یەکێتیی‌، وەک قوربانیەک

‌ عارف قوربانی‌

هەرچەندە ماوەی‌ چەند ساڵێکە ئێمە رەخنە لەسیاسەتی‌ کوردی‌ دەگرین بەرانبەر بە کەرکوک و پێمان وابووە بە مەبەست رێوشوێنێک لەکاروباری‌ ئیداری‌ و جۆری‌ مامەڵەکردن و لەدەستدانی‌ دەرفەت لەو شارە پەیڕەو دەکرێت، ئامانجەکەی‌ بۆ رەخساندنی‌ کەشێک و دروستبوونی‌ حاڵەتێک بووە کە کورد وەک دیفاکتۆ ناچاری‌ قبوڵکردنی‌ ئەنجامەکەی‌ بێت کە کارکردنە بۆ بەهەرێمکردنی‌ کەرکوک. 

بەڵام نەک بەگوێیان نەکردووین، بەڵکوو تۆمەتباریش دەکراین. سەرئەنجام ئەوە قسەی‌ ئێمە دەرچوو، ئێستا ئاراستەیەک لە ناو کورد و لە کەرکوکەوە بانگەشەی‌ بە هەرێمکردنی‌ کەرکوک دەکەن. 

جارێ پێش هەر شت پێویستە ئەوە بزانرێت کە داوای‌ بەهەرێمکردنی‌ کەرکوک داوایەکی‌ نا دەستورییە، وە ئەم رێگەیە لە ساڵی‌ 2007 لەلایەن تورکمانەکانەوە تاقی‌ کرایەوە، کاتێک پرۆژەیەکیان پێشکەش بە دادگای‌ دەستوریی‌ و ئەنجومەنی‌ وەزیرانی‌ عیراق کرد کەرکوک بکرێت بە هەرێمێکی‌ سەربەخۆ. بەوە وەڵام درانەوە بەهۆی‌ مادەی‌ 140ی‌ دەستور کە رێکاری‌ چارنوسی‌ کەرکوکی‌ دیاریکردووە، کەرکوک ناتوانێت هیچ بژاردەیەکی‌ تر بگرێتەبەر.

واتا لەلایەک بەهۆی‌ شەرعیەتی‌ دەستوریی‌ و لەلایەکیش بەهۆی‌ ئەو ناڕەزایەتیە بەرفراوانەی‌ لەم چەند رۆژەدا دروست بووە، پرۆژەی‌ بەهەرێمکردنی‌ کەرکوک شکست دەخوات. بەتایبەتیش کە مەکتەبی‌ سیاسی‌ ی.ن.ک دژایەتی‌ بۆ ئەم پرۆژەیە راگەیاند، ئەویش نەک لەبەر ئەوەی‌ پێمان وابێت چارەسەری‌ کەرکوک و دووابڕیاری‌ هەر بژاردەیەک بۆ کەرکوک لای‌ یەکێتییە، نەخێر بەڵکوو لەبەر ئەوەی‌ پارێزگاری‌ کەرکوک وەک خاوەنی‌ ئەم تێزە، ئەندامی‌ مەکتەبی‌ سیاسی‌ یەکێتییە. بەوەش لەمپەرەکانی‌ بەردەمی‌ سەختتر دەبن، چونکە وەک چۆن داواکەی‌ لە رووی‌ دەستورییەوە نامەشروع و نا دەستورییە. لەڕوویی‌ حیزبیشەوە پێچەوانەی‌ ئامانجەکانی‌ حیزبەکەیەتی‌.

چونکە ئەو کۆنگرەیەی‌ بەڕێز نەجمەدین کەریم تیایدا بووەتە مەکتەبی‌ سیاسی‌، هەمان کۆنگرە بڕیاری‌ لەسەر ئامانجەکانی‌ یەکێتیی‌ داوە کە هیچ رێگەیەکی‌ تر جگە لە گەڕانەوەی‌ کەرکوک بۆ سەر هەرێمی‌ کوردستان قبوڵ ناکات. راپۆرتی‌ سیاسی‌ مام جەلال سکرتێری‌ گشتی‌ لەو کۆنگرەیە دەنگی‌ لەسەر دراوە و نەخشەڕێگەی‌ خەباتی‌ یەکێتیی‌ دیاریکردووە کە خەبات دەکات بۆ گەڕانەوەی‌ کەرکوک بۆ سەر کوردستان. بۆیە پارێزگاری‌ کەرکوک وەک ئەندامێکی‌ مەکتەبی‌ سیاسی پێش هەرشت پێچەوانەی‌ بەرنامەی‌ یەکێتیەکەی‌ خۆی‌ بووەتەوە کاتێک داوای‌ بە هەرێمکردنی‌ کەرکوک دەکات.

وەپێش ئەوەی‌ زیان بە پرۆژەی‌ کوردی‌ بگات، سەرەتا لێدانە لە یەکێتیی‌، چونکە خەڵکانێک ئەوە بە پێشنیازی‌ یەکێتیی‌ دەزانن و پێیان وایە ئەوە یەکێتییە نایەوێ کەرکوک بگەڕێتەوە سەر هەرێم و دەیەوێ‌ کەرکوک بۆ خۆی‌ دابڕێت. لەکاتێکدا ی.ن.ک لەدامەزراندنییەوە قوربانی‌ بۆ کەرکوک دەدات و پارێزەری‌ راستەقینەی‌ بووە. هەرچەندە لەڕووی‌ واقیعیەوە نەگەڕانەوەی‌ کەرکوک بۆ سەر هەرێم لێدانە لە پێگەی‌ یەکێتیی‌. وە بەگەڕانەوەی‌ کەرکوک بۆ سەر هەرێمی‌ کوردستان بە ئەندازەی‌ دەستکەوتە نەتەوەییەکانی‌ بۆ گەلی‌ کورد، یەکێتیی‌ نیشتمانی‌ قازانج دەکات و پارسەنگی‌ هێزو و هاوکێشەی‌ سیاسی‌ کوردستان بە قازانجی‌ یەکێتیی‌ دەگۆڕێت.

پێشتر بۆچوونێکی‌ باو هەبوو کە پارتی‌ دیموکراتی‌ کوردستان حەز بەوە ناکات کەرکوک بگەڕێتەوە سەر هەرێم و گەڕانەوەی‌ کەرکوک پارسەنگی‌ هێز بە زیانی‌ پارتی‌ دەگۆڕێت، بەڵام گوتاری‌ میدیایی‌ پارتی‌ و راگەیاندنی‌ پرۆژەی‌ سەربەخۆیی‌ بۆ کوردستان لەلایەن میدیاکانی‌ پارتیەوە، بە ئەندازەیەک رەنگدانەوەی‌ هەبوو کەتێگەیشتنێکی‌ گشتی‌ دروستبێت بەوەی‌ ئەوە پارتیە داوای‌ کەرکوک دەکاتەوە نەک هێزەکانی‌ تر، تەنانەت ئەگەر لەناو لایەنە سیاسیەکانی‌ تریشەوە کەسانێک داکۆکیان لە کوردستانیەتی‌ کەرکوک بکردایا، دەووترا ئەوە بووە بە پارتی‌. بەتایبەتیش بەهۆی‌ ئەوەی‌ ئەم تەرحە لەلایەن کارەکتەرێکی‌ یەکێتییەوەیە بۆیە ئەو شانسەی‌ دا بە پارتی‌ کە گومانەکان لەسەری‌ نەمێنن.

هەرچەندە دیدێکیش هەیە بەوەی‌ لە بنەڕەتەوە ئەمە سیناریۆ و پرۆژەی‌ پارتی‌ بێت، بەڵام لەڕێگەی‌ هاندان و پشتیوانیکردنی‌ خەڵکانی‌ ترەوە بیخاتەڕوو، تا ئۆباڵەکەی‌ بخاتە ئەستۆی‌ نەیارەکانی‌ و دەستکەوتەکانیش خۆی‌ بچنێتەوە. 

ئەمەش لەو روانگەیەوە کە لە هەموو دونیادا شەڕی‌ ناوخۆ لایەک براوەو لایەک دۆڕاو بووە، بەڵام لە کوردستان لە 64 تا 96 هەمیشە بەرانبەر بوون، پارتی‌ بە 31 ئاب ئەو شەڕەی‌ حەسمکرد و تا ئێستا پارسەنگی‌ هێز بە قازانجی‌ پارتیە. تاکە هۆکارێک ئەم هاوکێشەیە لەپارتی‌ تێک بدات گەڕانەوەی‌ کەرکوکە بۆ سەر هەرێم، بۆیە پارتی‌ نایەوێ کەرکوک بگەڕێتەوە، بەڵام دەیەوێ‌ خەڵکی‌ تر ئەو بەرپرسیارێتیە هەڵگرن.

بە تایبەتیش کە پارتی‌ رایگەیاندووە پرۆژەی‌ دەوڵەتی‌ هەیە و زوو زوو تەئکید دەکاتەوە وادەکەی‌ نزیکە، کارەکتەرە سیاسیی‌ و میدیاییەکانیشیان ماوەیەکە ئەوە دەخەنەڕوو گرنگ نیە ئەو دەوڵەتە کوێ‌ دەگرێتەوە، ئەگەر تەنها شارێکیش بێت پێویستە دروست بکرێت. راگەیاندنی‌ دەوڵەتی‌ کوردیش بە کەرکوکەوە لە دۆخێکی‌ وەک ئێستادا جۆرێکە لە مەحاڵ، بەبێ‌ کەرکوکیش هیچ کەس نەیاری‌ دروستکردنی‌ دەوڵەتی‌ کوردی‌ نیە. 

بۆیە تێڕوانینی‌ ئەوە دروست بووە کە رەنگە پارتی‌ لەپشتی‌ ئەو پرۆژەیە بێت بۆ کەرکوک، لەلایەک ئۆباڵەکەی‌ دەخاتە ئەستۆی‌ نەیارەکانی‌ و بەرپرسیارێتی‌ نەگەڕانەوەی‌ کەرکوک دەخاتە ئەستۆی‌ یەکێتیی‌. پاش ئەوەش وەک کاردانەوەیەک دەوڵەتی‌ کوردی‌ دروست دەکات و بۆ هەتا هەتایە پارتی‌ دەبێتە رەمزی‌ نەتەوەیی‌ و سەروەریی‌ دامەزراندنی‌ دەوڵەتی‌ پێدەبڕێت و یەکێتیی‌ و هێزەکانی‌ تریش باجی‌ لەدەسچوونی‌ کەرکوک دەدەنەوە. 

بەتایبەتیش کە بەڕێز پارێزگاری‌ کەرکوک ئەوە ناشارێتەوە پارتی‌ لەسەر ئاستی‌ زۆر باڵا پشتیوانی‌ دەکەن، بۆیە دوور نیە ئەو سیناریۆیە راست بێت کە خاوەنی‌ راستەقینەی‌ پرۆژەی‌ جیاکردنەوەی‌ کەرکوک لە کوردستان پارتی‌ بێت. 

وە تا ئێستاش هیچ هەڵوێستێکی‌ روون و ئاشکرایان دەرنەبڕووە. ئەگەر راست بێت و وەک پارێزگاری‌ کەرکوک ئاماژەی‌ بۆ دەکات بارزانیەکان، سەرۆکی‌ هەرێم و سەرۆکی‌ حکومەت پشتیوانیان بۆ دەربڕیبێت، ئەی‌ چۆن وەڵامی‌ مێژوو دەدەنەوە کە ئەوان نەوەی‌ مەلا مستەفان و تا ئێستا مێژوو ئەو قسەیەی‌ مەلا مستەفای‌ بەرز راگرتووە کە وتوویەتی‌ (خوا شایەتە من ڕقم لە شەڕ دەبێتەوە، چونکە شەڕ نالەبارترین شێوازی‌ چارەسەرکردنی هەر کێشەیەکە، بەڵام بەعس ڕێگەیەکی‌ تری‌ بۆ نەهێشتینەوە. پێشنیازەکەشیان لەوە بەولاوە کە وازیان بۆ لە کەرکوک و ناوچەکانی‌ تر بهێنین، هیچ واتایەکی‌ تری‌ نییە، ئەمەشیان بەلای‌ ئێمەوە مەحاڵە. ئەگەر لە نێوچەوانمان نووسرابێ‌ هەموو لەم پێناوەدا لەناو بچین، دەبێ‌‌ بەرەو پیری‌ ئەم چارەنووسە بڕۆین، چونکە من نامەوێ‌‌ سبەی‌ کە مردم خەڵکی‌ بە تەنیشتی‌ گۆڕکەمدا تێپەڕن و تف لە گۆڕەکەم بکەن، بڵێن بۆچی‌ کەرکوکت فرۆشت).


PM:12:52:13/06/2016

ئه‌م بابه‌ته 4933 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی