پارتی چی پاساوێكی هەیە؟

‌ عارف قوربانی‌


لە دوای رێككەوتنە سیاسیەكەی نێوان یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان، ئەوەی چاوەڕوان نەدەكرا، ئەو هەڵوێستەی  پارتی دیموكراتی كوردستان بوو، بەرانبەر بە رێككەوتنەكە، وەك لە راگەیاندراوی دوای كۆبونەوەی مەكتەبی سیاسیان و لە گوتاری میدیاكانیانەوە هەستی پێدەكرێت.

پارتی ئێجگار ناڕەحەت و نیگەرانە بەو رێككەوتنەی نێوان یەكێتیی و گۆڕان، لە كاتێكدا ئەم دوو هێزە پێش زیاتر لە ساڵێك لەسەر ئاستی (زۆنی سەوز) رێككەوتنێكی تر لەنێوانیاندا ئیمزا كراوە بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە، وە هەردوو ئیدارەی گەرمیان و راپەڕین. 

لە رووداوەكانی پار ساڵیشدا لە پەرلەمان، لە پێشكەشكردنی پرۆژە یاسای هەمواری یاسای سەرۆكایەتی هەرێم و لە كۆبونەوەكانی 23ی حوزەیران و لە 19ی ئاب، هەردوولا یەك هەڵوێست بوون و وەك یەك فراكسیۆن مامەڵەیان كردووە. واتا نزیك بوونەوەی یەكێتیی و گۆڕان و هاو هەڵوێستیان بەرانبەر پارتی، شتێكی تازە نیە، ئیتر بۆچی پارتی بەو ئەندازەیە لە رێكەوتنی 17/5 نیگەرانە؟ 

لەكاتێكدا لە چوار پێنج ساڵی رابردوو، بەتایبەتیش دوای بەشداریكردنی بزوتنەوەی گۆڕان لە كابینەی هەشتەمی حكومەتی هەرێمی كوردستان، پارتی زۆرترین موعاناتی هەبووە لەوەی چۆن لەیەك ئاست و بە جیاجیا مامەڵە لەگەڵ یەكێتیی نیشتمانی كوردستان و بزوتنەوەی گۆڕان بكات. هەر جۆرە نزیكبوونەوەیەكی لەگەڵ یەك لەوو دوو هێزە لەسەر حسابی نیگەرانی لایەكەی تر بووە. 

كەواتا پێش هەر كەس و لایەنێكی تر، ئەم رێككەوتنە ئەو قازانجەی بۆ پارتی هەبوو كە بۆ لەمەولا ئاسانتر دەیتوانی مامەڵەیەكی دروست لەگەڵ (زۆنی سەوز) بكات. بەتایبەت ئەگەر وەك دەووترێت ئەم دوو هێزە ناوەندێكی بڕیاری هاوبەش لەنێوان خۆیان دروست دەكەن، كە ئەمەش چەند قازانجی بۆ یەكێتیی و گۆڕان هەیە، ئەوەندەش پارتی لێی سودمەندە، كە لە دوای نەخۆشكەوتنی تاڵەبانیەوە، ئەم ناوچەیە ناوەندی بڕیاری نەمابوو

بزوتنەوەی گۆڕان هەرچەندە لە هەڵبژاردنەكاندا براوەی یەكەم بوو، بەڵام نەیدەتوانی لەبری زۆنی سەوز بڕیار بدات. یەكێتیی نیشتمانیش بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانییەوە، نەك نەیدەتوانی وەك پێشتر نوێنەرایەتی بڕیاری ئەم زۆنە بكات، بەڵكوو نەیدەتوانی بڕیارێكی یەكگرتووی خۆیشی هەبێت. وە بەهۆی ناكۆكی نێوان یەكێتیی و گۆڕانیشەوە، پێكەوەش نەیاندەتوانی هیچ بڕیارێكی هاوبەش بدەن. بۆیە لەلایەك سلێمانیان توشی پاشەكشێ‌ كرد و لەلایەكی تریشەوە ناوەندی بڕیاریان لەدەستدا. 

وە هەر ئەو حاڵەتەش بوو خەریك بوو دابڕانی سیاسی لە نێوان هەولێر و سلێمانی دروست بكات و ئێستاش دڵنیایی تەواومان نیە لەوەی لەو ئەگەر و پێشهاتانەی دێنە رێمان، ئەم دوو ناوەندە سیاسیە (سلێمانی و هەولێر) پێكەوە دەبن، یاخود لێكترازان لە نێوانیان روودەدات؟ 

ئەمە لە كاتێكدایە زۆرترین ناوەندەكانی توێژینەوە لەسەر ئاستی جیهان، چاودێران و سیاسی و بڕیاربەدەستانی وڵاتە زلهێزەكان، باس لە ئەگەری گۆڕانكاری لە نەخشەی جوگرافیای ناوچەكە دەكەن، زۆرێك باوەڕیان وایە كورد یەكێك دەبێت لەو میللەتانەی پێویستە ببێتە خاوەن قەوارەیەكی دانپیانراوی نێوودەوڵەتی و دەوڵەتی خۆیان هەبێت. 

لەسەر ئاستی ناوخۆش بارزانی چەندین جارە تەئكید لەسەر پێویستی ئەنجامدانی ریفراندۆم دەكاتەوە، ئیدارەی كەركوك و خەڵكی ناوچە كوردستانیەكانی دەرەوەی هەرێمیش دەخوازن دڵنیاییان بدرێتێ‌ كە ریفراندۆم هەموو كوردستان دەگرێتەوەو ئەو ناوچانەش بە دەرفەتی دەزانن لەگەڵ ئەنجامدانی ریفراندۆمدا ئەو حاڵەتی ئەمری واقیعەی بە خوێنی پێشمەرگە دروست بووە، بچێتە قۆناغێكی ترەوە. 

بۆیە جێی خۆیەتی بپرسین ئەم هەڵوەستەكردنەی پارتی دەربارەی رێككەوتنی سیاسی نێوان یەكێتیی و گۆڕان لەپای چیە؟ یاخود پارتی پاساوی چیە بۆ نیگەرانیەكانی؟ تەنها بەهۆی ناكۆكیەكانی نێوان پارتی و گۆڕانەوەیە، یان ترسی لە سەرلەنوێ‌ سەنگەربەندیی و دوو جەمسەری هەیە لە هەرێم.؟ ئێستا ئەگەر خراپترین بژاردە بۆ پارتی ئەوەبێت كە یەكێتیی و گۆڕان نەك تەنها لە رووی سیاسی و لە فراكسیۆنەكانی پەرلەمان یەك هەڵوێست بن، بگرە ئەگەر ببنەوە بە یەك حیزبیش، پارتی بۆ دەبێت بەو جۆرە نیگەران بێت.؟

كە ئێمە پێشتر قۆناغی سەخت ترمان بڕیووە، لەبەر بوونی دوو ناوەندی بەهێزی بڕیار، توانرا بە رێككەوتنی نێوان مام جەلال و كاك مەسعود كۆتایی بەشەڕی ناوخۆ بهێندرێت. باشە ئەگەر یەكێتیی و گۆڕان ببن بەیەك هێزی سیاسی و نوێنەرایەتی زۆنی سەوز بكەن، بۆچی پارتی ناتوانێ‌ لەگەڵیان هەڵبكات، لە كاتێكدا چەندین رێككەوتنی تری ئەمنی و ئابوری و سەربازی و سیاسی تر لە نێوان هەردولادا هەیە. 

 وە پێویستی قۆناغی ئایندە ئەوەمان لێدەخوازێت ناوماڵی خۆمان رێك بخەین، كورد ئەگەر بە نیازی دەوڵەت بێت، پێویستی بەوەیە پێش هەرشت ناكۆكیە ناوخۆییەكانی چارەبكات.

بۆیە جێی خۆیەتی بڵێین هەڵوەستەی پارتی لەو رێككەوتنە، هەڵوەستەیەكی بێ‌ بنەماو نا لۆژیكیە. یاخود ترسی پارتی لە نزیكبوونەوەی ئەم دوو هێزە، تەنها وەهمێكە پارتی بۆخی دروستی كردووە. پێویستە سەركردایەتی پارتی ئەو تەلەسمی ترسە بشكێنێت و بەشێوەیەكی واقیعی مامەڵە لەگەڵ ئەو لێكەوتە تازانەی دوای رێكەوتنی یەكێتیی و گۆڕان بكات، وە خوازیاری ئەوەبێت ببنەوە بەیەك حیزب، كە بەوەش سەریەشە و كێشەكانی پارتی كەمتر دەبنەوە و ئاسانتر دەتوانن پێكەوە بەرپرسیارێتی تێپەڕاندنی قۆناغی داهاتوو هەڵگرن.

دەبوو پارتی لە بری ئەو نیگەرانیە خۆشحاڵی نامەو پیرۆزبایی بناردایا، كە لە دوای قووڵبوونەوەی كێشەو ناكۆكیەكانیان لەگەڵ بزووتنەوەی گۆڕان، ئەم رێككەوتنە سیاسیەو دۆستایەتی نێوان یەكێتیی و پارتی بكردایا بە دەرفەت بەهۆی نزیكی یەكێتییەوە لە پارتی، ناكۆكیەكانی لەگەڵ گۆڕانیش چارە بكردایا، نەك وەك ئێستا كە خەڵك ترسی تێكچوونی نێوان یەكێتیی و پارتیشیان بۆ دروست بووە.

ئەم دۆخە پێویستی بە بڕیاری ئازایانە هەیە، بارزانی كە سەركردایەتی ئەو ئاراستەیە دەكات كوردستان سەربەخۆ بێت و خەونی دەوڵەتی كوردی ببێتە واقیع، پێویستە زۆر گەورەتر لەم كێشانە مامەڵە بكات و خۆی تەرخان بكات بۆ كردنەوەی گرێكوێرەكانی نێوان هێزە سیاسیەكان، تا بەرەكەی فراوانتر بكات بۆ بەدیهێنانی ئەو ئامانجەی رابەرایەتی دەكات.


PM:04:07:27/05/2016

ئه‌م بابه‌ته 4416 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی