولەیمانی) دەکرێت، رەنگە ناونانی کردەوەکە بە (Blue lightning) بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە لەو یارییەدا ئامانج کوشتن و لەناوبردنی ژەنەڕاڵێکە و لەم کردەیەشدا بە پلەی یەک کوشتنی (ژەنەڕاڵ قاسم سولەیمانی) ئامانجی ئەمەریکا بوو. بۆیە دەکرێت بڵێین هەندێک لە یارییەکان ئاماژەن بۆ رووداوە سیاسیەکان، بەڵام نەک تەواو بەو شێوەیەی کە لە یارییەکەدا هاتووە، هەچەندە هەندێک لە یارییەکان پەیامێکی وەها گرنگیان هەڵنەگرتووە و تەنها سەرگەرمی مەبەستیانە.

سەرەڕای هەموو ئەمانەش پێویستە بە چاوی رەخنە و تێڕوانینی وردەوە لە هەر یارییەکی ئەلیکترۆنی بڕوانین چونکە زۆرینەی کۆمپانیاکانی بەرهەمهێنانی ئەو یارییانە ئەمریکین و ئەمریکاش سود لە هەر ئامرازێک وەردەگرێ وەک بیانووهێنانەوەیەک بۆ ئەو شەڕانەی لە جیهان و بە تایبەت لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا دەیکات، ئەو وردبوونەوەیەش بۆ هەموو وڵاتانیتری بەرهەمهێنانی یارییە ئەلیکترۆنیەکان دروستە.
#battlefield3 #قاسم_سولەیمانی #blue_lightning #games


PM:11:51:04/01/2020

ئه‌م بابه‌ته 8372 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی