هەرێمی دووەمی كوردستان

‌ عارف قوربانی‌

ئەو رێگەچارانەی لە رابردوودا بۆ چارەسەری كێشەی كورد لە عێراق گیرانەبەر، خەریكە بە بنبەست دەگەن. هەروەها لێكەوتەی درێژەكێشان و مانەوەی كێشەكە، كۆمەڵێك دەرئەنجامی هەبووە كە كێشەی كوردی لە عێراق ئاڵۆزتر كرد. ئەمە سەرباری ئەوەی بە تێپەڕبوونی كات كێشەگەلێكی جۆراوجۆری تریش سەری هەڵداوە كە چارەسەریان ئەستەمە.
 
لێرەدا پرسیار ئەوەیە كورد چی بكات، چۆن لەناو ئەم هەموو ئاڵۆزی و دەرئەنجامە خراپانەدا بتوانێ‌ بگەڕێتەوە سەر ئەسڵی كێشەكەی كە كێشەی ناسنامەی خاك و نەتەوەیە؟ بەتایبەتیش كاتێك ستراتیجی دەسەڵات لە عێراق هیچكات بە ئەندازەی ئێستا ستراتیجێكی روون نەبووە كە جەوهەرەكەی زاڵكردنی ناسیۆنالیزمی عروبییە بەڵام بە بەرگ و رووپۆشێكی مەزهەبییەوە. 
 
كورد پێویستە بەرچاوی روون بێت لەوەی بۆ داهاتوو زەمەن یارمەتیدەری نابێت لە تێپەڕاندنی كێشە و قەیرانەكانی لەگەڵ عێراق، چونكە لە داهاتوودا كێشەكەی تەنیا لەگەڵ دەوڵەت نابێت، بەڵكوو ئایدیۆلۆجیایەكیش لە بۆسەدایە بۆ كورد. گۆڕانكاری هاوكێشەكانی ناوچەكەش وەك هەندێك ئومێدیان لەسەر بینا كردووە، دەستەبەری ئەو رەوشەی بۆ ناكات كە عێراق بخاتە سەر راستەڕێی مامەڵەكردنێكی تەندروستانە بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێك بۆ كێشەی كورد لە عێراق.
 
هەرچەندە بزووتنەوەی سیاسی كورد بۆ كۆتاییهێنان بە كێشەكەی لەگەڵ دەوڵەتی ناوەند، لەلای خۆیەوە نەخشەڕێی (فیدراڵی) پەسەند كرد، بەڵام لەبەر دوو هۆكار ئەم بژارەیەش كۆتایی بەكێشەكە نەهێنا. یەكەمیان لەبەرئەوەی كێشەی خاك لەنێوان ئیدارەی هەرێمی كوردستان و ئیدارەی دەوڵەتی ناوەند مایەوە. ئەو رێگاچارەیەش كە لە دەستووردا بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە دەستنیشانكرا، نەبووە دەروازەی رزگاربوون لە كێشەكە، بەڵكو ئاڵۆزتری كرد. دووەمیش بەهۆی ئەوەی عەقڵیەتی حوكمڕان لە ناوەند نەك باوەڕی بەو چارەسەرە نییە كە كورد ئومێدی لەسەر هەڵچنیوە، بەڵكوو بەهەموو توانایەوە دژایەتی ئەو پرەنسیپە دەكات كە عێراق بەرەو فیدراڵی بەرێت. رۆژ لە دوای رۆژیش پایەكانی ناوەندێتی لە عێراق تۆكمەتر دەكەن و هەنگاو بە هەنگاو ئەو ستراتیجە جێبەجێ‌ دەكەن كە ریشەی فیدراڵییەت هەڵدەتەكێنێ.
 
گەرچی نەخشەڕێی (فیدراڵی) نەیتوانی زامنی هەموو مافەكانی كورد لە عێراق بكات، بەڵام كورد پێی رازی بووە و هیوای لەسەر بنیاتناوە كە بەهۆیەوە لە دوورمەودادا بگاتە كەناری ئارامی. بەڵام بەهۆی زهنیەتی ئەو ستراتیجەی بەغدا بەڕێوەدەبات كە باوەڕی بە قبوڵكردنی جیاوازی نییە و هێشتا لەو بازنەیە تێنەپەڕیون كە دەیانەوێ‌ هەموو جیاوازییەكی ئاینی و نەتەوەیی لەناو خۆیاندا بتوێننەوە، بۆیە نەخشەڕێی فیدراڵی نەبوو بە بژارەیەك كە هەردوو تەرەفی كێشەكە باوەڕیان پێی هەبێت وەك چارەسەرێكی ناوەندی. كەواتە سەرباری ئەوەی فیدراڵی نەخشەیەك نەبوو تەواوی كێشەی كورد چارە بكات، بەڵام ئێستا ئەویش هەڕەشەی لەسەرە. تازە زەمەن ناگەڕێتەوە تا رێگایەكی تر بگرینە بەر، بەڵام گرتنەبەری سیاسەتی عەقڵانی دەتوانێت قەرەبووی بەشێك لە هەڵەكان بكاتەوە. بۆیە لە دۆخێكی وادا كە كورد لانیكەم لەم كاتەدا چارەی تری لەبەردەست نییە، پێویستە دەستبگرێت بەو بژارەیەوە و لەبەرانبەر هەوڵەكانی بەغدا بۆ بەهێزكردنی پایەی ناوەندگەرێتی، دەبێت كوردستانیش هەوڵ و كارت بەكاربهێنێ بۆ بەهێزكردنی پێگەی فیدراڵی، ئەویش سەرەتا لەو رێگەیەوە دەكرێت كە هەرێمی تر لە عێراق دروستبكرێت.
 
لە رابردوودا شارە سوننییەكانی عەرەبی عێراق، بە جیاجیا و پاشان هەمووشیان پێكەوە رێكارە یاسایی و دەستوورییەكانی بە هەرێمكردنی ناوچەكانیان گرتەبەر، بەڵام ناوەند بە مەبەستی سیاسی رەتیكردەوە. پارێزگای شیعەنشینی (بەسرە) بە هەمان رێگادا رۆیشت و بەغدا گرفتی خستە بەردەم هەوڵەكانی ئەویش. هۆكارەكەشی روونە كە ستراتیجی شیعە لە عێراق ئەوە نییە رێگە بدات ناوەند لاواز بێت و هەرێمەكان بەهێزبن، بەپێچەوانەوە دەخوازن مەركەزییەت بەسەر تەواوی عێراقدا بسەپێنن، چونكە لەو رێگەیەوە ئاسانتر تەشەیوع گەشەدەكات كە ئامانجی ستراتیجی شیعەیە لە ئێران و لە عێراقیش. 
 
پێویستە ئێستا كورد چەند هەنگاوێك بنێت، لەوانە هاندانی عەرەبی سوننە بۆ جوڵاندنی هەمان داواكاری رابردوویان لە بەهەرێمكردنی ناوچە سوننییە عەرەبییەكان، ئەمەش وەك چارەسەرێكی تازەی دوای داعش بۆ پێكەوەژیانی سوننە و شیعە. لە بەرانبەر ئەمەشدا كورد پرۆژەیەكی تازە پێشكەش بكات بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێكی تر بۆ كێشەی خاك و ناسنامەی خۆی لە عێراق. ئەو هەڵەیەش راستبكاتەوە كە وەك چارەسەرێك بۆ كێشەی كەركووك بەجیا پێشنیازی بەهەرێمكردنی كرا. چونكە جیاكردنەوەی كەركووك لەناوچەكانی تر، دەبووە هۆی لەدەستچوونی جوگرافیایەكی فراوانتر لە خاكی كەركووك لە ناوچەكانی گەرمەسێر، هەروەها لەدەستچوونی هەموو دەشتی نەینەوا و لە دوورمەوداشدا كەركووكیش دەبووە هەرێمێكی زۆرینە عەرەبی.
 
كورد بە بژارەی مادەی 140 نەیتوانی كێشەی خاك چارەسەر بكات و لە داهاتووشدا ئەو مادەیە دەبێتە مەترسیی گەورە بۆ لەدەستچوونی یەكجاریی ئەو خاكە. ئێستا كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی چاوی بڕیوەتە كێشەكانی عێراق و بەدوای چارەسەرێكدا دەگەڕێن كە عێراقییەكان كۆبكاتەوە. گرنگە كورد بیر لەوە بكاتەوە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی هەرێم هەموویان پێكەوە لە بەدرەوە بۆ شەنگال بكرێنە هەرێمێكی سەربەخۆ. كەركووك پایتەختی ئەم هەرێمە بێت، پارێزگایەك لە گەرمەسێر لە قەزاكانی بەدرە و مەندەلی و خانەقین و خورماتوو دروستبكرێت و پارێزگایەك لە دەشتی نەینەوا لە قەزا و ناحییەكانی شەنگال و شێخان و تەلعەفەر و حەمدانیە و تەلكێف دروستبكرێت و ببنە سێ‌ پارێزگا لە هەرێمی دووەمی سەر خاكی كوردستان. 
 
گەرچی ئەمە كارێكی ئاسان نابێت، بەتایبەت كە بەغدا دەیەوێ‌ هەرێمی كوردستانیش نەمێنێ‌، بەڵام هەلومەرجی ناوخۆی عێراق و رەوشی خراپی سوننە، ئەو كۆمەڵكوژیانەی بەرانبەریان كراون، ژمارەی بێ‌ سەروشوێنەكانیان كە بە سەتان هەزار كەس مەزەندە دەكرێن و چارەنووسیان نادیارە، هەروەها خراپیی دۆخی كوردی ئێزدی و كریستیان و شەبەك و پێكهاتە جیاجیاكانی تری دەشتی نەینەوا، مەترسی سەرهەڵدانەوەی داعش و تێكچوونەوەی دۆخی عێراق، هەموو ئەمانە یارمەتیدەرن لەوەی پرسێكی وا بورووژێنرێت و ناوبژیوانی نێودەوڵەتی بهێنرێتە ناو كێشەكە و وەك چارەسەری بەدیل پێشكەش بكرێت، وەك حاڵەتی ئەمری واقیع ئەگەری فەرزكردنی هەیە بەسەر بەغدادا و بەمەش مەترسی و هەژموونی لایەك بەسەر تەرەفەكانی ترەوە دەڕەوێتەوە.  
 
بۆ كوردیش لەلایەك پرسی فیدراڵی دەچێتە قۆناغێكی ترەوە، خەونی بەغدا كۆتایی دێت لە نەهێشتنی هەرێمی كوردستان یان دوولەتكردنی. هەروەها كێشەی لەگەڵ ناوەند بەو جۆرەی ئێستا نامێنێ‌. لەمپەرێكیش لەبەردەم هەژموونگەرایی عەرەب دروست دەبێت بۆ گۆڕینی دێمۆگرافیای ناوچە كوردستانییەكان. رەوشی كورد لەو ناوچانە بەجۆرێكی تر دەگۆڕێت كە ئەو مەترسییانەی ئێستا لەسەریان هەیە نامێنێت و لەگەڵ پێكهاتەكانی تر پێكەوە خۆیان بەڕێوەدەبەن. بۆ دوورمەوداش دەكرێت لە هەر گۆڕانكارییەكی ناوچەكە ئارەزوومەندانە بیر لە یەكگرتنی ئەم دوو هەرێمە بكرێتەوە، ئەوەش دەروازەیەك بۆ چارەسەری كێشەی خاك و ناسنامەی نەتەوەیی كورد لە عێراق دەكاتەوە.


PM:08:32:17/09/2019

ئه‌م بابه‌ته 3384 جار خوێنراوه‌ته‌وه‌‌



هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی