فەردە دۆلارەکانی مەلا بەختیار کەوتنە کوێوە؟

‌ عارف قوربانی‌

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە هەوڵەکانی بۆ رووبەڕووبوونەوە و تێپەڕاندنی قەیرانی دارایی خەریکە دەگاتە بنبەست و تەنانەت دەرەقەتی پێدانی مووچەی مووچەخۆرەکانی نایەت. هەموو ئەو هەوڵانەشی کە دەیویست لە رێگەی بەغداوە بەشێک لە داهاتی پێ دەستەبەر بکات، بێئاکام دەبن. چونکە ستراتیژی بەغدا ئەوە نییە پشتیوانی لە کوردستانێکی بەهێز بکات، بەپێچەوانەوە ئەو بەدوای ئەو رێگایانەوەیە کە زیاتر چۆک بە کوردستان دابدات. ئەگەر بەو شێوەیەش لە داهاتووی کوردستان نەڕوانێت، لە ئێستادا قەیرانی دارایی بەرۆکی خۆیشی گرتووە، ئەوەی مانگانە دەستیدەکەوێت نیوەی ئەوە نییە کە بۆ خەرجییەکانی پێویستییەتی، بۆیە هیچ لۆژیکێک ئەوە ناسەلمێنێت کە بەغدا لە دۆخێکی دارایی وەک ئێستایدا بچێتە ژێر باری پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
 
ئەگەرچی ئەو سازشانەی ئێستا هەرێم کردوونی زۆر لەوە زیاترن کە پێش کۆرۆنا بەغدا داوایدەکرد، بەڵام بۆ بەغداش ئێستا هەلومەرجێکی دیکەیە. لە باشترین دۆخدا بەغدا کاتێک ئەوە دەکات کە نرخی نەوت زۆر بەرز بووبێتەوە، ئەگەر نرخی نەوتیش بەرز ببێتەوە ئەو کات کوردستان بەو ئەندازەیە پێویستی بە بەغدا نابێت.
 
کەواتە بۆ هەردوولا دۆخەکە بە نرخی نەوتەوە پەیوەستە. تاوەکو زیاتر داببەزێت، هەردوولا دەباتە دۆخێکی مەترسیدارترەوە. هەر کات نرخی نەوتیش بەرز ببێتەوە، دەبێتە ئاسۆی تێپەڕاندنی قەیرانەکە. بۆیە دەکرێت وەک قۆناخێکی کاتی تەماشای قەیرانەکە بکرێت.
 
بەغدا لەبەر ئەوەی دەوڵەتە و متمانەی نێودەوڵەتیی هەیە، دەتوانێت بە بەدەستهێنانی قەرز لە بانکە نێودەوڵەتییەکان ئەم قۆناخە تێبپەڕێنێت. بەڵام هەرێمی کوردستان دەستی ناگاتە ئەو کەناڵە داراییانەی جیهان تاوەکو قەرزیان لێبکات. بەغداش وەک ئەزموونی پێشووتر ئامادە نییە لەو قەرزە دەرەکییانە بەشی هەرێمی کوردستان بدات.
 
کەواتە چارەسەر چییە بۆ ئەوەی هەرێمی کوردستان بەشێک پارەی بکەوێتە دەست تاوەکو لەوە دڵنیا بێت وەک دەستمایەیەک لە بەردەستیدا دەبێت لەگەڵ داهاتی ناوخۆ و هەوڵەکانی چاکسازی بەسەر قەیرانەکەدا زاڵ دەبێت؟
 
پارتی و یەکێتی وەک دوو هاوبەش لە پێکهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەڕێوەبردنی لە 28 ساڵی رابردوودا وەک حیزب و بەشێک لە کارەکتەرە سەرەکییەکان و بنەماڵەکانیان لە ترۆپکی ئەم دوو حیزبە لە رێگە و کەناڵی جۆراوجۆرەوە زۆر لە حکومەت سوودمەند بوونە. بەهۆی ئەوەی لە سەردەمی شۆڕش و لەژیانی شاخیشدا خاوەنی گومرگ و رێکاری تایبەت بە خۆیان بوون لە وەرگرتنی سەرانە، کاتێک حکومەتی هەرێمیش پێکهات، لەپاڵ کارەکانی حکومەتدا تاوەکو ئێستاش بەشێک لەو داهاتانە هەر دەچنە خەزێنەی حیزبەوە. بەهۆی دەسەڵاتیانەوە بە ملیۆنان مەتر زەوی لە شوێنە گرنگ و ستراتیژییەکانی ناو شارەکان لەسەر کۆمپانیاکانیان تاپۆ کراون و دواتر فرۆشراون و پارەکەیان بۆ حیزبەکان چووە. لە پرۆژە خزمەتگوزارییەکان و تا دەگاتە شیرینیی نەوت و پشکیان لە کۆمپانیا نەوتییەکان، هەروەها لە بردنی نەوت بە قاچاخ و زۆر شتی دیکە، ئەم دوو حیزبە و هەندێک لە بڕیاربەدەستەکانیان سەروەت و سامانێکی زۆریان لە سایەی ئەم حکومەتە پێکەوە ناوە.
 

ئەمە جیا لەوەی تا داهاتی حکومەت زۆر بوو پشکی دیاریکراویان لە داهاتی گشتیی حکومەتیش بردووە و لە پشکی فرۆشی نەوتیش هەردوولا بە رێژەی جیاجیا مانگانە پارە چووەتە سەر ژمارەی بانکییان. بە ئێستاشەوە کە قەیرانی دارایی بەرۆکی حکومەت گرتووە و خەریکە بەچۆکیدا دێنێت، هێشتا پارتی و یەکێتی داهاتیان کەمی نەکردووە و هەر دەوڵەمەندتر دەبن و ئێستا هەردوو حیزبەکە لە رووی سەرمایەی کەڵەکەبوو، لە موڵک و کۆمپانیا، لە حکومەتەکەیان دەوڵەمەندترن. بۆ داهاتووش بەرژەوەندیی گەورە و زۆری ئەم دوو حیزبە بەستراوەتەوە بە حکومەتی هەرێمی کوردستانەوە.

کەواتە تاوەکو تەمەنی دەسەڵاتیان درێژتر بێت، زۆرتر سوودمەند دەبن و لە ئەگەری تێکچوونی هەرێمی کوردستانیشدا پێش هەرکەس ئەم دوو حیزبە زەرەرمەند دەبن. بۆیە کاتێک دۆخی ژیانی خەڵک دەگاتە ئاستێک خۆزگەی رووخانی قەوارەکەی کورد بخوازێت، بە هەموو پێوەرێک دەبێت ئەم دوو حیزبە دەستبکەن بە گیرفانیاندا و هەریەکەو بەشێک لەو پارانەی بە رێگەی رەوا و ناڕەوا لەم حکومەتە دەستیان کەوتووە بیدەنەوە بە حکومەت، ئەمە ئەگەر وەک هاوکاریی تێپەڕاندنی قۆناخی قەیرانیش بێت، وەک چۆن ئەو چاوەڕوانییەیان لە دەوڵەمەند و سەرمایەدارەکان هەیە. کە ئەمەش ساکارترین پابەندبوونی ئەخلاقی و نیشتمانییە ئەم دوو حیزبە بیکەن و هەریەکەی ئەوەندە پارە بدەنەوە حکومەت کە حکومەت بتوانێت بۆ لانیکەم شەش مانگێک دڵنیایی دەستەبەری مووچەی فەرمانبەرانی هەبێت.
 
جا ئەمە جیاواز لەو کەناڵانەی دیکە کە لە رێگەیەوە پارەیان پێ کۆکردوونەتەوە. ئەم دوو حیزبە بە بڕی زۆر قەبە پارەی کاشی ئەم میللەتەیان لایە. من لێرەدا باسی سێ حاڵەت دەکەم، دڵنیام لەوەش زۆرتر براوە کە من دەیزانم یان کە لێرەدا باسیدەکەم.
 
هەموو لەبیرمانە دوای کەوتنی سەددام، پۆڵ بریمەر بە چەند هەلیکۆپتەرێک سێ ملیار دۆلاری لە پارەی عێراق هێنا و دایە کوردستان. ئەمانیش نەخستیانە خەزێنەی حکومەتەوە و نە دایانە خەڵکی کوردستان، بە دوو رێژەی جیاواز بەشیان کرد بۆ پارتی و یەکێتی و هەردوولایان پارەکەیان بردە دەرەوەی کوردستان.

لە کۆتایی ساڵی 2011 ئەو کاتەی پارە لە بەغداوە زۆر دەهات و لە پێویستیی هەرێم زیاتر بوو، بڕی چوار ملیار دۆلار پارەی شیرینیی نەوتی کۆمپانیا بیانییەکان کەڵەکە بووبوو،  لە ترۆپکی هەردوو حیزبەکەوە کەوتنە کەینوبەینی چۆنیەتیی خۆش و بەشکردنی ئەو پارەیە و ئەوەشیان لەنێوان خۆیان بەشکرد و بووە سەرمایەی پارتی و یەکێتی لە بانکەکانی دەرەوە.
 
سەرەتای ساڵی 2013 بەهۆی پێشهاتێکی سیاسییەوە پارەی بانکەکان کە پارەی هاووڵاتییان، پارەی پرۆژە، پارەی لقی هەرێمیی بانکە عیراقییەکان بوون، هەمووی گوازرایەوە. ئەوەی تاکە کەسێک ئازایەتیی ئەوەی تێدا بوو باسی بکات، مەلا بەختیار لە رۆژنامە و ماڵپەڕی چاودێر وتارێکی نووسی و هاواری کرد کوردستان بەرەو قەیرانێکی دارایی ترسناک دەڕوات بەهۆی ئەوەی پارە لە بانکەکان نەماوە و ژێرزەمینەکان پڕکراون لە فەردە دۆلار.  پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەریی و داواکاری گشتی و تەنانەت خەڵک و میدیاکانیش خۆیان لێ کەڕ کرد.
 
ئەوەی مەلا بەختیار نووسیی و ئاماژەی مەترسیی قەیرانی دارایی خستەڕوو، 11 مانگ پێش ئەوە بوو کە مالیکی بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕی. ئەو قسە و باسانەش کە لەبارەی ئەوەوە دەکران مالیکی خرایە سەر ئەو رێیەی بودجەی هەرێم ببڕێت، بۆ شاردنەوەی شوێنەواری فەردە دۆلارەکانی ژێرزەمینەکان بوو، ئەوەی مەلا بەختیار ئاشکرای کرد و کەسی دیکە زاتی ئەوەی نەکرد بەدواداچوونی بۆ بکات.
 
جا پارەی ئەم سێ حاڵەتە بەشی مووچەی دوو ساڵی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان دەکات و ئەمەیان هەر بە ئاشکرا موڵکی ئەو میللەتەیە. بۆیە دەبێت پەرلەمانتاران لە جیاتی ئەو زێدەڕۆییەی لە شەڕی یەکدی و پینەوپەڕۆی عەیب و عاری دەسەڵاتداران دەیکەن، شەڕی وەرگرتنەوەی ئەم پارانە بکەن. پێویستە داواکاری گشتی لەسەر ئەمە بەدەنگ بێت، نەک ئەوەی ئێستا پێیدەکەن. هاووڵاتییانی کوردستان دەبێت داوای گەڕانەوەی ئەم پارە دزراوانە بکەن. بەمە کۆتایی بە قەیرانی دارایی دێت و رێ لە چەندبارەبوونەوەی تاڵانکردنی کوردستان دەگیرێت.


PM:02:15:28/06/2020

ئه‌م بابه‌ته 1764 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی