(یەکێتیی) نوێ و کۆسپەکانی بەردەم نوێبوونەوە

‌نیاز سەعید عەلی

(یەکێتیی) لەدوای کۆنگرەی (٤)ەوە ؛ وەرچەرخاوە بۆ مۆدێلێکی تازەی پەیکەری ڕێکخراوەیی و بۆ قۆناغێکی جیاوازی پڕ لەئەرک و ناکۆکیی و ململانێ و بەرەنگاربوونەوە و بەخۆداچوونەوە و دەستپێشخەریی نوێ . 

(یەکێتیی)ی نوێ لەدوای کۆنگرەی (٤) ، چەندین پەیام و پرانسیپ و ئامانجی نوێی کردۆتە بەرنامەی کار و بە پراکتیکیی هەنگاوی بۆ ئەنێت ، ئەیەوێت (یەکێتیی)ەکی جیاوازتر ، لەڕووی کاری سیاسیی و میکانیزمەی کارکردن و ناوەندی بڕیار و داڕشتنی هەڵوێست و بەرێوەبردنی ناکۆکیی و ململانێ ، لەناو پرۆسەی سیاسیی هەرێمی کوردستان و عێراقدا پیشانبدات . 

مانیفیستۆی (یەکێتیی)ی نوێ
لەناو (یەکێتیی)دا ؛ بەهۆی سەرهەڵدان و کەڵەکەبوون و تەشەنەسەندنی چەندین کێشە و گرفت ، ڕۆژ لەدوای ڕۆژ لەهەناویدا ئاراستەیەکی ڕادیکاڵی یاخیی خۆڕسک لەدەرکەوتن و لەگەشەکردندا بوو ، ئەم ئاراستەیە لەبنەڕەتدا کاردانەوە و دەرەنجامی شێوازی کارکردن و بەڕێوەبردنی تاڕادەیەک خراپی (یەکێتیی) بوو ؛ لەقۆناغی دوای کۆنگرەی (٣) ، تاکو سازدانی کۆنگرەی (٤) .

لەهەگبەی ئەم ئاراستەیەدا ؛ پەیامەکانی نوێبوونەوە و بووژانەوە و دادپەروەریی و گێڕانەوەی هاوسەنگیی و گرتنەبەری سیاسەتی سەربەخۆی دوور لەهەژموون و کاریگەریی و پێگەی دەرەکیی ؛ بوونە دیفاکتۆ و پێویستییەکی قۆناغی تازە ، ئەوەبوو ئەم ئاراستەیە بووە هێزی زۆرینە و کاریگەر لەسەر ڕووداوەکانی کۆنگرە .

(یەکێتیی)ی نوێ ؛ پێویستە بۆ بەرجەستەکردنی پەیامەکانی ، هەنگاوی جدیی و کۆششی زۆر ، لەپێناوی دروستکردنی چەندین گۆڕانکاریی و ڕووداو و وەرچەرخان بنێت ، هەروەها هەڵسەنگاندن و فیدباک بۆ ڕابردووی خۆی بکات ، خەبات بکات بۆ ئەوەی خۆی بکاتەوە بە هێزە بزوێنەر و یەکلاکەرەوە و نەخشەداڕێژەکەی ڕابردوو ، کە لەسەر بنەمای پێویستییبوونی بابەتیی و مێژوویی ؛ چەندین جڵەو و جوومگەی گرنگ و بەهێزی بەدەستەوە بووە و هێزەکانی تر لەدوایەوە بوون ، یان خۆی پەلکێشی ئەکردن.

ئەگەر (یەکێتیی) پابەند بێت بە پەیامە نوێکان و پرۆگرامە تازەکەی و کاری جدییان لەپێناودا بکات ، ئەوا زەمینەی بووژانەوە و بەهێزبوونی جەماوەریی و گەشەکردنی ئاراستەی گۆرینی هاوسەنگیی هێز ؛ لەبرەودا ئەبێت ، هەروەها ئەگەر (یەکێتیی) پابەند بێت بە کارکردن بە پەیڕەوی ناوخۆی تازەوە و پشتگوێی نەخات و نەیکاتە قووربانیی ئیجتیهاد و کۆششی تاکە کەسەکان ؛ ئەوا لەلایەک لەڕووی ناوخۆیی و ڕێکخراوەییەوە ؛ تۆکمە و بە دیسپلین ئەبێت و ئەبووژێتەوە ؛ لەلایەکی تریش بە ناڕاستەخۆ ، کاریگەریی و ڕۆڵی ئەبێت ؛ لەزیاکردنی متمانەی جەماوەر بە (یەکێتیی) و پشتبەستن پێی و ئومێد هەڵچنین لەسەری.

مۆدێلێکی نوێی پەیکەری ڕێکخراوەیی
بەگوێرەی پەیڕەوی ناوخۆی تازەی دوای کۆنگرەی (٤) ؛ میکانیزمی کارکردن و ناوەندی بڕیار و دابەشکردنی ئەرک و دەسەڵاتەکان و شێوازی بەڕێوەبردنی ناکۆکیی و ململانێ و داڕشتنی سیاسەت و گەڵاڵەکردنی هەڵوێست ، لەناو (یەکێتیی)دا ؛ ئەبێت لەڕووی چۆنایەتییەوە زۆر جیاوازتر بێت ، لەقۆناغی پێش کۆنگرەی چوار .

لەناو پەیڕەوی ناوخۆی تازە ؛ پەیکەرێکی مۆدێرن و جیاواز هەیە ، بۆ دیارییکردنی ئۆرگانەکان و دابەشکردنی ئەرک و بەرپرسیارێتیی و دەسەڵاتەکان ، ئەویش بۆ چەندین ئۆرگان و پۆست ، کە زۆر جیاوازترە لەپەیکەری هەموو پارتە سیاسییەکانی تری کوردستان و عێراق و وڵاتانی تری ناوچەکە بەگشتیی ، تەنانەت زۆر جیاوازتر لەڕابردووی خودی (یەکێتیی).

ئەم پەیکەرە نوێیە جیاوازتر لەپەیکەرە کلاسیکیی و تەقلیدییەکان ، (یەکێتیی) ئەپارێزێت لەهەژموونی گرووپ و دەستەگەریی و تاکڕەویی و سەپاندنی ئەجێندای تاکەکان ؛ بەسەر ئەجێندای گشتیی (یەکێتیی)دا .  لەم پەیڕەوەدا دەسەڵات و ئەرکەکان ؛ لەسەر بنەمای پسپۆڕیی ئۆرگان داڕێژراوە ،لەم سۆنگەیەوە ئەتوانم بڵێم پەیڕەوی نوێ  ڕێگریی ئەکات لە بەپیرۆزکردنی سەرکردەکان و لێپرسراوان و پاوانکردنی دەسەڵاتەکان ، لەخوارەوە بە خاڵ ، ئاماژە بە چەند بڕگەیەکی گرنگی پەیڕەوی ناوخۆ ئەکەم ، کە بریتیین لەمیکانیزمە و ڕێبازی کارکردنی تازە و جیاواز لەڕابردوو :

١- بەگوێرەی بڕگەی (ئەلف) و (بێ) و (جیم)ی خاڵی (٧)ی مادەی (٢٥) ، کە تایبەتە بە ئەرک و دەسەڵاتەکانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ؛ ئەم ئەنجوومەنە ئەتوانێت بەشێوەیەکی ڕەها و بەبێ بێبەرییکردنی هیچ هەڤاڵێک ، هەموو ئەندام و هەڤاڵ و لێپرسراوێکی هەر ئۆرگانێکی ڕێکخراوەیی ناو (یەکێتیی) ، لەسەرەوە بۆ خوارەوە و هەر ئەندام و لێپرسراوێکی پەرلەمانیی و حکومەتیی لەبەرکەوتەی (یەکێتیی) ، لەسەر داوای (٣١) ئەندام لەکۆی گشتیی (١٢٤) ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ؛ بانگهێشتی ئەنجوومەن بکات بۆ ڕوونکردنەوە لەسەر پرسی گرنگ و لێپرسینەوە لێیان ، ئەگەر کەمتەرخەم بووبن و شایەنی سزادان بوون ؛ ئەوا بە دەنگی (٢/٣)ی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ، بەگوێرەی مادەی (١٢) سزا ئەدرێن ؛ کە دوایین جۆری سزا تیایدا ، بریتییە لەدەرکردن لەڕیزەکانی (یەکێتیی).

٢- بەگوێرەی خاڵی (٨) ، لەهەمان مادەی (٢٥) ؛ هەموو ڕێککەوتنە گرنگەکان و هاوپەیمانێتییەکانی پرۆسەکانی هەڵبژاردن ؛ ئەبێت پێش ڕەزامەندیی هاوسەرۆکەکان ، بە دەنگی (٢/٣)ی ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی پەسەند کرابێت .

٣- بەگوێرەی خاڵی (٩) ، لەهەمان مادەی (٢٥) ؛ پێویستە لیستی پاڵێوراوان بۆ هەڵبژاردنەکان و لیستی بەشداربووان بۆ وەرگرتنی پلە و پۆستەکانی حکومەت ، لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە پەسەند بکرێت .

٤- بەگوێرەی خاڵی (١٠) ، لەهەمان مادەی (٢٥) ؛ پەیڕەوی کاری هاوسەرۆکەکان و مەکتەبی سیاسیی و ...هتد ؛ ئەبێت لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتییەوە پەسەند بکرێت .

٥- بەگوێرەی خاڵی (١٢) و (١٦) ، لەهەمان مادەی (٢٥) ؛ ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئەتوانێت متمانە لەهاوسەرۆکەکان و سکرتێری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی وەربگرێتەوە ؛ ئەویش بە دەنگی (٢/٣)ی ئەندامان .

٦- بەگوێرەی خاڵی (١٥) ، لەهەمان مادەی (٢٥) ؛ (٥١) ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ئەتوانن ، داواکاریی سەندنەوەی متمانە لەهاوسەرۆک بخەنە بەرنامەی کاری ئەنجوومەنەوە .

٧- بەگوێرەی خاڵی (١٣) ، لەمادەی (٣٧) ؛ هاوسەرۆک ئەبێت پارێزەری سامان و موڵک و داهاتی (یەکێتیی) بێت و نابێت بۆ بەرژەوەندیی خۆیان و کەسوکاریان بەکاری بهێنن .

٨- بەگوێرەی خاڵی (١٠) ، لەمادەی (٤٠) ؛ ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی ناتوانن هیچ پلە و پۆستێکی تری ناو حکومەت و پەرلەمان وەربگرن و ئەبێت بە دیارییکراویی  خۆیان تەرخان بکەن ، بۆ بەرێوەبردنی کاروباری ناوخۆی (یەکێتیی) .

٩- بەگوێرەی مادەی (٦١) ؛ پێویستە لانی کەم ڕێژەی (٢٥٪)ی پلە و پۆست و ئۆرگانەکان ، بۆ ژنان تەرخان بکرێت .

١٠- بەگوێرەی مادەی (٦٣) ؛ پێویستە ئەندامانی ئەنجوومەنی باڵای سیاسیی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی و پەرلەمانتاران و کادیرانی (یەکێتیی) لەناو حکومەت ، لەبەڕێوەبەری گشتییەوە بۆ سەرەوە و پارێزگار و جێگری پارێزگار و ئەندامانی ئەنجوومەنی پارێزگا و سەرۆکی شارەوانییەکان لەسەر پشکی (یەکێتیی) ؛ فۆرمی تۆماری موڵک و سەرمایە و بەرژەوەندییە داراییەکانیان ، پڕ بکەنەوە و پێشکەشی (دەزگای دەستپاکی و چاودێریی دارایی)ی (یەکێتیی) بکەن .

پرشنگەکانی پێش خۆرهەڵاتن 
هەرچەندە بەهۆی سەرقاڵییەکانی داڕشتن و خوێندنەوە و پەسەندکردنی پەیڕەوی ناوخۆی تازە ؛ لەلایەن ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی و بەهۆی  هەڵبژاردنەکانی هاوسەرۆک و دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی و لێپرسراوی مەکتەب و مەڵبەند و بۆردەکان، لەلایەکی تر بەهۆی بڵاوبوونەوەی پەتای کۆرۆنا ؛ دەرفەتێکی گوونجاو و پێویستی لەبار  نەڕەخساوە ، بۆ (یەکێتیی)ی نوێ ، تاکو بە پراکتیکیی بکەوێتە سەر باری سەقامگیریی و سروشتیی خۆی ؛ بۆ خستنەڕووی هەنگاو و سیاسەتە تازەکانی ، بۆ  ڕیفۆرم و گۆڕانکاریی  و پیاچوونەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ؛ ئەتوانم بڵێم لەدوای کۆنگرەی (٤)ەوە ؛ پرشنگەکانی سیاسەتی تازەی (یەکێتی)، بەتایبەتیی لەناو پرۆسەی سیاسیی و فەرمانڕەواییدا ؛ بەشێنەیی  ڕوویان لەئاسۆ کردووە و بەشێکی بەرچاوی جەماوەر ، چاوی هیوایان لەسەر هەڵاتنەوەی خۆری هەمیشە گەشاوە و درەوشاوەی (یەکێتیی)ە ، بێجگە لەوانەی کە دژی پرشنگەکانن و کار بۆ گەڕانەوە ، بۆ ناو تونێڵە تاریکەکە ئەکەن و ئەیانەوێت (یەکێتیی) پەراوێز بخەنەوە .

لەدەسپێکی کاری (یەکێتیی)ی نوێدا ؛ لەم ڕەهەندانەوە درک و پێشبینیی ، بە جیاوازییەکان لەسیاسەت و ڕێبازی کارکردندا ئەکرێت: 

١- خۆ بەدوورگرتنی ئۆرگانە باڵاکان لەکارکردن بە سیاسەت و جموجۆڵە نمایشکاریی و کەرنەڤاڵیی و بۆنە بەزۆر دروستکراوەکانی دەرەوەی کاری سیاسیی و ڕێکخراوەیی و سەرقاڵنەکردنی (یەکێتیی) پێیانەوە و بەهەدەرنەدانی پارەی زۆر لەو پێناوەدا.

٢- هەنگاونان بۆ دەرخستنی دید و جیهانبینیی و تێڕوانینی جیاوازی تازەی (یەکێتیی) ، بەتایبەتیی بۆ بەڕێوەبردنی جوومگەکانی ناو پرۆسەی فەرەمانڕەوایی و دەسەڵاتی کارگێڕیی ، هەروەها دارشتنی سیاسەتی جیاواز و هەڵوێست و هەنگاوی سەربەخۆ و جیاواز لەقۆناغی ڕابردوو ؛ دوور لەڕەچاوکردنی سیاسەت و قازانج و بەرژەوەندیی لایەنی دەرەکیی ، هەروەها دوور لەسازشکردن و دیزەبەدەرخوونەکردن.

٣-  خۆبەدوورگرتن لەکارکردن بە ئیجتیهادی تاکە کەس و تاکرەویی و بەپیرۆزکردنی سەرکردەکان ، لەلایەن میدیای فەرمیی (یەکێتیی)ەوە. 

٤-  خوێندنەوە بۆ ناخ و سایکۆلۆژیای کۆمەڵگە و لەبەرچاوگرتنی خەم و ویست و خواستەکانیان و پشتگیرییکردن لێیان .

٥- گرتنەبەری سیاسەتی میدیایی دەربڕینی کەمترین لێدوان و ڕێگرتن لەدروستکردنی ڕۆشنایی میدیایی ناسروشتیی ؛ لەسەر کێشە و پرس و دیاردە و ڕووداوەکان ، بە مەیل و ئارەزوو و بەرژەوەندیی تاکی باڵادەست ، لەبەرامبەردا پەیڕەوییکردنی ڕێبازێکی پەرەگماتیکیی و پراکتیکیی ڕوون و هێمن و نەرم ، دوور لەهاشوهووش و پەرچەکردار ، دوور  لەخۆ سەرقاڵککردن بە بابەتی لاوەکیی و ناسەرەکیی .

کۆسپەکانی بەردەمی نوێبوونەوە 
پرۆسەی نوێبوونەوە بۆ (یەکێتیی) ؛ لەناوەرۆکدا چەندین پەیام و پرانسیپ لەخۆ ئەگرێت ؛ ئەم پرۆسەیە ئەرکێکی دژوارە و فەرشی سووری لەبەردەمدا ڕانەخراوە و هەمووان بە گووڵ پێشوازیی لێ ناکەن ، بەڵکو چ لەناوخۆی (یەکێتیی) ، چ لە دەرەوەی  (یەکێتیی) ، نەیار و ناکۆک و دژ و بەرەنگاری بۆ دروست ئەبێت .

پێویستە هەموو یەکێتییەکان بەگشتیی و هاوسەرۆک و ئەندامانی مەکتەبی سیاسیی و ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی ؛ کە ئۆرگانی پەیوەندییدارن بە بەڕێوەبردنی (یەکێتیی) ؛ بۆ ڕێکخستنەوەی (یەکێتیی)ەکی پتەو و بە دیسپلین ، کە مەرج و پێویستیی یەکەمی کارکردن و تێکۆشانە بۆ نوێبوونەوە ، ئەم خاڵانەی خوارەوە بە هەند وەربگرن و کاری لەسەر بکەن :

١- (یەکێتیی)ی نوێ پابەند بێت بە جێبەجێکردنی دەقاودەقی پەیرەوی ناوخۆ ، بەتایبەتیی ئۆرگانە باڵاکان پەیرەوی ناوخۆ نەخەنە لاوە و کار بە ئیجتیهادی تایبەتیی خۆیان نەکەن و سازشیشی لەسەر نەکەن .

٢- (یەکێتیی)ی نوێ ببێتە هێزی کۆکەرەوە و ڕێکخەرەوەی هەمووان ، لەسەر بنەمای ئەزموون و شارەزایی و پسپۆڕیی و کارامەیی و شایستەیی و دڵسۆزیی ؛ هەمووان ساز بدات و بیانخاتەوەگەڕ ، هەروەها کار بە ڕێبازی پاکتاوکردن و پەراوێزخستن و نادیدەکردنی ئەوانی تر نەکرێت ، لەبەرامبەردا سیاسەتی چەپکە گووڵەکەی جەنابی مامی نەمر پەیڕەو بکرێت .

٣- ڕێگریی بکرێت لەکەڵەکەبوونی کێشە و گرفتە ناوخۆییەکان و کێشە بە کێشە نەسپێردرێت .

٤-  هەڵسەنگاندن و فیدباکی بەردەوام ؛ بۆ سیاسەت و هەنگاو و کار و ئۆرگان و چالاکییەکانی خۆی بکات .

٥-  بیروباوەر و پرۆسەی هوشیارکردنەوە و پەروەردەکردنی کادیر ببووژێنرێتەوە ؛ لەمڕووەوە هەنگاوی جدیی و پلانی ورد و پرۆگرامی پەروەردەی ڕێکخراوەیی ؛ بە سوود وەرگرتن لەئەزموونەکانی ڕابردووی پەیمانگای کادیران و خستنەوەگەڕی، ئەویش بە پێشکەشکردنی وانەی ئەکادیمیی و زانستیی پێویست و گرنگ ، بەتیۆریی و بە پراکتیکیی، نەک بە پێشکەشکردنی چەند سیمینارێکی دیارییکراو ، بە بەشداربووان و لەبەرامبەردا پێدانی بروانامەی تەواوکردنی خولی ئەکادیمیی بوونە کادیر پێیان ، کە ئەمە دەرهاویشتەی خراپ دروست ئەکات .

٦- (یەکێتیی) نوێ ڕێگریی بکات ؛ لەدروستبوونی دەسەڵاتی سەرتاپاگیر و خۆ بەڕەهاکراو لەناو ئۆرگان و مەکتەب و بۆرد و دامودەزگاکانیدا؛ چونکە تاکرەویی و خۆسەپاندن و قۆستنەوەی  توانا مەتریالییەکان و بەکارهێنانی ئامراز و گووشار و فشارە جۆراوجۆرەکان لەسەر هێزی مرۆیی ناو ئۆرگانەکان ؛ بۆ حەز و مەرام و ئەجێندا تایبەتییەکان ، (یەکێتیی) بەرەو داخووران و داکشان و پەرت پەرتبوون و پاشەکشە ئەبات . 

٧- (یەکێتیی) نوێ ئەبێت بەرەنگاری دیاردەی دەستەگەریی و هەژموونی گرووپ ببێتەوە و سازشی لەسەر نەکات .


PM:09:28:01/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 1904 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی