خه‌ریكه یه‌كێتی به‌ئاگادێته‌وه
عارف قوربانی
ئاشتی هه‌ورامی وه‌زیری سامانه سروشتیه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئه‌گه‌ر له‌هه‌ر شتێكی تردا شه‌فاف نه‌بووبێت، له‌وه‌دا شه‌فاف بوو كاتێ وتی له مانگی ته‌موزه‌وه به ره‌سمی هه‌موو نه‌وتی كه‌ركوكمان به‌ستووه‌ته بۆری نه‌وتی هه‌رێمی كوردستانه‌وه و ره‌وانه‌ی توركیای ده‌كه‌ین، له‌و به‌رواره‌شه‌وه بۆ چه‌ندین جار و بۆ ته‌داره‌كی واژۆكردنی گرێبه‌سته‌كه چه‌ندینجار پارێزگاری كه‌ركوك سه‌ردانی توركیای كردووه، واتا زیاتر له حه‌وت مانگه ته‌واوی نه‌وتی كه‌ركوك له‌لایه‌ن ئیداره‌ی كه‌ركوك و هه‌رێمی كوردستانه‌وه سه‌رپه‌رشتی ده‌كرێت.
بێگومان كارێكی باش بوو كورد كۆنترۆڵی نه‌وتی كه‌ركوك بكات و ئه‌و كارته له‌ژێر ده‌ستی به‌غدا ده‌ربهێنێت، به‌ڵام ئه‌وه‌ی زۆر خراپ و مه‌ترسیداره، نادیاری داهاتی نه‌وتی كه‌ركوكه، ماوه‌ی ئه‌م حه‌وت مانگه‌ی كه ده‌وترێت رۆژانه (375) هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له كێڵگه‌كانی كه‌ركوكه‌وه هه‌نارده‌ی توركیا كراوه، به‌غدا ده‌ڵێت پاره‌كه‌ی نه‌دراوه‌ته به‌غدا و به‌و هۆیه‌شه‌وه به‌غدا پاره‌ی پترۆ دۆلاری كه‌ركوكی بڕیووه و مه‌ترسی ئه‌وه‌ش هه‌یه كه مووچه‌ی ئه‌و فه‌رمانبه‌رانی شاره‌كه‌ش ببڕێت كه میلاكیان له‌سه‌ر به‌غدایه. خه‌ڵك و ئه‌نجومه‌نی پارێزگای كه‌ركوكیش ناڵه‌یان ده‌گاته كه‌شكه‌لانی فه‌له‌ك كه هیچ بڕه پاره‌یه‌كیان له‌و داهاته‌ی نه‌وتی كه‌ركوك پێ‌نادرێت.
هه‌رێمی كوردستانیش به راشكاوی تا ئێستا هیچ قسه‌یه‌كی له باره‌ی داهاتی نه‌وتی كه‌ركوكه‌وه نه‌كردووه و به‌گوێره‌ی ئه‌وه‌ی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی پێ‌نادرێت، پێناچێت داهاتی نه‌وتی كه‌ركوك بخرێته سه‌ر داهاته‌كانی هه‌رێم. به كوردی و كورتیه‌كه‌ی نه خه‌ڵكی كه‌ركوك، نه خه‌ڵكی شاره‌كانی تری هه‌رێمی كوردستان سود له‌و داهاته‌ی نه‌وتی كه‌ركوك نابینن و به ئاشكراش دیار نییه داهاته‌كه‌ی بۆ كوێ ده‌چێت.
ئه‌مه‌ش ماوه‌یه‌كه بووه‌ته جێی پرسیار و قسه‌و باسی خه‌ڵك و میدیاكان و ناوه‌نده سیاسیه‌كانی كوردستان و به‌غدا، هه‌ر به‌ڕاستی مایه‌ی سه‌ر سوڕمان و پرسیار و هه‌ڵوه‌سته له‌سه‌ر كردنه، داهاتی رۆژانه‌ی 375 هه‌زار به‌رمیل نه‌وتی رۆژانه‌ی كه‌ركوك، چاره‌نووسی نادیار بێت.
به‌هۆی ئه‌وه‌ی كه یه‌كێتیی نیشتمانیی كوردستان پێگه‌ی له هێزه سیاسییه‌كانی تری كوردستان و عیراق به‌هێزتره له كه‌ركوك و تاڕاده‌یه‌ك ئیداره‌ی شاره‌كه له‌سه‌ر یه‌كێتیی حسابه، بۆیه زۆرترین پرسیار و به‌رپرسیارێتی ئاراسته‌ی یه‌كێتیی ده‌كرێت له‌و باره‌یه‌وه. به‌تایبه‌تیش له‌ناو كه‌ركوك و كه‌ركوكییه‌كاندا ئێستا زۆر قسه له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كرێت نهێنی بێده‌نگبوونی یه‌كێتیی له‌م فه‌ساده گه‌وره‌یه چییه. له‌كاتێكدا كه دۆخی ئابووری یه‌كێتیی ئه‌وه‌نده خراپه، گه‌یشتووه‌ته ئه‌و ئاسته مه‌ترسیداره‌ی كه ماڵپه‌ڕی ره‌سمی یه‌كێتی (پوك میدیا) له‌به‌ر پێنه‌دانی مووچه، مان له كاركردن بگرن، ئه‌وه ده‌لیله له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه یه‌كێتیی به‌شی نییه له‌و دزیه و ئه‌گه‌ر هه‌ر كه‌سیش له یه‌كێتیی تێوه‌ی گلابێت، ئه‌وه بۆ شه‌خسه و بۆ یه‌كێتیی نییه. بۆیه ئیتر هیچ پاساو و بیانوویه‌ك نه‌ماوه‌ته‌وه كه ئه‌و پرسیاره نه‌كرێت كه یه‌كێتیی بۆچی باجی ئه‌وه بداته‌وه كه داهاتی نه‌وتی كه‌ركوك بۆ سه‌ر حسابی چه‌ند كه‌سانێك بڕوات، خه‌ڵكی كه‌ركوك و هه‌رێم لێی مه‌حروم بن و سبه‌ی یه‌كێتیی ببێته قوربانی به‌رژه‌وه‌ندی چه‌ند به‌رژه‌وه‌ندخوازێك.
مایه‌ی خۆشحاڵییه كه یه‌كێتیی خه‌ریكه به‌ئاگادێته‌وه و له‌ناو مه‌كته‌بی سیاسی و سه‌ركردایه‌تی یه‌كێتیی قسه‌و باس له‌وه ده‌كرێت كه گومانێك دروستبووه چه‌ند به‌رپرسێك ژێر به‌ژێر له‌گه‌ڵ پارتی رێككه‌وتبن له‌سه‌ر نه‌وتی كه‌ركوك و به‌و جۆره به‌تاڵان ببرێت كه ده‌بینرێت. ده‌وترێت كۆسره‌ت ره‌سوڵ جێگری یه‌كه‌م سكرتێری گشتی یه‌كێتیی زۆر له‌و دۆخه نیگه‌رانه و بڕیاریداوه لیژنه‌یه‌ك پێكبهێنێت بۆ لێكۆڵینه‌وه له پرسی نه‌وتی كه‌ركوك و نادیاری داهاته‌كه‌ی و ئه‌و قسه‌و باسانه‌ی باس له موحاسه‌سه‌ی چه‌ند تێوه‌گلاوێك له‌و گه‌نده‌ڵیانه ده‌كرێت.
ئه‌گه‌ر یه‌كێتیی ئه‌مه بكات، به‌دڵنیاییه‌وه ده‌ستكه‌وتی گه‌وره بۆ كه‌ركوك بۆ خه‌ڵكی شاره‌كانی تری هه‌رێم و پاشان ده‌ستكه‌وتی گه‌وره بۆ یه‌كێتیش به‌ده‌ست ده‌هێنێت. یه‌كێتیی ده‌توانێ چاره‌نووسی داهاته‌كه ئاشكرا بكات و پاره‌كه‌ی بگه‌ڕێنێته‌وه، دیاره به‌غدا ده‌ستبه‌رداری كه‌ركوك بووه، به‌و هۆیه‌شه‌وه ده‌كرێت پاره و داهاته‌كانی دواتریشی بۆ كه‌ركوك و چوار پارێزگاكه‌ی تری هه‌رێم خه‌رج بكات. له‌لایه‌ك كه‌ركوك ده‌كه‌وێته‌وه سه‌ر راسته‌ڕێی ئاوه‌دانی و شاره‌كه و خه‌ڵكه‌كه‌ی پێده‌بوژێنێته‌وه ئه‌گه‌ر 10% داهاته‌كه‌ی بدرێته كه‌ركوك. كه پێشتر به‌غدا 1% ده‌دایه شاره‌كه له چوارچێوه‌ی رێكاری پترۆ دۆلاردا، سه‌رباری ئه‌و هه‌موو گه‌نده‌ڵی و فه‌ساده‌ی لێشی ده‌كرا، به‌ڵام كه‌ركوك به‌و پاره‌یه زۆر ئاوه‌دان كرایه‌وه، واتا ئه‌گه‌ر ئه‌وه بكرێته 10% كه‌واتا ده‌یانجار زیاتر ئاوه‌دانی ده‌خاته شاره‌كه‌وه.
بۆ هه‌رێمی كوردستانیش كه له ئێستادا به داهاتی هه‌نارده‌ی نه‌وتی هه‌رێم وه‌ك پێویست ناتوانرێت مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران دابینبكرێت و به‌هۆی دابه‌زینی نرخی نه‌وته‌وه مه‌ترسی خراپتربوونی دۆخه‌كه‌ش ده‌كرێت، ئه‌و به‌شه‌ی داهاتی نه‌وتی كه‌ركوك بدۆزرێته‌وه و بخرێته سه‌ر داهاتی نه‌وتی هه‌رێم، مه‌ترسییه‌كان ده‌ڕه‌وێنه‌وه و قه‌ره‌بووی هاتنه‌خواره‌وه‌ی نرخی نه‌وت ده‌كاته‌وه و قه‌یرانی مووچه چاره‌سه‌ر ده‌بێت.
ئه‌وكات یه‌كێتیی وه‌ك حیزبیش ده‌توانێ شانازی ئه‌وه بكات كه رزگاركه‌ری دۆخی هه‌رێم و ئه‌ندازیاری ئاوه‌دانی و بوژانه‌وه‌ی كه‌ركوكه، به‌دڵنیاییه‌وه خه‌ڵكی كه‌ركوك و هه‌رێمیش خه‌ڵكانێكی به ئه‌مه‌كن و له هه‌ڵبژاردندا پاداشتی یه‌كێتیی ده‌ده‌نه‌وه. بۆیه پێویسته خه‌ڵك و ئه‌و میدیایانه‌ی هه‌ست به به‌رپرسیاری ده‌كه‌ن و ئه‌و نوخبه و رۆشنبیرانه‌ی له خه‌می خه‌ڵك و ئاینده‌ی كوردستاندان، پشتیوانی ئه‌و هه‌وڵه‌ی كۆسره‌ت ره‌سوڵ و ئه‌و لیژنه‌یه بن كه بۆ لێكۆڵینه‌وه له‌و پرسه پێكده‌هێنرێت.
PM:04:34:29/12/2015
ئه‌م بابه‌ته 5102
جار خوێنراوه‌ته‌وه
هەموو وتارەکان کاتێک لە وێستگە نیوز بڵاودەبێتەوە تەنها بیروبۆچونی خاوەنەکانێتی